سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

دەڵەمەڕ

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەڵەمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لە خۆرئاوای چیای شنروێوە بە ئاڕاستە‌ی خۆرئاوای گوندى عەبابەیلێ بە درێژایى نزیکەی دوو کیلۆمەتر درێژبووەتەوە. لەبەرئەوەی لە خۆرهەڵاتی سەنتەر‌ی شاری هەڵەبجەدایە، ئاوی چەمەکە دێتەوە نـاو شـار و هـەندێک جـار دەبێتە هتۆی دروستبـوونـی لافاو.

درۆزنە

کەوتووەتە ‌باکوری گوندی (میریسور)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). بە دووریی (٥٠٠م) دێتەوە بۆ باشوری گوندەکە و دەچێتە سەر دەریاچەی دەربەندیخان. لە وەرزی زستان و بەهاردا، ئاوێکی زۆری هەیە؛ بەڵام لە هاویندا ئاوەکە نامێنێت، هەر لەبەر ئەمەشە ئەو ناوەی لێنراوە.

دوانزە ئیمام

بە تەنیشت گوندی (دوانزە ئیمام)ی سەر بە ناحیەی (سیروان)ـدا تێپەڕ دەبێت تا چەمی زەڵم لە نزیک دەریاچەی دەربەندیخان شۆڕدەبێتەوە. زیاتر لە دوو کیلۆمەتر درێژە. چەمێکی قووڵە، لە هەندێک شوێن زیاتر لە شەش بۆ (١٢م) قووڵە و تا بەرەو دەریاچەکە دەڕوات، قوڵتر دەبێتەوە. سەرچاوەی ئاوەکەی لە نێو گوندەکەدا هەڵدەقوڵێت. بە درێژایی چەمەکەش چەند کانییەک دەڕژێتەوە سەری.

دوانزە ئیمامی خواروو

کەوتووەتە سنوری گوندى (دوانزەئیمامی خواروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لای چەپی گوندەکەوە و سەرچاوەی سەرەکیی کانیی دوانزەئیمامە‌. بە دوورییەکی کەم لە نزیک ماڵەکانی گوندەکەوە کۆمەڵێک کانى تری دەڕژێنە ناوەوە. لەکۆتای گوندەکەدا دەبێتە چەمێکی گەورە و تەواوی زەوییە کشتوکاڵیەکان سود لەم سەرچاوە ئاوییە وەردەگرن، بەردەوامە لە ڕێکردن بەرەوە باکوری خۆرئاوا، تا دەگاتە ناوچەیەک پێیدەڵێن بیران، لەوێدا ئاوەکەی زۆرتر دەبێت، بەوشێوەیە بە درێژایی چەمەکە تا دەگاتە ئاوی دەریاچەی دەربەنديخان لەڕێگەی(بنەوانە)وە بۆ ئاودێری و کشتوکاڵکردن سود لە ئاوەکەی وەردەگیرێت.

دووئاو ١

چەمێکی گرنگی گوندی (پریسی سەروو)ە، هۆکاری ناوەکەی بریتییە لە یەکگرتنی ئاوی (کانی دەراش و کانی جانە لەگەڵ ئاوی بەرکەورگ)، کانی قەڵەم زیاتر مەبەست لە زەوییەکانی دەوروبەری چەمەکەیە، بەهۆی شێداری و هەبوونی ئاوی بەردەوامەوە، ڕوپۆشێکی چڕی هەیە لە قامیش و بی و چنار و هەنجیر و توڕک و چەندین جۆر درەختی دیکە.

دووئاو ٢

لە یەکگرتنی ڕوباری زەڵم و تانجەرۆ دروستدەبێت و پێیدەوترێت دووئاو. دەکەوێتە بەردەم گردی بان بەیداخ لە سنوری گوندی گورگەچیا و بە یەکێک لە لقە سەرەکییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، کە دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخانەوە. بەهۆی بوونی ئەم سەرچاوە ئاوییە گرنگەوە، لە کۆنەوە شوێنی ئاوەدانی و چەندین گوندی کۆن و نوێی تێدایە. هەندێک لە گوندەکان ژێرئاوی دەریاچەی دەربەندیخان کەوتوون و پاشماوەیان لە کاتی داکەوتنی ئاودا بەدەردەکەون.

دوواوان

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە یەکگرتنی دوو چەم و دۆڵ پێکدێت. (گوێزە سەوز) لەبەری خۆرئاوا و (چەمی گوێزی هەیاس) لەبەری خۆرهەڵات. ناوبانگی هەیە. کانی و ئاوی زۆرە. باخەکانی پێکدێن لە گوێز و هەنارو توو و هەنجیر. بەپێی شوێن و هەر چەند سەد مەترێک ناوێکی تایبەتی لێنراوە. پێش ئەوەی بگاتە گوندی هاوار پێیدەوترێت (دۆڵی قوڵێ)، چونکە بە دۆڵێکی قووڵی تەنگدا دەڕوات. دواتر دێتە ناوباخەکانی گوندەکە و پێیدەوترێت چەمی (کانییە درێژ) چونکە ئەو کانیەی تێدەڕژێت. دواتریش پێیدەوترێت چەمی (کانییەی خواروو). پاشان درێژدەبێتەوە تا نزیک گوندی هاوار و پێیدەوترێت چەمی (گوێزە گەڵوازان). پاشان لەگەڵ چەمی (سۆڵە)دا، کە لە (تەوێڵە و سۆسەکان و پاڵانیا)ەوە دێت بۆ ناو هاوار، یەکدەگرن و چەمی (ئاشی) پێکدەهێنن. ئاوی ئەم هەموو چەم و کانی و دۆڵە بە چەمی ئاشیدا بە ئاڕاستەی گوندەکانی دەرەتوێ و هاوارەکۆن دەڕوات و پاشان دەڕواتە سنوری گوندی گریانە و لـەوێوە دەڕواتەوە سـەر ڕوباری سیروان.

دووەچڵە

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە یەکگرتنی چەمەکانی (کەمانگەرا و شێخ مەرزە و یەوەجەڕی) دروستدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی چوار کیلۆمەترە. نۆ لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوە سەر.

دووپوان

کەوتووەتە سنوری گوندی (کانی ئاسکان)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە دامێنی چیای سورێن و بە ئاڕاستەی گوندی نەوێ درێژدەبێتەوە. خەڵکی گوندەکە بۆ ڕەزە دێم و باخ بەکاریدەهێنن. لە دوو چەم پێکدێن و یەکدەگرن. بۆیە بەو ناوە ناونراوە.

دۆڵە دڵێ

کەوتووەتە باشورى گوندی (تریفە)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و خۆرئاوای سەنتەری شاری هەڵەبجە. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت. تاوەکو ملەی گەچێنە درێژ دەبێتەوە. شوێنێکی لەبارە بۆ مەڕووماڵاتی دانیشتوانی گوند چوونکە لەوەڕگای گونجاوی هەیە.

دێگە ١

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە‌ نێوان چیای (چنارە) لە باکور و چیای (کەمەر قەڵا) لە خۆرهەڵات و چیای (بەنەن) لە خۆرئاواو و گوندی (جاور و پاڵانیا) لە باشور. لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە. لە یەکگرتنی ئاوی ژمارەیەک دۆڵ پێکهاتووە و لە کۆتاییدا دەڕژێنە ڕوباری سیروانەوە. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەترە. لە وەرزی هاویندا بۆ ئاودێریکردنی باخەکان بەکاردێت.

دێگە ٢

کەوتووەته سنوری گوندى (بەڕوێن)ی سەر بە ناحیە‌ی (بەمۆ). چەمێکى وەرزييه و‌ ٧٩٥م لەئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. لەهاويندا وشکدەکات‌. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەترە.

ڕازیانەجاڕ

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) لە بەشی سەرەوەی چەمی (یەوە جەڕێ)یە و شاخێک لەیەکتریان جیادەکاتەوە. درێژکراوەی چەمی (کەمانگەرا)یە. بە (ڕازیانە) دەوڵەمەند بووە و لەبەر ئەوەشە ئەو ناوەی لێ نراوە. بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، ئەو گیابەهاری و کوێستانییەی زۆر لێ نییە. کانییەکی بە هەمان ناوەوە لێیە.

ڕاگا

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە یەکگرتنی ئاوی کانییەکانی (هەسارەو چەوتانی و کانی شەریف و کانی ڕاگا و کانی باخی سەفەر و کانی دەرە لەڕای) دروستدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەترە. دوو لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوەسەر.

ڕیشێن

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕیشێن)ەوە. لەگەڵ چەند جۆگەیەک، کە لە چیای سورێن لە باکوری شارۆچکەی خورماڵ لە بەرزی (١٥٠٠ بۆ ١٧٠٠م) لە ئاستی دەریا. بە دۆڵێکی تەسکدا بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا دەڕوات و دەگاتە دۆڵی (میری سور) پاشان بە گوندی (ڕیشێن) دەگات لە دەشتی (شارەزوور) پاشان دەڕواتە گوندی (قەدەفەری). خێرایی ئاوەکەی لە دەشتی شارەزووردا کەم دەبێتەوە. لە لای ڕاستی چەمەکە جۆگەی (دۆڵی سورێن و زورێن)ی پێدەگات. بە ئاڕاستەی باشور ڕێ دەگرێت، تا دەڕژێتە دەریاچەی (دەربەندیخان) لەنێوان گوندی (تەپەکەل و گردی شەریف). درێژیەکەی لە چیای سورێنەوە تادەگاتە ئاوڕێژگەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر دەبێت.

ڕێوڵە

کەوتووەتە گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە ئەنجامی یەکگرتنی کانییەکانی (میکۆڵ و ڕێوڵە و سەرسۆڵێ و کەریمە و وەروەزەن) و چەند کانییەکی دیکەوە پێکدێت. چەند جۆگەلەی ئاوی (دەرەولێ) لە دەستی چەپ و جۆگەی (هەڕە سیاو) بەدەستی ڕاستی هەڵکەوتووە. درێژییەکەی نزیکەی شەش کیلۆمەتر دەبێت. یەکێکە لەو لقانەی، کە چەمی (بەڵخە) پێکدەهێنێت. ژمارەیەکی زۆر چەند باخێکی جۆراوجۆری لەسەرە. هاوینەهەوارێکی فێنکە و گەشتیارێکی زۆر سەردانیدەکات.

زەردەهاڵ

کەوتووەتە سنوری گوندی (زەردەهاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەترە. دوو لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوە سەر.

زەڕاتەجاڕ ١

کەوتووەتە باشوری گوندی (کانی گوێز)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). سنورەکەی لەباخەکانی کانی گوێز دەستپێدەکات و تا ملە هوڵمە درێژدەبێتەوە. چەمی کونە سوچەڕی دێتەوە سەر. چەند پارچە زەوییەکی گاکێڵی تێدایە و بە داربەڕووش دەوڵەمەندە. زیاتر وەک لەوەڕگای ئاژەڵ بەکاردەهێنرێت.

زەڕاتەجاڕ ٢

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (بامۆک)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). هاوسنورە لەگەڵ چەمی ملە و دارقەزوانێکی بەناوبانگی تێدایە و دەڕوانێت بەڕووی بامۆکدا، زەوییەکی بەپیتی هەیە و لە ڕابردوودا بە دێم کراوەتە زەڕات.

زەڕێن

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە. لە یەکگرتنی ئاوی ژمارەیەک دۆڵ پێکهاتووە، کە لە کۆتاییدا دەڕژێنە ڕوباری سیروانەوە. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەترە. کەوتووەتە نێوان (گوندی بەڵخە و وەزەنێ و چیای چنارە) لە باکور و (هاوینە هەواری مێشلە و چیای کەمەر قەڵا و هەوارە بەرزە) لە خۆرهەڵات و چیای (بەنەن) لە خۆرئاواو و گوندی (جاور و پاڵانیا) لە باشور. لە وەرزی هاویندا بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی خۆرئاوای گوندی بەڵخە بەکاردێت.

پێشتر 1
...
44 45 46
...
51 دواتر