حەمەوخان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 384

چەم

به ‌دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر به ‌شارۆچکەی خورماڵ. لەکاتی خۆیدا و تا ساڵی ١٩٩٨ چەمێکی پڕ بێشه ‌و دارودەوەن بووە. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێکە. لەسەر چاوگی‌ گوندەکەوە درێژبووەتەوە‌ تا جۆگەی وڵەوسێنان لە نزیکی ئاوایی حاجی حەمەومین. لە وشکەساڵییەکەی ساڵی‌ ١٩٩٨دا زۆربەی دارودرەختەکانی وشکیانکردووە، بەڵام ئێستا تەنها له ‌وەرزی بەهار و زستان ئاوی سەرڕێژی چاوگ دەچێتە ناویەوه، تا کۆتای بەهار ئاوێکی زۆری تێدایە. لەکاتی تاپۆکردنی زەوی بەسەر بەگزادەجافەکاندا خۆرهەڵاتی چەمەکە بەر داودبەگی حەمەسەعید بەگی وەسمان پاشای جاف کەوتووە و خۆرئاوای چەمەکە تا ڕووی گوندی شیرەمەڕ، بۆ حامید بەگی مەجید بەگی وەسمان پاشای جاف بووە. بەڵام ئێستا هەردوو خۆرهەڵات و خۆرئاوای چەمەکە لە سنوری گوندی شیرەمەڕدایە و خاوەندارێتیان بۆ جوتیارانی گوندەکە دەگەڕێتەوە. لە تۆمارە فەرمییەکاندا ناوی چەمەکە به (چەمی شیرەمەڕ) هاتووە، بەڵام لەناو دانیشتوانی گوندی شیرەمەڕدا بە چەمی حەمەوخان بەناوبانگه و ناولێنانەکەی بۆ کەسێک دەگەڕێتەوه،‌ کە ‌لە کۆتایی ساڵانی ١٨٩٠ەکاندا خاوەندارێتی ئەم چەمەی کردووە و دەکاتە باپیرەی حاجی ساڵحی گێڵەک و حاجی مەحموودی محەممەدی بارامی گردی قازی.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مام (یونس عەبدولکەریم قادر)، لەدایکبوو: ١٩٤٧ ئاستی خوێندن‌: سەرەتای، پیشە:خانەنشین، لە ٢ی ٣ی ٢٠٢٤، لە شیرەمەڕ.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (موشیر حاجی ساڵح حەمەڕەحیم)، لەدایکبوو: ١٩٥٥، پیشە:جوتیار، لە ٩ی ٢ی ٢٠٢٤، لە گێڵەک.
  3. سەردانی مەیدانیی توێژەر بۆ شوێنەکە، لە ١٤ی ١ی ٢٠٢٤.

ئامادەکردنی: سەرچڵ یونس عەبدولکەریم

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

چاوەپان

بە دووریی (٢٠٠م) لە باشوری خۆرئاوای گوندی (خێڵی حەمە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). درێژ دەبێتەوە بۆ گوندی (بەشارەتی سەروو). هەرچەندە لە سنورى گوندى (خێڵى حەمە)دایە، بەڵام زیاتر جوتیارانى گوندی (بەشارەتی سەروو) سودیلێدەبینن.

چاوگە درێژ

بە دووریی (٥٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (کوڵکنیی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، بۆ گوندی (تەپی سەفای سەروو) درێژدەبێتەوە. درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر زیاترە. ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگیرێت.

چاوگی خواروو

کەوتووەتە سنوری گوندی (کۆڵیژێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە یەکگرتنی ئاوی (نسارە گولانە و کانی یاسەمین) دروستدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. دوو لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوەسەر.

چەمەکانی ئەو دیوی دەرەتوێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەتوێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە کۆمەڵە باخێک وەک (دەرەی هاڵیتی، کانیەی حەمەد، ڕێوڵان، قنودەرەی) پێکدێت و سەنتەری گوندی دەرەتوێ کەوتووەتە بەردەمی. لە گوندەکەوە ڕێگایەکی خۆڵی بۆ دەڕوات. ناوچەیەکی کوێستانییە، بەڵام کەم ئاوە. باخەکانی لە دار گوێز و هەنار و هەنجیر و قەیسی و ترێ و قۆخ پێکهاتووە.

چەمەکەلی

کەوتووەتە زنجيرە (چياى شنروێ) لە باشورى هاوينەهەوارى (وەزگێڵ) و ‌دامێن لوتکەى (بەفرى ميرى). بەدرێژایی نزیکەی چوار کيلۆمەتر شۆڕ دەبێتەوە تا دەگات بە گوندى (هاوار) و لە سنوری شارۆچکەی بیارەدایە. بە بەراورد بە شيوەکانى بەرەى خۆرئاواى زنجيرە چياکە تەڕ و چڕترە بە گژوگیا.

چەمی ئاش

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). (٥٠٠م) لە گوندەکەوە دوورە. ڕووبەری دوو دۆنم زەویی کشتوکاڵی ئاودێریدەکات. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتردەبێت. لەبەرئەوەی لە کۆندا ئاشی تێدا بووە، بۆیە بە چەمی ئاش ناوبانگیدەرکردووە و ئاوی چەند کانییەک و باراناوی تێدا کۆدەبێتەوە بەرەو خۆرئاوایی گوندەکە دەڕوات.