سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

خەلیل

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، (١١٣٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ پێداویستیی خانو ماڵ و ئاودێریکردنی باخ بەکاردەهێنرێت، لە خۆرئاواوە گوندی سەرگەت و لە باشورەوە هەربەدۆڵ و لە باکورەوە چیای لەنگەلەرز و گوندی دەرەیمەڕ و ئەشکەوتەکانی و لە خۆرهەڵاتەوە شەڵواندڕ و هانە توتمان دەورەیانداوە.

خەوگە

بە دووریی نزیکەی هەشت کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (١٩٧٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە کەوتووەتە سەر ڕێگای نێوان گوندی (یاڵانپێ) و مەرزی (مڵەخورد).

خەیری زینە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی نەوێ. بە هاوین ئاوێکی سازگاری هەیە. دێتەوە سەر چەمی نەوێ. بۆ هیچ مەبەستێک بەکارنایەت تەنها ڕێبوار و ئاژەڵدار سودیلێوەردەگرن و باخی بەراوی لەبەردەم نییە. بەناوی نەزەرگەی خەیری زینەوە ناونراوە.

خواجە

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، (١١٢١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخەکان بەکاردەهێنرێت، لە باشورەوە هەربەدۆڵ و لە باکورەوە گوندی دەرەیمەڕ و ئەشکەوتەکانی و لەنگەلەرز و لە خۆرئاواوە گوندی سەرگەت و لە خۆرهەڵاتەوە شەڵواندڕ و کانی هانە توتمان دەورەیانداوە.

خواکەرەم

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) لە ناو چەمی (باخی سەفەر)ە. وەک هاوینەهەوارێک وایە. ئاوەکەی هەمیشەییە و باخی مزگەوت ئاودەدات. لەگەڵ ئاوی کانی (ڕاگا) دەبنەوە بەیەک و بە ناو چەمەکەدا تا (بانی کۆڵ) دەڕوات و لەوێ دووبارە ئەستێڵی بۆکراوە.

خوگەلانی سەرین

کەوتووەتە گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە) و کەوتووەتە نێو دۆڵی وەزەنێ لە باکوری خۆرئاوای سەیرانگای (وەزەنێ) و باخێک ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی وەزەنێ. (١٣٠٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (دۆڵی وێڕگا) و لە باشورەوە (دۆڵی کۆچێ حەمەڕەزای) و لە خۆرئاواوە (کانی مەلاتایر) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی وەزەنێ) دەورەیانداوە.

خوگەلانی وارین

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە) و کەوتووەتە نێو دۆڵی وەزەنێ لە باکوری خۆرئاوای سەیرانگای (وەزەنێ) و باخێک ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی وەزەنێ. (١٢٦٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (چێشتخانەوڕێستۆرانتی هانا) و لە باشورەوە (دۆڵی وەزەنێ و سێ سەلام) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی وێڕگا) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی جانێ و هانەتازە) دەورەیانداوە.

دارمازەڵەکە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (سەعدوا) لە بناری چیای (خۆشک). سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەیە.

دەراش

کەوتووەته سەنتەری گوندی (پریسی سەروو)وەوە بە (١١٧م) لەخوار کانی (جان)ەوه. (٧٧٥م) له ‌ئاستی ڕووی دەریاوه بەرزە. کاتێک لەگەڵ ئاوی کانییەکانی (جانە، چەرمەڵ) یەکدەگرن زیاتر لە ١٢٠ جوتیار بە هەر سێ ئاڕاستە‌ی (باکور، باشور، خۆرئاوا) بە مەبەستی ئاودێری سودیلێوەردەگرن. ئەگەر بە تەنها ئەم کانیە وەرگرین ئەوا نزیکەی نۆ جوتیار بۆ ئاودێری پشتیپێدەبەستن، کە ئاڕاستەکەی بەرەو باکور درێژدەبێتەوە، هۆکاری ناو لێنانی بۆ بوونی ئاشێک لەو شوێنەدا دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەی وەک شوێنێک بۆ حەوانەوەی دانیشتوانی گوندەکە بەکارهاتووە، هاوکات وەک شوێنێکی گەشتوگوزاری بایەخی هەبووە، لەم کانیەدا دارێکی تێدایە تەمەنی بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە.

دەرەبۆڵان

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرئاوای گوند (گردەناوێ). مێژوویەکی دێرینی هەیە. لەبەردەمیدا حەوزێک بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکراوە. خاوەنداریەتی بۆ چەند کەسێکی گوندەکە دەگەڕێتەوە. بۆ ئاودانی ئەو باخانە بەکاردەهێنرێت، کە کەوتوونەتە بەردەمی. بەهۆی ئەوەی لەسەر چەمێک هەڵکەوتووه،‌ کە هەندێک ڕزەدێمی تێدایە، ئەو ناوەی لێنراوە.

دەرەسەر

کەوتووەتە باکوری گوندی (هاوارەکۆن)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە ناو چەمێک لە سەرووی گوندەکەوە، ئەو ناوەی لێنراوە. زیاتر لە ٢٠ دۆنم لە باخەکانی بەردەمی سودیلێوەردەگرن. چەندین ساڵە وشکینەکردووە.

دەرەقوڵە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێن. ئاوەکەی هەمیشەییە و ئینجێک ئاوی هەیە. لەچەمێکدایە، کە پێیدەوترێت دەرەقوڵە. سەرەتای چەمەکە زۆر فراوانە و زیاتر لە کیلۆمەترێک دەبێت؛ دواتر وردە وردە تەسک دەبێتەوە و تا بەرەو سەرەوە بڕوات دەبێتە نزیکەی ٢٠٠ مەتر. لەناو چەمەکەیدا هەنجیری سروشتی هەبووە بەڵام بەهۆی گۆرانکاریەکانی ئاووهەواوە لەناوچوون.

دەرەکۆرە

کەوتووەتە سنوری گوندی (میری سور). لەناوچەمی دەرەکۆرەیە و لەدامێنی قەڵای میری سورە. ئاوێکی خۆڕسکی هەمیشەیی هەیە. خاوەندارێتی بۆ یەکێک لە بنەماڵەکانی گوندەکە دەگەڕێتەوە. لە هاوین و پایزاندا ئاوێکی یەک ئینجی هەیە و لە بەهاراندا زۆر دەبێت.

دەرەهەڵیتێ

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (دەرەتفێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٣٧٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی دەرەتفێ و لە باکورەوە چیای کڵاوەبەرزە و لە باشورەوە کانی مڵکەڕەش و لوتکەی بەنەکۆرێ و گوندی دەرەتفێی کۆن و لە خۆرهەڵاتەوە کانی محەممەد و چیای داڵەڕای و لە خۆرئاواوە چیای سورەهەراڵەکە دەورەیانداوە.

دەرەو بەڵخی

کەوتووەتە سنوری شارەدێی (تەوێڵە)وە. لە سەرووی (ئاساوگا) لە چەمی (وارین). بەهۆی زۆری ئاوەکەیەوە، کە قەوزەی هەڵهێناوە و بە هەورامی بە قەوزە دەوترێت (بەڵخ) و ئەو ناوەی لێنراوە. سێ ئەستێڵی تێدایە. گەورەکەیان پێیدەوترێت (هەسارەگەورێ) و بە بەرد دروستکراوە. ئاوی لە چیای (کەمەرا زەردی) دێتە درەوە. ئاوەکەی دەڕژێتە چەمی(تەوێڵە)ەوە.

دەرەو جانێ

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). چەند باخێک ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی وەزەنێوە. (١٢٥٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (لوتکەی سیپەو سەعەی) و لە باشورەوە (دۆڵی وەزەنێ) و لە خۆرئاواوە (دەگاوهاڵی و دۆڵی وێڕگا و مۆتێل هانا) و لە خۆرهەڵاتەوە (هانەنەسرین و سەربەڵخ و وەزەنێ) دەورەیانداوە.

دەرەولێ سەرجادە

کەوتووەتە گوندی (بەڵخە) سەر بە ناحیەی (بیارە). لە بەشی باشوری گوندی (بەڵخەی سەروو) باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی بەڵخەوە. (١٥٢٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باشورەوە (دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە باکورەوە (گوندی بەڵخەی سەروو) و لە خۆرهەڵاتەوە (کانی مێشلە) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخەی خواروو) دەورەیانداوە.

دەرەی کەریم

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەتفێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٤٥٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی ئاوی بە ڕووبەری (٤ بە ١٠ م) لەسەر دروستکراوە و بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی دەرەتفێ و لە باکورەوە کانی محەممەد و چیای کڵاوەبەرزە و لە باشورەوە کانی مڵکەڕەش و لوتکەی بەنەکۆرێ و لە خۆرهەڵاتەوە چیای داڵەڕای و لە خۆرئاواوە دەرەهەڵیتێ دەورەیانداوە.

دەروێش تۆفیق

کەوتووەتە گوندی گریانە، لە خوارووی گوندی کۆنی (کەلاران) لە نزیک قەبری قوتەیە. بەناو کەسێکەوە ناونراوە. ئاوەکەی هەمیشەییە. دەڕواتەوە چەمی گریانە.

دەروێش حەیدەر

کەوتووەتە گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکەوە‌. (٩٤٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێک بە ڕووبەری (٢ بە ٣.٣٠م) لەسەر دروستکراوە بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت.

پێشتر 1
...
6 7 8
...
24 دواتر