سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

کانیژنان ٣

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (گردیگۆ) و (٢٠م) لە سەنتەری گوندەکەوە دوورە. لە کۆندا حەوز بووە بەڵام لەم سەردەمەدا ئیتر ژنان بەکاری ناهێنن. ئاوەکەی هەمیشەییە و دەڕواتەوە بۆ سەر چەمی زەڵم.

کانیژنان ٤

کەوتووەتە ناو سەنتەری گوندی (دەڵەمەڕ) لە بناری شاخی شنروێ. کانیەکی هەمیشەییە و ئاوەکەی بەهۆى زۆرییەکەيەوە کراوەتە دوو بەش. بەشێکی بۆ کاروباری مزگەوت و بەشێکیشی تایبەت کراوە بە ژنان. لە کۆنەوە تا ئێستە هەر بەو شێوازە ماوەتەوە.

کانیژنان ٥

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندى (کاگردەڵ) و نزيکەى يەک کيلۆمەتر دوورە لە گوندەکەوە، ئاوەکەى هەميشەييە و بەهاوبەشى لەگەڵ هەندێک کانی وردی ديکە نزيکەى ٧٥٠ دۆنم زەوى کردووەتە بەراو.

کانیژنان ٦

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (تلەوەرێ) و لە سەنتەری گوندەکە هەڵکەوتووە، ئاوەکەی هەمیشەییە، بۆ ئاودێرانی باخوباخات بەکارهاتووە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی کانییەکەوە، بە زۆری ژنانی گوندەکە بەکاریانهێناوە. هەر لە کۆنەوە بەردەنوێژی بۆ کراوە و موڵکی گشتیە، لەگەڵ ئاوی کانی مزگەوت ئاوەکەیان دەچێتەوە سەر یەک و سەرچاوەی ئاوی چەمی گوندی (تلەوەرێ) پێکدەهێنن.

کانیژنان ٧

کەوتووەتە خوارووی گوندی (مەلاوەیسه)‌ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)‌ لە نزیک مزگەوتی گوندەکه. بەهۆی ئەوەی ژنانی گوند لەوێ قاپ و قاچاخیان شتووە، ئەو ناوەی لێنراوە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی گوندەکه و مزگەوتەکەیە.

کانیسارد

کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (نێرگسەجاڕ)، بۆ خواردنەوە و ئاودانى کشتوکاڵ و باخداريى بەکارهاتووه. موڵکى گشتيیە و ئاوەکەى هەميشەييە و بەهۆى ساردى ئاوەکەيەوە، ئەو ناوەی لێنراوە.

کانی سەروو

کەوتووەتە ناو سەنتەری گوندی (تلەوەرێ)، لە سەرووی هەرسێ کانیژنان و مزگەوت و قەمەکان هەڵکەوتووە، کانییەکە لەم ساڵانەی دواییدا تەقیوە و ئاوێکی زۆری هەمیشەیی هەیە، ئاوەکەی دەڕواتەوە سەر چەمی سەرەکیی گوندەکە، بۆ باخداری بەکاردێت و موڵکی گشتیە.

کانى سەدەکە

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى گوندى (ئيمامى زامن) و يەک کيلۆمەتر لەگوندەکە دوورە، بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵکردن بەکارهاتووە‌ و ئاوەکەى هەميشەييە. (کەریم عەبدوڵا عەبدولڕەحمان و کەریم عەبدوڵا خاسە) بەربەستێکی بچوکيان لەسەر دروستکردووە، بەو هۆيەوە بە کانى سەدەکە ناسراوە.

کانى سپى زەمەقى

بە دووریی يەک کيلۆمەتر کەوتوەتە باکورى (گوندى زەمەقیى ژوروو) و به ‌دوریى يەک کيلۆمەتر و نيو کەوتوەتە بەرەى باشورى خۆرهەڵاتى (گوندى زەمەقیی خواروو) بە چەمى کانى سپيدا شۆڕ دەبێتەوە و دێتە ناو گوندى زەمەقیی خوارووەوە. (٦٠٣م) له ‌ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. لە ڕابردودا ئاوێکى زۆر باشى هەبووە و دانيشتوانى هەر سێ گوند سوديانلێوەرگرتووە، بە تايبەت دانيشتوانى (گوندى زەمەقیی خواروو) و ئاشى ئاويان لەسەر دروستکردووە. لەبەر ئەوەى ئاوێکى ڕوون و سازگارى هەبووە پێيانوتووە (کانى سپى).

کانیسپی

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (کانی شێخ) لە نزیک بیرەکەی حەمەی ئەحمەدی مەلائەمین. هەم کانی و هەم کارێزە. ئاوەکەی دەڕژێتە سەر چەمی زەڵم. لە کۆندا گوند بووە و ماڵی زۆری لێ بووە. بەهۆی هاتنی ئاوی دەریاچەکەوە چۆڵکراوە. ئاوەکەی هەمیشەییە. زەویە ژێرئاوکەوتووەکانی دەریاچەی دەربەندیخان، کە لە هاویندا بەجێیدەهێڵێت، بەراودەکات و جوتیارەکان بۆ شوتی و خەیار بەتایبەتی سودیلێوەردەگرن.

کانیشێخ

کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى گوندى (زەمەقیى سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان)، که ‌نزيکەى ١٣ بيرە و هەريەکەيان نزيکەى ٣٠ مەتر نێوانيانە و قوڵيیەکانيان لەنێوان ٧ بۆ ١١ مەتر دەبێت و بە بەردى نەقاڕى و چيمەنتۆ هەڵبەستراون و دەمەوانەى چيمەنتۆيان بۆ دروستکراوە. ئەم کارێزە حامى بەگ دروستیکردووە و ئاوەکەى دەڕژێتە (جۆگەى تەمەڵ)، کە يەکێکە لە جۆگە دەستکردەکانى ئاودێریى گوندەکە.

کانیشێخ ١

کەوتووەتە باکوری گوندی (بامۆک) و لە نێوان شاری هەڵەبجە و گوندەکەدا هەڵکەوتووە. ئاوەکەی هەمیشەییە. هەر بەو ناوە بەناوبانگ بووە. ئاوەکەی تاکو دەروبەری هەڵەبجەش سودیلێوەرگیراوە، لە ئێستەدا زەوییەکانی بەردەمی بونەتە گەڕەکێکی سنوری شارەوانیی هەڵەبجە و بەناوی گەڕەکی کانیشێخ ناودەبرێن.

کانیشێخ ٢

کەوتووەتە خوار مزگەوتی گەورەوە لەناو شاری هەڵەبجە. ناولێنانەکەی بەهۆی نزیکیی بووە لە ماڵی (شێخ کازمی شێخ محەممەدی شێخ نەجمەدینی نەقشبەندی). لە ئێستادا وشکیکردووە و شوێنەری نەماوە.

کانی ‌قوڵکە

کەوتووەتە نزيک مزگەوتى عومەرى کوڕى خەتاب لە ناو شاری هەڵەبجە. هۆکارى ناونانيشى بەوناوە ئەوەبووه،‌ کە ئاوەکە لە زەوييەوە هەڵقوڵاوە، هەروەها کانيەکە بيريشى هەبووە، زەويیەکانى دەوروپشتى موڵکى خەڵکى بوون، بەڵام کانيیەکە و دەوروپشتى موڵکى کەس نەبووە و هەموو خاوەن زەوييەکانى ناوچەکە سوديانلێوەرگرتووە، هەتاکو کۆتايى نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو کانيیەکە هەرمابوو، بەڵام بەهۆى پەرەسەندنى شار و لێدانى زۆرى بير و کەمبوونەوەى بڕى بارانەوە و داپۆشينييەوە، کانييەکە لە ئێستادا نەماوە، شوێنى کانييەکە و دەوروپشتى بووە بە خانو، ناوى گەڕەکەکەش بەناوى کانييەکەوە هاتووە و بە گەڕەکى کانيە قوڵکە دەناسرێت.

کانی کارێز

کەوتووەتە خوار دێکۆنی جەلیلە. ئاوێکی هەمیشەییە. لە نێو سەنتەری گوندەکە هەڵکەوتووە. بەردەمی کراوەتە باخوباخات. سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی گوندەکەیە. هەر لە کۆنەوە کانییەکە کراوەتە کارێز و بەشێک لە ئاوەکەی بۆ مزگەوتیش بەکاردێت.

کانی کەوەلە

کەوتووەتە‌ باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (قەدەفەری) سەر بە ناحیەی (خورماڵ). سەرچاوەى سەرەکیى ئاوى گوندەکەیە. چەند باخە هەنارێکی پێ ئاودەدرێت.

کانی گەورە

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (٧٦٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەسەر ڕێگای نێوان گوندی (یاڵانپێ) و شاری (خورماڵ)ە و حەوزێکی گەورەی بە ئەندازەی (١٠ بە ٧م) لەسەر دروستکراوە و باخێک لەبەردەمیدا سەوز کراوە، کە بۆ ئاودێریکردنی بەکاردێت.

کانی گردەکە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (کوڵکنیی سەروو). لە نزیک گردێکدایە بەناوی (گردی خدر) و بەناوی ئەم گردەوە ناونراوە. ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵکردن سودیلێوەردەگیرێت.

کانی گوێز ١

کەوتووەته بناری گردی (قەڵای پریس)ـەوە لە گوندی (پریسی سەروو) لە بەرزیی (٧٤٥م) لە ئاستی ڕووی دەریا. نزمترین کانییە لەگوندەکەدا، کە تا ئێستا ئاوی ماوە، ئاوی ئەم کانییە پێنج جوتیار بۆ ئاودێریی باخ پشتیپێدەبەستن، بەڵام کاتێک لەگەڵ ئاوی کانی (جانە، چەرمەڵ)ە یەکدەگرن، زیاتر لە ١٢ جوتیار بە درێژیی (٧٠٠م) سودیلێوەردەگرن، هۆکای ناولێنانەکەی، بۆ بڕێکی زۆر گوێز لەم کانییەدا دەگەڕێتەوە، بەهۆی ئەوەی، که سەرچاوەکەی لەناو باخ و سەوزاییەکی زۆردایە وای کردووە ئاوێکی سازگاری هەبێت و لەکۆندا گوندنشینان بە تەرمۆزی گوند ناویان بردووە.

کانی گوێز ٢

کەوتووەتە سەنتەری گوندی (کانی گوێز)ە و کانییەکی بەناوبانگە. ئاوەکەی هەمیشەییە و دەڕژێتە چەمی کانی ڕەسوڵ و بە ئاڕاستەی کەسرەتە دەڕوات، لەکۆنەوە بۆ باخداری و ئاژەڵداری بەکارهاتووە، موڵکى گشتى دانيشتوانى گوندەکەيە.

پێشتر 1
...
18 19 20
...
51 دواتر