سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

کانی ماران

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی بامۆک، ناوی کانییەکە لە (میران)ەوە هاتووە، حاجی میران یاخود حاجی میرە، یەکێک بووە لە کەسایەتییە دیار و ناسراوەکانی گوندی بامۆک. لە ئێستادا وشکیکردووە، بەڵام لەو ساڵانەی ڕێژەی بارانبارین زۆر بەرزە، دەبووژێتەوە.

کانی مەسور

کەوتووەتە ناو مزگەوتی گوندی (عەنەب). لەگەڵ کانیی سەرحەوز پێکەوە سەرچاوەی ئاوەدانیی مزگەتی گوندەکە بوون و تاکو ئێستەش هەر ماونەتەوە. بە کانیی بەردەم مزگەوتی کۆنی عەنەب بەناوبانگە. لە بنەڕەتدا لە ناوی مەنسورەوە هاتووە، کە پیاوێک بووە خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان و لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا لە دێی نەوسودەوە هاتووەتە گوندەکە. کانییەکەی پاککردووەتەوە، لە کوێربوونەوە پاراستویەتی و ئاوەکەی ساڵ بە ساڵ بوژاوەتەوە. کارێز و بەردەنوێژی لەسەر دروستکردووە.

کانى مەلا

کەوتووەتە ‌ناوەڕاستى گوندى (نێرگسەجاڕ) و نزيک‌ مزگەوتى گوندەکه. موڵکى گشتیيە. کانيیەکى هەميشەييە، بەهۆى ئەوەى، کە لە ڕابردوودا مەدرەسەى دينى تێدا بووە و فەقێيانى ئەو مەدرەسەيە بۆ جلشتن و پێداويستیى خۆيان بەکاريانهێناوە، هەر لەبەر ئەمە ئەو ناوەی لێنراوە.

کانی مزگەوت ١

کەوتووەتە دامێنی چیاکانی (خۆرەتاوی کەوتێ) و لەبەردەم باخی (حاجی ئەحمەد)ە. لە کاتی دروستکردنی مزگەوتی نوێی گوندی گریانەدا، دیواری ڕاگریان بۆ کردووە و بەبۆری نزیک بە (١٥٠م) ئاوەکەی بۆ مزگەوتەکە گوێزراوەتەوە. کانییەکی هەمیشەییە و وشکینەکردووە. پێشتر بە کانی (جنۆکە) بەناوبانگبووە.

کانی مزگەوت ٢

کەوتووەتە ناو مزگەوتی گوندی (عاموورە)، تایبەتە بە مزگەوتەکە. حەوزی بۆ دروستکراوە و هاوڵاتیان بۆ دەستنوێژگرتن سودیلێوەردەگرن. دەیان ساڵە ئاوەکەی وشکینەکردووە.

کانى مزگەوت ٣

کەوتووەتە ڕۆژئاواى گوندی (چنارە). لەناو حەوشەى مزگەوتەکەبووە. حەوزێکى بۆ کراوە و دەستنوێژی لێگیراوە. تا ئێستاش ماوە و وشکینەکردووە. لە ساڵانى حەفتاکانى سەدى ڕابردوودا لە شێوەتى تونێل چاوانەى بۆ کراوە و لاکانى و سەقفەکەشى بە بەرد هەڵچنراوە.

کانی مزگەوت ٤

کەوتووەتە ناو مزگەوتی ئاوایی چنارەی زێڕوون. ئاوەکەی هەمیشەیە. بۆ بەکارهێنانی مزگەت بەکاردێت و زیادەکەی دەڕواتەوە نێو چەمی گوندەکە.

کانی مزگەوت ٥

کەوتووەتە ناو مزگەوتی گوندی (تلەوەرێ)، دوو حەوزی هەیە، شوێنی دەستنوێژ و نوێژکردنی بۆ کراوە. هەنجیرێکی خۆڕسکی بەناوبانگی تێدایە، ئاوەکەی هەمیشەییە و لە وشکەساڵیدا لە هەموو کانییەکانی دیکە زیاتر بەرگەدەگرێت، زیادەی ئاوەکەی ئەڕواتەوە ناو جۆگەی سەرەکیی گوندەکە و تێکەڵ بە ئاوی کانیژنان دەبێت و چەمی سەرەکیی گوندەکە پێکدەهێنن.

کانی نواڵە

کەوتووەتە ناو باخی گشتی (باخی عەلی بەگ) لەناو شاری هەڵەبجە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاودانی باخی گشتییە. ئاوەکەی دەچێتە کارێزێکەوە، کە تیرەکەی سێ مەتر و قوڵییەکەی شەش مەترە. نزیکەی (٤٢م) سێجا ئاودەگرێت. تا ئێستاش وشکینەکردووە.

کانی هەشت هەڵوژە

کەوتووەتە شوێنى ئێستاى نەخۆشخانەکانى خوارووی شار(منداڵان و منداڵبوون و فرياکەوتن)، لەسەر کانييەکە يەک تووى لێ بووە و پێیوتراوه:‌ کانى هەشت هەڵوژە، بەڵام لە ئێستادا ئەو کانيیە بەهۆى گۆڕانکارييە سروشتى و مرۆييەکانەوە لەناوچەکەدا نەماوە، ناوى تەنها لاى بەتەمەنەکانى شار ماوە و نەوەى نوێ هيچ زانياريى و ئاگادارييەکى بەرامبەر بەو کانى و کارێزانە نييە.

کانی وەلی

کەوتووەتە شاخی (چاڵان)ی گریانە. ناوەکەی بۆ (وەلید) ناوێکە دەگەڕێتەوە کە، خەڵکی گوندی (بۆین) بووە. کانییەکەی کردووەتە کارێز و دەستکاریکردووە، ئیتر بە کانی وەلی لە نێو گوندەکە بەناوبانگە.

کانی وەیسکێ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (کانی وەسکێ). لەبەردەم کانییەکەدا حەوزێکی داپۆشراو دروستکراوە بۆ ئاوەکە و دوای پڕبوونی حەوزەکە بە بۆری دابەشدەکرێت بەسەر ماڵەکانی گوندەکەدا. بۆ ئاودانی ئاژەڵی هاوڵاتیان سودیلێوەردەگیرێت و بۆ مزگەوتی گوندەکە ڕاکێشراوە. دەیان ساڵە وشکینەکردووە.

کانییە بەهارە

کەوتووەتە سەرووی گوندی (عەبابەیلێ) لە نێوان (هەوارگەی شێخان و ڕێ سور) و سەنتەری گوندەکە. لە بەهاردا ئاوێکی زۆری هەیە بۆ کشتوکاڵ و باخداری بەکاردێت. کانییەکە لە بنەڕەتدا کارێزە. لە پێنج بیر پێکهاتووە و بە کارێز پێکەوە بەستراونەتەوە. نزیکەی (٦٠٠م) درێژ و بەرزیی ڕێڕەوەکەشی لە سێ مەتر زۆرترە. قوڵیی بیرەکان لە چوار مەترەوە بۆ (٢٠م) دەبن.

کانییە بەهارێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (گورگەچیا) لە دەشتەکانی چاڵگەی عاشوورە. تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەهۆی زۆریی ئاوەکەیەوە مەرەزە و بەرهەمی دیکەی لەسەر کراوە. بەڵام بەهۆی لێدانی بیری ئیرتیوازی و نایاساییەوە، ئاوەکەی کەمیکردووە.

کانییە درێژ

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار). (٥٠م) لە خوارووی (کانی وەیسە)و‌ەیە. لە کۆندا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندی (هاوار) بووە. لە خواریەوە کانییەکی دیکە هەیە، بەناوی (کانیاوی خوارین)، کە کاتی خۆی وەک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە پشتیان بەم دوو کانیە بەستووە، بەڵام ئەمەی دواییان وشکی کردووە.

کانيیە ڕەش

کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (زەمەقیى سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). نزيکەى (١٧٠٠م) دوورە لە گوندەکەوە و کەوتووەتە خۆرئاواى کانى بەرگردى گوندەکە، ئاوى ئەم کانيە هەميشەييە و نزيکەى ٧٠٠ دۆنم دەکات بەبەراو، دەکەوێتە نێوان گوندى عەنەب و زەمەقیى سەروو، بەهۆى ئەوەى لە چاڵاييەکدايه،‌ سەر لە ئێوارە تاريک دەبێت، هەربۆيە ئەو ناوەی لێنراوە.

کانییە سارد

کەوتووەتە خوارووی گوندی (تەکیە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). بە هۆی ساردیی ئاوەکەیەوە ئەو ناوەی لێنراوە. بەشێوەی هەڵقوڵین ئاوەکە دێتە دەرەوە و لەبەردەمیدا بۆ سودلێوەرگرتن حەوزی بۆ دروستکراوە.

کانییەکانی چەمی ئاوێسەر لە تەوێڵە

کەوتوونەتە شارەدێی تەوێڵە لە چەمی ئاوێسەر. بێجگە لە چەمەی ئاوێسەر وەک سەرچاوە، چەند کانییەکی تریش لە هاوینەهەواری ئاوێسەر و چەمەکەدا هەن و تێکڕایان دەڕژێنەوە چەم و دەبنەوە بە سەرچاوەی ئاودێرانی باخەکان. ئەوانیش (هانەدێوا، هانۆ بنۆ وەزێ، هانۆ لاسێ، هانە هەڵوچە، هانۆ شێخی، دەشتیلێ، هانەکڵەڕێزینە، سێمارەوار، ماوامی یان سەرچەمە، شەکەرێ، لێژڵە، کانی عەبولە قادر،دەرەتاریک، کەمەر سپی).

کانيیەکانی چەمی دزاوەر لە تەوێڵە

ئەو کانیانەن بێجگە لە هەردوو کانی (هامنۆ و مەرێ)لە گوندی زاوەری ڕۆژهەڵات، لە ناو تەوێڵەدا چەند کانییەکی تر هەن و دەڕژێنە چەمی زاوەرەوە. ئەوانیش (هانەمڵکشا، هانەکڵۆسەعەی، مالمین یان شێخ شابەدین، هانەقاڵاوا)ن.

کانيیەکانی چەمی خواروو لە تەوێڵە

کانییەکانی خوارووی شارەدێی (تەوێڵە)ن. هەیانە لە ناو چەم و ئەمبەرەوبەری چەمەوەن، هەشیانە بە قەدپاڵی شاخەکانی خوارووی تەوێڵەوەن. سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی خاوەن باخەکان و ڕێبواران و باخەکانن، ئەوانیش (ویسورە، وەزڵیە، سۆفی جانە، هانۆ عەلی، هانە قاڵاوا، وەیسە، حاجی بەشارەت، سەڵاحە یان شەتنێ، کافە کوڵێ، وێشە، حسە، حەمەیوسۆ، بێدەری، قالەو مەجنوونی، ئەحمەد ڕەواس، هەسارۆ سۆفی، مەڵڵا جەمال، چلەخانە، ئاساوگا، هەسارەو حەمەسەلیمی، مەڵاسادق، وەلی، حاجی بابالە، سەعلە، حەمەحەسەنی خاتوون، ئەولحە، خاڵانی و...) بە یەکگرتنی هەموو ئەمانەش چەمی تەوێڵە پێکدەهێنن.

پێشتر 1
...
19 20 21
...
51 دواتر