سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

50 بابەت

حەوزەکە ٢

کانيیەکى هەميشەييه. کەوتووەتە باشورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). حەوز و ئاوێک بووە، کە خەڵکى وەک شوێنى پشوودان و نوێژکردن بەکارييانهێناوە. موڵکى گشتیيە، کە تەنها سەکۆيەک بووە و حەوزەکەيش کەوتووەتە ناوەندى سەکۆکە و چەترێکى وەک سەقف بۆ کـراوە و وەک مزگـەوتيش بەکارهاتووە.

خەياران

کانیيەکى هەميشەييە. کەوتووەتە باکورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و نزيکەى سێ کيلۆمەتر لە سەنتەرى گوندەکەوە دوورە، بەهۆى ئەوەى زەويیەکانى بەردەمى بەزۆريى لەباربوون بۆ بەرهەمهێنانى خەيار و کراون بە خەيار، ناونراوە کانى خەياران.

خوارنگ

کانيیەکى هەميشەييە. کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و نزيکەى (٥٠٠م) لە ناوەندى گوندەکەوە دوورە. موڵکى گشتیيه.‌ بەهۆى هەبوونى کانيیەکى تر لە سەروويەوه،‌ بەم کانيە وتراوە کانى خوارنگ (خواروو). بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و ئاودانى ئاژەڵ بەکاردێت.

خووکوژياو

کانيیەکى هەميشەييە. کەوتووەتە خۆرئاواى سەنتەرى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و بە دووریی (٤٠٠م) لە ناوەندی گوندەکەوە دوورە. موڵکى گشتیيه. بەهۆى ئەوەى له ‌ڕابردوودا لەلايەن دانيشتوانى گوندەکەوە ئاژەڵێک، کە بە (بەراز: خووگ) بەناوبانگبووە، لەنزيک ئەم کانيیەوە کوژراوە، ئيتر دانيشتوانى گوندەکە بەزمانى ناوچەيى خۆيان بە کانى خووکوژياو يان خووکوژياگ ناويان هێناوە.

ڕۆنينە

کانیيەکى هەميشەييە. کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و کەمتر لە کيلۆمەترێک لە گوندەکە دوورە و کەوتووەتە سەر ڕێگەى نێرگسەجاڕ ـ قارەمانى. موڵکى گشتیيە بەهۆى ئەوەى، کە ئاوەکەی چەوربووە، ئەو ناوەی لێنراوە. ئاوەکەى بۆ خواردنەوەى ڕێبوارانى سەر ڕێگەى ناوبراو بەکاردێت‌.

زريسکێ

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لە تەنيشتى گوندەکەدايە و به ‌دووریى (٦٠٠م) و موڵکى گشتیيە، خەڵکى گوندەکە سودێکى زۆريان لێبينيووە بەتايبەت ژنانى گوند، کە بۆ ئيشوکارى ڕۆژانە بەکاردەهات، بەهۆى ئەوەى چەند بنە دار زريسکێک بە دەورى کانيیەکەوەيه،‌ هەر لە کۆنەوە بە کانى زريسکێ ناسراوە.

سەرقەوەز

کانيیەکى هەميشەييه. کەوتووەتە باشورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و لەتەنيشت گوندەکەدايە، وەک کانى ژنان بەکارهاتووە‌، بەهۆى ئەوەى قەوزەى زۆر بووه،‌ بە سەرقەوەز ناسراوە.

شێخ شوکره ‌

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى گوندى کاگردەڵ و نزيکەى (٥٠٠م) دوورە لە گوندى کاگردەڵ و خۆرئاواى گوندى (دوانزەئيمامى سەروو)، خاوەندارێتيەکەى بۆ هەموو گوندەکەيە و ئاوەکەى هەميشەييە و دەچێتەوە سەر چەمى کارێز و نزيکەى ٤٠٠ دۆنم زەوى کردووە بە بەراو. ناوەکەى بەهۆى بوونى گۆڕى پياوچاکێکەوە ناونراوە، که ‌ناوى شێخ شوکرە بووە و گۆڕەکەى، کەنزيکە له ‌کانيەکەوە، وەک مەزارگەيەکى پيرۆزى لێهاتووە.

شێخ عەبدولکەریم

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گو‌ندى (گورگەچيا) و دوو کيلۆمەتر لە گوندەکەوە دوورە، بۆ کشتوکاڵ و ئاودێرى و خواردنەوەش بەکاردێت و کانيیەکى هەميشەييە و بەناوى پياوچاکێکەوە ناونراوه،‌ کە گۆڕەکەى لە نزيک کانيیەکەوەيە.

عومەرى حەمەى حەسەن

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندى (دوانزەئيمامى سەروو) لەسەر چەمى پيرمکايڵە و لەنێوان گوندەکە و گوندى کاگردەڵدایە‌، ئەگەرچى کانيیەکە موڵکى گشتيە، بەڵام بەهۆى ئەوەى کەوتووەتە ناو زەويیەکانى کەسێک بەناوى عومەرى حەمەى حەسەن، هەر بەناوى ئەو کەسەوە ناونراوە. ئاوەکەى هەميشەييە و بۆ کشتوکاڵ و خواردنەوەش بەکاردێت، نزيکەى ١٠٠٠ دۆنم زەوى کردووە بە بەراو.

کانى بەلوعا

کەوتووەتە ناو کانى ژنانى گوندى (نێرگسەجاڕ)‌، موڵکى گشتیيە و بۆ ئاوخواردنەوەى دانيشتوانى گوند و کاروبارى مزگەوت بەکاردێت. کانيیەکى هەميشەييە و کراوە بەدوو بەشەوە، بەشێکى بۆ مزگەوت و بەشەکەى ترى بە بۆرى ڕاکێشراوە بۆ بەکارهێنانى ماڵەکانى گوند، هەر بەو هۆيەوە بە کانى بەلوعا ناودەبرێت.

کانیژنان ٥

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندى (کاگردەڵ) و نزيکەى يەک کيلۆمەتر دوورە لە گوندەکەوە، ئاوەکەى هەميشەييە و بەهاوبەشى لەگەڵ هەندێک کانی وردی ديکە نزيکەى ٧٥٠ دۆنم زەوى کردووەتە بەراو.

کانیسارد

کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (نێرگسەجاڕ)، بۆ خواردنەوە و ئاودانى کشتوکاڵ و باخداريى بەکارهاتووه. موڵکى گشتيیە و ئاوەکەى هەميشەييە و بەهۆى ساردى ئاوەکەيەوە، ئەو ناوەی لێنراوە.

کانى سەدەکە

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى گوندى (ئيمامى زامن) و يەک کيلۆمەتر لەگوندەکە دوورە، بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵکردن بەکارهاتووە‌ و ئاوەکەى هەميشەييە. (کەریم عەبدوڵا عەبدولڕەحمان و کەریم عەبدوڵا خاسە) بەربەستێکی بچوکيان لەسەر دروستکردووە، بەو هۆيەوە بە کانى سەدەکە ناسراوە.

کانى مەلا

کەوتووەتە ‌ناوەڕاستى گوندى (نێرگسەجاڕ) و نزيک‌ مزگەوتى گوندەکه. موڵکى گشتیيە. کانيیەکى هەميشەييە، بەهۆى ئەوەى، کە لە ڕابردوودا مەدرەسەى دينى تێدا بووە و فەقێيانى ئەو مەدرەسەيە بۆ جلشتن و پێداويستیى خۆيان بەکاريانهێناوە، هەر لەبەر ئەمە ئەو ناوەی لێنراوە.

کانيیە ڕەش

کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (زەمەقیى سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). نزيکەى (١٧٠٠م) دوورە لە گوندەکەوە و کەوتووەتە خۆرئاواى کانى بەرگردى گوندەکە، ئاوى ئەم کانيە هەميشەييە و نزيکەى ٧٠٠ دۆنم دەکات بەبەراو، دەکەوێتە نێوان گوندى عەنەب و زەمەقیى سەروو، بەهۆى ئەوەى لە چاڵاييەکدايه،‌ سەر لە ئێوارە تاريک دەبێت، هەربۆيە ئەو ناوەی لێنراوە.

گەرماوک

کەوتووەتە ناو باخەکانى باوەکۆچەک. لە پێشتردا ئاوى کانییەکە لەگەڵ ئاوى چاوگدا تێکەڵکراوە و براوە بۆ دەشتى بەکراوا و لە ئێستادا ژمارەیەکى زۆر له ‌باخەکانى ناوچەکەی پێ ئاودەدرێت.

گەرمکە

کانيیەکى هەميشەييه. کەوتووەتە باشورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و تەنها (٤٠٠م) لە ناوەندى گوندەکەوە دوورە. بەهۆى ئەوەى ئاوەکەى لە وەرزى زستاندا گەرم بووە، ئەو ناوەی لێنراوە. لە هەمان کات کانى ژنانى گوندەکە بووە و بۆ شوشتنى کاڵا و کەلوپەلى ماڵ بەکارهاتووە‌.

گەڕاوەکە

کانیيەکى کانزايى گۆگرديى هەميشەييە. کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). به ‌دوورى (٧٠٠م) لە ناوەندی گوندەکەوە هەڵکەوتووە. موڵکى گشتییە. بەهۆى هەبوونى تواوەى گۆگرديى تيايدا بۆنى ناخۆشە و بۆنى هێلکەى کوڵاو دەدات، بەڵام خەڵکى گوند و خەڵکانى دەرەوەى گوندەکەيش بۆ نەخۆشيەکانى پێست بەکاریدەهێنن.

گوێزێ

کانيیەکى هەميشەييە. کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و موڵکى گشتیيە و کەمتر لە يەک کيلۆمەتر لە ناوەندى گوندەکەوە دوورە، کانيیەکە بۆ ئاودێرى کشتوکاڵى تەڕەسازى وەک سەوزە و تەماتە و خەيار بەکارهاتووە‌، بەهۆى ئەوەى دارگوێزێکى گەورەى تێدا ڕوواوە، ناونراوە کانى گوێزێ.

پێشتر 1 2 3 دواتر