سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

زەلەکێ

چەمێکی گوندی (تریفە)ی سەر بە ناحیەی (سیروان)ە. لە دەروازەی گوندەکەوە و لە ڕێگای سەرەکیی گوندەکەوە دەستپێدەکات و نزیکەی یەک کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە و نزیک دەبێتەوە لە چەقی گوندەکەوە. ئاوەکەی دەڕژێتە دۆڵی گەوەڵان، تەنها لە زستان و بەهاردا ئاوی هەیە.

زەلکاو

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوارەکۆن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). و بە ئاڕاستەی گوندی (گریانە) دەڕوات. دەگاتە باخەکانی (کەهێڵی زاهێر) و بە ئاڕاستەی زەویەکانی (باوانی بن) دەڕوات. لە کۆمەڵێک باخی سەخت پێکدێت. چەند گۆمێکی تێدابووە و بەو ناوە ناونراوە.

زەڵمەکۆن

کەوتووەتە نزیک گوندی (کوڵکنیی حاجی حەمەسور)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕێڕەوی ئاوی کۆنی ڕوباری زەڵم بووە. ئاوی چەندین وردە کانی پێداتێپەڕدەبێت و لە سەرووی پردی زەڵم تێکەڵ بە چەمی ئێستەی زەڵم دەبێتەوە. نزیکەی دووکیلۆمەتر درێژە بەڵام تەنکە و زۆر قوڵ نییە.

زەڵم

سەرچاوەكەی یەكگرتنی كانیاوەكانی(هانەقوڵ قوڵە و تاڤگەی زەڵم) و ئاوی چیاكانی داڵانی و مەیە سیاوە و كەرەس و كانی شەمام و وێكەن و وشكەناوی تێدەڕژێت. ڕێرەودەكات بەرەو خۆرئاوا و ناوچەیەكی گەشتوگوزاریی دڵگیرە و چەندین خزمەتگوزاری بۆ دروستكراوە. بەردەوامدەبێت تا ناوچەی بنی پەڵگ و ئەحمەدئاوا و ناوباخان و دەگاتە شارۆچكەی خورماڵ و ئاوی چەمی خەندەقی تێدەڕژێت و پاشان ئاوی كانیاوەكانی گەنجان و مزگەوتی گەورەی خورماڵ و گەڕاوی تێكەڵدەبێت و بەدەشتی شارەزوردا تێپەڕدەبێت، تا دەڕژێتە ناو دەریاچەی دەربەندیخانەوە.

زەمەقى

درێژکراوەى چەمى خڕەخەزێنەيە و کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندى بەشارەتى خواروو و دەبێتە سنورى جياکەرەوەى گوندەکە لەگەڵ گوندى جانجان و بە ئاڕاستەى باکورى خۆرئاوا دەڕوات، تا دەڕژێتە دەرياچەى دەربەنديخان. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەترە.

زەوار

کەوتووەتە سنوری (هاوارەکۆن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). درێژکراوەی چەمی (ئاشی)یە لە (هاوار) و تەواوی ئاوی چەم و دۆڵەکانی تەوێڵە و هاواری دێتەوەسەر و دەڕواتەوە گوندی (گریانە) و دەڕژێتە ڕوباری (سیروان). چەند باخێکی زۆری گوێزی تێدایە. بەشێکی زۆری دانیشتوانی گوندەکەی تێدا نیشتەجێن. خانو و باخ و کەپریان لەنێو باخەکاندا کردووە. وەک باخی چەمی میری سور، باخی زەلکاو، چەمی بەڵخی. چەندین ڕێگەی لاوەکی دێتەوەسەر. لە قوڵاییەکانیدا ماسی تێدایە. سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی خاوەن باخەکانی گوندەکەیە. چەندین جۆگەی ئاودێری تێدایە وەک جۆگەی باخەکانی (کەهێڵی زاهێر).

سازان

لە يەکگرتنى چەند لقە ئاوێک پێکهاتووە، کە بەشى هەرەزۆريان لقى وەرزين و لەوەرزى بارانبارين دەبنە ئاودەری چەمى سازان. لەبەرزترين خاڵى لەبەشى باکورى (١٣٦٤م) لەنزيک کانى گوێز، نزمترين خاڵيشى کەوتووەتە‌ سەر ڕوبارى سيروان لە نێوان سنورى ئێران و عێراق لەبەرزیى (٥٤٨م) لە ڕووى دەرياوە، چياى شنروێ کەوتووەتە‌ بەشى باکورييەوە و چيايى باڵامبۆ لەبەشى خۆرئاوايەوە، هەريەک لە کانياوەکانى گوندى تلێوەرێ و سازان دەکەونە سنورى ئەم چەمەوە، ڕووبەرى باخ و ڕەزەکانى نزيکەى (٤ کم٢) واتە بەنزيکەى ١٦٠٠ دۆنم، که ‌بەشى هەرە زۆرى هەناره ‌و بەناوبانگترين بەرهەمى هەنارى هەڵەبجە کەوتووەتە‌ ئەم چەمەوە.

سەدانی

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (شەشکی خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بە ئاڕاستەى باشورى خۆرهەڵاتی گوندەکە دێت. نزیکەی ٢٠٠ دۆنم زەویى جوتيارانى سنورەکە بەراودەکات.

سەرچەمەو زوزوگلان

کەوتووەتە باشوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە نێوان چەمی (هانە یاسەمەن) و بەرزایی (ڕێزەخاڵ). چەمێکی دورودرێژە. لە کۆلێژییەوە دەستپێدەکات و بەرزدەبێتەوە، تا دەگاتە تلەسیاو و کانی مچەڕەش. لە بەشی خۆرهەڵاتییەوە بە (سەرچەمە) و لە بەشی خۆرئاوایەوە بە (زووزووگلان) بەناوبانگە. ژمارەیەکی زۆر کانی و کانیاوی لێیە، کە لە دیوی پشتەوە (هانە یاسەمەن)ەوە هەڵدەقوڵێت و لە خۆرهەڵاتیەو هیچ سەرچاوەیەکی ئاوی تێدانییە. لە وشکانییە نزیکەکانییەوە بەتەنها بە چەند مەترێک دەگەیتە ئاو. باڵندەی کێوی (بەتایبەت کەو)ی لێ زۆرە.

سەرسووڵگێ

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەتوێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). کانییەکی بەهارەی تێدایە. سەیرانگایەکی لەبارە و دیمەنێکی سروشتیی جوانی هەیە. نەزرگەی شائیبراهیمی تیدایە. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێکە.

سەرکەورگەکان

کەوتووەتە دامێنی چیای شنروێ، لە نێوان سنوری گوندی (عەبابەیلێ) و (دەڵەمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). ‌چەند ئەشەکەوتێکی تێدایە، کە لە کاتی ترس و نەهامەتیدا خەڵکی گوندەکانی عەبابەیلێ و دەڵەمەڕ پەنایان بۆ بردووە. هەروەها بۆ پاراستنی ئاژەڵ لە سەرما و گەرماش بەکارهاتوون، هەر لەبەر ئەوەشە، کە ئەو ناوەی لێنراوە.

سەرگەت

کەوتووەتە سنوری گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە ئەنجامی یەکگرتنی هەریەکە لە چەمەکانی (دەرەیمەڕ، هانە توتمان، چەمی شەڵواندڕ) دروستدەبێت. دوای ئەوەی ئاوی هەریەکە لە کانیاوەکانی (هەمەشوانە و کلکەی ئەسپ و گوێزە کوێر) ی تێدەڕژێت و بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەودەکات و ژمارەیەکی زۆر باخی میوەی لەسەر دروستکراوە بە تایبەتی هەنار و گوێز و توو. دەچێتە باشوری خۆرئاوای سەرگەت و بە چەمی دارچەقالە ناودەبرێت و بەردەوام دەبێت لە ڕێڕيوکردن تا لەگەڵ چەمی گوڵپ یەکدەگرن و بە دۆڵی بانی بەرمەڕاندا تێپەڕ دەبێت و بە چەمی خەندەق ناسراوە و بە نێو گوندی ئاوای ڕۆستەم بەگ و شاری خورماڵدا ڕێڕەودەکات و دەڕژێتە چەمی زەڵمەوە لە باکوری شاری خورماڵدا. لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان کانی سور و قەڵای سەرگەت لە خۆرئاوا و لوتکەی ملەی هەربەدۆڵ لە خۆرهەڵات. لە بەرزیی (١١١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٩٩٧م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژی نزیکەی سێ کیلۆمەترە.

سورێن

سەرچاوەی ئاوه‌كه‌ی له‌ بەرزاییەکانی باکوری خۆرهه‌ڵاتی شارۆچكه‌ی خورماڵەوه‌یه،‌ کە لە چەند جۆگەیەک و دۆڵێک لە چیای سورێنەوە سەرچاوەدەگرێت وەک جۆگەکانی (سورێن و زورین و چنارە). بەناو دۆڵێکی بەردیندا تێدەپەڕێت. بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا پاشان بە ئاڕاستەی باشور دەڕوات و دەگاتە دۆڵی زورین و لە باشوری گوندی ڕیشێن بە چەمی ڕیشێن دەگاتەوە.

سۆڵە

لە (تەوێڵە و پاڵانیان و سۆسەکان)ەوە دێت و لە سنوری گوندی (هاوار) پێیدەوترێت چەمی (سۆڵە) و لە باکوری ڕۆژهەڵاتی گوندەکەیە. چەمی (نۆم دەرە) لە تەنیشتیەوەیە. ئاوی چەمەکە دەڕواتەوە چەمی (گوێزە گەڵوازان) و هەردوو چەمەکە لەگەڵ چەمی (دوو ئاوان) لە گوندی هاوار یەکدەگرن و بە هەردووکیانەوە چەمی (ئاشی) پێکدەهێنن. چەندین کانی و ئاوی تێدایە. ناوبانگی هەیە، پێکهاتووە لە باخی گوێز و هەنار.

سۆڵێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە). بە سۆڵەی (حەمەلاو) بەناوبانگە. لەگەڵ چەمی (سەفەر هاواری) و چەمی (دەڵەمەر و کارێز) لە (خەرپانی)ەوە درێژدەبێتەوە یەکدەگرن و (سۆڵێ) پێکدەهێنن. هەر سێ چەمەکە لە دۆڵێکدا بەرانبەر بە یەکتر هەڵکەوتوون. گرنگترین کانییەکانی (هانە وەرەتاو و هەزبێ)ن ئاوی باخەکان دابیندەکەن.

سیپەدەرە

کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای گوندی (سەرگەت) و خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (خورماڵ). درێژکراوەی دۆڵی (دلێ دەم)ـە. لە بەشی خوارەوەیدا دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی چەمی (سەرگەت) درێژدەبێتەوە و پێکەوە یەکدەگرن.

سیچکە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شاخی شنروێ. لە لوتکەی بەفری میریەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی هەوارگەی بۆینیان شۆڕدەبێتەوە، بەناوی گیای بەهاری (سیچکە)ەوە ناونراوە گیایەکە لە هەندێک شوێن پێیدەڵێن (تریشکە) و لەم شوێنە زۆرە.

سێ توان

کەوتووەتە باکوری گوندی (چاوگی کۆکۆیی)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). بەهۆی بوونی سێ دار تووی بەتەمەن ئەو ناوەی لێنراوە. بە درێژایی چەمەکە باخی هەنار و هەنجیر و تووە. سەرچاوەی ئاوی زۆرە، ئاوەکەی دەڕژێتە چەمی چاوگەوە.

شاوڵاخ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (شەکرالی). ئاوی کانیی (پاڵەوان) لە گوندی (تەپی سەفای سەروو) و جۆگەی (گەنجانی) دێتە سەر و پێکەوە درێژدەبنەوە تاکو دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخان. بەهۆی ئەوەی لەکاتی خۆیدا ڕەشەوڵاخیان تێدا لەوەڕاندووە، ئەو ناوەی لێنراوە. بەهاویندا وشکدەکات و لە زستاناندا دەبووژێتەوە.

شەڵواندڕ

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەدیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە ئەنجامی یەکگرتنی هەریەکە لە چەمەکانی (هەسانا و ملەگاو وەنێ و کێڵا و ملەپسک و کاوەو سەڵمانا و ڕاسورە و گەڵگا و شرام و چیای کەمەرە سور) دروستدەبێت. کەوتووەتە نێوان دۆڵی هەسانا و کێڵا و هانە توتمان لە باکور و ڕاسورە و لوتکەی کەڵگا و بێرواس لە خۆرهەڵات و لوتکەی مەڕەو شابازی و خۆرەتاوە گەورە و لوتکەی شرام لە باشور و چەمی هانەیدن و سەرگەت و ئەشکەوتی گاوران لە خۆرئاواوە. بە ئاڕاستەی باکوری خۆرئاوا دەڕوات و لەگەڵ چەمی سەرگەت یەکدەگرن. لە بەرزیی (١٧٩٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١١٥٥م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت.

پێشتر 1
...
45 46 47
...
51 دواتر