وەروەزەن
کەوتووەتە ناو باخەکانی (وەزەنێ) لە پشت ڕێگەی شارەدێی (تەوێڵەیە). بەواتای (تاڤگە) دێت. بۆ ئاودێرانی باخەکانی ناو چەم بەکاردێت. لە ئێستادا ئاوەدانی بە ناوچەکە بەخشیوە و وەک ناوچەیەکی گەشتیاری سەیردەکرێت.
کانی پانکە
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (نەوێ) لە بناری چیای سورێن. لە پێ دەشتەکانی گوندەکە هەڵکەوتووە. ئاوەکەی هەمیشەییە و بە ئاڕاستەی گوندی قاینەجە دەڕوات. بە زۆری بۆ کشتوکاڵی هاوینە بەکاردێت.
کانی درێژ
کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ) لە بناری چیای (خۆشک). نزیکەی (٥)م درێژە و کەوتووەتە شوێنێکی سەخت. لەبەر دووریی لە ئاوەدانییەوە، بووەتە مۆڵگەی ئاژەڵە کێوییەکانی چیای خۆشک. ئاوەکەی بە جۆگە هێنراوەتە زەوییە تەختەکانی دەوروبەری و باخداری پێ کراوە.
کانی نواڵە
کەوتووەتە ناو باخی گشتی (باخی عەلی بەگ) لەناو شاری هەڵەبجە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاودانی باخی گشتییە. ئاوەکەی دەچێتە کارێزێکەوە، کە تیرەکەی سێ مەتر و قوڵییەکەی شەش مەترە. نزیکەی (٤٢م) سێجا ئاودەگرێت. تا ئێستاش وشکینەکردووە.
کانییە بەهارە
کەوتووەتە سەرووی گوندی (عەبابەیلێ) لە نێوان (هەوارگەی شێخان و ڕێ سور) و سەنتەری گوندەکە. لە بەهاردا ئاوێکی زۆری هەیە بۆ کشتوکاڵ و باخداری بەکاردێت. کانییەکە لە بنەڕەتدا کارێزە. لە پێنج بیر پێکهاتووە و بە کارێز پێکەوە بەستراونەتەوە. نزیکەی (٦٠٠م) درێژ و بەرزیی ڕێڕەوەکەشی لە سێ مەتر زۆرترە. قوڵیی بیرەکان لە چوار مەترەوە بۆ (٢٠م) دەبن.
کەریم زۆراب
کەوتووەتە پشت گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). بەهۆی ئەوەی لەلایەن (کەریم زۆراب) ناوێکەوە کراوە بە کارێز، ئەو ناوەی لێنراوە. درێژییەکەی (١٠م) دەبێت. بەدرێژایی ٥۰ ساڵی ڕابردوو وشکینەکردووە. خەڵکی گوندەکە بۆ ئاودانی ئاژەڵەکانیان سودیلێوەردەگرن.