جۆگە ئاودێریيەکانی باخەکانی ئاوێسەر لە تەوێڵە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
ئەو جۆگانە دەگرێتەوە، کە ئاودێری باخەکانی ئەمبەروئەوبەری چەمی ئاوێسەریان پێدەکرێت. بە نۆرە و بە سەعات لە ڕێگەی سەنەدێکەوە ڕێکخراوە و میراوی بۆ دانراوە. ئەوانیش ئەم جۆگانەن:
١- ماوامی: بنەوانگەی لەخوار هاوینەهەوارەوەیە و لە چەمی ئاوێسەر ڕۆژی دووشەممە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت و تا کۆتایی ڕۆژی پێنجشەممە ئاوی پێوەیە و نزیکەی ٣٠ باخ ئاودێریدەکات.
٢- قووڵە: بنەوانەکەی لە سەرچاوەی ئاوێسەرە و لە سەردەمی خان ئەحمەدخاندا هەڵکراوە. ڕۆژی پێنجشەممە هەڵدەگیرێت. دواتر بە ئاوی کانییەکانی( هانە دێوا، حەسار، شەکەرێ) وە نزیکەی ٢٠ باخ ئاودێریدەکات.
٣-گڵێجانێ: بنەوانەکەی لە ناوەڕاستی چەمی ئاوێسەرە و ڕۆژی هەینی ئاوی بۆ هەڵدەکرێت. نزیکەی ٢٠ باخی گەورە لە خۆرئاوای چەمی ئاوێسەر ئاودێریدەکات.
٤-جانباز: بنەوانەکەی لە چەمە، ڕۆژی دووشەممە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت و نزیکە ٧١ باخ ئاودێریدەکات.
٥- داڵیتان: بنەوانەکەی لە چەمە، شەوی سێ شەمە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت. نزیکەی ١٢ باخ ئاودێریدەکات. لەوانە باخی مەلایان و مزگەوت.
٦- شەمبانو: بنەوانەکەی بەشی خوارووی چەمی ئاوێسەردایە و شەوی چوارشەممە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت و ١٣ی باخی گەورە ئاودێریدەکات.
٧- شانەزەرا: ڕۆژی پێنجشەممە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت و چەند باخێک و باخی میرزا عبدالقادری تەوێڵەیی شاعیر ئاودێریدەکات.
٨-باخچەمیرا: بنەوانەکەی لە خوا چەمەو نزیک بە دێیە. پێنج باخی گەورەی دەستە ڕاستی چەمی ئاوێسەر ئاودێریدەکات.
٩- دێ یان مالێدەر:بنەوانەکەی لە ناوەڕاستی چەمی ئاوێسەرە. ڕۆژی هەینی ئاوی بۆ هەڵدەکرێت. باخە بەرزەکانی ڕێگەی ئاوێسەر و بڵکۆ و دەرەتفێ بە دەستی ڕاستی چەمی ئاوێسەر ئاودێریدەکات، کە نزیکەی ٣٠ باخ دەبن.
١٠- هانەکڵە: بنەوانەکەی لە هانەکڵیەیە لە نزیک ئاوێسەر. بۆ باخەکانی دەستە راست هەڵکراوە ڕۆژی دووشەممە ئاوی بۆ هەڵدەکرێت و نزیکەی ٨٠ کـاتژمێر ئاوی پێوەیە.
سەرچاوەکان:
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عەبدولڕەحمان محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل٤٦٨-٤٨٠.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (مارف حەمەیوسف عبدالحامد) لە دایکبووی ١٩٦٦، ئاستی خویندن: ناوەندی، پیشە: فەرمانبەر. میراوی چەمی ئاوێسەر، لە ٢٠ی ٧ی ٢٠١٨ و ١٥ی ٨ی ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم