سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

بێخ چناران

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو). دەیان ساڵە وشکینەکردووە. بۆ باخداری و ئاوخواردنەوەی ئاژەڵی کێوی و ڕێبوار و وەڵاخدار سودیلێدەبینرێت. بە نزیکەی ١٠ مەترێک چاوانەی بۆ کراوە و بە بەرد هەڵچنراوە و بەشی سەرەوەشی بە بەردی تەخت گیراوە.

بێدەری

کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرئاوای شارەدێی تەوێڵە. چەند باخاتێکی چڕی گوێز لە بەشی باشوری ئاودێریدەکات و پاشان دەڕژێتە چەمی تەوێڵەوە. (١٤١٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

پاڵەوان ١

کەوتووەتە سنوری گوندی (تەپی سەفای سەروو) لە دەشتی شارەزوور. بەهۆی ئەوەی لە پێشتردا ئاوی زۆر بووە و توانیویەتی زۆربەی زەوییەکانی گوندەکە ئاو بدات، ناوی (پاڵەوان)یان لێناوە. لە ئێستاشدا ئـاوی زۆرە و دەڕژێتەوە سـەر چـەمـی (شاوڵاخ).

پاڵەوان ٢

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (دەگاشێخان) و کەوتووەتە باشوری گوندەکەوە، باخێک لەبەردەمیدایە ئاودێریدەکات و دەڕژێتە دۆڵی باخی خول، (١٣٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (چیای چنارە و گوندی دەگاشێخان) و لە باشورەوە (دەگاو هاڵی) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی باخی خول) و لە خۆرهەڵاتەوە (چیای سەخت و باخی خول) دەورەیانداوە.

پەریزاد

کەوتووەتە نزیک گۆڕستانی (کێلەسپی)ی لە سنوری ناحیەی (سیروان). لە کۆندا بەشێوەی کارێز هەڵچنراوە، هەتا گەیشتووەتە مزگەوتی کێلەسپی و هەردوو حەوزی دەستنوێژ و حەوزی خۆشتن (غوسڵ) و سەرئاوەکانی لێ هەڵگیراوە. سەرچاوەی بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کێلەسپی و دوازەئیمام بووە، کە بە کەرتی (١٢)ی دەلێنی خواروو ناسراوە. لە ئێستادا ئەم کانییە کوێربووەتەوە و نەماوە. کانی (خاتو پەریزاد)یشی پێ وتراوە.

پەڵکەکە

لە گوندی کانی ئاسکانە لە بناری چیای سورێن. کانییەکی هەمیشەییە. لەنێو باخی زێڕوون هەڵکەوتووە. جۆگەی ئاودێری بۆکراوە و بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سودیلێوەردەگیرێت.

پەڵک

کەوتووەتە‌ گوندى (تەپەسەرقوڵه). لە سەرچاوەکەیەوە دوو لقی لێدەبێتەوە بەناوەکانی (کانی ژنان و کانی بەردە نوێژەکە) ئاڕاستەکەی کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکەوە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی کانییەکە چەمی زەڵم و باراناوە. بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە ناوەڕاستی زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەکەوە، سـەرچـاوەیەکـی گـرنگی ئـاودێـرییە و نـزیکـەی (٣٠٠ بـۆ ٦٠٠ دۆنم) بەراودەکـات.

پشتن

بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە پشت گوندی (کاگردەڵ)ـەوە، ئەو ناوەی لێنراوە. ئاوەکەی هەمیشەییە. لە کۆندا بۆ باخداری و مەرەزە و توتن بەکارهاتووە. ئێستە تەنها بۆ باخداری بەکاردێت. بە چەمێکدا دەڕوات و تا گردی توڵمە درێژدەبێتەوە لەوێشەوە دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخان.

پشتی حەوز

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی شارەدێی تەوێڵه). (١٤٨٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ خواردنەوە بەکاردێت. ئاوەکەی لە ڕێگەی ترومپای بەهێزەوە هەڵدەدرێت بۆ خەزانی پڕۆژەی ئاوی وەراوەر. نزیکەی دوو ئینجیشی لە سەر شەقامی زاوەر دێتە دەر و دەوروبەر کەڵکی لێوەردەگرن.

پلەسور

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو) لەسەر جادەی سەرەکی چوونەناو گوندەکەوە. بۆ ئاوخواردنەوەی ڕێبواران و ئاودانی ئاژەڵیش سودیلێدەبینرێت.

پلوسکەکە

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (شەشکی خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). دەکەوێتە نزیک ڕێگاى سەرەکیى گوندەکە بۆ گوندەکانى(تەپى سەفاى سەروو، شەشکى سەروو). لەلایەن دانیشتوانی گوندەکە حەوزوو و بەردەنوێژی بۆکراوە. لەکۆنەوە تا ئێستاش دانیشتوانی گوندەکە بۆ ئاو خواردنەوه ‌و کشتوکاڵ و باخداری بەکاریدەهێنن.

پلوسک

کانییەک بووە لە کێلەسپی لە شارۆچکەی سیروان. سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی کێلەسپی بووە. لەسەردەمی پاشایەتیی و لەساڵانی ١٩٤٠کاندا بۆرییەکی ئاسنی کەوانەیی بە چیمەنتۆ بۆ دانرابوو، کە خز و تلوسک بووە، دواتر ئەم ناوەی بە شێوەی (پلوسک) لای خەڵکی جێگیربووە.

پلوورە

کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە) و لەناو مزگەوتی گەورەی شارەدێی (تەوێڵە)دا. (١٤٦٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ خواردنەوە بەکاردێت و دواتر دەڕژێتە نێو چەمی تەوێڵەوە. لە شێوەی پلورێکدا دێتە خوارەوە بۆیە ناونراوە پلور، لەلای خەڵکی تەوێڵە تایبەتە و چووەتە نێو پەندو گۆرانییانەوە. گەشتیاران سەردانیدەکەن و وێنەی لەگەڵدا دەگرن.

پیرەشەلە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی کۆنی قۆرتاس. لەکاتی نزمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەربەندیخان ئینجا دەردەکەوێت. بە کانی شێخ عەبدولکەریمیش ناودەبرێت و مەزارگەی ئەو پیرەی لێیە. هاوینانیش بە دابەزینی ئاستی ئاوی دەریـاچـەکـە وشـکناکات.

پیرەمەوروم

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (کانی ئاسکان)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ. لە دامێنی چیای پیرەمەگرون لە بەرامبەر گوندەکە. ناوەکەی مەگرون بووە، دواتر بووە بە مەوروم. مێژووەکەی بۆ چلەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. (تۆفیق بەگ) خاوەنی بووە. بە درێژایی (٢٥٠م) ئاوەکەی لە ڕێگەی کارێزەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو گوندەکە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریی و خواردنەوە سودیلێوەرگیراوە.

پیرشالیار

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (٨٨٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزه.‌ باخەکانی دەوروپشتی سودیلێوەردەگرن. بە بۆری و ترۆمپا دەبرێتەوە بۆ نێو پڕۆژەی ئاوی گوندەکە. مزگەوتی گوڵپ لە باشور و کانی هەواس لە باکور و کـانی هانەلیمۆ لـە خۆرئاوا و کـارێزی مزگـەوت لـە خۆرهەڵات دەورەیانداوە.

پیرکامڵ

لە دامێنی چیای (خۆرەتاوی کەوتێ)ی گریانەدایە. لە خوارووی گۆڕی (پیر کامڵ)ەوەیە. هەر بەناوی ئەویشەوە ناونراوە. بە کانی (گەرماوگ)یش ناسراوە. چونکە لە وەرزی زستاندا ئاوەکەی شلەتێنە و بۆ خۆشۆردن دانیشتوانی گوندەکە بەکاریانهێناوە. بەڵام لە وەرزی هاویندا ساردە. بەردەوام ئاوێکی ڕوونی لێ هەڵدەقوڵێت. لە نێو باخی (حاجی محەممەدی ڕیش)ـەدایە و ئاوی ئەو باخەی داوە.

پێگە

کەوتووەتە سنوری گوندی (پێگە). ئاوەکەی هەمیشەییە. بەڵام بە کەڵکی خواردن نایەت چونکە چەورە. بۆ ئاودانی ئاژەڵ بەکاردێت. لەبەرزاییەکە نزیک لە سیروان و ئاوەکەی دەڕژێتە ڕوبارەکەوە. بە (کانی نادر)یش ناودەبرێت.

تاریکەڵێن

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار) لە سەرەتای چەمی شنروێوە دەستپێدەکات. لە تاپۆی عوسمانیدا لای ڕۆستەم هاواری ناوی هاتووە. ناوەکەی لە ڕەوگەی کەڵانەوە یان ئاوگەی کەلانەوە هاتووە. شوێنی یادگاری (حەمەسەعید کەرەم فەتاح)ی ئەندامی حزبی هیوایە، کە لەسەر ئەم کانییە کوژراوە.

تازەدێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (تازەدێ)ی‌ سەر بە ناحیەی (خورماڵ). خاوەندایەتى دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکى گوندەکە. دەیان ساڵە بە بەردەوامى ئاوى هەیە و خەڵکى گوندەکە لە کۆنەوە تا ئـێستا بۆ خواردنەوە و ئـاودانى ئاژەڵەکانیان سودیانلێوەرگرتووە.

پێشتر 1 2 3 4
...
24 دواتر