هەمزەیی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
کەوتووەتە سنوری گوندی (گەچێنە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان چیای کەمەرەسور و لاپاڵی خۆرەتاوی مەرەوێ و چیای دەرەوکێڵا لە باکور و چیای قۆڵی بلچ و لوتکەی زەردی هەمزەی لە خۆرهەڵات و چیای گەچێنە و هەمزەیی و لوتکەی پیاڕا لە باشور و ئەشکەوتی هەلاجان و بانی هێڵەگەمە لە خۆرئاواوە. چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی حاجی مەحموود و کانی ناوەڕاست و کانی هەمزەییە) و ئاوی ئەمانە کۆدەبێتەوە و لەگەڵ لاپاڵ و چیاکانی دەوروبەری دروستدەکەن. لە بەری خۆرهەڵاتەوە دوو لقە جۆگەی دیکەی تێکەڵدەبێت. دەڕژێتە ناو چەمی گەچێنە و پاشان چەمی باخەکۆن و تفەقەتاراو هەنارە کۆڵە و پاشان گوڵپ و لە (بانی بەرمەڕان) لەگەڵ چەمەکانی (نارنجڵە و بنجەودڕەی و دەرەوکێ و باخەتازە و گوڵپ) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت و بە دەشتی شارەزوردا تێدەپەڕێت. لە بەرزیی (١٦٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٣٣٧م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک کەمترە. کۆمەڵێک باخی گوێز و ترێ پشت بەم چەمە دەبەستن بۆ ئاودێریکردن.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (جەمال گەچێنەیی) ی ناسراو بە (جەمالی جەڕاح)، لەدایکبوو: ١٩٦٤، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا