بەرگی دووەم
سەرچاوە ئاویەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
بەرگی دووەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
لەیەکگرتنی هەردووچەمی زاوەر و ئاوێسەر لە ناو بازاڕی تەوێڵە و ئاوەڕۆی ماڵەکان، چەمی خواروو(دەرەی وارین) دروستدەبێت. چەند جۆگەیەکی لە سنوری تەوێڵە و سۆسەکان و پاڵانیای لێ هەڵدەگیرێت و ئاوی چەند چەم و کانی تری تێدەڕژێت، کە سنوری تەویڵەی بەجێهێشت، پێیدەوترێت چەمی تەوێڵە.
دەکەوێتە گوندی بەشی پیرک، لە بەشی خوارەوەی گردی پیروز ئەوغان هەڵکەوتووە، ئاوی کانی مۆردانی پێدا دێتەخوارەوە و بە ئاڕاستەی سەنتەری گوندەکە شۆڕدەبێتەوە، تا دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخان. هەر بۆیەش پێیدەوترێت چەمی دێ، چونکە بەناو گوندەکەدا تێپەڕدەبێت. چەند باخێکی کەمی لەسەرە، ڕێگەی سەرەکیی گوندەکە بۆ چرۆستانە و نێرگزەجاڕ بەم چەمەدا دەڕوات، لە تۆمارە فەرمییەکاندا بە ڕەسمی ناوی هاتووە و تۆمارکراوە.
کەوتووەتە گەڕەکی شەهیدانی هەڵەبجە و کارێزی حاجی ناجی تێدا هەڵکەوتووە. ئاوی زۆر بووە و لە بەردەم مزگەوتی شەهیداندا بەربەستێکی ئاوی وەک بەنداو بۆ دروستکراوە. لەسەر زاری خەڵکی بە سەدەکە ناوبراوە. ئاوی بارانی لەوەرزی باراندا کۆکردووەتەوە، پاشان ئاڕاستەکەیان بۆ زەوییەکانی چواردەوری گۆڕیوە، تا ببن بە باراو.
کەوتووەتە بەردەمی گوندی (دەرەتوێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). دۆڵێکە لە کۆمەڵە باخێک پێکدێت. (داڵتە دەیمان، گوێزە وەرزان، مڵکی شینەی، مڵکی کوتەر، گڵەزەردەی، گوێزە بزنێ، بەرەوەر، هەسێرە گەنیو، توراڵان، زەرین ئاوا، دەرەی کەریم) ئەم باخانە پێکدێن لە هەنار و گوێز و هەنجیر و قۆخ و ترێ و میوەی جۆراوجۆر. ژمارەیەکی زۆر کانی تێدایە، هەندێکیان کوێرە کانین و ئاوەکەیان کەمە. بەناوبانگترین و گەورەترین کانی لەم چەمە پێیدەوترێت (کانیە گەورێ) لە بەردەمی باخی (هەسێرەگەنیو)دایە. ئاوەکەی بە (گوێ جۆگە)دا دەڕوات تا دەگاتە (حەوزی بەرەوەر) ئاوی هەندێک لە باخەکانی ئەو چەمەدات.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). لە خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین)ـەوە دەستپێدەکات، بە ئاڕاستەی خوارووی بۆین و دامێنی گوندەکە درێژدەبێتەوە تا دەگاتە ڕوباری سیروان. لەنێوان شاخی کەمانە و گوندی (بۆین)ـە. چەندین چەم و دۆڵی لاوەکی دیکەی دێتەوە سەر. بە داربەڕوو دەوڵەمەندە و ئاوی کانیی دۆڵەپەڵگانی پێدا تێپەڕدەبێت.
ئەو جۆگانە دەگرێتەوە، کە ئاودێری باخەکانی ئەمبەروئەوبەری چەمی ئاوێسەریان پێدەکرێت. بە نۆرە و بە سەعات لە ڕێگەی سەنەدێکەوە ڕێکخراوە و میراوی بۆ دانراوە. ئەوانیش ئەم جۆگانەن: ١- ماوامی: بنەوانگەی لەخوار هاوینەهەوارەوەیە و لە چەمی ئاوێسەر ڕۆژی دووشەممە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت و تا کۆتایی ڕۆژی پێنجشەممە ئاوی پێوەیە و نزیکەی ٣٠ باخ ئاودێریدەکات. ٢- قووڵە: بنەوانەکەی لە سەرچاوەی ئاوێسەرە و لە سەردەمی خان ئەحمەدخاندا هەڵکراوە. ڕۆژی پێنجشەممە هەڵدەگیرێت. دواتر بە ئاوی کانییەکانی( هانە دێوا، حەسار، شەکەرێ) وە نزیکەی ٢٠ باخ ئاودێریدەکات. ٣-گڵێجانێ: بنەوانەکەی لە ناوەڕاستی چەمی ئاوێسەرە و ڕۆژی هەینی ئاوی بۆ هەڵدەکرێت. نزیکەی ٢٠ باخی گەورە لە خۆرئاوای چەمی ئاوێسەر ئاودێریدەکات. ٤-جانباز: بنەوانەکەی لە چەمە، ڕۆژی دووشەممە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت و نزیکە ٧١ باخ ئاودێریدەکات. ٥- داڵیتان: بنەوانەکەی لە چەمە، شەوی سێ شەمە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت. نزیکەی ١٢ باخ ئاودێریدەکات. لەوانە باخی مەلایان و مزگەوت. ٦- شەمبانو: بنەوانەکەی بەشی خوارووی چەمی ئاوێسەردایە و شەوی چوارشەممە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت و ١٣ی باخی گەورە ئاودێریدەکات. ٧- شانەزەرا: ڕۆژی پێنجشەممە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت و چەند باخێک و باخی میرزا عبدالقادری تەوێڵەیی شاعیر ئاودێریدەکات. ٨-باخچەمیرا: بنەوانەکەی لە خوا چەمەو نزیک بە دێیە. پێنج باخی گەورەی دەستە ڕاستی چەمی ئاوێسەر ئاودێریدەکات. ٩- دێ یان مالێدەر:بنەوانەکەی لە ناوەڕاستی چەمی ئاوێسەرە. ڕۆژی هەینی ئاوی بۆ هەڵدەکرێت. باخە بەرزەکانی ڕێگەی ئاوێسەر و بڵکۆ و دەرەتفێ بە دەستی ڕاستی چەمی ئاوێسەر ئاودێریدەکات، کە نزیکەی ٣٠ باخ دەبن. ١٠- هانەکڵە: بنەوانەکەی لە هانەکڵیەیە لە نزیک ئاوێسەر. بۆ باخەکانی دەستە راست هەڵکراوە ڕۆژی دووشەممە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت و نزیکەی ٨٠ کـاتژمێر ئاوی پێوەیە.
چەمێکە کەوتووەتە گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لەنێوان (چەمی ئەشکەوڵ و چەمی شنروێ)دا هەڵکەوتووە. کۆمەڵێک قەزوان و دارچوالە و بڵاڵوک و داربەڕووی لێیە. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت.
کەوتووەتە سنوری گوندی بانیبنۆکە لە بناری (چیای سورێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). سنورەکەی لە مێوڵیەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاکو نزیک ئەشکەوتەکانی هەرێز. ناو چەمەکە بۆ ئاژەڵداری و وەک لەوەڕگا بەکاردێت. چەمێکی قوڵە و لە بان هەرێزەوە بۆی دەچیتە خوارەوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. درێژییەکەی سێ کیلۆمەترە. پێنج لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوە سەر.
لەباسکی چنارەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی گوندی (چنار)ی کۆکۆیی درێژدەبێتەوە. چەندین چەمی دیکەی دێتەوە سەر وەک چەمی پەلی کڵاشیان و پەچەگەورە. گوندی (چنار) لەسەر هەڵکەوتووە. چەندین کانیی هەمیشەیی بەناوبانگی تێدایە، کە گرنگترینیان کانی چنار و کاکە سەن و پەروێزە، بە ئاڕاستەی ڕوباری سیروان لێژدەبێتەوە. ڕێگای گوندی (چـنار) و دەوەرە و کـانی فەقێی پێدا تێپەڕدەبێت.
کەوتووەتە سنوری گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە ئەنجامی یەکگرتنی هەریەکە لە جۆگە ئاوییەکانی (دۆڵی کۆڵیت و دەرە فێڵان و چنازرکێ و کانی شێخ سادق و کارێزی مزگەوت) دروستدەبێت دوای ئەوەی ئاوی هەریەکە لە کانیاوەکانی (کانی ژنان و چنازەرکێ و کانی لیمۆ و کارێزی مزگەوت و کانی پیرشالیار و کانی شێخ سادق)ی تێدەڕژێت، بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەو دەکات. پاشان لە بانی بەرمەڕان لەگەڵ چەمی سەرگەت یەکدەگرن و بە دۆڵی خەندەقدا ڕێڕەو دەکات و بە نێو گوندی ئاوای ڕۆستەم بەگ و شاری خورماڵدا تێپەڕدەبێت و دەڕژێتە چەمی زەڵمەوە. لە باکوری شاری خورماڵدا لە بەرزیی (١٠١٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٧٠٥م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژیی لە سێ کیلۆمەتر زیاترە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (بەشارەتی خواروو). سەرچاوەیەکی ئاویی بەناوبانگی گوندەکەیە، زەویەکانی چواردەوری بەراوکردووە. لە کۆندا بۆ مەبەستی کشتوکاڵکردنی لۆکە و توتن و لە ئێستەشدا بۆ تەماتە بەکاردێت. لە نزیک شارۆچکەی (سیروان)ـەوە دەستپێدەکات و بە شێوەی پێچاوپێچ دەڕوات تا دەگاتەوە بە چەمی حاجی ڕەقە و دەڕژێتە سەر دەریاچەی دەربەندیخان. قووڵییەکـەی کـەمە. ئێسـتە وشـکـە و ئاوی نییە.
کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (تەپەتۆڵەکە)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لە بنەڕەتدا سەر بە گوندی حاجی ڕەقە بووە و هەر بە ناوی ئەویشەوە ناونراوە، کە بووەتە ژێرئاوی دەریاچەی دەربەندیخان. لە گوندی خاکوخۆڵەوە دەستپێدەکات و بە نێو بەشارەتدا تێپەڕدەبێت، تا دەگەتاوە چەمی زەڵم. لە کۆندا زۆر قوڵ بووە؛ بەڵام لە ئێستەدا قووڵییەکەی بەهۆی کێڵان و ڕاماڵینەوە کەمتر بووتەوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (مۆردین)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). سەختە و ڕۆشتن پێیدا ئەستەمە. لە خوارووی باخی عیسا و مۆردەکانەوەیە. بەهۆی تەنگیی چەمەکەوە ئەو ناوەی لێنراوە. زەوی تێدایە، کە لـە ڕابـردوودا کراوەتـە گـەنم و جۆ.
کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (حەسەنئاوا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەسەرەوە به چەمى گوڵان ناودەبرێت و لەئاستى گوندى حەسەنئاوادا، بە چەمى حەسەنئاوا ناودەبرێت. لەکانى زڕگوێزى گوڵانەوە هەڵقوڵاوە و بە هاوبەشى لەگەڵ گوندى باوەکۆچەک بۆ کشتوکاڵ بەکـارهـاتووە. درێژییەکـەی نـزیکـەی سـێ کیلۆمەتر دەبێت.
به دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر به شارۆچکەی خورماڵ. لەکاتی خۆیدا و تا ساڵی ١٩٩٨ چەمێکی پڕ بێشه و دارودەوەن بووە. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێکە. لەسەر چاوگی گوندەکەوە درێژبووەتەوە تا جۆگەی وڵەوسێنان لە نزیکی ئاوایی حاجی حەمەومین. لە وشکەساڵییەکەی ساڵی ١٩٩٨دا زۆربەی دارودرەختەکانی وشکیانکردووە، بەڵام ئێستا تەنها له وەرزی بەهار و زستان ئاوی سەرڕێژی چاوگ دەچێتە ناویەوه، تا کۆتای بەهار ئاوێکی زۆری تێدایە. لەکاتی تاپۆکردنی زەوی بەسەر بەگزادەجافەکاندا خۆرهەڵاتی چەمەکە بەر داودبەگی حەمەسەعید بەگی وەسمان پاشای جاف کەوتووە و خۆرئاوای چەمەکە تا ڕووی گوندی شیرەمەڕ، بۆ حامید بەگی مەجید بەگی وەسمان پاشای جاف بووە. بەڵام ئێستا هەردوو خۆرهەڵات و خۆرئاوای چەمەکە لە سنوری گوندی شیرەمەڕدایە و خاوەندارێتیان بۆ جوتیارانی گوندەکە دەگەڕێتەوە. لە تۆمارە فەرمییەکاندا ناوی چەمەکە به (چەمی شیرەمەڕ) هاتووە، بەڵام لەناو دانیشتوانی گوندی شیرەمەڕدا بە چەمی حەمەوخان بەناوبانگه و ناولێنانەکەی بۆ کەسێک دەگەڕێتەوه، کە لە کۆتایی ساڵانی ١٨٩٠ەکاندا خاوەندارێتی ئەم چەمەی کردووە و دەکاتە باپیرەی حاجی ساڵحی گێڵەک و حاجی مەحموودی محەممەدی بارامی گردی قازی.
بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باشوری گوندی خێڵی حەمە سەر بە ناحیەی (خورماڵ). خاوەندرێتی دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتییەکی گوندەکە بەناوی (حەمەی ڕۆستەم) و بەناوی ئەمەوە ناونراوە.
کەوتووەتە ناوچەی نەورۆڵی لە خۆرئاوای شاری هەڵەبجەوە. سەرچاوەی ئاوەکەی لە کانی و جۆگەکانی هەردوو گوندی (گوندە و چرۆستانە)وەیە. ناوەکەی لەوەوە هاتووە، کە پێش ڕاگواستنی گوندەکانی ناوچەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، حەوت ئاش لەسەر ئەمه چەم هەبووە و کاریانکردووه و دانیشتوانی ناوچەی نەورۆڵی و دەوروبەری بەکاریانهێناوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (خارگێڵان)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێکە.
لە دامێنى سەنتەرى شارى هەڵەبجەوە دەستپێدەکات و بە خۆرئاواى (حەمەوغان)دا شۆڕدەبێتەوە و دەگات بە گوندى (زەمەقیى ژوروو) و پشتی هەردوو (کۆلێجى کشتوکاڵى هەڵەبجە) و (کۆلێجى تەکنيکى هەڵەبجە) و بە بازگەى زەمەقيدا به ئاڕاستەى باکور شۆڕدەبێتەوە، تا دەگاتە گوندى (زەمەقیی خواروو)، پاشان درێژدەبێتەوە بەرەو گوندى (قشڵاخەڕووتە) و بە ڕێگەى سەرەکیى گوندى (تەپەکوڕە) دەگاتە و لەوێشەوە به تەنيشت (بەشارەتى خواروو)دا دەڕاوات تا باکورى سەنتەرى شارۆچکەی (سيروان) و دەڕژێتە دەرياچەى دەربەنديخانەوە. درێژيیەکەى نزيکەى هەشت کيلۆمەترە. لە پێشتردا جوتيارانى ئەم گوندانە بۆ ئاودێرى و کشتوکاڵکردن پشتیانپێبەستووە، بەڵام لەپاش ئازادیى عێراق، بە کۆنکرێتى سندوقى، ئاو و ئاوەڕۆى شارى هەڵەبجهی خراوەتەسەر و لەو کاتە بەدواوە قەدەغەکراوە بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنرێت. لەوەرزى هاويندا وشکدەکات. بەگشتی (چەمى خڕە خەزێنە)یشی پێ دەوترێت، بەڵام لە سنوری بەشارەتی خواروو بە چەمی زەمەقی ناسراوە.