شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

24 بابەت

هانەنەوە

ناوچەیەکی گەشتیارییە. کەوتووەتە لاپاڵی شاخی (هەسوون)ی نزیک گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). بەهۆی بوونی کانی و ئاوی سازگار و باخی داری گوێز و هەرمێ و چەند جۆرێک لە گژوگیای بەهارییەوە، بووەتە سەیرانگا. هەرچەندە تا ئێستا ڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆ نەڕۆشتووە، بەڵام گەشتیاران لە هەورامان و تەواوی شارەکانی کوردستانەوە سەردانیدەکەن.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

وەزەنێ

ناوچەیەکی گەشتوگوزارییە و سەر بە گوندی بەڵخەی ناحیەی بیارەیە. (١٣٩٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بە دووریی (٢٩٣٦م) لە سەنتەری ناحیەی بیارەوە دوورە. کەوتووەتە دامێنی چیای وەزەنێ و دەوڵەمەندە بە بونی کانیاوی سروشتی و باخی گوێز، ئاوهەوایەکی مامناوەند و فێنکی لە هاویندا هەیە و زستانان بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و گەشتیارێکی زۆر سەردانیدەکەن. وەزەنێ بە ناوچەی تاڤگەکان ناسراوە و چەند کانیەکی تێدایە، کە بەشێوەی تاڤگە ئاوەکانیان دێتە خوارەوە و شوێنی حەوانەوەی گەشتیاران و چەندین خزمەتگوزاریی گەشتیاری تێدایە.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

وەزگێڵ

کەوتووەتە بناری لوتکەى (بەفری میرى) لە زنجيرە چياى شنروێ. (١٤٦٧م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. ناولێنانەکەی بۆ وشەیەکی گۆرانی (وەس + گیڵ)دەگەڕێتەوە، کە بە واتای (کەم بگەڕێ، يان بەس بگەڕێ) دێت. سەرچاوەی ئاوەکەی لای کاکەییەکان پیرۆزە و سەردانیدەکەن. باخێکی دارگوێزی باشی لێیە‌. ئاوهەوایەکی فێنک و ساردی هەیە و ئاوەکەی سەرنجی گەشتیاران و سەردانکەرانی ڕاکێشاوە. بەهۆی ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ کراوە بە ناوچەی قەدەغەکراو و بەشێکی باخەکەی لەناوچووە. دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ ئاوەدانکراوەتەوە و ڕێگەى ئۆتۆمبێلی پێ گەیشتووە. کانییەکانی (حەمەی کافە و کانی قوڵکە) و (چەمەکەلی) و بانی (خەیارەجاڕ) دەکەونە سنوری هاوینەهەوارەکەوە. (وەسگێڵ)یشی پێدەوترێت.

زیاتر بزانە
سەیرانگا

وەنەکێ ماما هاجێ

سەیرانگای گوندنشینانی یاڵانپێیە، کەوتووەتە باکوری گوندەکە و ژمارەیەک درەختی جۆری قەزوانی تێدایە، کە بە هەورامی پێیدەڵێن وەنی. هەر بەبۆنەی ئەم دارانەوە ناونراوە. (١،٤کم) لە گوندەکەوە دوورە، لە باکورەوە کانی وەرزی ڕێزینە و لە باشور کانی هاڵ و لە خۆرهەڵاتەوە دۆڵی قۆلانچە و لە خۆرئاواوە دۆڵی خۆرنەوەزان و ئەشکەوتی حەیدەر دەورەیانداوە و ڕێگایەکی خۆڵی هەیە و لە وەرزی بەهاراندا دیمەنێکی قەشەنگ دەبەخشێتە ناوچەکە و گوندنشینان و گروپە شاخڕەییەکان سەردانیدەکەن.

زیاتر بزانە
سەیرانگا
پێشتر 1 2