سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

کوێرەکانی

بە دووریی نزیکی یەک کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (پریسی سەروو). بەدرێژایی ساڵ ئاوی هەیە. لە ڕابردوودا مەرەزەی پێ کراوە، بەڵام ئێستا زیاتر بۆ ئاودانی باخ بەکاردێت.

کۆ سەورۆیی

کەوتووەتە سنوری خۆرهەڵاتی گوندی (هانەیدن) لە دۆڵی شەڵواندڕ و بەرانبەر کانی شەڵواندڕ. مێژووەکەی بۆ نزیکەی ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. لە شێوەی کارێزدایە. ڕووبەری زیاتر لە سێ دۆنم باخی لەبەردایە.

گاگەل

کەوتووەتە باکوری گوندی (بانیبنۆک)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). خاوەنداریەتی بۆ (دەروێش تۆفیق) دەگەڕێتەوە. لەبەردەم کانییەکەدا شوێنێک بۆ ئاودانی ئاژەڵەکان دروستکراوە. بە زۆری بۆ ئاودانی ئاژەڵ سودیلێوەردەگیرێت، هەر لەبەر ئەوەشە ناونراوە کانی گاگەلەکە.

گەچڵە

کەوتووەتە بەشی نزاری گریانەوە. لەنێوان (گریانە و بۆین)دایە. خاکەکەی ڕەنگێکی سپی هەیە. وەک گەچ وایە. کانییەکی تێدایە، کە لە بەهاراندا هەڵدەقوڵێت و تاکو هاوینێکی درەنگ ئاوی هەیە و دەڕژێتە سەر ڕوباری سیروان.

گەچێنەى زێڕوون

کانی سەرەکیی گوندی (گەچێنەی زێڕوونە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە و کەوتووەتە ناو ماڵەکانی گوندەکەوە. چاوانەی بۆکراوە و حەوزێکی بچوکی بۆ دروستکراوە. لەشێوەی کارێزدایە، کە درێژییەکەی نزیکەی (١٠م) دەبێت. چواروەرزە ئاوی هەیە. بۆ خواردنەوه، باخداری و ئاژەڵداری بەکاردێت. لە کۆنیشدا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بووە.

گەچێن

کەوتووەتە باکوری گوندی (گلێجاڵ) لە بناری چیای (خۆشک). سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەیە. کانیاوێکی هەمیشەییە. شانزە پشکی لەسەر بووە و چوار خێڵ خاوەندارێتیان کردووە. خاوەن پشکەکان پێکەوە باخدارییان پێ کردووە و بڕێکی زۆر مەرەزەیان لەبەر کردووە. خەڵکی گوندەکە پێیانوایە ئاوەکەی شفا بەخشە بۆ هەندێک نەخۆشی.

گەرماو

سێ کانیی هەمیشەیین. دەکەونە قەدپاڵی ناونەیجە لە گوندی (نەیجەڵە). ئاوەکانیان هەمیشەیی و تاڕادەیەک گەرمن. ئاوەکانی چەمی قەڵبەزە دێنەوە سەری و یەکدەگرن و دەڕژێنە ڕوباری سیروانەوە.

گەڕاو

کەوتووەتە باکوری گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن و لە نزیک گوندەکە هەڵکەوتووە. ئاوەکەی کانزاییە هیچ دار و درەختێک لەبەری ناڕوێت. ئاوەکەی کەمە. پاش کەمێک ڕۆئەچێتە ناو زەوی. ئاوەکەی چەورە و بە گشتی بێ بۆنە. بەڵام لە هاویندا کەمێک بۆنی هەیە. زۆرجار بۆ نەخۆشی پێست و هەستیاری بەکاردێت.

گەڕیات

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای شارەدێی (تەوێڵە). باخاتێکی چڕی گوێز و توو ئاودێریدەکات و لە تەنیشت کەبابخانەی (گەڕیات) دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی تەوێڵەوە، (١٣٩٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەبابخانە و چایخانەیەکی لەسەر دروستکراوە و ئێواران خەڵکی تەوێڵە کۆدەبنەوە بووەتە جێگەی سەرگوزشتەی خۆش و یاریکردن.

گەنا

کەتووەتە باشوری خۆرئاوای شارۆچکەی (بیارە). بۆ ئاودێریکردنی باخێکی چڕی گوێز و چنار بەکاردێت و پاشان دەڕژێتە چەمی بیارەوە، (١١٠١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (لوتکەی ئاسنەوەرد و گەڕەکی ملەی چنار) و لە باشورەوە (دۆڵی بیارە) و لە خۆرئاواوە (کانی باخی سان و دۆڵی بێزەل و تاڤان و نەخۆشخانەی هەورامان) و لە خۆرهەڵاتەوە (شاری بیارە) دەورەیانداوە.

گەناوڵێ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (سۆسەکان)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن حکومەتەوە ئاوەکەی براوەتە گوندەکە. خەڵکی بۆ ئاو خواردنەوە سودیلێوەردەگرن و ئاوی ئەم کانییە بەکاردەهێنن، خاوەنداریەتی بۆ (مستەفا) ناوێک دەگەڕێتەوه،‌ کە پێشیانوتووە (مچە تەشاری).

گەورەى عەبابەيلێ: کانی ناودێ

کەوتووەتە‌ گوندى (عەبابەيلێ). لەوەرزى بەهاردا نزيکەى ١٠ بۆ ١٢ ئينچ ئاوى لەبەر دەڕوات. (٩٩٧م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە ڕووى موڵکدارييەوە دەگەڕێتەوە بۆ باخدارەکانى گوندى عەبابەيلێ و نزيکەى ٤٥ دۆنم باخ ئاودێرى دەکات.

گەورەى مۆردين

کەوتووەتە‌ گوندى (مۆردين) لە ناوچەى کۆکۆيى هەڵەبجە. (١٠٩٥م) لە ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. سەرچاوەکەى چينەبەردەکانى چياى باڵامبۆيه. ئەم کانييە لەلايەن باخدارەکانى گوند بەديوار هەڵچنراوە و شوێنى دانيشتن و بەردەنوێژى لەبەردەم دروستکراوە و چەند دار توييەکى لە دەروبەرى ڕوێنراون بەمەبەستى پشودان و حەوانەوە. بەهاوکارى دوو کانیى تر، بە دووریى (٢٠م) لە خوارى خۆى، بوونەتە سەرچاوەى ئاودانى باخەکانى گوند، کە ڕوبەريان نزيکەى ١٦ بۆ ٢٠ دۆنمە.

گەورێ

کەوتووەتە گوندی (دەرەتوێ). کانییەکی گەورەیە و سەرچاوەی ئاودانی باخ و ئاوی خواردنەوەی خەڵکی لادێکەی لەسەر بووە. بەهۆی ئەوەی گەورەترین کانی بووە ناویان ناوە کانیە گەورێ. بەڵام لە ئێستادا ئاوەکەی کەمی کردووە.

گردی

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێن. بەسەر گردێکەوە هەڵدەقوڵێت، کە چەند مەترێک لەتەختاییەوە بەرزە. ئەم گردە کۆتا سنوری گوندی بەردەبەل و پارێزگای هەڵەبجەیە و لە سەر سنوری شانەدەریە.

گورگیل

بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری گوندی (گڵێجاڵ)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. خاوەنداریەتی بۆ (شێخ عارف) ناوێک دەگەڕێتەوە. بۆ ئاودانی ئاژەڵ و ئاوخواردنەوەی ڕێبواران سودیلێوەردەگیرێت.

گوڵباخ

بە دووریی (١٠٠م) کەوتووەتە خوارووی گوندى (پريسى خواروو). خەڵکی گوندەکە بۆ ئاوی خواردنەوە سودیانلێبینیوە. ئاوەکەی لەسەرچاوەی کانییەکەوە بەچەند مەترێک دەڕژێتە چەمی گەورەی پریسەوە و لەوێشەوە بەروخوار بۆ دەریاچەی دەربەنديخان.

گوێز

کانییەکی هەمیشەییە. کەوتووەتە ملەی کانی گوێز و گوندی ڕێشاو لە سنوری گوندی ڕێشاو. زیادەی ئاوەکەی لە زستاندا دەگاتە کەسرەتێ و ئاوەکەی زۆرە و مزگەوتی لەبەر کراوە و چەند باخێک ئاو دەدات. بنەماڵەی عێلبەگی خاوەنی کانی و باخەکەن، کە پێشتر نیشتەجێی ڕێشاوبوون.

گۆشەبرێژ

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لەناو دۆڵی شەمێ لە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (بەڵخە). باخی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی شەمێ، (١٤٨٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی مێشلە) و لە باشورەوە (قەڵای شاتر) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە خۆرهەڵاتەوە (چیای هەوارەبەرزە) دەورەیانداوە.

گۆگرد

کەوتووەتە نزیک گوندى (پشته)‌ به ‌ئاڕاستە‌ى گوندى (گمه)‌ و چەمى (پشته)‌. سەرچاوەکەى لاى گوندى (بەڕوێن) و ئێرانەوە دێت.

پێشتر 1
...
15 16 17
...
24 دواتر