تەوێڵە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 372

چەم

لە سەرچاوەوە دوو لقە؛ لقی یەکەمیان لە چەمی زاوەر (دەرەو زاوەری)، کە گوندێکە و کەوتووەتە شاخی داڵانی هەورامانی لهۆنەوە، چەمی دووەمیان، کە چەمی (ئاوێسەرە) یان (دەرەو ئاوێسەری)، کە کانیاو و هاوینەهەوارێکی سروشتیی جوانە، سەرچاوە دەگرێت. هەردوو لقەکە چەند کانیاوی بنی شاخەکانیان تێدەڕژێت و لە ناو بازاڕی تەوێڵە یەکدەگرن و ئاوەڕۆی تەوێڵەیان دەچێتە سەر و چەمی خواروو دروستدەکەن. ئەویش چەندین کانی تێدەڕژێت و چەمی تەوێڵەی لێپێکدێت، بەرەو ئەوپەڕی خۆرئاوا دەکشێت، هەم جۆگەی لێ هەڵدەگیرێت، هەم کانی و ئاوی تێدەڕژێت. باخەکانی (خوارووی تەوێڵە، سۆسەکان، پالانیا، جاور، هاوار، هەوارەکۆن، گریانە) پشتیپێدەبەستن و دەڕژێتە ڕوباری سیروانەوە.

سەرچاوەکان:

  1. پەیامی هەورامان، هادی بەهمەنی، چاپی پێنجەم، ٢٠٢٠، ل ٢٤٤.
  2. سەربووردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عەبدولڕەحمان محمد، تاران، ٢٠٠٥، ل٤٩٦.
  3. جوگرافیای هەورامان و دەرامەتە ئاوییەکانی، ڕێباز حەمەغەریب هەورامانی، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠١٧، ل١١٢.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

چاوەپان

بە دووریی (٢٠٠م) لە باشوری خۆرئاوای گوندی (خێڵی حەمە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). درێژ دەبێتەوە بۆ گوندی (بەشارەتی سەروو). هەرچەندە لە سنورى گوندى (خێڵى حەمە)دایە، بەڵام زیاتر جوتیارانى گوندی (بەشارەتی سەروو) سودیلێدەبینن.

چاوگە درێژ

بە دووریی (٥٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (کوڵکنیی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، بۆ گوندی (تەپی سەفای سەروو) درێژدەبێتەوە. درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر زیاترە. ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگیرێت.

چاوگی خواروو

کەوتووەتە سنوری گوندی (کۆڵیژێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە یەکگرتنی ئاوی (نسارە گولانە و کانی یاسەمین) دروستدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. دوو لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوەسەر.

چەمەکانی ئەو دیوی دەرەتوێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەتوێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە کۆمەڵە باخێک وەک (دەرەی هاڵیتی، کانیەی حەمەد، ڕێوڵان، قنودەرەی) پێکدێت و سەنتەری گوندی دەرەتوێ کەوتووەتە بەردەمی. لە گوندەکەوە ڕێگایەکی خۆڵی بۆ دەڕوات. ناوچەیەکی کوێستانییە، بەڵام کەم ئاوە. باخەکانی لە دار گوێز و هەنار و هەنجیر و قەیسی و ترێ و قۆخ پێکهاتووە.

چەمەکەلی

کەوتووەتە زنجيرە (چياى شنروێ) لە باشورى هاوينەهەوارى (وەزگێڵ) و ‌دامێن لوتکەى (بەفرى ميرى). بەدرێژایی نزیکەی چوار کيلۆمەتر شۆڕ دەبێتەوە تا دەگات بە گوندى (هاوار) و لە سنوری شارۆچکەی بیارەدایە. بە بەراورد بە شيوەکانى بەرەى خۆرئاواى زنجيرە چياکە تەڕ و چڕترە بە گژوگیا.

چەمی ئاش

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). (٥٠٠م) لە گوندەکەوە دوورە. ڕووبەری دوو دۆنم زەویی کشتوکاڵی ئاودێریدەکات. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتردەبێت. لەبەرئەوەی لە کۆندا ئاشی تێدا بووە، بۆیە بە چەمی ئاش ناوبانگیدەرکردووە و ئاوی چەند کانییەک و باراناوی تێدا کۆدەبێتەوە بەرەو خۆرئاوایی گوندەکە دەڕوات.