سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

152 بابەت

هەڵوژە

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرئاواوە بەرەو خۆرهەڵات درێژ بووەتەوە. ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆر لە ناوچەکە دەبارێت و بە ناو جۆگەکەدا ڕێڕەو دەکات و دواجار دەڕژێتە ناو چەمی هاوار و هاوارەکۆنەوە. هەروەها سێ لقە جۆگەی تری لاوەکی و وەرزی دەڕژێنە سەری.

هەمەشوانە

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەیدن)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). سەرچاوەکەی لە کانی هەمەشوانەوە دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە، تا دەگاتە باخەکانى مەیدان لە بەردەم گوندەکە. درێژییە‌کە‌ی (٨٠٠م) و ساڵی ٢٠٠٠ نزیکەی (٤٠٠م)ی لەلایەن حکومەتەوە لێ کۆنکرێتکراوە. نزیکەی ١٥٠ دۆنم باخ ئاودەدات.

هەنجیر

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، بەرزاییەکانی دەوروبەری ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێدەبارێت و لە دامێنی لوتکە چیای هەنجیردا کۆدەبێتەوە و بەناو جۆگەکەدا ڕێڕەو دەکات و و دواجار دەڕژێتە ناو چەمی هاوار و هاوارەکۆنەوە. درێژییەکەی نزیکەی نیو کیلۆمەتر دەبێت.

هەنگەچاڵەکێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان (لوتکەی پلەکێ دارانگەل و لوتکەی زەردی سەرناوەشۆر و لوتکەی مەسناوەکێ و لوتکەی کەمەرەقوڵە و چاڵە سەوزە و لوتکەی تاقومایگەلێ و ئەشکەوتی مەڕەوداڵی و دۆڵی لۆکەو عزیز بەگی و لوتکەی منارەکەوە و دەرەو تەوەنە بەلێ و لوتکەی سەرڕێژ و چیای سورێن) لە باکور و (دۆڵی قۆلانچە و دۆڵی هاژگا و ڕاگا پاڵنگ و دۆڵی سماقان و دۆڵی لوتکەی کەلەوێ) لە خۆرهەڵات و (ئەشکەوتی حەیدەر و کانی وەرزی ساجە و کانی وەرزی ڕێزینە و دۆڵی خۆرنەوەزان و لوتکەی مەڕ دێیەکان و کانی باخەکان) لە باشور و (دۆڵی لەگ لەکان و دۆڵاوە سور و دۆڵی درزەوکاوەترا و دۆڵی مەڕەو سەورۆی و جۆگەی بانیشاری کۆن و گوندی بانیشاری کۆن و میری سور و عامورە و بانە گەورێ) لە خۆرئاواوە. لە بەرزیی (١٦٧٥م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٢٠٧م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەترێک دەبێت. بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەودەکات و پاشان دەڕژێتە ناو چەمی خۆرنەوەزان.

وەرنەوەزان

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە ئەنجامی یەکگرتنی جۆگەکانی (لەگلەکان و دۆڵاوەسور و دەزەوکاوەترا و هەنگەچاڵەکە و قۆلانچە و هاژگا و بەردەقایمێ و ڕاگا پاڵنگ و سماقان و مەڕەو سەورۆیی و بانیشاری کۆن و دەرەو تەوەنە بەلێ و چاڵە سەوزە و لۆکەو عەزیز بەگی) دروستدەبێت، هەروەها ئاوی ژمارەیەکی زۆر کانی تێدەڕژێت لەوانە وەکو (کانی وەرزی ڕێزینە و وەرزی ساجە و باخەکان)، لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان دۆڵی مەڕەو سەورۆی و بانی شاری کۆن لە باکور و چیای سوتنەجەڕ و دۆڵی وشکەناوی سەروو لە خۆرهەڵات و لوتکەی مەڕدێیەکان و کانی باخەکان لە باشور و بانە گەورێ و گوندی بانیشار لە خۆرئاوا. لە بەرزیی (١١١٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٩٤١م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت.

وەروێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژبووەتەوە. لە نێوان دۆڵی ولا و دۆڵە سەختە و چیای مایەسیاوە لە باکور و چیای کەرەسی و گڵوەو وەزەرەی لە خۆرهەڵات و دۆڵی ڕیقنەچەرمێ و لوتکەی کەمایەکا لە باشور و دۆڵی کەڕەجاڵ و دۆڵی ماسناوێ لە خۆرئاوا. دەڕژێتە ناو جۆگەی کەڕەجاڵ و دواتر تێکەڵی هانە قوڵقوڵە و تاڤگەی زەڵم و چەمی زەڵم دەبێت. لە بەرزیی (٢١٩٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٢٤٥م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت.

وەزەرا

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ بووەتەوە. لە‌ نێوان لوتکەی کەرەسی و لوتکەی وەزەرەی و چیای کەرەسی لە باکور و چیای کەمانجەڕ و دۆڵی پەچەوتاشی لە خۆرهەڵات و بنەوگەڵوەی و پەچەو سێ قادری و دۆڵی وەنەناو لە باشور و لوتکەی بەخشە و دۆڵی ملەکەوچێ لە خۆرئاوا. لە ئەنجامی ئاوی باران و بەفری تواوەی چیاکانی دەوروبەری دروست دەبێت و دەڕژێتە ناو جۆگەی وەنەناو و لێرەدا جوگەی (بنەوگڵوەی و پەچەوتاشی و بەرزانە دۆڵ) یەکدەگرن و دەڕژێنە نێو جۆگەی پەچەو سێ قادری و پاشان دەڕژێتە ناو چەمی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دار چەقالە. لە بەرزیی (٢١٦٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٦٩٢م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت.

وەنەناو

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)‌. لە باکورەوە بەرەو باشوری خۆرهەڵات درێژ بووەتەوە. لە‌ نێوان دۆڵی ملەوکەوچێ و لوتکەی بەخشە لە باکور و بنەو گڵوەی و دۆڵی پەچەوتاشی و دۆڵی گیواوبڕ و چیای کەمانجەڕ لە خۆرهەڵات و پەچەو سێ قادری و ئەشکەوتی گەردەنا لە باشور و وڵە هەش و بەرزانە دۆڵە و دۆڵی ماسناوێ لە خۆرئاوا. دەڕژێتە ناو جۆگەی پەچەو سێ قادری و پاشان دەڕژێتە ناو چەمی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دار چەقالە. لە بەرزی (١٧٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزی (١٤٢١م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت.

وشکەناوی سەروو و خواروو

کەوتووەتە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ بووەتەوە. لە‌ نێوان لوتکەی سێخڕان و چیای سوتنەجەڕ لە باکور و کانی کەڕەجاڵ و گوندی زەڵم لە خۆرهەڵات و بانی سوسێ و دۆڵی زەڵم لە باشور و بانە بەرزە و باسکەدۆڵ دۆڵی ڕەزەمۆزان لە خۆرئاوا. لە ئەنجامی یەکگرتنی جۆگەکانی (شەوگە و ڕەنگین و ڕاو ولێ) دروستدەبێت و دەڕژێتە ناو چەمی زەڵم لە خۆرئاوای گوندی (زەڵم)، لە بەرزیی (١٣٧٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٧٤٠م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر و نیو دەبێت.

وڵا

کەوتووەتە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە نێوان لەتکەی ئاوگە و ڕاگاو دەواری و دۆڵە سور دەروازەی مڵەخورد لە باکور و دۆڵی وەروێ و چیای داڵانی لە خۆرهەڵات و بانە پەڵمینێ و لوتکەی کەمایەکا لە باشور و دۆڵی سەختە و چیای مایەسیاوە لە خۆرئاوا. دەڕژێتە ناو جۆگەی کەڕەجاڵ و دواتر تێکەڵی هانە قوڵقوڵە و تاڤگەی زەڵم و چەمی زەڵم دەبێت لە باکوری گوندی (زەڵم). لە بەرزیی (٢١٥٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٣٠٢م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت.

وێشەڵان

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوارەکۆنە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە ناوان هەردوو چیای (هەرمێلە) و چیای (سورەهەراڵەکە) دروستبووە و ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێ دەبارێت و دواجار دەڕژێتە ناو ڕوباری سیروانەوە. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت.

یاڵانپێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە ئەنجامی یەکگرتنی جۆگەکانی (هەزاردۆڵاوی و دۆڵە قوڵە و دەرەو زەردابی و دەرەونەکەرەی و باسکەدۆڵ) دروست دەبێت. ئاوی ژمارەیەکی زۆر کانی تێدەڕژێت. لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان ئەشکەوتی مەڕدێیەکان و کانی باخەکان لە باکور و چیای سوتنەجەڕ و دۆڵی وشکەناوی لە خۆرهەڵات و دۆڵی نەیجەی و مەزاری مەحموودخانی دزڵی لە باشور و بانە گەورێ و گوندی بانیشار لە خۆرئاوا. لە بەرزیی (١٠٩١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٦٤٤م) لەئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. دەڕژێتە ناو چەمی زەڵم و کانی گەنجان و گەڕاو لە باکوری گۆم پسکیت.

پێشتر 1
...
7 8