سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

حامی

یەکێکە لە کانیاوەکانی شارۆچکەی (بیارە) و کەوتووەتە باشوری شارەکە و دەڕژێتە چەمی بیارەوە، (١٠١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

حەمەڕەش

کەوتووەتە گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکەوە. (١٠٠٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی، بەکاردێت. دەڕژێتە چەمی خەرپانی و لە باشورەوە هەسارە گۆرێ و کانی مچەڕەش و نساری سەرچەمە و لە باکورەوە کانی هۆبە و کانی ڕوەنینە و کانی دەروێش عەلی و هانەنەوا و مەزاری شێخ عەبدوڵای خەرپانی و لە خۆرهەڵاتەوە کانی محمود و هەساری چەوتانی و لە خۆرئاواوە کانی کانی سەرچەمە و هەڵوچە و وەرقیبلە دەورەیانداوە.

حەمەسەلیم: کاسم سیاوە

کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرئاوای شارەدێی (تەوێڵە). باخاتێکی چڕی گوێز لە بەشی خۆرهەڵاتی چلانە ئاودێریدەکات و پاشان دەڕژێتە چەمی تەوێڵەوە، (١٤٣١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

حەمەعەلی

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١١٤١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی بەردەمی بەکاردێت و لە کۆتاییدا دەڕژێتە نێو چەمی دەرەیمەڕ و سەرگەت، لە باکورەوە گوندی دەرەیمەڕ و ئەشکەوتەکانی و بانی دەرەیمەڕ و لە باشورەوە گوندی سەرگەت و هانەیدن و کانی کلکەو ئەسپی و هەمەشوانە و لە خۆرئاواوە لوتکەی بابازەردەڵە و گوندی زەڵم و لە خۆرهەڵاتەوە سەرسیپە و دۆشتڵێ و چیای لەنگەلەرز دەورەیانداوە.

حەمەلاو و ڕەحیم

دوو ئەستێڵن لە نزیک یەکتر. دەکەونە گوندی چنارەی زێڕوون لە بناری چیای سورێن. ئاوەکەیان هەمیشەییە و ئەستێڵی بۆ کراوە. لە نزیکیەوە کانیەکی دیکە بەناوی ڕەحیم هەیە.

حەمەوەیس ١

لە چەمی بیارەوە هەڵدەقوڵێت. ئاوێکی زۆری هەیە و یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی ئاوی چەمی بیارە. ئاوەکەی بە بۆری بۆ نێو مزگەوتی (خانەقای بیارە) ڕاکێشرا و بە ئاوێکی سووک و تەندروست ناوی دەرکردووە. سارد و سازگارە. لەلای سۆفی و شێخ و دەروێشەکان بە پیرۆز سـەیری کانییەکە دەکرێت.

حەمەوەیس ٢

کەوتووەتە باشوری گوندی (گێڵەک)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). دەیان ساڵە وشکینەکردووە. لەبەردەمیدا حەوزێک دروستکراوە. بۆ ئاودێری سودیلێوەردەگیرێت.

حەمەوەیس ٣

کەوتووەتە گوندی چنارەی زێڕوون لە بناری چیای سورێن. لە پشتی کانی مەلاحسێن هەڵکەوتووە. بۆ ئاژەڵداری و خواردنەوەی ناو گوند و باخداری بەکاردێت.

حەمل

نزیکەی کیلۆمەترێک لە باشوری گوندی (هانەسورە)وە دوورە. هەتا سەرەتای سەدەی بیست و یەک بۆ چالاکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سودیلێوەرگیراوە؛ بەڵام لە ئێستادا بۆ ئاودانی ئاژەڵ بەکاردێت، کە کانییەکی هەمیشەییە و تێکڕای لەبەرڕۆشتنی بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت. حەوزێکی بۆ کراوە بۆ کۆکردنەوەی ئاو و هەروەها چەند درەختێکی توو لەنزیکی کانییەکە هەیە و لە وەرزی بەهاردا شوینێکی گرنگیی گەشتیارییە بۆ دانیشتوانی ناوچەی نەورۆڵی و شاری هەڵەبجە، نزیکەی (٨٨٠م) بەرزە لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

حەوتە

کەوتووەتە‌ (گوندى پشتە) لەديوى پشتەوەى شاخەکانى (بەمۆ)‌. کانياوێکە ئاوەکەى له ‌وەرزى زستاندا به ‌گەرمى دەمێنێتەوە و بۆ خۆشتن بەکاریدەهێنن.

حەوت کانی

حەوت کانین. دەکەونە ناو چەمی قەڵا لە باکوری گوندی (پشتە). سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی گوندەکەیە.

حەوزەدرێژە

کەوتووەتە سنوری گوندی (گوڵپ)ی سەر بە هەورامانەوە. بە (کانی ناو مزگەوت)یش ناودەبرێت. بەشێوەیەکی فۆلکلۆریی ناوچەی هەورامان و بە بەکارهێنانی بەرد و دیمەک، دیوارێکی بازنەیی و حەوزێکی خڕی بۆ دروستکراوە. ئاوەکەی بەشێکی بۆ (مزگەوتی گوڵپ) دەڕوات و بەشێکی زۆریشی بەڕێگەی کارێزێکەوە بە ناوەڕاستی گوندەکەدا دەڕوات. بە دووریی (٢٥٠م) گوازراوەتەوە بۆ لای گۆڕستانی گوندەکە. بەهۆی زۆری ئاوەکەیەوە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ ئاودانی توتن و گەنم بەکارهاتووە.

حەوزە سەرینە

کەوتوەتە باکوری گوندی (بانیشاری کۆن). لەبەر ئەوەی لە کاتی خۆیدا حەوزی بۆ دروستکراوە و لەبەشی سەرەوەی گوندەکە بووە ئەو ناوەی لێنراوە. لەکاتی ئاوەدانی گوندەکەدا ئاوی لێوە ڕأکێشراوەتە مزگەوتی گوندەکە و لە ئێستادا بەهۆی نـەمانی ئاوەدانی لـە بـانیشاری کـۆندا، تەنها ئـاژەڵـەکـانی گوندەکە سودیلێوەردەگرن.‌

حەوزەکەی شێخ حسین

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (شەشکی خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (شێخ حسێن)ی دامەرزێنەری گوندەکه. دانیشتوانی گوندەکه پێش دروستکردنى مزگەوت چوونەتە سەر ئەم کانییە و ساڵانێکى زۆر‌ لەجیاتی مزگەوت بەکاریانهێناوە. بۆ خۆشتنن و جلوبەرگ شتنیش بەکاریانهێناوە.

حەوزەکەی مامۆستا

کەوتووەتە گوندی چنارەی زێڕوون لە بناری چیای سورێن. بە کانی مەلاحسێنی ئەحمەد بەناوبانگە. بۆ ئاژەڵداری و خواردنەوەی ناو گوند و باخداری بەکاردێت.

حەوزی پیاوان

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (کوڵکنیی حاجی حەمەسور) بە دووریی ٣٠ مەتر لە کانی میمکە خەمە هەڵکەوتووە. بڕی ئاوەکەی زیاتر لە ١٥ ئینج دەبێت و سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاودێری گوندەکەیە. بەردەنوێژی بۆ کراوە و ئاوی چەندین زەوی و باخ دەدات و پاشان دەڕواتەوە سەر چەمی زەڵم.

حەوزی مزگەوت

کەوتووەتە گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) و کەوتووەتە نێو گوندەکە، (٩٤٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی حەوزێکی لەبەردەمدا دروستکراوە (هەساری)، کە ڕووبەرەکەی (٤.٣٠ بە ٦م) دەبێت و ئاوی کۆدەکاتەوە و بۆ کارەباری مزگەوت و ئاودێریکردنی باخێک کە لەبەردەمیدا دروستکراوە بەکاردێت.

خاتوونە ئایش

بە دووریی دوو کیلۆمەتر و نیو کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندى (پريسى خواروو). سەرچاوەی ئاودێری و ئاودانی مەڕوماڵاتە، بەناوی ئەو ئافرەتەوەیە، کە نۆژەنیکردووەتەوە. گۆڕی ئافرەتەکەش لەتەنیشتی کانییەکەوەیە و وەک مەزارێکی پیرۆز لێی دەڕواندرێت. بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنەکەی و گونجاویی زەوی و زارەکانییەوە لە ساڵانی پێشوودا، بۆ ئاودێریی زەویەکانی پاش خۆی پشتیانپێبەستووە، کە نزیکەی ١٠٠ دۆنم زەوی دەبێت.

خاڵۆسان

بە دووریی هەشت کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (٢٠٢٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە سەر ڕێگای نێوان گوندی (یاڵانپێ) و مەرزی (مڵەخورد).

خانە

بە دووریی چوار کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (پشتە)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ لەوێوە هەڵدەقوڵێت. دەیان ساڵە هەیە و ئاوەکەی وشکینەکردووە، لە تەختایيەکدایە و لەبەر ئەوەى خاوەندارى نيیە، بۆیە بە گشتی خەڵکی گوندەکانی سنوری بەمۆ و شاخەوان و ڕێبواران و ئاژەڵە کێوییەکان سودیلێوەردەگرن.

پێشتر 1
...
5 6 7
...
24 دواتر