سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

152 بابەت

دەرەونەکەرە

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان دەرەوزەردابی و هاڵی وڕان و دۆڵە قوڵە لە باکور و چیای سوتنەجەڕ و سینەوکەوڵێ و دۆڵی شەوگە لە خۆرهەڵات و ئەشکەوتی ولەدەر و باسکەدۆڵ و دۆڵی لاومرۆی و لوتکەی کەلی زەرد لە باشور و کانی مەرزەجاڕ و کانی وێکەن و کانی تو و دۆڵی ڕەزەمۆزان لە خۆرئاوا. لە بەرزیی (١٥٠٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١١٣٩م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک کەمترە. بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەو دەکات و پاشان دەڕژێتە ناو جۆگەی باسکەدۆڵ و جۆگەی یاڵانپێ.

دەروێش حەمەئەمین

لە چەمی بیارەوە سەرچاوە دەگرێت. جۆگەیەکی درێژە و بە تەنیشت گوندی (قەسر)ی شوێنەواریدا تێپەڕدەبێت و دەڕواتە باخەکانی (دەروێش حەمەئەمین) و لە نزیک جۆگەی (تفەو گەلە)ی لە بەڵخە کۆتاییدێت. ژمارەیەکی زۆر باخ ئاو دەدات. کانییەکانی (دەروێش حەمەمین و هانە عوسمانی) دێتەوە سەر.

دەشتڵێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە‌ نێوان پەچەو سێ قادری و ئەشکەوتی گەردەنا و دۆڵی وەنەناو لە باکور و چیای لەنگەلەرز و هانە نەوەو هانە تایلە و هانەو نسار تاریک و دۆڵی چاڵاوا لە خۆرهەڵات و هانە توتمان و قەڵاو داڵی و گوندی هانەیدن لە باشور و سەر سیپە و دۆڵی دەرەیمەڕ و ئەشکەوتی گاوران و کانی کلکەو ئەسپی و گوندی سەرگەت و کانی هەمە شوانە لە خۆرئاوا. دواتر بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا دەڕوات و دەڕژێتە ناو جۆگەی پەچەو سێ قادری و پاشان دەڕژێتە ناو چەمی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دار چەقالە. لە بەرزیی (١٥٥٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٢٥٢م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک زیاترە.

دەلێن

لە چەمی زەڵم، کە سەرچاوەی ئاوەکەی تاڤگەی (زەڵم)ە و لە ئاستی دەریای(٩٢٢م) بەرزەوە، سەرچاوە دەگرێت. جۆگەکە دەتوانین بڵێن هەم ڕێڕەوێکی ئاوی سروشتیە، هەم لە هەندێک شوێنیش بووەتە جۆگەیەکی دەستکرد. ئاوەکەی لە سەرچاوەی زەڵمەوە دێتە (گوندی ئەحمەد ئاوا) لەوێوە بۆ (ئاوایی ڕۆستەم بەگ)، لەوێوە بۆ (گوندی دێکۆن) پاشان بەرەو گوندەکانى (خێڵی حەمە و تەپەکوڕە و قشڵاخەڕووتە)، پاشان بەژێر ڕێگەى سەرەکیى (هەڵەبجە - سيروان)دا دەڕوات تا دەگاتە (گوندی بەکراوا). ساڵی ١٩٨٣ بەهۆی هاتنی لافاوێکی زۆرەوە ئاوەکەی ڕژاوەتە دەریاچەی سیروانەوە. لەسەر جوتیارێکی زۆر کاری کشتوکاڵیان لەبەردا کردووە. هەر لە توتن و عەلی بابا و لۆکە و کونجی چێنراوە و خەڵکانێکی زۆر بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم ئاوە بووە. بەڵام بەدوو هۆکار ئاوەکەی ڕووی لەکەمبوونەوە کرد، یەکەمیان وشکەساڵی، کە تەواوی ناوچەکەی گرتەوە و لە هاویندا ئاوی سەرچاوەی زەڵم بەرەو کەمبونەوە دەڕوات. دووەمیان بەهۆی ڕاکێشانی بۆری گواستنەوی ئاو ساڵی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٦ لە سەرچاوەی زەڵمەوە بۆ هەڵەبجە و خورماڵ بەشێوەی بەردەوام و ٢٤ کاتژمێری. زیاتر لە چوار هەزار دۆنم زەوی لە سنوری ئەو گوندانەدا، کە پێیدا تێپەڕدەبوو بەراو دەکرد. کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و سەوزکردنی زەویەکانی ئەو گوندانە هەبووە.

دەیمەجۆ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ) و لەسەر ڕوباری زەڵم هەڵگیراوە. ناوەکەشی لەوەوە هاتووە پێش ئەوەی ئەو جۆگەیە هەبێت شوێنەکە زۆر وشک و دێم بووە و هیچ سەرچاوەیەکی ئاوی لێنەبووە، هەروەها دروستبوونی گوندی (ئەحمەد ئاوا)ش هەر پەیوەندی بە دروستکردنی ئەو جۆگەیەوە هەبووە لەکۆندا، لەسەرووی (بنی پەڵگ) لە چەمی زەڵم وەرگیراوە و بە بنی پەڵگدا هاتووەتە خوارەوە بە ئاڕاستەی گوندی (ئەحمەدئاوا) و لەوێشەوە بۆ بەردەم (دەرە سورڵان) و پاشان بەرەو گوندی (ئاوايی ڕۆستەم بەگ) ڕۆشتووە، تەواوی ئەو باخ و زەوییانەی، کە دەکەونە پشتی جۆگەی دەلێن بەم جۆگەیە ئاودێری کراون، کە بەشێکی زۆریان باخ و زەوییەکانی گوندی (ئەحمەدئاوا و ئاوایی ڕۆستەم بەگن) و درێژیی جۆگەکە نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت.

دوواوان

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار). جۆگەیەکی بنەڕەتییە بۆ باخەکانی ناوچەی دوواوان درێژ دەبێتەوە بۆ زەوییە زوور و داری باوەرێ، سەرچاوەی ئاوی جۆگەکە کانی نەیجانی حەمەکەریم و چەمی شاخۆشێنە.

ڕاپاڵنگ

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان دۆڵی سماقان و لوتکەی، کە لەوێ لە باکور و لوتکەی حاجی تایب و لوتکەی ڕاپانە و غازی لە خۆرهەڵات و دۆڵی هاژگا و دەرەونەکەرەی و دۆڵی هەزاردۆڵاوی لە باشور و دۆڵی قۆلانچە و دۆڵی هەنگەچاڵەکێ لە خۆرئاوا. لە بەرزیی (١٧١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٤٧٧م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک کەمترە. بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەودەکات و پاشان دەڕژێتە ناو جۆگەی بەردەقامە و جۆگەی قۆلانچە و پاشان چەمی خۆرنەوەزان.

ڕاسورە

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە نێوان کاوەوسەڵمانا و دۆڵی کێڵا و دۆڵی ملەگاو چیای هەسوون لە باکور و لوتکەی کەڵگا و بێرواس لە خۆرهەڵات و دۆڵی شەڵواندڕ و لوتکەی شرام و خۆرەتاوە گەورە لە باشور و دۆڵی هەسانا و کانی شەڵواندڕ لە خۆرئاوا. دەڕژێتە ناو جۆگەی کێڵا و چەمی شەڵواندڕ و جۆگەی هانەیدن و لەگەڵ چەمی سەرگەت و دەرەیمەڕ یەکدەگرن و دەڕژێتە ناو چەمی دارچەقالەوە. لە بەرزیی (١٩٠٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٤٩٨م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک کەمترە.

ڕاولێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە‌ نێوان لوتکەی سێخڕان و قەڵاو بەرزەڵنگی و لوتکەی ئاساو وایی و لوتکەی ڕاوگاو شێخی لە باکور و چیای سێخڕان و هانە کەکەوان و دەروازەی مڵەخورد لە خۆرهەڵات و دۆڵی وشکەناوی سەروو خواروو و هانە قوڵقوڵە و تاڤگەی زەڵم لە باشور و دۆڵی ڕەنگین و دۆڵی شەوگە و چیای سوتنەجەڕ لە خۆرئاوا. لە کۆتایدا لەگەڵ جۆگەی (شەوگە و ڕەنگین) یەکدەگرن و دەڕژێنە نێو چەمی وشکەناوی سەروو و خواروو دواتر چەمی زەڵم لە باکوری ناوچەی وشکەناو. لە بەرزیی (١٩٤٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٢١٥م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت.

ڕەنگین

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ بووەتەوە. لە نێوان کانی خاڵۆسان و خەوگە چیا و کانی ڕەنگین لە باکور و چیای سێخڕان و لوتکەی ڕاگاو شێخی لە خۆرهەڵات و دۆڵی وشکەناوی سەروو خواروو و لە باشور و دۆڵی شەوگە و چیای سوتنەجەڕ و لوتکەی ڕاپانەو غازی لە خۆرئاوا. لەگەڵ جۆگەی (ڕاو ولێ) یەکدەگرن و دەڕژێنە نێو چەمی وشکەناوی سەروو و خواروو دواتر چەمی زەڵم لە باکوری ناوچەی وشکەناو، لە بەرزیی (٢١٥٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٢٧٢م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی لە دوو کیلۆمەتر زیاترە.

ڕیقنەچەرمێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە‌ نێوان دۆڵی وەروێ و بانە پەڵمینێ و دۆڵی وڵا و دۆڵە سەختە لە باکور و چیای کەرەسی و گڵوەو وەزەرەی و لوتکەی وەزەرا و چیای کەمانجەڕ لە خۆرهەڵات و لوتکەی کەمایەکا و دۆڵی ملەکەوچێ لە باشور و دۆڵی ماسناوێ و قەڵای سمۆران و پلێ کەڕەجاڵی لە خۆرئاوا. بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا دەڕوات و دەڕژێتە ناو جۆگەی ماسناوێ و دواتر جۆگەی کەڕەجاڵ. لە بەرزیی (٢١٦٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٤٧١م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک زیاترە‌.

زەردابی

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان دۆڵە قوڵە و هاڵی وڕان و بانی کونەسەرد و دۆڵی هەزاردۆڵاوی لە باکور و چیای سوتنەجەڕ و دۆڵی شەوگە و دۆڵی ڕەنگین و کانی خاڵۆسان و خەوگە چیا و کانی ڕەنگین لە خۆرهەڵات و دەرەونەکەرە و ئەشکەوتی ولەدەر و سینەوکەوڵێ و باسکەدۆڵ و دۆڵی لاومرۆی و لوتکەی کەلی زەرد لە باشور و دۆڵی خۆرنەوەزان و کانی باخەکان و کانی وەرزو ڕێزینە لە خۆرئاوا. لە بەرزیی (١٦٢٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١١٦٥م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک کەمترە. بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەودەکات و پاشان دەڕژێتە ناو جۆگەی دەرەونەکەرەو باسکەدۆڵ و جۆگەی یاڵانپێ.

زەردەهاڵ

جۆگەیەکی دەستکردە. لەسەردەمی (سالاری جافرسان) دروستکراوە. ئەندازیارەکەی (ساڵح گیچان) بووە. سەرچاوەی ئاوەکەی زیادەی ئاوی چەمی بیارە و چەند کانیاوێکی گەورەی دەرەقەیسەرە وەک (هانە قاڵاوا، هانە چیا و هانە نەوتێ). نزیکەی ٢٥٠ دۆنم باخ و زیاتر لە ٧٠٠ دۆنم زەوی بەراو دەکات. ئاوەکەی بە پێی خشتەیەک هەڵکراوە بەشێوەیەک لە چواری بەیانی بۆ وەرزێر و لە چواری ئێوارە بۆ باخداری دابەشکراوە. جۆگەکە هەندێکی زۆری چیمەنتۆ کراوە. تاکو داری بەرمەڕا لە نزیک سێ ڕیانی گوڵپ دەڕوات. توتن، مەرەزە، لۆکەی لەبەرکراوە.

زەلەکان ١

بە جۆگەی سەرەکیی ئاودێری گوندی بەشارەتی سەروو دادەنرێت. لە خوارووی خێڵی حەمەوە دەستپێدەکات و بەئاڕاستەی گوندی بەشارەتی سەروو دەڕوات. کۆمەڵێک کانی و سەرچاوەی ئاوی هەمیشەیی و کاتی دێتەوەسەر و تێکەڵ بە جۆگەی کەلەشێت دەبێت. پاشان بەئاڕاستەی دەریاچەی دەربەندیخان دەڕوات. زەویەکانی بەردەمی بەراو دەکات و زیاتر لە ٦٣ جوتیار سود لە ئاوەکەی دەبینن. زەل و قامیشی زۆرە، بۆیە بەو ناوە ناونراوە. جۆگەکە گڵە و ساڵانە جۆماڵ دەکرێت. بە زەوییەکانی بەردەمی دەوترێت دەشتی بەرزەلەکان. سەرچاوەی ئیشپێکردنی ئاشی ئاوی گوندەکە بووە لە ساڵانی ١٩٤٠ دا.

زەڵمی کۆن

کەوتووەتە باکوری گوندی (کوڵکنیی خواروو)ی سەر به ‌شارۆچکەی (سیروان). درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. لە خۆرهەڵاتی گوندەکەوە بە دووری کیلۆمەترێک دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ باشوری گوندەکە. زیاتر لە ١٠٠ دۆنم باخ و زەوی کشتوکاڵی بەرئاو دەکات.

سەختە

کەوتووەتە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە نێوان دەروازەی مڵەخورد و چیای سێخڕان و لەتکەی ئاوگە لە باکور و چیای داڵانی و کانیەکەی داڵانی و چیای کەرەسی لە خۆرهەڵات و دۆڵی کەڕەجاڵ و بانە پەڵمینێ و دۆڵی ماسناوێ لە باشور و چیای مایەسیاوە و ئەشکەوتی مەڕە بەرزە و پلەکێ مەلا مسەفای لە خۆرئاوا. بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا دەڕوات و پاشان دەڕژێتە ناو جۆگەی کەڕەجاڵ و دواتر تێکەڵی هانە قوڵقوڵە و تاڤگەی زەڵم و چەمی زەڵم دەبێت لە باکوری گوندی (زەڵم)، لە بەرزیی (١٩٤٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٢١٤م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک زیاترە.

سەدەکە

جۆگەیەکی‌ کۆنکرێتییە. لە چاوگی گوندی شیرەمەڕی سەر بە شارۆچکەی خورماڵەوە درێژدەبێتەوە بۆ خۆرئاوای گوندەکە و درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک زیاترە. ساڵی ١٩٧٣ به ‌کۆنکرێت دروستکراوە. ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن ڕێکخراوی فاوەوە نۆژەنکراوەتەوە و کیلۆمەترێکی بۆ زیاکراوە و تا سی تەپانی بچوک درێژبووەتەوە. بۆ ئاوخواردنەوە و ئاودێری و کشتوکاڵ و باخداری سودیلێدەبینرێت. نزیکەی ٢٦٠٠ دۆنم بەراو دەکات.

سەرکەورگان

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوارەکۆنە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە دامێنی لوتکە چیای سەرکەورگان دروستبووە و ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێ دەبارێت و بەناو جۆگەکەدا ڕێڕەو دەکات و دواجار دەڕژێتە ناو ڕوباری سیروانەوە. درێژییەکەی نزیکەی نیو کیلۆمەتر دەبێت.

سەڵوانی

کەوتووەتە ‌سنوری گوندی (دەرەی مەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). سەرچاوەکەی لەبنەوانی کانی (هەمەشوانە) لە سنوری گوندی (هانەیدن)ـەوە هاتووە. مێژووەکەی بۆ ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو و سەردەمی دەسەڵاتی (ئەفراوسیاوبەگ)ی لهۆن، کە بە سالار ناسراوە دەگەڕێتەوە. درێژییەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەترە. ساڵی ٢٠٠٠، دوو کیلۆمەتری لێ کراوە بە کۆنکێرێت. زیاتر لە ٦٠ دۆنم باخ و کشتوکاڵ بەراودەکات.

سەی ئۆلقاز

لقێکە لە جۆگەی (بێڵەخا) جیادەبێتەوە. بە بناری شاخی (ئاسنەوەر) لە بیارە تێپەڕدەبێت و تاکو چەمی (دەرەبێزەل) درێژدەبێتەوە. سەرچاوەی ئاودانیی کۆمەڵێک باخی وەک (ڕەحیمی سادق) ئاو دەدات و لە باخی (ڕەحمان فاتە) کۆتاییپێدێت. لە کەناریدا کۆمەڵێک دار بەڕووی گەورەی تێدایە. هەروەها چەند گۆڕێکی زۆر کۆن و نەزرگەیەکی پیرۆزی مسوڵمانان هەن. لە ڕابردوودا خەڵکانێک بۆ نەخۆشی سەردانی گۆڕستانی نزیک ئەم جۆگەیان کردووە. دەڵین ناوی جۆگەکە لە (سەعدی کوڕی وەقاس)ەوە هاتووە.

پێشتر 1
...
3 4 5
...
8 دواتر