کەریم بەگ

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 315

جۆگە

کەوتووەتە باکوری گوندی (قەدەفەری) سەر بە ناحیەی (خورماڵ). سەرچاوەکەی ئاوی شەڵمی گوندی (ڕیشێن)ـە، دواتر دێتە گوندی (عەلیاوا) و بۆ گوندی (قەدەفەری) درێژ دەبێتەوە درێژەکەی زیاتر لە کیلۆمەترێکە و نزیکەی ١٠٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەراو دەکات. ناوەکەی بەهۆی (کەریم بەگی داودبەگی حەمەسەعید بەگی وەسمان پاشای جاف)ـەوه ناونراوە،‌ کە ناسراوە بە کەریم بەگی داودبەگی عەبابەیلێ، کە پێش ساڵی ١٩٥٨ خاوەنداریەتی کردووە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنى تیمی مەیدانی (ئەحمەد مەحموود ئەحمەد)، لەدایکبوو: ١٩٦٢، ئاستی خوێندن ناوەندى، پیشە: خانەنشین، لە ١ی ٣ی ٢٠٢٤، لە قەدەفەرى.
  2. چاوپێکەوتنى تیمی مەیدانی لەگەڵ (ئارام ڕەئوف سەعید)ی ئەنجومەنی گوندی (قەدەفەری)، لەدایکبوو: ١٩٧٤، ئاستی خوێندن: سەرەتایى، پیشە: کاسب، لە ١ی ٣ی ٢٠٢٤، لە قەدەفەرى.
  3. چاوپێکەوتنى تیمی مەیدانی لەگەڵ (کاوە ڕەئوف سەعید)، لەدایکبوو: ١٩٦٥، ئاستی خوێندن: حوجرەیی، پیشە: جوتیار، لە ١ی ٣ی ٢٠٢٤، لە قەدەفەرى.

ئامادەکردنی: تیمى مەیدانى/ گوندى قەدەفەرى

5

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئاشەبەرزە: ئاساوە بەرزە

یەکێکە لە سەرەکیترین جۆگەکان، کە لە چەمی بیارە و لە خوارووی گوندی هانە گەرمڵەی خۆرهەڵات سەرچاوەدەگرێت. بە دامێنی چیای وارانوەرە (بەرانبەر)دا لە بیارە تێپەڕ دەبێت. ئاوی باخەکانی وەک (میر، باخی شێخ عوسمان و ڕەحیم. باخەکانی حاجی عەبدوڵا) دەدات. بە تەنیشت گردی کاوات تێپەڕدەبێت و درێژ دەبێتەوە، تا نزیک گوندی (دەرگا شێخان) و شاخی (وەروەزەن) لە (بەڵخە) دەڕوات. (هانە کاوات) کەوتووەتە بەردەمی. ئاوەکەی هەمیشەییە. جۆگە مێژووەکەی دێرین و کۆنە لە دیاریکردنی سنوردا پشتیپێبەستراوە و بەشێکە لە هێڵی (هومایۆنی). لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە چیمەنتۆ کراوە و سنوری نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان و ئێران پێکدەهێنێت. بەهۆی بوونی ئاشێکەوە، کە لەسەر ئەم ئاوە دامەزراوە و پێیوتراوە (ئاشە بەرزە). ڕۆژانە گەشتیارێکی زۆر سەردانیدەکەن و چایخانەی مام (دەروێش) و چەند چایخانەیەکی تری تێدایە سود لە ئاوی وەردەگرن. گەشتیاران وێنە لەسەر ئەم جۆگەیە دەگرن و قاچێکیان دەخەنە سنوری ئێرانەوە و قاچەکەی تریان لە سنوری عێراق دادەنێن.

ئاوازنێ

کەوتووەتە ئەوپەڕی بەشی باشوری خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان و سنوری گوندی (دەرەتفێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرئاواوە بەرەو باکوری خۆرهەڵات درێژ دەبێتەوە، لە ناوان (چیای چاڵان و چەمی باسێرە) لە باکور و (چیای گاکوژە و لوتی قەنارەکە) لە باشور و (کانی هەرمێلە و چیای سورە هەراڵەکە) لە خۆرهەڵات دروستبووە و ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێ دەبارێت و بەناو جۆگەکەدا ڕێڕەو دەکات و دواجار دەڕژێتە ناو ڕوباری سیروانەوە. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت.

ئەحمەد بەگ

لە چەمی بیارەوە سەرچاوەدەگرێت. کەوتووەتە نزیک جۆگەی (خواجایی) هەڵکەوتووە. لە لایەن (ئەحمەد بەگ)، کە کوڕەزای (سالاری جافر سان)ە بۆ مەبەستی بە گەڕخستنی ئاشەکەی، کە بەناوی (ئاشی ئەحمەد بەگ) ناسراوە، دروستکراوە. ئاشەکە لە لایەن (حاجی عنایت) بەڕێوەبراوە. جۆگەکە ژمارەیەکی کەم باخ ئاودەدەن، کە پێیاندەوترێت باخەکانی (وەر عمارەت)، کە موڵکی (حەمەسەعید سان) بوون و دەکەونە خوارووی بیارەوە.

باخچەتازە

کەوتووەتە سەرچەمی (تەوێڵە - پاڵانیا). بنەوانی هەڵگرتنەکەی لە تەڵانێکی نێو باخی حاجی ئەولە و کورەکانیەوە هەڵگیراوە کە بە (تەڵانەگۆرێ) ناسراوە. بە درێژایی (٦٠٠م) باخەکانی نەوشیروانی حەسەن بەگ، باخی مزگەوتی پاڵانیا، ستار قادر، عەزەی حاجی ئەولە، دووبارە باخێکی تری حەسەن بەگ ئاودەدات. لەبەرئەوەی کۆتا باخ باخچەیەکی تازەیە و کۆتایی جۆگەکەیە، بەو ناوەوە ناونراوە.

باسک

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان (ئەشکەوتی ولەدەر و سینەوکەوڵێ و دەرەوزەردابی و دەرەونکەرە و هاڵی وڕان و بانی کونەسەرد و دۆڵە قوڵە و دۆڵی هەزاردۆڵاوی و گڵوەو چنوری و دۆڵی هاژگا) لە باکور و (چیای سوتنەجەڕ و دۆڵی وشکەناوی سەروو و دۆڵی ڕاوولێ و چیای سێخڕان و دۆڵی ڕەنگین و لوتکەی ڕاگاوشێخی و لوتکەی ئاساو وای) لە خۆرهەڵات و (دۆڵی نەیجەی و مەزاری مەحموودخانی دزڵی و دۆڵی ماسناو و گەڵباخ و لوتکەی کەمەرەسیاو و گردی تەپەنۆژانە) لە باشور و (دۆڵی لاومرۆی و لوتکەی کەلی زەرد و کانی توو و لوتکەی ملەگاو دۆڵاوێ کانی مەرزەجاڕ و دۆڵی ڕەزەمۆزان و کانی وێکەن و شوێنەواری قەڵاگا و کانی تو و هانەکڵە و کانی تفەقەتارا) لە خۆرئاواوە دەورەیانداوە. لە بەرزیی (١٣١٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٢٢١م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژی (٦٠٠م) دەبێت و دەڕژێتە جۆگەی یاڵانپێ.

باسێرە

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەتفێ)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە نێوان (چیای چاڵان) لە باکور و (چیای گاکوژە) لە باشور و (بانی ئاوازنێ) لە خۆرهەڵات دروستبووە. ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێ دەبارێت و بە ناو جۆگەکەدا ڕێڕەو دەکات و دواجار دەڕژێتە ڕوباری سیروانەوە. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک زیاتر‌ە.