سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

226 بابەت

شاوڵاخ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (شەکرالی). ئاوی کانیی (پاڵەوان) لە گوندی (تەپی سەفای سەروو) و جۆگەی (گەنجانی) دێتە سەر و پێکەوە درێژدەبنەوە تاکو دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخان. بەهۆی ئەوەی لەکاتی خۆیدا ڕەشەوڵاخیان تێدا لەوەڕاندووە، ئەو ناوەی لێنراوە. بەهاویندا وشکدەکات و لە زستاناندا دەبووژێتەوە.

شەڵواندڕ

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەدیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە ئەنجامی یەکگرتنی هەریەکە لە چەمەکانی (هەسانا و ملەگاو وەنێ و کێڵا و ملەپسک و کاوەو سەڵمانا و ڕاسورە و گەڵگا و شرام و چیای کەمەرە سور) دروستدەبێت. کەوتووەتە نێوان دۆڵی هەسانا و کێڵا و هانە توتمان لە باکور و ڕاسورە و لوتکەی کەڵگا و بێرواس لە خۆرهەڵات و لوتکەی مەڕەو شابازی و خۆرەتاوە گەورە و لوتکەی شرام لە باشور و چەمی هانەیدن و سەرگەت و ئەشکەوتی گاوران لە خۆرئاواوە. بە ئاڕاستەی باکوری خۆرئاوا دەڕوات و لەگەڵ چەمی سەرگەت یەکدەگرن. لە بەرزیی (١٧٩٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١١٥٥م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت.

شەمێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە نێوان چیای (کەمەر قەڵا) لە باکور و چیای (هەوارە بەرزە) لە باشوری خۆرهەڵات و چیای (بەنەن) لە خۆرئاواوە. لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە. لە یەکگرتنی ئاوی ژمارەیەک دۆڵ پێکهاتووە و لە کۆتاییدا دەڕژێنە ڕوباری سیروانەوە. درێژییەکەی نزیکەی شەش کیلۆمەترە. لە وەرزی هاویندا بۆ ئاودانی باخەکانی خوارووی گوندی بەڵخە بەکاردێت.

شنروێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە شاخی شنروێ شۆڕدەبێتەوە بە ئاڕاستەی گوندەکە، کە لە (کەلی دارە ڕەش)ەوە دەستپێدەکات دەڕوات بەرەو (قەمان، زەردەڵان، هەوارگەی بۆینیان) پاشان باخی (وەزگێڵ) دواتر بۆ کانی (مەتی خەجێ)، پاشان باخی (مامۆستا فاتیح)، پاشان دەگات بە (ئەشکەوتی کەرەماڵی) لە بەشی خۆرئاوا. پاشان بەرزاییەکانی (دووقەڵاتان) دواتر بۆ (چەمی بیران) هەتاوەکو (بنەوانێ) لەکانی (کوچەڵان)دا کۆتاییپێدێت. چەند باخێکی لەسەرە. چەمێکی سەختە، بەتایبەت لە بەشی باشوریەوە لێژیەکەی زیاتردەبێتەوە. بەتایبەت لە ناوچەی (بیران) بەهۆی لێژی و سەختییەوە خاوەن باخەکان بە (پەیژە) لە هەندێک شوێندا سەردەکەون. گروپە شاخڕەوییەکان زۆر جار چەمی شنروێ هەڵدەبژێرن. بە گشتی سەرچاوەی ئاوی دەوڵەمەندی بۆ باخداری و ئاودێری لە گوندەکەدا هەیە. وەک کانیەکانی سەرەوە، کە ئاماژەیان بۆ کراوە کانی (چەمەکەری)، کە لە لای پەیڕەوانی یارسان بە پیرۆز تەماشادەکرێت.

شوانەڕا

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە. ئاوی چەند چەمێک یەکدەگرن و چەمی (شوانەڕا) دروستدەکەن. ئاوی چەند کانیاو و چەمێکی تری دێتەوە سەر و بەردەوامدەبێت و بە سنوری گوندی (هاوار)دا تێپەڕ دەبێت. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت. لە وەرزی هاویندا بۆ ئاودێریکردنی باخەکان بەکاردێت.

شوتى دەروێش فەرەج

لەگوندى خوڵامیى ژووروەوە سەرچاوە دەگرێت و به ‌ئاڕاستەى باکورى خۆرئاوا دەڕوات و پاشان دەچێتە ناو خاکى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و تێکەڵ بە چەمى کەنەکەوە دەبێت، پاشان دەڕژێتە دەرياچەى دەربەنديخان و درێژييەکەى نزیکەی دوو کيلۆمەتر دەبێت، بەهۆى ئەوەى لە ڕابردوودا زەويەکانى تەنيشت ئەم چەمە کراوە بە شووتى و خاوەنەکەى ناوى (دەروێش فەرەج)بووە، بە چەمەکە وتراوە چەمى شووتى دەروێش فەرەج.

شوان گێڵ

یەکێکە لە لقەسەرەکیەکانی چەمی بەڵخە. لە ئەنجامی یەکگرتنی جۆگەی (مێشلە و گۆشەبرێژ) پێکدێت. چەندین کانی و کانیاوی تێدەڕژێت وەک (مێشلە، مروا بەگلەی، ژنانە شەل، شەمێ، گۆشەبرێژ، فەریح). درێژییەکەی زیاتر لە چوار کیلۆمەتر دەبێت. پاش یەکگرتنی لەگەڵ چەمی (ڕێوڵە) لە نزیک کانی (سایە قەڵا) یەکدەگرن و پاشان دەڕژێنە ڕوباری سەرەکی تەوێڵەوە. سەرجەم باخەکانی گوندی بەڵخە پشتیان بە ئاوی چەمەکە بەستووە. لە نزیک (سایە قەڵا) گوندی (پاڵانیا) لە هاوار و بەڵخە جیـادەکڵاتەوە.

شێرکوژ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (هانەسورە)، سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. یاڵەدرێژ لە چەمی هانەسورەى جيادەکاتەوە. داربەڕوو و بەڵاڵوک و قەزوانی تێدايه. لەوەڕگایەکی گونجاو و لەبارە بۆ مەڕوماڵاتی دانیشتوانی گوندەکە. دەوترێت چونکە ئاژەڵی شێری لێ کوژراوە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

قایەغە

کەوتووەتە سەرەتای ڕێگەی چاوگ و باوەکۆچەک. ئێستە لە سنوری شارەوانیی هەڵەبجەیە و بووەتە شوێنی نیشتەجێبوون، لە نزیک مزگەوتی مەحوی هەڵکەوتوە. پێشتر مێرگ و زۆنگاو بووە و قامیش و زەلی زۆر بووە. لەسەردەمی سوپای مەلیکدا شوێنی وەستانی ئەسپی پۆلیس بووە. هەربۆیە پێیوتراوە چەمی قەدەغە و دواتر بووەتە قایەغە. چونکە بۆ کەسی تر نەبووە ئەو چەمە بەکاربهێنێت.

قەزوان

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی چەمی هەوارگان و گوندی (بامۆک)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لە دووریی چوار کیلۆمەتر لە سەنتەری گوندەکەوە دوورە. تەنها یەک بن قەزوانی تێدایە و تا ئێستەش ماوە و بە گەورەییەکەی بەناوبانگە، هەر بۆیە بەناوی ئەو قەزوانەوە ناونراوە. بەرزاییەک لە چەمی گاخوریاگ جیایدەکاتەوە. بەرداوی پشت قەزوانەکەی بامۆکی تێدابووە.

قەڵاتک

کەوتووەتە خۆرئاوايی گوندی (بانیشار)ی سەر شارۆچکەی (خورماڵ)، درێژیى چەمەکە زیاتر لە دوو کیلۆمەتر دەبێت و ئاوەکەی دەڕژێتە چەمی حەوتەوانە. خەڵکى گوندەکە لە کۆنەوە بۆ ئاودانى کشتوکاڵ سودیانلێوەرگرتووە.‌

قەڵا

کەوتووەتە سنوری گوندی (پشتە)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. گوندی (پشتە) لە گوندی (گڵێجاڵ) جیادەکاتەوە. لە گوندی (بەلەسۆ)وە درێژ دەبێتەوە بۆ سنوری گوندەکانی گڵێجاڵ و پشتە. ئاوی زۆربەی کانی و کارێزەکانی سنوری گوندەکانی بەمۆی تێ دەڕژێت. بە ناو شاخ و دەشتایی سنورەکەدا ڕێ دەکات، لە هەندێک شوێن قووڵیی چەمەکە دەگاتە (٢٠م). درێژیی چەمی قەڵا زیاتر لە (٢٠کم) دەبێت، لە کۆندا خەڵکى گوندەکانی سنوری بەمۆ بۆ ئاودێری کشتوکاڵ و باخداری سودیانلێبينيوە.

قەڵبەز

چەمێکی لێژە و وشکە. بەناو گوندی (کوڵی متکان) بە ئاڕاستەی ڕوباری سیروان دێتە خوارەوە. بەڵام سەختە و لە تاوێرە بەرد پێکهاتووە. باراناو و پاشەڕۆی گوندەکەی پێدا دەڕواتە خوارەوە، تا دەگاتە سەر سیروان. ناوەکەی بەهۆی ڕۆشتنی ئاوی باراناو بووە، کاتێک بەشێوەی قەڵبەزەیەک ڕژاوەتـە نـاو ڕوبـاری سـیروانەوە.

قەڵوەز ١

کەوتووەتە‌ باشورى خۆرئاواى گوندى (کانی توو)، لەنێوان بەرزاييەکانى خوڵامى و گوندەکە هەڵکەوتووە، لەڕابردوودا ئاوى زۆرى تێدابووە و هاژەى چەم و ئاوى هەبووە بۆيە بەو ناوەوە ناو نراوە.

قەڵوەز ٢

کەوتووەتە بەری قەوی قەڵا و باوەخەمان لە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (سازان). بەهاران کانییەکانی ئاوی پێدا دێتەخوارەوە و دیمەنێکی جوانی هەیە.

قن کانی

درێژکراوەی چەم و کانیی هاوارەکۆنە لە سنوری ناحیەی(سیروان). بەهۆی ئەوەی ئاوی کانیی هاوارەکۆن لە هاویندا تا ئێرە گەیشتووە و کۆتاییهاتووە، ئەو ناوەی لێنراوە. ئاوەکەی لە چەمی گەورەوە دێتەوە سەر چەمی زەوار. درێژییەکەی لە نیو کیلۆمەتر زیاترە.

قنگ باخان

لە بەشی کۆتایی چەمی چنارە و کەوتووەتە گوندی (چنار)ی کۆکۆیی. ئاوی سێ کانیە سەرەکییەکەی گوندەکەی دێتەوەسەر. کەورگی حەمەی هەمزە و کەوجێزەی تێدایە.

قووڵێ

کەوتووەتە نێوان کانیە (وەیسە) و چەمی (دوواوان) یان (دووئاوان) لە سنوری ناحیەی (سیروان). چەمەکە لە چاو ناوچەکانی تردا، قووڵتر و دۆڵێکی تەسکە. دواتر دەڕواتەوە سەر چەمی (کانیە درێژ)، کە درێژکراوەی ئەم چەم و دۆڵەیە و تێکەڵ بە (ئاوی ئاشی) یان چەمی (ئاشی) دەبێت. درێژییەکەی نزیکەی‌ نیو کیلۆمەترە. بەهۆی ئەوەی، کە قووڵه،‌ ئەو ناوەی لێنراوە.

کارێز ١

کەوتووەتە سنوری گوندی (دوانزە ئیمامی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لە خوارووی گردی پیر میکایڵ هەڵکەوتووە. لە شەش کانیی سەرەکی پێکهاتووە و وردە کانیی دیکەش دەڕژێنە ناوی، کە گرنگترینیان کانیی شەلەشێت و کانیی لەقلەق و کانیە کوێرەیە. لە نزیکیدا ماتە گردێک هەیە پێیدەوترێت خەیری زینە. پارچەی شوێنەواری تێدادۆزراوەتەوە و شوێنی ژیانی تێدابووە.

کارێز ٢

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (عاموورە)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ). لە پاڵ گوندەکەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ دەشتى (حەوتەوانە) و درێژییەکەى لە سێ کیلۆمەتر زیاترە. خەڵکى ناوچەکە بۆ ئاودانى کشتوکاڵ سودیلێدەبینن.

پێشتر 1
...
7 8 9
...
12 دواتر