بەرگی دووەم
سەرچاوە ئاویەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
بەرگی دووەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان چیای سێخڕان و هانە کەکەوان و دەروازەی مڵەخورد و لوتکەی ئاساو وایی لە باکور و دۆڵە سورە و ڕاگاو دەواری و لەتکەی ئاوگە لە خۆرهەڵات و دۆڵی کەڕەجاڵ و بانە پەڵمینێ و دۆڵی ماسناوێ و قەڵای سمۆران لە باشور و پلەکێ مەلا مسەفای و تکەکە و دۆڵی پلا لە خۆرئاوا. دواتر بە ئاڕاستەی باشور دەڕوات و پاشان دەڕژێتە ناو جۆگەی کەڕەجاڵ و دواتر تێکەڵی هانە قوڵقوڵە و تاڤگەی زەڵم و چەمی زەڵم دەبێت لە باکوری گوندی (زەڵم)، لە بەرزی (١٨٠١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزی (١٢٠٣م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک زیاترە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ) و سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە (باکور) بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان چیای هەسوون و قەڵای بروسکە و ناوچەی دزڵی لە باکور و گڵوەو هەرەسی و لوتکەی هەسوون لە خۆرهەڵات و چیای لاسەوفاتەخانێ و دۆڵی کۆرێ و دۆڵی چاڵاوا و مرۆ دۆڵە و پەچەو سێ قادری لە باشور و شەوگەو دۆڵاوێ و جۆگەی خەڕەنگەزێ و جۆگەی گیواوبڕ لە خۆرئاوا. ئەو بەفر و بارانە زۆرەی لە چیاکانی دەوروبەری دەبارێت دروستیدەکەن، دواتر بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا دەڕوات و دەڕژێتە ناو جۆگەی پەچەو سێ قادری و پاشان دەڕژێتە ناو چەمی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دار چەقالە. لە بەرزیی (٢٢٥٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٧٩٥م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک کەمترە.
جۆگەيەکى دەستکردە و کەوتووەتە گوندى (زەمەقى سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لە کارێزى کانى شێخى گوندەکە تا باکورى خۆرهەڵاتى گوند بەدرێژايى ٧٠٠ مەتر درێژ دەبێتەوە تا دەڕژێتە سەرچەمى خڕەخەزێنە و نزيکەى ٢٠٠ دۆنم زەوى پشتاو (دێم) دەکاتە بەراو، بەهۆى ئەوەى جۆگەکەى کەوانەييە و لێژى ڕێڕەوەکەى کەمە، ئاوەکەى بەهێواشى ڕێدەکات، بەوهۆيەوە بە جۆگە تەمبەڵ ناسراوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان چاڵە سەوزە و ئەشکەوتی مەڕەوداڵی و لوتکەی تاقومایگەلێ و چیای سورێن لە باکور و لوتکەی زەردی سەرناوەشۆر و لوتکەی سەرڕێژ و دۆڵی درزوکاوەترا لە خۆرهەڵات و دۆڵی مەڕەو سەورۆیی و ئەشکەوتی حەیدەر لە باشور و جۆگەی بانیشاری کۆن و بانە گەورێ و گوندی بانیشار لە خۆرئاوا. (١٩٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١١٩٣م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. ئاوی چەند جۆگەیەکی دیکەی تێدەڕژێت وەکو جۆگەی (چاڵە سەوزە) لە بەری باکور و جۆگەی (تاقومایگەلی و لۆکەو عەزیز بەگی) لە بەری باکوری خۆرهەڵات، بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەودەکات و پاشان دەڕژێتە ناو جۆگەی بانیشاری کۆن و چەمی خۆرنەوەزان و بە بەشی خۆرهەڵاتی گوندەکانی (بانی شـار و شیـرەبەڕ و تەکیـە)دا ڕێـڕەودەکـات.
بەشێکی سەرەکیی جۆگە ئاودێرییەکانی(خورماڵ)و دەوروبەری له سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی (گەنجان)ەوە هەڵگیراون، جۆگەی (تەوڵە جۆ) یەکێکی ترە لەو جۆگانە و لەناو (خورماڵ) لە تەنیشت چەمی زەڵم لە جۆگەی (جۆگەی شێخ/ سەرگەتەجۆ) جیا ئەبێتەوە و لە کۆتا خاڵی (دەرەی خەنەک) لە گوێی چەمەکەوە وە بەبەردەم (پارکی گشتی گەورەی خورماڵ) تێدەپەرێت لەتەنیشت (گردی چەقەڵ ئاوا)و (بازگەی خورماڵ)دا لە ڕێگای قیر دەپەڕێتەوە بەئاڕاستەی (گوندی تازەدێ) ملی ڕێدەگرێت و پاشانیش گوندی تازەدێ بەجێدەهێڵێت لەدوای ڕووبەریکی دەشتایی فراوان، دەگاتە سنوری زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەکانی هەرسێ (کوڵکنییەکان). لە ساڵانی(حەفتاکان)ی سەدەی ڕابردوو بەشێکی کەمی کۆنکرێت کراوەو لەدوای ساڵانی ٢٠٠٠ بەشەکەی تری کۆنکرێتەکەی بۆ زیاد کراوە، درێژییەکەی نزیکەی چوار کیلۆمەتر دەبێت.
لە سنوری گوندی (هانەیدن)دایە، کە سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان حاجی ڕا و مرۆدۆڵە و دۆڵی کۆرێ و چیای لاسەوفاتەخانێ لە باکور و لوتکەی شروانێ و لوتکەی تەتە و لوتکەی کەڵەلانکێ و دۆڵی ژەرەژا لە خۆرهەڵات و کانی شەڵواندڕ و لوتکەی هەربەدۆڵ و دۆڵی شەڵواندڕ لە باشور و گوندی هانەیدن و سەرگەت و سەر سیپە و دۆڵی دەرەیمەڕ لە خۆرئاوا. ئەو بەفر و بارانە زۆرەی لە چیاکانی دەوروبەری دەبارێت لەگەڵ ئاوی کانیاوەکانی (هانە نەوە و هانە توتمان و هانەو نسارتاریک و هانە تایلە و هانەو تێ) دەڕژێتە ئەم جۆگەوە، دواتر بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا دەڕوات و دەڕژێتە ناو جۆگەی هانەیدن و لەگەڵ چەمی شەڵواندڕ و سەرگەت و دەرەیمەڕ یەکدەگرن. لە بەرزیی (٢١٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١١٨٨م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکـەی نزیکـەی سـێ کیلۆمەتر دەبێت.
لە چەم و کانی و باخی وەرگەدەری گوندی گەچێنەوە هەڵگیراوە و هاتووە بۆ سەرچەمە و نشینگەی شێخ حسامەدین لە گوندی باخەکۆن، لەوێشەوە جارێکی تر درێژبووەتەوە و بۆ بەردەمی باخەکۆن. چەند باخێکی لە کاتی خۆیدا ئاودێری کردووە.
جۆگەیەکە دەکەوێتە بەری خۆرهەڵاتی چەمی بیارە. سەرچاوەی ئاوی لە گوندی (هانە گەرمڵە)وە دەڕژێتە ناو چەمی بیارە و ئاوی چەندین باخ دەدات، بەتایبەت باخەکانی (دەرە و تەکیەی) لە بیارە و تاکو پشتی قوتابخانەی (بیارەی شەریفە) درێژدەبێتەوە. بە پێی (هێڵی هەمایۆنی)، سنوری وڵاتی (عێراق و ئێران) لەیەکتر جیادەکاتەوە. لەسەر بنکەیەکی چاودێری گەڕۆکی پاسەوانی سنوری لێیە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (پاڵانیا). ساڵی ١٩٤٦ لەلایەن حاجی عەلی دانیشتوی گوندەکەوە دروستکراوە بۆ ئەوەی لە چەمە گەورەکەوە، کە لە تەوێڵەوە دێتەخوار، بەشی ئاشەکەی، ئاو جیاکاتەوە و بەم جۆگەیە گەیاندویەتیە ئاشەکەی و ئیشیپێکردووە، ئاشەکەى حاجى عەلى تەنها بەیانیان ئیشى کردووە بۆیە ئێواران ئەو جۆگەیە بۆ ئاودێرى بەکارهاتووە، تاکو ئێستاش ماوە و چەند باخێکی گوندەکە لە ڕێگەی ئەم جۆگەیەوە ئاو دەدرێت، کە درێژیەکەی نزیکەی (٦٠٠م)ێک دەبێت.
ئەو جۆگە ئاوانەن، کە سەرچاوەکەیان چەمی زاوەرە دوای ئەوەی دێتە سنوری تەوێڵە، ئاوەکەیان بە دەستوور و سەنەدێکی نووسراو لە ساڵی ١٩٢٧وە بەسەر تەواوی باخەکای ئەمبەرەوبەری چەمدا دابەشکراوە. ئەوانیش: ١-سەرجۆ: کەوتوەتە ژێر ڕێگەی دزاوەر. سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە ئاوی بۆ هەڵدەکریت. نزیکەی ٤٦ باخ ئاودێریدەکات. ٢- نسار: کەوتوووەتە بەرامبەر جۆگەی سەرجۆ. شەوی پێنجشەمە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت. دوای ئاودێریکردنی ١٠ باخ، ٢٤ سەعات ئاوی لێ دەبڕدرێت بۆ باخەکانی دزاوەر لە ڕۆژهەڵات و دواتر هەڵدەکرێتەوە و نزیکەی ٤٠ باخ لە تەوێڵە ئاودێریدەکات.
دوای یەکگرتنی چەمی ئاوێسەر و چەمی زاوەر لە ناو بازاڕی تەوێڵە چەمی خوارو پێکدیت. ئاوەڕۆی هەموو ماڵەکانی تەوێڵەی دەچێتەسەر. چەند جۆگەی لێهەڵدەگیرێت. لەوانە: ١- شاجۆ: بنەوانەکەی لە ناوبازاڕی تەوێڵە هەڵگیراوە. لەسەردەمی خان ئەحمەدخان هەڵگیراوە. دوای ئاودێری دەیان باخی گەورەی تەوێڵە، دووبارە دەڕواتەوە دیوی خۆرهەڵات لە شوێنێک، کە پێیدەوترێت (ملەشۆپە) و ئاوی باخەکانی گوندی (شوشمێ) دەدات. چەندین کانی و کانیاوی ئەو چەمانەی دەڕژێتە ناو، بۆیە بە (شاجۆ) ناودەبرێت. لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، تەوێڵەییەکان لە بەرامبەر داخستنی جۆگەیەکی بیارە لە لایەن ئیرانەوە، ئەم جۆگەیەدادەخەن. ٢- جۆگەی سۆفی: بنەوانەکەی لە بەرامبەر خانەقای تەوێڵەیە. باخەکانی بەردەم گۆڕستانی باباسەرهەنگ و ڕۆژئاوای گەڕیات ئاودێریدەکات. ٣- جۆگەکانی ناوچەم. چەندین جۆگەی ترن لە ناو چەمەوە هەڵدەگیرێن.
کۆمەڵێک جۆگەی گشتیی ئاودێرانی باخەکانی سنوری گوندی (بەڵخە)ن، کە بریتین لە: ١- هانە وێڵە: دوو کیلۆمەتر درێژە. ١٥٠ دۆنم ئاودێریدەکات. ٢- وەزەنێ: (٣٠٠م) درێژە. ١٠ دۆنم ئاودێریدەکات. ٣- قەڵاگا: (٣٠٠م) درێژە.، ٢٥ دۆنم ئاودێریدەکات. ٤- باخی مەلا: (٤٠٠م) درێژە. ٢٥ دۆنم ئاودێریدەکات. ٥- ڕێوڵە - کەمەر قاڵاو: دوو کیلۆمەتر درێژە. ٢٠ دۆنم ئاودێریدەکات. ٦- ڕێوڵە - سەرسۆڵێ: دوو کیلۆمەتر درێژە. ٢٥ دۆنم ئاودێریدەکات. ٧- وەردەگا: دوو کیلۆمەتر درێژە. ٢٥ دۆنم ئاودێریدەکات. ٨- کێڵەکۆنە: دوو کیلۆمەتر درێژە. ٢٧ دۆنم ئاودێریدەکات. ٩- دووە وەزە: دوو کیلۆمەتر درێژە. ٢٤ دۆنم ئاودێریدەکات. ١٠- عەلی خوبیا: دوو کیلۆمەتر و نیو درێژە. ٤٥ دۆنم ئاودێریدەکات. ١١- دێگە: دوو کیلۆمەتر و نیو درێژە. ٥٠ دۆنم ئاودێریدەکات. ١٢- مزگەوتی دێگە: دوو کیلۆمەتر و نیو درێژە. ٢٠ دۆنم ئاودێریدەکات.
١- تاڵگ: لە سەرچاوەی تاڵگەوە هەڵگیراوە بۆ ناو باخەکانی دێ، نزیکەی ١-١.٥کم دەبێت، باخەکانی بەری دێ لە ڕێگای شێوازی نۆرە و بە سەعات ئاودەدات، ئەوانیش: میری، بنجۆگێ، شێخ یاسین، گوڵبەی خاڵۆ ئەحمەد، سەید عەلی، شێخ سەلام، شێخ عەبدوڵا، باخەگەورەی ئەفراسیاوبەگ، شێخ بورهان، گۆران. ٢- کانی هەمەدان: لە کارێز و حەوزەوە هەڵدەگیرێت، لە خۆرهەڵاتی تاوێرەوە، بۆ کۆتا باخ درێژ دەبێتەوە. ٣- مەڕەسێر: کورتکراوەی مەڕە هەسێرە، باخەکانی، مامۆستا، جەواهێر، سەید غەفوور، ستار، لە چەمی تاوێرە ئاو دەدات و ئاوەکەی دەگاتەوە گوندی دەرەشیشی سەروو.
ئەو جۆگانەن کە بەشێکی زۆری کەرتی کشتوکاڵی ٢٩ی خارگێلان پاراو دەکەن و بریتیین لە: ١- چنار: جۆگەیەکی سەرەکییە و بەناو خارگێڵاندا تێدەپەڕێت. نزیکەی چوار کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی. دەچێتە زەوییەکانی ملەگا گڕە لەوبەری چەمی بیارە، کە لەو ئاستەدا پێیدەوترێت دەرەقوڵ. ٢- لارەجۆ: کەوتووەتە سەر چەمی بیارە و لە کانی هەزارگری و باخی موفتی درێژبووەتەوە. لە جۆگەی زەردەهاڵ جیا دەبێتەوە و بە بەردەمیدا بە ئاڕاستەی گوندی (خارگێڵان) دەڕوات. نزیکەی ٧٠ دۆنم باخ و ١٥٠ دۆنم زەوی بەراودەکات. نزیکەی دوو کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی. ٣- مەمکەجۆ: بۆ هاوکاری لارە جۆگە دروستکراوە. هەندێکیش پێیدەڵێن (مەنگەجۆگە). بەشێکی زۆری زەوییەکانی کەرتی ٥٩ی بنجەی دڕە ئاودەدات. لە ڕابردوودا لەسەر ئەم دوو جۆگەیە چەند ئاشێکی ئاوی بونیانراون، وەک ئاشی (سەعەی فەرەج) و ئاشی (شێخ سادق). ٤- دوولەتان: لە چەمی دەرەقووڵی خارگێلانەوە درێژبووەتەوە بۆ زەوییەکانی قێخا حەمەحەسەن و زەوییەکانی تەپەسێلکان، تا دەگاتە خێڵی حەمە. نزیکەی شەش کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی. ١٥ دۆنم زەوی ئاودێریدەکات. جۆگەی ٣سێ کیلۆمەتری مەولودەی لێ هەڵگیراوە بۆ پشتی هارە مەڕیاو بەرەو دەرەیاوی بەردەم خارگێڵان. ٥- هەسەنەجۆ: بە پشتی خارگێڵاندا تێدەپەڕێت، لە نێوان دێکۆن و خارگێڵاندا. نزیکەی پێنج کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی. دەگاتە دێکۆن و خەڵکی ئەوێش سودیلێدەبینن.
لە سنوری گوندی (زەڵم)، ئەم پێنج جۆگەیە هەن: ١- جەوە شێخ خەیاتی: درێژترین جۆگەیە و بە ناوی شێخ خەیاتەوە ناونراوە. لە سەرچاوەی زەڵمەوە بەدرێژایی ٣سێ کیلۆمەتر زیاترە، بە باخەکانی ئەوبەری قەڵای خان ئەحمەدخاندا تێدەپەڕێت، کۆمەڵێک باخی زۆر ئاودەدات. ٢- جووە مەننێ: لەسەرچاوەوە هەڵگیراوە و بە دیوی باخەکانی دیدا تێپەڕ دەبێت، جۆگەکە خوڕ نییە و ئاوەکەی لەسەرخۆ دەڕوات، بۆیە بەو ناوەوە ناسراوە. کیلۆمەتر و نیوێک درێژە. ٣- بنەوانی حەمەکە: لە نزیک قەڵادایە، لەو شوێنەی پێیدەوترێت پەچە، کۆمەڵێک باخ ئاودێریدەکات. درێژییەکەی نزیکەی نیو کیلۆمەترە. ٤-بنەوانەو نەسەی: بەرانبەر بنەوانی حەمەکەیە، باخی نەسەو تا جەمیناوا ئاودێریدەکات. کیلۆمەترێک درێژە. ٥-بنەوانی قێخا: جۆگەیەکە لە نزیکی بیناکانەوە دەستپێدەکات، تا نزیکی بنی پەڵگی ئەحمەدئاوا درێژ دەبێتەوە، کاتی خۆی ئاوی لێبراوە بۆ ئاشەکانی قێخاسادق و حەمەی سەلەیم. دریژییەکەی (٣٠٠م) دەبێت.
ئەو جۆگە ئاوانەن لە چەمی خوارووی تەوێڵەوە بۆ ئاودێرانی باخەکانی سۆسەکان هەڵگیراون، کە بریتیین لە: ١- سۆسەکان: بنەوانەکەی لە باخی حەمەی حەمەسەعید (حەمەی هەمینە)دایە، بە باخەکانی بەردەم سۆسەکاندا دەڕوات، نزیکەی ١٠٠ باخ ئاو دەدات و دەگاتە باخی باقی حاجی حەسەن. کیلۆمەتر و نیوێک درێژە. ٢- پاڵانیا: بنەوانەکەی لە باخی هادی حاجی حەمەئەمین لە چەمی خواروی تەوێڵە هەڵدەگیرێت، زیاتر لە ٤٠ باخ ئاودەدات، تا دەگاتە باخی حاجی محەممەد. دوو کیلۆمەتر درێژە. ٣- وەزەزەرد: لەسەرچاوەی کانی وەزەزەرد هەڵدەگیرێت، تا دەگاتە دەگاکۆن باخی بابا عەلییەسانە. دوو کیلۆمەتر و نیو درێژە. ٤- دەرەقازان: بنەوانەکەی لە چەمی خواروی تەوێڵە لە نزیک ئەشکەوتی گاگیری هەڵدەگیرێت، تا دەگاتە باخەکانی مەلا کامیل. بێجگە لەمانە جۆگەکانی پاڵانیا و کاوەدەرێ و ماجۆڵەی شێخ و تەڵانەگۆرێش هەن. سێ کیلۆمەتر درێژە.
ئەو جۆگانەن، کە بە ڕووی نزار و خۆرەتاوی گوندی گریانەی هەورامانەوە لەسەر چەمی گریانە هەڵگیراون و باخەکانی گوند ئاودێری دەکەن: ١- نزار: کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گریانە. درێژییەکەی دوو بۆ سێ کیلۆمەتر دەبێت و باخەکانی دیوی نزار ئاودێریدەکات، کە بریتین لە باخی (لالە مەحموود، حەمەجافر، حەمەعەزیز، وەهبی، فەتاح، نووری حاجی قادر، فەرەجە سور، هادی و ئادەم، فەرەجی حاجی ڕەحمان، عەبدولڕەحیم نەسرەدین، فازڵی حەمەئەمین) هەروەها ئاوی گەڕاندنی هەردوو ئاشی گوندەکە لەم جۆگەیەوە براوە. ٢- خۆرەتاو: کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی گریانە بەرانبەر جۆگەی نزارە، کیلۆمەترێک بۆ کیلۆمەتر و نیویک دەبێت. باخەکانی ڕووی خۆرەتاوی گوندەکە ئاودێریدەکات، کە بریتین لە باخی: دەروێش تۆفیق، محەممەد ساڵح، حاجی ڕەحمان، فەرەج، حەمە عەلی قوربانی، ئەحمەد حسێن، ئەحمەد حەمەحسێن.
بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (تەپەرسەرقولە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە جۆگەی گەورەی جیادەبێتەوە. سەرچاوەى ئاوەکەى لە پردی زەڵمەوه دێت، جۆگە بچوکەکە درێژدەبێتەوە بۆ گوندی (تەپەسەرقوڵە). لەبەرئەوەى کۆنکرێت نەکراوە، ساڵانە لە لایەن جوتیارانەوە پاکدەکرێتەوە و سودیلێدەبینن.
کەوتووەتە سنوری گوندی (تەپەرسەرقولە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە پردی (زەڵم)ەوە دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ گوندی (تەپەسەرقوڵە). درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. به دووریی (٥٠٠م) لەسەروی گوندەکەوە جۆگەیەکى ترى لێ دەبێتەوە و تا گوندی (قاجر) دەڕوات. نزیکەی ٥٠٠ دۆنم زەوی بەراو دەکات.
کەوتووەتە شارۆچکەی (خورماڵ) و گوندی (تەکیە). لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بەمەبەستی هێنانی ئاوی گەنجانی خورماڵ بۆ ئاشی تەکیە بە درێژایی دوو کیلۆمەتر دروستکراوە. هەر لەبەر ئەوەش بووە ئەو ناوەیان لێناوە. تا ساڵی ١٩٦٠ ئاوی پێدا ڕۆشتووە، دواتر کە ئاشەکە نەماوە، ئاوی جۆگەکە بۆ ئاودێریی کشتوکاڵ بەکارهێنراوە.