سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

لێژە

کەوتووەتە باشوری گوندی (سۆسەکان). باخاتێکی چڕی گوێز و توو ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی دەرەقازان، (١٢٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (گوندی سۆسەکان) و لە خۆرئاواوە (گوندی جاوریان) و لە باشورەوە (دەرە قازان) و لە خۆرهەڵاتەوە (دەروازەی سنوری شۆشمێ و تەوێڵە) دەورەیانداوە.

لێژڵە

کەوتووەتە چەمی ئاوێسەر و ڕوو بە جەمسەری دەرەتاریک و بەردەمی سێمارەوار و لە باخی حەمە جەلالیا. لە بەر ئەوەی شوێنەکە لێژە و زۆر بەرەوخوارکەیە تەواوی شوێنەکە بە باخ و ڕەز و کانی و شوێنەواریەوە ئەو ناوەی لێنراوە. شوێنەواری ژیان و کـەرەسـتەی شـوێنەواری لـەدەوروبـەریدا دۆزراوەتەوە.

ماران

کەوتووەتە سنوری گوندی (تەپەتۆڵەکە و لامەرکەزی) و سنوری هەردوو گوندەکە (تاڕادەیەک) لە یەک جیادەکاتەوە. بەهۆی ئەوەی کاتی خۆی ماری زۆربووە ئەو ناوەی لێنراوە. سەرچاوەی ئاوی گوندەکە و زۆربەی زەوییەکانی گوندەکە و بەشێک لە گوندی (لامەرکەزی) ئاودەدات. دەڕژێتە چەمی زەڵمەوە.

مارف

کەوتووەتە سنوری گوندی (شەکرالی). ئاوەکەی بە چەمێکی قوڵدا بە ئاڕاستەی گوندی (لامەرکەزی) دەڕوات. هەمیشەییە و وشکینەکردووە. لە (لامەرکەزی) تێکەڵ بە چەمی (کەنەقوڵ) دەبێت. بەهۆی ئەوەی، کە کاتی خۆی (مارف) ناوێک پاکیکردووەتەوە بەناوی ئەوەوە ناونراوە.

مازیدار

کەوتووەتە باکوری گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ناحیەی (بیارە).(١١٧٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەستێرکی لەسەر دروستکراوە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی بەردەمی بەکاردێت.

مام ئەحمەد

کەوتووەتە‌ گوندى (کێلەسپیى کۆن) لەناو سەنتەرى شارۆچکەی (سيروان)ى ئێستا، نۆژەنکردنەوە و بەکارهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی١٩٠٠، لەلایەن (حەسن عەلی قادر)، کە دەکاتە باوکی (ئەحمەدی هەسن)، یەکێک لەو کەسایەتیانەی، کە شارۆچکەی سیروانی ئاوەدانکردووەتەوە لە گوندی کێلەسپی، کە ئێستە بە یەکێک لە گەڕەکەکانی شارۆچکەکە دادەنرێت. ئەم کانیە نزیکەی دوو کیلۆمەتر لەسەنتەری شارۆچکەکەوە دوورە. بۆ ئاوخواردنەوە بەکارهاتووە‌، تا پێش ساڵی ٢٠٠٣ ژنان و ئافرەتانی کێلەسپی ئاوی خواردنەوەیان لەم کانیە دەهێنا، ئاوێکی پاک و سازگاری هەیە و بووە بەسەرچاوەی ئاودێریی زەوییەکانی پاش خۆی، لەتەنیشتی گردی چراخەوە لەگەڵ چەمی جان جان یەکدەگرن و پاشان تا دەگاتە سەر زەڵم چەندین چەم و کانی تری تێدەڕژێت.

مامە کەریم

کەوتووەتە سەنتەری گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن. لەسەرووی کانیی مزگەوتەوە هەڵکەوتووە. بەناوی کەریم نەسروڵڵا بەگ ناونراوە. ئاوەکەی هەمیشەییە و بۆ باخداری بەکاردێت و زیادەی ئاوەکەی دەڕواتەوە چەمی نەوێ.

مام حەمە

بە دووریی نیو کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ڕێشاو). لەناو ناوباخی (حەمە بۆیە)دایە و لەبەر ئەوەیە بەو ناوەوە ناونراوە. خاوەنداریەتی بۆ چەند کەسێکی گوندەکە دەگەڕێتەوە. چەندین ساڵە وشکینەکردووە. ئاوەکەی بۆ باخداری سودیلێوەردەگیرێت.

مامۆستا

کەوتووەتە‌ ‌دامێنى چياى (تارم شێر)ە لە نزيک زنجيرە چياى (خۆشک) و دۆڵى چەمى (ناوتوان). کانییە و هەمیشەییە. بەرزيیەکەى لەئاستى ڕووى دەرياوە (٦٩٩م)ە.

مامینە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (کوڵکنیی حاجی حەمەسور). ئاوەکەی هەمیشەییە و بۆ زەوییەکانی بەردەم گوندەکە بەکاردێت. بەناوی کەسێکەوە، کە ناوی مام مینە بووە ناونراوە. ئاوەکەی دەڕواتەوە سەر چەمی زەڵم.

ماين تۆپيو

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندى (قارەمانی)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) بە دووریی (٣٠٠م) لە ناوەندی گوندەکەوە دوورە. لەنێوان هەردوو گوندى (قارەمانى)ی و (غوڵامی)دا. کانيیەکى هەميشەييە، موڵکى گشتييە، بەهۆى ئەوەى لە ڕابردوودا ماينێک لەنزيک ئەم کانيیەوە‌ مرداربووەتەوە، ئەوە بووە بە ناو و ناونيشانى کانيیەکە و بە کانى ماين تۆپيو ناويان هێناوە.

مەحموولە

کەوتووەتە سنوری گوندی (گریانە) لە نێو باخی (کاک مەحموود)ە. دانیشتوانی گوندەکە لە خۆشەویستیدا ئەم پیاوەیان بە (مەحمولە) بانگکردووە. کانییەکی هەمیشەییە. دەڕژێتە چەمی گریانەوە.

مەرە غازی

کارێزێکی دەستکردە. کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (نارنجڵە). خاوەنداریەتی بۆ (حاجی حەمەساڵح حسێن) دەگەڕێتەوە. دە دۆنم باخ و زەوی کشتوکاڵی لەبەرە. نزیکەی (١٥٠م) درێژە و بۆ کۆکردنەوەى ئاوەکە حەوزێکى دە مەتر درێژى و شەش مەتر پانى لەبەردەمدایە. زیاتر لە ٨٠ ساڵ زیارترە وشکینەکردووە.

مەرزەجاڕ

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (١١٠١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

مەرێ

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەگاشێخان). حەوزێکی بە ڕووبەری (٣ بە ٥م) لەسەر دروستکراوە و باخێک ئاودێریدەکات و دەڕژێتە نێو چەمی دەگاشێخانەوە، (١٢٤٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (گوندی دەگاشێخان شوێنەواری کەلارێ گاورا) و لە باشورەوە (چیای چنارە) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی دەگاشێخان) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی ملەخانەگای وارین) دەورەیانداوە.

مەلاحسێن

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای دۆڵی بیارە و باخێکی فراوان ئاودێریدەکات و دەڕژێتە چەمی بیارەوە، (١٠٤٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی باخی سان و دۆڵی بێزەل و ئاتەشگا) و لە باشورەوە (کانی مەلاتایر و هانەتوتمان) و لە خۆرئاواوە (کانی چەقەڵاوا و گوندی هانەنەوتێ و دەرەقەیسەر) و لە خۆرهەڵاتەوە (شاری بیارە و قەڵا) دەورەیانداوە.

مەنجەر

کەوتووەتە پشتی گوندی (میریسور)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). مێژوویەکی دێرینی هەیە. زۆرتر بۆ ئاودانی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێت.

مەنێنە

کەوتووەتە نێوان لوتکەی (قەڵاڕێزێن) و گوندی (دەرەشیش). ڕێگەیەکی هاتوچۆ بە بەردەمیدا تێپەڕدەبێت بۆ لوتکەی (قەڵاڕێزێن) لە سەر لوتکەیەک هەڵکەوتووە و لە بەردەمیدا دۆڵێک هەیە، کە چەندین باخی تێدایە. ئاوەکەی هەمیشەییە.

مەوەرێ

کەوتووەتە بەشى باکورى گوندى (عەنەب)‌. ناوەکەى هەورامييە، (مەوەوە) بۆ نێر بەکاردێت و (مەورێ) بۆ مێ بەکاردێت و بەماناى (مەیخۆرەوە ياخود مەيخۆ) دێت. ئەمەش لەوەوە هاتووه،‌ کە ئاوى کانييەکە قورسە و بۆ خواردنەوە کەمتر بەکاردەهێنرێت، ياخود ناتوانرێت ئاوى پێويستى لێ بخورێتەوە. بۆ ئاودێری چەندین باخ بەکاردێت لەوانە باخەکانی حاجی شێخ سادق.

مەولەوى

کەوتووەتە باشورى گوندى (بياوێڵە). (٧٠٥م) لەئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. بە ‌بەرد هەڵبەستراوە ئاوی لێوە گواستراوەتەوە بۆ خۆرئاواى ڕێگەکە تا دەمى کارێزەکە‌ی ڕۆیشتووە. بە (‌کانى مەولەوى)یش ناسراوە. ناولێنانەکەی بۆ بوونی مەدرەسەيەکى ئاینی و کەسایەتیی (مەولەوى) شاعير دەگەڕێتەوه، کە‌ تێیدا دەرسى وتووەتەوە، و گۆڕى دايکی شاعیریش لەم گوندەدايه. لەڕابردوو هەرگيز وشکینەکردووە.

پێشتر 1
...
23 24 25
...
51 دواتر