بەرگی دووەم
سەرچاوە ئاویەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
بەرگی دووەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان لوتکەی کەلەوێ و دۆڵی لۆکەو عزیز بەگی و لوتکەی منارەکەوە و لوتکەی ڕەنگینی بچوک لە باکور و لوتکەی ڕاپانەو غازی و چیای سوتنەجەڕ و دۆڵی شەوگە و خەوگە چیا و کانی ڕەنگین لە خۆرهەڵات و دۆڵی ڕاگاپاڵنگ و لوتکەی حاجی تایب و دۆڵی بەردەقایمێ لە باشور و چیای منارەکەوە و ئەشکەوتی مەڕەوداڵی و لوتکەی تاقومایگەلێ لە خۆرئاوا. لە بەرزیی (٢١٣٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٧١١م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژی یەک کیلۆمەتر دەبێت، بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەودەکات و پاشان دەڕژێتە ناو جۆگەی ڕاگاپاڵنگ و جۆگەی بەردەقایمە و جۆگەی قۆلانچە و پاشان چەمی خۆرنەوەزان. بەهۆی هەبوونی داری سماق لەو شوێنەدا، ئەو ناوەی لێنراوە.
جۆگەیەکە کەوتووەتە سنوری گوندی (سەرگەت). لەسەردەمی ناکۆکیی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویدا سنوری جیاکەرەوەی هەردوو دەوڵەتەکە بووە. بەشێوەیەک بەردەم سوڵتانە جۆ پشکی عوسمانییەکان بووە. پشتی جۆگەکە و بەشێکی بەردەلێن بۆ سەفەویەکان دانراوە. ئەمەش بووەتە سەرچاوەی کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی بۆ ناوچەکە. چونکە بەشێکی گوندەکانی ناوچەکە، کە بەرکەوتەی سەفەوییەکان بوون نەیانتوانیوە دابەزنە نێو خورماڵ، کە لە ژێر دەسەڵاتی والی عوسمانیدا بووە. بۆیە سەرەنجام پاش ئاڵۆزی و کێشەی کۆمەڵایەتی، هەردوو دەوڵەت ڕێککەوتون، کە سنوری سەر چیاکان بکەنە سنوری جیاکەرەوەی خۆیان. تەنانەت دەڵێن بە گوندی سەرگەتیان وتووە (سەرخەت) بە هۆی بوونی ئەم جۆگەیەوه، که وەک هێڵ(خەت)ێکی جیاکەرەوەی نێوان هەردوو دەوڵەتەکە بووە.
له نزیک مزگەوتی گوندی (خێڵی حەمه)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) درێژدەبێتەوە بۆ دەشتی (شاوڵاغ). زیاتر لە ٢٠ جوتیارى گوندەکە سودیلێوەردەگرن. ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەراو دەکات. درێژەکـەی نزیکـەی دوو کیلۆمەترە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). (١٥کم) لێیەوە دوورە، سەرچاوەی ئاوەکە بریتییە لە کانی و ئاوێکی سازگار، کە لە ڕۆژئاوەی گوندەکەوە لە ژێر چەند تاشە بەردێکدا هەڵدەقوڵێت و بە(کونی شەڵم) ناسراوە لە شاخی یان گردی ڕیشێن، پاشان دەڕژێتە ناو جۆگایەکی کۆنکرێتی و بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری سودی زۆری لێوەرگیراوە و زەوییە بەراوەکانی گوندەکانی (قەدەفەری و گردە نازێ و عەلیاوا) لەکەرتی ١٣ی پێ ئاودێری دەکرێت، کۆنکریتە و درێژییەکەی لە چوار کیلۆمەتر زیاترە، ساڵی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٥دا کۆنکرێت کراوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە بەرەو باشوری خۆرهەڵات درێژ بووەتەوە و کەوتووەتە نێوان خەوگە چیا و مەیدانی هێڵانپێیان و لوتکەی ڕەنگینی بچوک لە باکور و چیای سێخڕان و کانی خاڵۆسان و لوتکەی جەنگا لە خۆرهەڵات و دۆڵی وشکەناوی سەروو خواروو و سینەوکەوڵێ و باسکە دۆڵ و بانی سوسێ و ئەشکەوتی کوڕ و کچ لە باشور و چیای سوتنەجەڕ و لوتکەی ڕاپانەو غازی لە خۆرئاوا. دەڕژێتە ناو جۆگەی (ڕەنگین) و پاشان لەگەڵ جۆگەی (ڕاو ولێ) یەکدەگرن و دەڕژێنە نێو چەمی وشکەناوی سەروو و خواروو دواتر چەمی زەڵم لە باکوری ناوچەی وشکەناو، لە بەرزیی (٢٠٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٣٨٠م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەت دەبێت.
بەشێکی سەرەکی جۆگە ئاودێریەکانی(خورماڵ)و دەوروبەری لە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی (گەنجان)ەوە هەڵگیراون، جۆگەی شێخ (سەرگەتەجۆ) یەکێکە لەو جۆگانەو لەتەنیشت (مزگەوتی گەورەی خورماڵ) جۆگەکەکە سەرچاوەی گرتووە و بەناو ماڵەکانی خورماڵدا و بەتەنیشت (پارکی گشتیی گەورەی خورماڵ)دا و لەڕێگای قیر دەپەڕێتەوە و لەشارۆچکەکە تێدەپەڕێت و بەرەو دەشتاییەکانی نێوان (خورماڵ - گوندی تازەدێ) ملی ڕێدەگریت و پاشانیش گوندی تازەدێ بەجێدەهێڵیت لەدوای ڕووبەرێکی دەشتایی فراوان دەگاتە گوندی(تەپی سەفا). لە ساڵانی (حەفتاکان)ی سەدەی ڕابردوو بەشێکی کەمی کۆنکرێت کراوە و لەدوای ساڵانی ٢٠٠٠ بەشەکەی تری هەتا ناو گوندی (تەپی سەفا) کۆنکرێتەکە بۆ زیاد کراوە، درێژییەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر دەبێت.
کەوتووەتە خوار گوندی(تەکیە)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) بەرانبەر (ئاوایی) گوندی (حاجی حەمەئەمین) سەرچاوە دەگرێت و بە ئاڕاستەی خۆرئاوا دەڕوات تا دەگاتە گوندەکانی (کوڵکنی)، ئەو زەوییانەی دەکەونە بەردەمی بەراو دەکات. درێژییەکەی نزیکەی نۆ کیلۆمەترە و سێ کیلۆمەتری کۆنکرێت کراوە. ئاودەری ئەم جۆگەیە ئاوی کانیاوەکانی ئەو ناوچەیەیە. ئەم لقەی جۆگەکە بەناوی جۆگەی شێخ موسێ لەخوار گوندەکانی(کوڵنی) لە (ڕێگای قیر) دەچێتە ئەو بەرو بەئاڕاستەی گوندی(تەپە تۆڵەکە) دەڕوات، شایانی باسە لەبەردەم گوندەکانی (کوڵکنی) لقێکی تری لێدەبێتەوە، بەناوی (شێخ عیسێ) ئەم لقەیان بەئاڕاستەی خۆرئاوا ڕووەو گوندی (گردیگۆ) دەڕوات. بەو زەویانەی، کە بەراویان دەکات، دەوترێت زەوییەکانی شێخ موسێ.
کەوتووەتە سنوری چەند گوندێک و لە نزیک گوندی کوڵکنیەوە دەستپێدەکات تاکو گوندی تەپەتۆڵەکە، ئاوی زەڵم و گەنجانی پێدا دەڕوات. سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەسەر ئاو دەدرێت. درێژییەکەی نزیکەی پێنج کیلۆ مەتر دەبێت.
سەرچاوەی ئاوی چەمی بیارە و کانی (فەتاح بەگ)ە لە بیارە. لە نزیک باخی مامۆستا (حەمە عەلی)یە. تەنها بۆ مەبەستی بەگەڕخستنی ئاشی (قادر بەگ)، کە كهوتووهته خوارووی بەردی (کەمەر سەلارە)وه بهرانبهر ئاشی (ئەحمەد بەگ). چهندین باخی بهناوبانگی تێدایه.
سهرچاوهكهی له پردهكهی (ڕیشێن)ی سهر به ناحیهی (خورماڵ)ـهوه ههڵدهگیرێت و درێژدهبێتهوه بۆ گوندی (مهلاوهیسه) و گوندی (قهدهفهری). درێژییەكهی نزیكهی چوار كیلۆمهتره و 240 دۆنم زهویی كشتوكاڵی گوندی (مهلاوهیسه) بهراو دهكات. ناوهكهی دهگهڕیتهوه بۆ كهمی ئاوهكهی، كه وهك قازانه.
کەوتووەتە باکوری گوندی (تەپەزێڕینە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). سەرچاوەی جۆگەکە ئاوی چەمی (زەڵم)ـە، لەشوێنێکەوە جۆگەکە دەستپێدەکات پێیدەوترێت (بوارى لەقل) و درێژییەکەی سێ کیلۆمەتره و تا گردی مەتا دریژدەبێتەوە. نزیکەی ١٠٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵ بەراو دەکات و زیاتر لە ١٠٠ جوتیار سودیلێدەبینن.
کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوارەکۆن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە نێوان هەردوو چیای (گاکوژە) و چیای (ئاوەزنێ) دروستبووە و ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێ دەبارێت و بەناو جۆگەکەدا ڕێڕەو دەکات و دواجار دەڕژێتە ناو ڕوباری سیروانەوە. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت.
کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (کاگردەڵ) و چوار کيلۆمەتر لە گوندەکەوە دوورە. درێژکراوەى چەمێکە، کە لەگوندى بەکراواوە دێتە خوارەوە و بە خۆرئاواى گوندى کاگردەڵدا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە دەرياچەى دەربەنديخان. ئەم جۆگەيە موڵکى گشتى گوندى کاگردەڵە.
لە (کونە چەقەڵ)ی خوار (بنی پەڵگ) و سەرچاوە جۆگەی (دەلێن)ی چەمی زەڵمەوە هەڵگیراوە، پاشان بە باخی شێخدا و بەناو گوندی (ناو باخان) دا تێدەپەڕێت بۆ سنوری زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەردوو گوندی (هانەی قوڵ و یاڵانپێ)ی سەر بەشارۆچکەی خورماڵ، بەشێکی کەمی کۆنکرێتییە و لە ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە کۆنکرێت کراوە، وا باس دەکرێت، کە بە (پاچ و قوڵەنگەکاری) هەڵکۆڵدراوە بەتایبەت لەو شوێنەی، کەبەردەڵان و سەخت بووە، لە شوێنی ئێستای (ناوباخان)دا، هەر بۆیە ناوی (قوڵەنگەچین)ی لێنراوە، لەبەردەم ئەم جۆگەی لە گوندی (هانەی قوڵ)دا بەتەنیشت گردی (تەپە نۆدژانە)ی شوێنەواریدا تێدەپەڕێت و دەگونجێت دانیشتوانی ئەو گردە لەکاتی ئاوەدانییەکەیدا سودیان لە و سەرچاوەی ئاوە وەربگرتبێت.
کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان چیای سوتنەجەڕ و گڵوەو چنوری و لوتکەی ڕاپانەو غازی لە باکور و لوتکەی چیای سوتنەجەڕ و دۆڵی شەوگە و دۆڵی ڕەنگین لە خۆرهەڵات و هاڵی وڕان و دەرەو زەردابی لە باشور و بانی کونەسەرد و دۆڵی هەزاردۆڵاوی لە خۆرئاوا. لە بەرزیی (١٧٥٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٤١٧م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک کەمترە. بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەودەکات و پاشان دەڕژێتە ناو جۆگەی زەردابی و دەرەونەکەرەو باسکەدۆڵ و جۆگەی یاڵانپێ.
لە چەمی کاگردەڵەوە سەرچاوە دەگرێت. سنوری گوندەکانی کانی شێخ و کانی سپی تێدەپەڕێنێت و دەگاتە گورگەچیا و ئەچێتەوە سەر چەمی ئاوبڵاو پاشان دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخان. زیاتر لە ٣٠٠ دۆنم زەوی گورگەچیا بەراو دەکات. جۆگەکە چیمەنتۆکراوە و درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت.
کەوتووەتە سەر ڕێگای (سیروان - ئیمامی زامن)ـەوە. لە نزیک ماڵەکانی کاگردەڵدا ئاوەکەی هەڵدەقوڵێت. لە خۆرهەڵاتی جۆگەی کانی شێخەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی سیروان دەڕوات. نزیکەی (٦٠٠م) لە کانی شێخەوە دوورە. بەزۆری وشکدەکات. نزیکەی (١٨٠٠م) درێژە و نزیکەی یەک کیلۆمەتری کۆنکرێتە و ٤٢٠ دۆنم زەوی لە کەرتی ١٣ی قۆرتاس بەراو دەکات. دەڕژێتەوە سەر جۆگەی ئاوبڵاو و ئاوەکەی لە جۆگەی کانی شێخ زۆرترە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـەوە. لە باکورەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە و لە ئەنجامی یەکگرتنی جۆگەکانی (سماقان و ڕاگاپاڵنگ و بەردەقایمێ و هاژگا) دروستدەبێت، لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان ڕاگا پاڵنگ و دۆڵی سماقان لە باکور و دۆڵی هاژگا و دۆڵی هەزاردۆڵاوی لە خۆرهەڵات و بانی کونە سەرد و هاڵی وڕان لە باشور و دۆڵی هەنگەچاڵەکێ و دۆڵاوە سور لە خۆرئاوا. لە بەرزیی (١٤٧٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١١٠٧م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت و بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەودەکات و پاشان دەڕژێتە ناو چەمی خۆرنەوەزان.
سەرچاوەکەی بە دووریی ( ٥٠٠م) لە باشوری گوندی ( خێڵی حەمە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ ) دەستپێدەکات بۆ باشوری خۆرئاوای گوندەکە. درێژییەکەی نزیکەی ( ٥٠٠م) دەبێت. نزیکەی ٣٠ دۆنم زەوی بەراو دەکات. سالانە پێش وەرزی ئاودێران جوتیاران پاکیدەکەنەوەو جۆماڵی دەکەن.
کەوتووەتە باکوری گوندی (قەدەفەری) سەر بە ناحیەی (خورماڵ). سەرچاوەکەی ئاوی شەڵمی گوندی (ڕیشێن)ـە، دواتر دێتە گوندی (عەلیاوا) و بۆ گوندی (قەدەفەری) درێژ دەبێتەوە درێژەکەی زیاتر لە کیلۆمەترێکە و نزیکەی ١٠٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەراو دەکات. ناوەکەی بەهۆی (کەریم بەگی داودبەگی حەمەسەعید بەگی وەسمان پاشای جاف)ـەوه ناونراوە، کە ناسراوە بە کەریم بەگی داودبەگی عەبابەیلێ، کە پێش ساڵی ١٩٥٨ خاوەنداریەتی کردووە.