سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

کانییە کانزاییەکانی گوندی

سێ کانین و کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) و گوێ چەمی ڕوباری سیروان. کانیی گەڕاو، ئاوەکەی کانزاییە و کبریتی زۆرە و بەپێی پشکنینەکان پێکهاتەکەی لە ئاوی کانزایی خورماڵ دەکات. کانیی نەوت ئاوەکەی چەورە و بریسکە دەداتەوە و چەند ساڵێک لەمەوبەر ئێران هەوڵیداوە لەڕێگەی لێدانی تونێلەوە بگاتە کۆگای ژێرەوەی بەڵام بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە سەرکەوتوونەبووە. سێیەمیان پێیدەوترێت کانیی ئاوی ساف، کە کانییەکی ئاساییە بەڵام ڕەنگی ئاوەکەی مەیلە وسپیە. ئەم سێ کانیە هەمیشەیین، ساڵانە ئاوی ڕوباری سیروان دایاندەپۆشێت، بەڵام لەوەرزی هاوین هەرسێکیان دەردەکەون. کۆمپانیا ڕوسییەکان چەند ساڵێک لەمەوبەر پشکنینیان بۆ خاکی ئەم سێ کانیە کردووە و لە سەردەمی حکومەتی عێراقیشدا، لیژنەیەک، نمونەی ئاو، بەرد و خاکیان لێبردووە.

کانییەکانی گوندە بێلەنگە

لە سنوری گوندە بێلەنگەی ناوچەی نەورۆڵی، چەند کانییەک هەن، لە گرنگترینیان: ١- تووخۆرى: نزيکەى دوو کيلۆمەتر لە گوندەکە دووره. موڵکى گشتيیه. هەميشەييە. نزيکەى ١٧ دۆنم زەوى بەراو دەکات و دەڕژێتە سەر چەمى تلەقوچ. بەهۆى بوونى ژمارەيەک درەختى توو، کە خەڵکى گوندەکە لێيانخواردووه؛‌ ناونراوە کانى تووخۆرى. ٢- ناودێ: کەوتووەتە سەنتەرى گوندى بێلەنگە. موڵکى گشتيیە. هەميشەييە. دەڕژێتە سەر چەمى تلەقووچ. چونکە کەوتووەتە سەنتەرى گوندەکەوە، ناونراوە کانیى ناودێ. ٣- سەيدمراد: کەوتووەتە سنورى نێوان گوندى بێلەنگە و گوندى گوندە و لە باشورى خۆرهەڵاتى گوندى بێلەنگەدايه و نزيکەى يەک کيلۆمەتر له ‌گوندەکەوە‌ دوورە. هەميشەييە. موڵکى گشتيە. دەڕژێتە سەر چەمى تلەقووچ. ٤- بەردە قوچکە: بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باکورى گوندى (بێلەنگە) لە‌ سنورى نێوان هەردوو گوندى بێلەنگە و بێژاوا. کانيیەکى هەميشەييه. موڵکى گشتييە. بۆ ڕێبواران و ئاودانى مەڕوماڵات بەکاردێت.

کانییەکانی مزگەوت

چوار کانین. کەوتوونەتە باشوری گوندی (خێڵی حەمە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لە نزیک مزگەوتی گوندەکەدان.‌ بۆ ئاوخواردنەوە و کشتوکاڵکردن و وەک سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی مزگەوت سودیلێوەرگیراوە. لە کۆندا ئاوى ئەم کانییانە هێندە زۆر بووە، ئاشى (میرزاحەسەن) بە ئاوى ئەم کانیانە کاریکردووە. بە بۆری ئاوەکەی براوە بۆ مزگەوتەکه ‌و حەوزی بۆکراوە بۆ دواتریش زیادەکەى لە حەوزەکەوە ڕۆیشتووە بۆ دەشتی (شاوڵاغ) و بۆ کشتوکاڵ بەکاریانهێناوە.

کانییەکانی ناو ئاوایی تەوێڵە

ئەو کانیانە دەگرێتەوە کەوتوونەتە ناو تەوێڵەوە. لە کۆندا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەو پێداویستییەکانی شۆردن و پاککردنەوە بوون، ئەوانیش(هانە سوسو، باخچەمیرا، هانۆ مەڵڵایا، پلوورە، هانەی دلین، هانۆ خاڵەکەی، ماوەزا، هاڵی سەفانا، هانۆ خانەقای، باخچەی مەرقەد).

کانییەکەی سەروو

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گردیگۆ) لە پشت ڕێگای سەرەکیی هەڵەبجە و سیروان. لە دووریی (٥٠م) لە مزگەوتی گوندەکەوە هەڵکەوتووە. ئاوەکەی هەمیشەییە. دێتەوە سەر جۆگەی چۆڵمەک.

کانییە گەورێ

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەتفێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٢٩٥م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی چەند باخێک، کە کەوتوونەتە بەردەمی، بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی دەرەتفێ. لە خۆرئاواوە کانی دڵدەدەیمان و لە باشورەوە چیای چاڵان و لە باکورەوە گوندی دەرەتفێ کۆن و لوتکەی بەردی گەڵاکە و بەنەکۆرێ و کانی محەممەد و لە خۆرهەڵاتەوە دەرەی کەریم دەورەیانداوە.

کانییە کوێرە

کەوتووەتە گەڕەکی شارەوانیی یەک. هەر لە کۆنەوە بە کانییە کوێرە ناسراوە و بووەتە ناونیشان و شەقامێکی پێوە ناسراوە، کە لە شەقامی دکتۆر سەردار لە تەنیشت نەخۆشخانەی گشتی عەنەب دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی شەقامی هەژار موکریانی دەڕوات. شەقامەکە بەناوی کانیە کوێرە ناونراوە. هاتوچۆی زۆری لەسەرە. بەڵام شەقامەکە یەکسایدە و چاڵوچۆڵی زۆری تێدایە. درێژیەکەی (٧٥٠م)ە.

کاوات

کانییەکی هەمیشەیی و سارد و سازگارە. کەوتووەتە خوار تەپی (ئەحلە) لە بیارە. خاوەنداریەتی بۆ بنەماڵەی (حاجی عەبدوڵا) بیارەیی دەگەڕێتەوە. سەرچاوەی ئاودانی باخەکانی کاواتە. ئەستێڵی بۆ گلدانەوەی ئاوەکەی بۆ کراوە و لە ئێستادا زیاتر وەک سەیرانگایەک بەکاردێت و گەشتیارێکی زۆر ڕوویلێدەکەن. ئاوەکەی دێتەوە سەر چەمی بیارە.

کەریمە

کەوتووەتەسنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) و کەوتووەتە بەشی باکوری گوندەکە و باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی بەڵخەوە. (١٥٠٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی سەرسۆڵ و چیای چنارە) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی سینەسەحاب و بەڵخ) و لە باشورەوە (دۆڵی بەڵخە) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی وڵا) دەورەیانداوە.

کەریم زۆراب

کەوتووەتە پشت گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). بەهۆی ئەوەی لەلایەن (کەریم زۆراب) ناوێکەوە‌ کراوە بە کارێز، ئەو ناوەی لێنراوە. درێژییەکەی (١٠م) دەبێت. بەدرێژایی ٥۰ ساڵی ڕابردوو وشکینەکردووە. خەڵکی گوندەکە بۆ ئاودانی ئاژەڵەکانیان سودیلێوەردەگرن.

کەڕەجاڵ

کەوتوەتە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)، لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکەدایە. (١٢٢٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە خۆرئاواوە دۆڵی وشکەناوی سەروو و لە باشورەوە پلێ کەڕيجاڵێ و هانە قوڵقوڵە و لە باکورەوە ئەشکەوتی مەڕەبەرزە و لە خۆرهەڵاتەوە دۆڵی کەڕەجاڵ دەورەیانداوە.

کەڕەگڵ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (کانی پاشا) لە بناری چیای بەمۆ. جگە لەوەی سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەیە، بۆ باخداری و کشتوکاڵیش سودیلێوەردەگیرێت.

کەڵەک

به ‌دووریى (٤٠-٥٠م)، کەوتووەتە خواروو مزگەوتى گوندى عەنەبەوە. لە بنەڕەتدا کارێز بووە، چونکە بە بەرد و کەڵەک له ‌ناوەوە هەڵچنراوە، سەرچاوەى سەرەکیى ئاوى گوندەکەيە، ڕێژەى ئاوەکەى به ‌بەراورد بە هەموو کانييەکانى ديکە زياترە، گشتييە و هەموو خەڵکى گوند بەکارىدەهێنن بەتايبەتى جوتيارانى گوندەکە، نزيکەى (٧٢)جوتيار بۆ ئاودانى باخ و زەوييە کشتوکاڵييەکانيان سود لە ئاوەکەى وەردەگرن. وشکناکات، بەڵام لەو ساڵانەدا، کە ڕێژەى باران کەم دەبێت، بڕى ئاوەکەیش کەمدەبێتەوە.

کەمانگەرا

کەوتووەتە گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، لە باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکەیە‌. (١١١٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەسەر دروستکراوە بە ڕووبەری (٤ بە ٢م) بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی، بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی خەرپانی و لە باکورەوە کانی یەوەجەڕێ و کانی دووەچڵە و سەروەزەن و لە باشورەوە کانی شێخ مەرزە و لە خۆرئاواوە چیای تلەسیاو و لوتکەی نیشانکرد و لە خۆرهەڵاتەوە چیای بەنەن دەورەیانداوە.

کەمەرسەلارە

کەوتووەتە شارۆچکەی (بیارە) و لە باشوری خۆرئاوای شارەکەوە و ئاوی کانییەکە بۆ ئاودێریکردنی باخێکی گوێز و چنار بەکاردێت و پاشان دەڕژێتە چەمی بیارەوە، (١٠٨١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە خۆرهەڵاتەوە (شاری بیارە) و لە خۆرئاواوە (کانی باخی سان و دۆڵی بێزەل و تاڤان و نەخۆشخانەی هەورامان) و لە باکورەوە (لوتکەی ئاسنەوەرد و گەڕەکی ملەی چنار) و لە باشورەوە (دۆڵی بیارە) دەورەیانداوە.

کەوەخانی

کەوتووەتە چەمی دەڵەمەڕ. ئاوەکەی هەمیشەییە، بەڵام کەمە. کەوتووەتە دامێنی ملەی کانی گوێز. بۆ ئاژەڵداری و ڕێبوار و ئاژەڵی کێویش سودیلێوەرگیراوە. کەو زیاتر ئاوی تێداخواردووەتەوە.

کلکە

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن. کانیلەیە، لە دامێنی زنجیرە چیای بانی شێران هەڵکەوتووە. ئاوەکەی کەمە و بەردەوامە بەڵام بۆ ئاودانی ئاژەڵ بەکاردێت. بەهۆی ئەوەی، کە کەوتووەتە کلکەی شاخی بانی شێران، ئەو ناوەی لێنراوە.

کلکەو ئەسپی

کەوتووەتە گوندی (سەرگەت) و چەمی شێراو. لەنزیک کانی (هەمەشوانە)یە. لە ژێر شاخێکەوە هەڵدەقوڵێت و ئاوەکەی بەشێوەی (کلکی ئەسپ) بەسەر تاشە بەردەکاندا دێتە خوارەوە و ڕەنگێکی سپی هەیە. دیمەنێکی جوان و دڵرفێنی هەیە. هەردوو کانیەکە لە چەمی شێراو یەکدەگرن و بوونەتە سەرچاوەی ئاوی ئاودێری و پێداویستی گوندەکە. ناوبانگی کانییەکانی سەرگەت، دەرەوەی هەورامانی تەنیوە. گەشتیارێکی زۆر بەتایبەت لە هاوین و بەهاردا سەردانیدەکەن.

کلکەی حەمەکەچەڵ

کەوتووەتە سەرەتای چیای بانی شێران لە باکوری خۆرئاوای کانی ئاسکان. ئاوی هەیە و بۆ ئاودێری بەکاردێت. ئەستێڵی بۆ کراوە.

کڵاش تەڕکەرە

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێن. لە تەنیشت سەرچاوەی ئاوی دۆخەکانە. زەوییەکەی تەڕ و شێدارە و سەرچاوەی ئاوی زۆرە. بۆیە هەر کەس بەکڵاشەوە چووبێتە ئەو ناوچەیە، کڵاشەکانی تەڕبوون. هەربەو ناوەشەوە ناونراوە. بەڵام لە ئێستەدا وەک جاران نەماوەتەوە و ئاوەکەی کەمیکردووە.

پێشتر 1
...
20 21 22
...
51 دواتر