سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

گەناوڵێ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (سۆسەکان)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن حکومەتەوە ئاوەکەی براوەتە گوندەکە. خەڵکی بۆ ئاو خواردنەوە سودیلێوەردەگرن و ئاوی ئەم کانییە بەکاردەهێنن، خاوەنداریەتی بۆ (مستەفا) ناوێک دەگەڕێتەوه،‌ کە پێشیانوتووە (مچە تەشاری).

گەورەى عەبابەيلێ: کانی ناودێ

کەوتووەتە‌ گوندى (عەبابەيلێ). لەوەرزى بەهاردا نزيکەى ١٠ بۆ ١٢ ئينچ ئاوى لەبەر دەڕوات. (٩٩٧م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە ڕووى موڵکدارييەوە دەگەڕێتەوە بۆ باخدارەکانى گوندى عەبابەيلێ و نزيکەى ٤٥ دۆنم باخ ئاودێرى دەکات.

گەورەى مۆردين

کەوتووەتە‌ گوندى (مۆردين) لە ناوچەى کۆکۆيى هەڵەبجە. (١٠٩٥م) لە ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. سەرچاوەکەى چينەبەردەکانى چياى باڵامبۆيه. ئەم کانييە لەلايەن باخدارەکانى گوند بەديوار هەڵچنراوە و شوێنى دانيشتن و بەردەنوێژى لەبەردەم دروستکراوە و چەند دار توييەکى لە دەروبەرى ڕوێنراون بەمەبەستى پشودان و حەوانەوە. بەهاوکارى دوو کانیى تر، بە دووریى (٢٠م) لە خوارى خۆى، بوونەتە سەرچاوەى ئاودانى باخەکانى گوند، کە ڕوبەريان نزيکەى ١٦ بۆ ٢٠ دۆنمە.

گەورێ

کەوتووەتە گوندی (دەرەتوێ). کانییەکی گەورەیە و سەرچاوەی ئاودانی باخ و ئاوی خواردنەوەی خەڵکی لادێکەی لەسەر بووە. بەهۆی ئەوەی گەورەترین کانی بووە ناویان ناوە کانیە گەورێ. بەڵام لە ئێستادا ئاوەکەی کەمی کردووە.

گردەناوێ

کەوتووە ناو گوندی (گردەناوێ) . لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە لایەن (حاجی حەمەسەعید)ناوێکەوە هەڵکەندراوە. درێژییەکەی (٥٠م) دەبێت. تا ئێستا وشکینەکردووە. لە کۆندا حەوزی لەبەردەم هەبووه و بەشێک لە ئاوەکەی ڕاکێشراوە بۆ ماڵان. مزگەوتی گوندەکە. هەروەها باخێکی یەک دۆنمیش، کە لە بەردەم کارێزەکەدایە بە ئاوی ئەم کارێزە ئاودەدرێت.

گردی

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێن. بەسەر گردێکەوە هەڵدەقوڵێت، کە چەند مەترێک لەتەختاییەوە بەرزە. ئەم گردە کۆتا سنوری گوندی بەردەبەل و پارێزگای هەڵەبجەیە و لە سەر سنوری شانەدەریە.

گورگیل

بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری گوندی (گڵێجاڵ)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. خاوەنداریەتی بۆ (شێخ عارف) ناوێک دەگەڕێتەوە. بۆ ئاودانی ئاژەڵ و ئاوخواردنەوەی ڕێبواران سودیلێوەردەگیرێت.

گوڵباخ

بە دووریی (١٠٠م) کەوتووەتە خوارووی گوندى (پريسى خواروو). خەڵکی گوندەکە بۆ ئاوی خواردنەوە سودیانلێبینیوە. ئاوەکەی لەسەرچاوەی کانییەکەوە بەچەند مەترێک دەڕژێتە چەمی گەورەی پریسەوە و لەوێشەوە بەروخوار بۆ دەریاچەی دەربەنديخان.

گوێز

کانییەکی هەمیشەییە. کەوتووەتە ملەی کانی گوێز و گوندی ڕێشاو لە سنوری گوندی ڕێشاو. زیادەی ئاوەکەی لە زستاندا دەگاتە کەسرەتێ و ئاوەکەی زۆرە و مزگەوتی لەبەر کراوە و چەند باخێک ئاو دەدات. بنەماڵەی عێلبەگی خاوەنی کانی و باخەکەن، کە پێشتر نیشتەجێی ڕێشاوبوون.

گوێزێ

کانيیەکى هەميشەييە. کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و موڵکى گشتیيە و کەمتر لە يەک کيلۆمەتر لە ناوەندى گوندەکەوە دوورە، کانيیەکە بۆ ئاودێرى کشتوکاڵى تەڕەسازى وەک سەوزە و تەماتە و خەيار بەکارهاتووە‌، بەهۆى ئەوەى دارگوێزێکى گەورەى تێدا ڕوواوە، ناونراوە کانى گوێزێ.

گۆشەبرێژ

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لەناو دۆڵی شەمێ لە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (بەڵخە). باخی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی شەمێ، (١٤٨٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی مێشلە) و لە باشورەوە (قەڵای شاتر) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە خۆرهەڵاتەوە (چیای هەوارەبەرزە) دەورەیانداوە.

گۆگرد

کەوتووەتە نزیک گوندى (پشته)‌ به ‌ئاڕاستە‌ى گوندى (گمه)‌ و چەمى (پشته)‌. سەرچاوەکەى لاى گوندى (بەڕوێن) و ئێرانەوە دێت.

گۆل وەن

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (نێرگسەجاڕ) لە نێوان نێرگسەجاڕ و گوندى قارەمانى. ئاوەکەى بۆ ئاودانى مەڕوماڵات و کشتوکاڵ بەکاردێت، بەهۆى ئەوەى، کە بەردەمى کراوە بە چەند گۆلێکەوە و بەردەمى گۆلەکان بۆ ئاودانى مەڕوماڵات گيراوە، بۆيە ناونراوە گۆل وەن (گۆل بەند)، ئاوەکەى هەميشەييە و موڵکى گشتيیە.

گێڵەک

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گێڵەک)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ئاوی زۆرە و تا ئێستا خزمەتینەکراوە. خاوەنداریەتی بۆ هاوڵاتییەکی دیاریکراو ناگەڕێتەوە. بۆ ئاودێریی کشتوکاڵ و سەدان دۆنم زەوی و ئاودانی ئاژەڵ سودیلێوەردەگرن.

زیاتر بزانە
سەرچاوەی ئاو

لاگرد

سەرچاوەكەی لە خۆرهه‌ڵاتی گوندی (بامۆك)ەوە دەستپێدەكات و بە دووریی یەك كیلۆمەتر لە سەنتەری گوندەكەوە هەڵكەوتووە و لە نێوان گوندی (بامۆك) و عەبابەیلێدایە. لە كۆندا ئاوی ئەم كارێزە بە چەند بیرێك دراوەتەوە دەم یەك تا گەیشتووەتە شوێنی ئێستەی مزگەوتی دارولسه‌فا لە نێو شاری هەڵەبجە، لەوێ كراوەتە حەوزێكی گەورەوە و بە بۆری تا مزگەوتی تەكیە ڕۆشتووە و دواتر وەك پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی بەشێك لە شاری هەڵەبجە بەكارهاتووە.

لالە ڕەشە

کەوتووەتە سنوری گوندی کانی ئاسکان. لە بناری چیای بانی شێران هەڵکەوتووە. بە ناوی کەسێکەوە ناونراوە و خاوەنداریەتەکەی بۆ ئەو دەگەڕێتەوە.

لالۆ حەبیبوڵڵا

کەوتووەتە بەردەم گوندی (سۆسەکان). حەوزی بۆ کراوە و نزیکەی یەک دۆنم زەوی لەبەدەمدایە و بۆ ئاودان سود لە ئاوی ئەم کانییە وەردەگرێت. خاوەنداریەتی بۆ (لالۆ حەبیب) دەگەڕێتەوە و بەناوی ئەوەوە ناونراوە.

لالۆ مەحموود

کانيیەکى هەميشەييه. کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و نزيکەى (٥٠٠م) لە گوندەکەوە دوورە. بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و ئاودێرى بەکاردێت، موڵکى گشتیيه.‌ دەڕژێتە چەمى کەنەکەوه. کەسێک بەناوى لالە مەحموود هەڵيکەندووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

لەقلەق ١

کەوتووەتە سنوری گوندی (کانی ئاسکان) لە بناری چیای سورێن و لە نێو باخی زێڕوون هەڵکەوتووە. ئاوەکەی هەمیشەییە و بەهۆی بوونی لەقلەقەوە ئەو ناوەی لێنراوە.

لەقلەق ٢

کەوتووەتە‌ باکورى گوندى کاگردەڵ و نزيکەى (٥٠٠م) دوورە لە گوندەکە و دەڕژێتە سەر چەمى کارێز و پاشان دەرياچەى دەربەنديخان، لە کاتى کۆچوڕەوى باڵندەکاندا ژماريەکى زۆر لەقلەق لەسەر ئەو کانى و ئاوە دەنيشنەوە و پشوودەدەن و دەمێننەوه، بەو هۆيەوە ناونراوە کانى لەقلەق، ئاوى ئەم کانيە نزيکەى ٥٠ دۆنم زەوى کردووەتە بەراو و ئاوێکى هەميشەييە.

پێشتر 1
...
22 23 24
...
51 دواتر