نارنجڵە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە سنوری گوندی (نارنجڵە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. کەوتووەتە نێوان (چەمی هانە کەمەڵە و گۆڕستانی نارنجڵە لە باکور و قەڵای سەنگی سیاو لە خۆرهەڵات و گوندی دەرەوکێ و چەمی بنجەودڕەی لە باشور و دۆڵی باخە تازە لە خۆرئاواوە). چەند دۆڵێکی تێدایە وەکو: دۆڵی مەڵاڵە و دۆڵی نارنجڵەی کۆن و چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی نارنجڵە و کانی مزگەوت و کانی لارەدەر و کانی باخی کەیوا و کانی باخی باقڵ) و ئاوی ئەمانە کۆدەبێتەوە و چەمەکە دروستدەکەن. سەرەڕای ئەوەی، کە ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێدەبارێت بە تایبەتی لە چیای ملەگا کۆرێ و چیای گومەکە و کۆدەبێتەوە و بە نێویدا ڕێڕەو دەکات بە ئاڕاستەی خۆرئاوا دەڕوات. بە باکوری گوندی (خارگێڵان)دا ڕێڕەو دەکات و دەچێتە نێو دەشتی سەبان و دەشتی شارەزوور، تاوەکو دەگاتە باشوری گوندی دێکۆن و بە بەشی خۆرئاوای شاری خورماڵدا تێدەپەڕێت، لە بەرزیی (١١٢٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٧٣٧م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە پێنج کیلۆمەتر زیاترە. کۆمەڵێک باخ و زەویی کشتوکاڵی بۆ ئاودێریکردن پشت بەم چەمە دەبەستن. دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخانە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٣ی ٣ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (سەباح نارنجڵەیی)، لەدایکبوو: ١٩٦٢، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٣ی ٣ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا