سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

شێخ ڕەش

کەوتووەتە سنوری گوندی (شەشکی سەروو) لە نزیک گۆڕستانەکانی گوندەکەیە. لە زستاندا دەڕواتەوە سەر چەمی (کەنەقوڵ). ئاوەکەی بە هاوینان بۆ مەبەستی ئاودێری بەکاردێت. گۆڕی (شێخ ڕەش)ی تێدایە بۆیە بەو ناوەوە ناونراوە. تا ساڵانی دواییش خەڵکی ناوچەکە بۆ مەبەستی نزاکردن سەردانی ئەو گۆڕەیان کردووە. ئاوەکەی وەک (تەبەروک) بەکارهاتووە. پەڕۆی سەوز بە دارتوو و نەیجەکانی سەر کانیکەوە کراوە.

شێخ شوکره ‌

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى گوندى کاگردەڵ و نزيکەى (٥٠٠م) دوورە لە گوندى کاگردەڵ و خۆرئاواى گوندى (دوانزەئيمامى سەروو)، خاوەندارێتيەکەى بۆ هەموو گوندەکەيە و ئاوەکەى هەميشەييە و دەچێتەوە سەر چەمى کارێز و نزيکەى ٤٠٠ دۆنم زەوى کردووە بە بەراو. ناوەکەى بەهۆى بوونى گۆڕى پياوچاکێکەوە ناونراوە، که ‌ناوى شێخ شوکرە بووە و گۆڕەکەى، کەنزيکە له ‌کانيەکەوە، وەک مەزارگەيەکى پيرۆزى لێهاتووە.

شێخ عەبدولکەریم

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گو‌ندى (گورگەچيا) و دوو کيلۆمەتر لە گوندەکەوە دوورە، بۆ کشتوکاڵ و ئاودێرى و خواردنەوەش بەکاردێت و کانيیەکى هەميشەييە و بەناوى پياوچاکێکەوە ناونراوه،‌ کە گۆڕەکەى لە نزيک کانيیەکەوەيە.

شێخ مارف

کەوتووەتە چەمی سازان. ئاوی کانیی سەرچاوگی دێتەوە سەر و پێکەوە یەکدەگرن و بە ئاڕاستەی سیروان دەڕۆن. کانییەکە هەمیشەییە و چەند باخێک ئاودەدات.

شێخ موسێ

لە باشوری گوندی (تەپی سەفای خواروو)وهوە‌ هەڵدەقوڵێت. بەشێک لە زەوییەکانی (تەپی سەفا و زۆربەی تەپەتۆڵەکە) ئاودەدات. هەمیشەییە. زیادەی ئاوی گەنجانی دێتەوەسەر. دەڕژێتە (کانیی ماران) لە تەپەتۆڵەکە و لەوێوە بۆ (چەمی زەڵم) لە خوارووی گوندەکە دەڕوات.

عەرەبان

بە دووریی (٧٠٠م) کەوتووەتە سنوری گوندی (کشەیەری)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). مێژوویەکی زیاتر لە ١٥٠ ساڵەی هەیە. بەهۆی ئەوەی لە کاتی خۆیدا کۆمەڵێک ماڵە عەرەبى لە نزیک بووە، بەو ناوەوە ناوبراوە. بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ سودیلێوەردەگیرێت و ئاوەکەی دەڕژێتە ناو چەمی زەڵم.

عومەرى حەمەى حەسەن

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندى (دوانزەئيمامى سەروو) لەسەر چەمى پيرمکايڵە و لەنێوان گوندەکە و گوندى کاگردەڵدایە‌، ئەگەرچى کانيیەکە موڵکى گشتيە، بەڵام بەهۆى ئەوەى کەوتووەتە ناو زەويیەکانى کەسێک بەناوى عومەرى حەمەى حەسەن، هەر بەناوى ئەو کەسەوە ناونراوە. ئاوەکەى هەميشەييە و بۆ کشتوکاڵ و خواردنەوەش بەکاردێت، نزيکەى ١٠٠٠ دۆنم زەوى کردووە بە بەراو.

عیسابەگ و قەمان

دوو کانین لە چەمی شنروێ و نزیک گوندی عەبابەیلێ. قەمان بەواتای (شوێنی ئاوخواردنەوەی ئاژەڵ) دێت. (عیسا بەگ)یش کەسایەتییەکی گوندی عەبابەیلێ بووە. بەو ناوەوە ناونراون. ئەم دوو کانییە وشکناکەن، بەڵام ئاوەکەیان کەمە. تەنها بۆ ئاودانی ئاژەڵ بەکاردێن.

عێوەز کانی

یەکێکە لە کانیاوەکانی شارۆچکەی (بیارە) و کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شارەکە و ئاوی دەڕوات بۆ (خانەقای بیارە) و پاشان دەڕژێتە چەمی بیارەوە. (١١٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (چیای قاسم خان و کانی سەربەڵخ و کانی مەیدان و شوێنەواری تەختی بەڵقیس) و لە باشورەوە (گەڕەکی وەران وەر و سەیرانگای بەهەشتی هەورامان) و لە خۆرئاواوە (شاری بیارە و پڕۆژەی ئاوی بیارە و خانەقای بیارە و دۆڵی بیارە) و لە خۆرهەڵاتەوە (چیای کەلارە گاورا و گوندی دەگاشێخان) دەورەیانداوە.

زیاتر بزانە
ئاوی خانەقای بیارە

فەتاح

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە) و کەوتووەتە ناو دۆڵی مروەوبەگلەی لە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (بەڵخە). باخی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی مروەوبەگلەی و حەوزێکی بە ڕووبەری (٦ بە ٨م) لەسەر دروستکراوە. (١٣٦١م)لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی مێشلە) و لە باشورەوە (دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخەی خواروو) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی شەمێ) دەورەیانداوە.

فەرەیدون بەگ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بنجەودڕەی)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). (١٠٩٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەسەر دروستکراوە بە ڕووبەری (٧ بە ١٢م) و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدایە بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (کانی عوسمان و کانی هەنار و گوندی نارنجڵە و تەپو قەڵێ و دۆڵی نارنجڵەی کۆن) و لە خۆرئاواوە (باخەکانی سەنگی سیاو قەڵای سەنگی سیاو گۆڕستان و تەپی زەردی گڵی و تەپی کۆسە پەڕە و تەپی مەڵا سیاوە و گوندی دەرەوکێ) و لە باشورەوە (دۆڵی دەرەوگاوگەی و گوندی بنخەودڕی) و لە خۆرهەڵاتەوە (چیای کڵاوەی ئاشور و لـوتکەی ئاسنەوەرد).

فەریح

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). باخی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی مروەوبەگلەی. (١٣١٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی مێشلە) و لە باشورەوە (گوندی جاوریان) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی سۆڵێ) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی شەمێ و قەڵای شاتر) دەورەیانداوە.

فەقیە ڕۆستەم

کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای گوندى (نارنجڵە) لە قەدپاڵێکدایە و لە شێوەی کارێز هەڵکەنراوە. بە قسڵ سواخ دراوە. درێژییەکەی نزیکەی (٢٠٠م)ە. بەشێکی ڕووخاوە و لە ئێستادا نزیکەی (٨٠م)ێکی ماوە. هەشت دۆنم باخ و زەوی کشتوکاڵی ئاودەدات.

فەقێ

کەوتووەتە ناو چەمی دەوەرە. پێشتر بە کانی ئەڵڵا وەیس ناوبراوە. لەنێو باخی فەقێ لە باشوری گوندی (چنار) هەڵکەوتووە. کانییەکی هەمیشەییە و بە ئاڕاستەی ڕوباری سیروان دەڕوات. ئاوێکی زۆری هەیە، لەسەرچاوەکەیدا وەک کارێزی لێکراوە، بە بەرد ڕێڕەوی ئاوەکەی لەژێر شاخەکەدا هەڵچنراوە، خانەباخێکی تێدایە و زۆرجار خەڵکێکی زۆر تێیدا دەمێننەوە بەتایبەت ئەوانەی، کە بۆ شاخڕەوی دەچنە چەمی دەوەرە.

قاڵاوا

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (هانەنەوتێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (٩١٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەسەر دروستکراوە بە ڕووبەری (٣ بە ٨م) و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی بەردەمی بەکاردێت و لە کۆتاییدا دەڕژێتە نێو چەمی هانەنەوتێ و دەرەقەیسەر. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (گوندی دەرەقەیسەر و دۆڵی هانەنەوتێ و بنجەودڕەی) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی دەرەقەیسەر و زەردەهاڵ) و لە باشورەوە (گوندی هانەنەوتێ و کانی یەوەجەڕێ و سەروەزەن و دووەچڵە و تووەسیاو دۆڵە درێژە) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی بیارە و کانی باخی سان و دۆڵی بێزەل و ئاتەشگا و دۆڵی باواندەرە).

قاڵاوڵێ

کەوتووەتە گوندی سەرگەت و چەمی شێراو. چەند کانییەکی وردن. وەرزی و کاتین. لە پشت کانی (هەمەشوانە)وەن. کاتێک دەتەقن، کە بارانێکی زۆر ببارێت لەنێوان (٨٠ بۆ ٩٠ملم) لە ڕۆژێکی دیاریکراودا بەتایبەت، کە باران بارین لە ساڵێکی ئاویدا، ڕێژەکەی لە (٧٠٠ملم) زیاتر بێت. ئەم ئاوە حەوزی ژێرەوەی شاخەکە پڕدەکات و دێتەوە سەر. خەڵکی ناوچەکە دەڵێن (قاڵاوڵی تەقاینی) و ئاوەکەی لەم شوێنەوە هەڵدەقوڵێت، کاتێک ئاستی ئاوەکە دابەزی لە ناوەڕاستی بەهار و سەرەتای هاویندا، ئەم سەرچاوە ئاویانەش وشکدەکەن.

زیاتر بزانە
سەرچاوەی ئاو

قامیشلە

کەوتووەتە ناو گوندی (میری سور). کانییەکی دەستکردە و بە هێز و بازووی حاجی خەلیفە حەمە کریم بە بەکارهێنانی پیک و پاچ و بێڵ و قڵنگ و تەقینەوە، ئاوەکەی دەرهێنراوە. کانییەکی هەمیشەییە و وشکناکات. بۆ ئاودێریی کشتوکاڵ و باخداری و ئاژەڵداری و خواردنەوە بەکارهاتووە و تا ئێستاش بەدەستی بنەماڵەی ناوبراوەوەیە. بە کانی میرانیش ناودەبرێت.

قامیشڵە

کەوتووەتە سنوری زەوییەکانی بانیبنۆک. بەڵام بەهۆی لێژیی زەوی و تۆبۆگرافیای بەرزی بانیبنۆک، ئاڕاستەی ئاوەکەی ڕووبە گوندی بەردەبەلە و جوتیارەکان بۆ کشتوکاڵکردن بەکاریدەهێنن. سەرچاوەی ئاوەکەی چیاکانی سورێنە و ئاوەکەی هەمیشەییە. لە ئێستادا دەغڵودانی پێ ئاودەدرێت. بەڵام لە ساڵانی کۆندا ئاوەکەی بۆ توتن بەکارهێنراوە. دوو جۆگەی لێ دەبێتەوە؛ جۆگەی ئاوایی یان قامیشەڵە و جۆگەی شاخە بەڕەزا. جۆگەی دووەمیان بۆ زەویەکانی شێخ یەحیا دەڕوات، کە چەند ماڵێکی تێدایە و بووەتە ئاوەدانییەکی بچووک.

قایلەخان

کەتووەتە باکوری گوندی (بانیبنۆک). بە بەرد بەشى سەرەوە و لاتەنیشتەکانی هەڵچنراوە. درێژییەکەی نزیکەی (٣٠م) دەبێت و مێژوویەکی ١٠٠ ساڵەی هەیە. دەوترێت ناولێنانەکەی لەوەوە هاتوه،‌ کە کەسێک بەناوی (قادرخان)ـەوە هەڵیکەندەووە. خاوەنداریەتى بۆ بنەماڵەى شێخ مەحموود دەگەڕێتەوە، لەسەر ئەرکی مەلا عومەری بانیبنۆک حەوزێکی گەورەی لەبەردەمدا بۆ کراوە. بۆ خواردنەوە و ئاودانی ئاژەڵ سودیلێوەردەگیرێت.

قەلەندەری

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار). دەوترێت ناوەکەی بۆ کەسایەتیی کاکەیی (عالی قەلەندەر) دەگەڕێتەوە، کە لە هاوار ژیاوە و مۆردی بڵاوکردووەتەوە، چونکە لە شوێنەکەدا دوو پەلە مۆرد هەن، کە یەکێکیان بەرەکەی سپییە.

پێشتر 1
...
15 16 17
...
51 دواتر