سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

سۆفی ئەحمەد

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێن. لە بن شاخی بەڕەزاوە هەڵدەقوڵێت. کانییەکە هەمیشەییە. شوان و ڕێبوار زیاتر سودیلێوەردەگرن و لە سەنتەری گوندەکەوە دوورە. بەناوی پیاوێکی ناوداری گوندەکەوە ناونراوە، کە ڕیشەی بەردەبەلییەکان بۆ نەوەکانی ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە.

سیانی حاجی حەمەئەمین

بە دووریی پێنج کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (بانیشار). لەلایەن پیاوێکەوە بە ناوی حاجی حەمە ئەمینەوە دروستکراوەوە و ناوی ئەوی بە بەردا بڕاوە. درێژییەکەی زیاتر لە (١٠م) مەتر دەبێت. بە بۆری ئاوەکەی براوەتە گوندی بانیشار و بۆ خواردنەوە سودیلێوەردەگرن.

سیانی حاجی ڕەشید

بە دووریی پێنج کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (بانیشار)ەوە. مێژووی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو. درێژییەکەی نزیکەی(١٠م) مەتر دەبێت. ساڵی ١٩٩٦ بە بۆری ئاوەکەی براوەتە گوندی بانیشار و بەتۆڕی ئاو، بەسەر ماڵەکاندا دابەشدەکرێت. خاوەنداریەتی بۆ حاجی ڕەشید دەگەڕێتەوە و ناوی ئەوی بە بەردا بڕاوە.

سێکوچکانا

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١١٣٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەسەر دروستکراوە بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت. دواتر دەڕژێتە چەمی خەرپانی و لە خۆرهەڵاتەوە چیای بەنەن و لە خۆرئاواوە کانی دووەچڵە و سەروەزەن و لە باکورەوە کانی یەوەجەڕێ و لە باشورەوە کانی کەمانگەرا و شێخ مەرزە دەورەیانداوە.

سێمارەوار

بە دووریی نزیکەی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری شارەدێی (تەوێڵە). ڕێگای خۆڵی لە سەیرانگای ئاوێسەرەوە بۆ ڕۆشتووە و دەوروبەری کراوەتە باخی گوێز. (١٨١٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخە گوێزەکانی دۆڵی سێمارەوار بەکاردێت و دواتر دەڕژێتە نێو چەمی چنار (ئاوێسەر) لە دۆڵی ئاوێسەر.

شاخۆشین

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار). بە ناوی شاخۆشینی لوڕستانی کەسایەتیی پیرۆزی یارسانییەوە ناونراوە، کە لە چارەکی یەکەمی سەدەی پێنجەمی کۆچیدا بۆ سەردانی کاکەییەکانی شارەزوور هاتووەتە هاوار. لە تاپۆی زەوییە بەراوەکان و باخەکاندا بە کانی هەنجیرە گەورە ناوبراوە.

شاهەنشا

کانی و ئاوێکە لە خوارووی گوندی (هاوار)ەوە. بە دەستی نەوەکانی سۆفی ڕەحیمی کوڕی سۆفی ڕەشیدی پیرسمایلییەوەیە. شوێنی بارگە و خەڵوەتگەی سان ساهاک و یارانی بووە. زیارەتکارانی یارسانی لەم شوێنە ڕازونیاز بە تەمبورەوە دەڵێنەوە. لە یەکێک لە کەڵامەکانی بارگەبارگەدا ناوی هاتووە.

شاوەیس

کەوتووەتە‌ گوندى تەپە سەرقوڵە، یەکێکە لەکانیەکان، کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکە ساڵانی سی و چلەکان و دواتریش، کانییەکی گرنگبووه،‌ ئەوکات ئاشی تێدابووه،‌ ئاشەکە بەئاو ئیشی کردووە، لەڕێگەی ئەو ئاشەوە توانیویانە پێداویستیەکانی خۆیان هەم لە چەڵتوک یان گەنم لەوئاشەدا بهاڕن، بەڵام ئێستا کانییەکە وشکبووە. پاشماوەی ئاشەکەش تا ئەم چەند ساڵەی دواییەش مابوو. لەگەڵ ئەوەشدا کانییەکی ترسناکە، چونکە نزیکە لەقەبرسانەوە. خەڵکی ئەوکاتە هەر کەسێکیان مردووه،‌ لەوێدا ناشتویانە وەک قەبرسانی لێهاتوە، ئێستاش پاشماوەی قەبرسانەکە ماوە، کەس ناوێرێت بەشەو سەردانیبکات.

شەخسی گوڵپ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (گوڵپ) و لە تەنیشت گۆڕستانی گەورەی گوندەکەدایە. ئاوەکەی بە ڕێگەی کارێزلە (کانی حەوزە درێژ) بە دووریی (٢٥٠م) بۆ گوازراوەتەوە. لەسەر حەوزەکەی داربەڕوویەکی بەتەمەنی لێبووە و تا بارکردنی و ڕگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ تەڵانێکی بەشێوەی کەڵەکە بەرد بۆ کراوە و بە تەڵانی (حەمەڵە وردیکڵە) ناسراوە. بەهۆی نۆژەنکردنەوەی حەوزەکە داربەڕووە‌کە وشکبووە.

شەکرالی

کەوتووەتە سنوری گوندی (شەکرالی) و بەشی سەرەوەی گوندەکە. چەند ساڵێک وشکی کردووە و ساڵی ٢٠١٩ ژیاوەتەوە. سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بووه،‌ تا ٢٠١٠ بیری ئیرتیوازی لێدراوە.

شەڵواندڕ

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٣٠٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی حەوزێکی لەسەر دروستکراوە بە ڕووبەری (٥ بۆ ١١م) و بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی بەردەمی بەکاردەهێنرێت. لە خۆرئاواوە لوتکەی هەربەدۆڵ و گوندی سەرگەت و لە باشورەوە دۆڵی شەڵواندڕ و لوتکەی کەمەرەسهوور و لە باکورەوە هانە توتمان و قەڵای داڵ و لە خۆرهەڵاتەوە هانەی نسار تاریک دەورەیانداوە.

شەڵم

کەوتووەتە سنوری جوگرافیی گوندی(ریشێن)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). سەرچاوەی ئاوەکە لە خۆرئاوای گوندەکەوە لە ژێر چەند تاشە بەردێکدا هەڵدەقوڵێت، کە بە(کونی شەڵم) ناسراوە لە گردی (ڕیشێن). پاشان دەڕژێتە ناو جۆگایەکی کۆنکرێتی، کە زەوییە بەراوەکانی گوندەکانی (قەدەفەری و گردەنازێ و عەلیاوا) سودیلێدەبینن.

زیاتر بزانە
سەرچاوەی ئاو

شەمام

کەوتووەتە گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرهەڵاتی گوندەکە. (٨٨٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەگەڵ ئاوی تاڤگەی زەڵم و بە دۆڵی زەڵمدا تێپەڕدەبێت و لە خۆرهەڵاتەوە قەڵای سولێ و دۆڵی گۆڕیچە و لە خۆرئاواوە گوندی زەڵم و لە باشورەوە گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و لە باکورەوە تاڤگەی زەڵم و کانی قوڵقوڵە و ئیبراهیم و دۆڵی کەڕەجاڵ دەورەیانداوە.

شەمێ

کەوتووەتە گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). کەوتووەتە ناو دۆڵی شەمێ لە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (بەڵخە) و باخی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی شەمێ. (١٤٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی سەرچەمە و ژنانەشەل و مێشلە) و لە باشورەوە (دۆڵی شەمێ) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخە و دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە خۆرهەڵاتەوە (قەڵای شاتری و دۆڵی بلە) دەورەیانداوە.

شیرەمەڕان

کەوتووەتە بەشی نزاری گریانە و شاخی (چاڵان). لە قەدپاڵێک و کانییەک و ئەشکەوتێک پێکدێت. هەرسێکیان بە هەمان ناو ناودەبرێن. لەم شوێنەدا ئاژەڵەکانیان دۆشیوە و بەهۆی زۆریی شیری مەڕەکانەوە پێیگوتراوە (شیرەمەڕان) بە واتای (ئەشکەوتی شیران). یان هەندێکی دیکە پێیانوایە ناوەکەی لە هەورامیەوە هاتووە چونکە (مەڕ) بە واتای (ئەشکەوت) دێت.

شێخ بەهائەدين

کارێزە. کەوتووەتە نێوان گوندى خارگێڵان و نارنجڵەوە، بەناوى شێخ بەهائەدینەوە ناونراوه،‌ کە له ‌ساڵانى ١٩٢٠ بۆ ١٩٤٠ڕۆڵى هەبووە لە هەڵکەندنیدا، بەڵام لە ئێستادا موڵکدارییەکەی بۆ حاجى محەممەد گوڵپى دەگەڕێتەوە. نزيکەى (٧٩٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

شێخ جافر

کەوتووەتە سنوری گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ‌ناحیەی (بیارە). بەناوى خاوەن موڵکەکەوە ناونراوە. سەرچاوەى ئاودێريکردن و ئاوى خواردنەوەى خاوەن موڵکەکە بووە، (١٠٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

شێخ حەمەساڵح

کەوتووەتە ناو باخانی گوندی سازانەوە. لەگەڵ کانییەکانی دیکەی نێو چەم لە باخی شێخ حەمەساڵح ئاوەکەی یەکدەگرێت و ژمارەیەک باخ ئاودەدات، بەتایبەت کانی سەروەزەن و چاوگ. بەشێک لە ئاوەکەی بۆ بنکەی پاسەوانیی سنور براوەتەوە.

شێخ حسامەدین

کەوتووەتە گوندی (باخەکۆن)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە)، لە خۆرئاوای گوندەکەیە و مەرقەد و خانەقای شێخی لەسەر دروستکراوە و دوو حەوزی بە دیزاینێکی جوان بە بەردی گوندەکە بۆ دروستکراوە. یەکێکیان بە ڕووبەری (٨ بە ٢٠م) و دووەمیان (٢، ٨٠ بە ٤م) و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانیدەکەن و (١١٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدایە بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (چیای لەشکرگا و سافا و دۆڵی ئاوێزە و لوتکەی چیچەخەنینە) و لە خۆرئاواوە (چیای ملەی قڕاڵ و تفەقەتارا) و لە باشورەوە (دۆڵی باخەکۆن و شوێنەواری ماڵی کەنعان) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی تایلەی خـەرمانگا و گوندی گەچێنە).

شێخ خامۆش

کەوتووەتە نێو گوندی ڕێشاو. لەبەردەم مەرقەدێکە، کە پێیدەوترێت مەرقەدی شێخ خامۆش. باخەکانی ناوچەکە ئاودەدا. بەردە نوێژی تێدایە و کانییەکی هەمیشەیی گوندەکەیە.

پێشتر 1
...
14 15 16
...
51 دواتر