هانە کەمەڵە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
کەوتووەتە سنوری گوندی (نارنجڵە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان تەپی تلەوەر و تەوەنە قایمێ لە باکور و گوندی نارنجڵە لە خۆرهەڵات و دۆڵی نارنجڵە و گوندی دەرەوکێ لە باشور و دۆڵی باخە تازە و کارێزی باخەتازە لە خۆرئاواوە. چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی چیاڵە و کارێز و کانی کەمەڵە) و ئاوی ئەمانە کۆدەبێتەوە و چەمەکە دروستدەکەن. دەڕژێتە ناو چەمی باخەتازە و چەمی کارێز و پاشان لە باکوری گوندی (خارگێڵان) و خۆرئاوای گوندی (نارنجڵە) لەگەڵ چەمەکانی (نارنجڵە و بنجەودڕەی و دەرەوکێ و باخە تازە و گەچێنە و باخەکۆن و گوڵپ) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت، لە بەرزیی (٩٦٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٨٥١م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەترێکە. کۆمەڵێک باخی ترێ و هەنار بۆ ئاودێریکردن پشت بەم چەمە دەبەستن.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٣ی ٣ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (سەباح نارنجڵەیی)، لەدایکبوو: ١٩٦٢، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٣ی ٣ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا