سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

بانیشار

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی بانیشاری کۆن و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بووە. کانییەکی هەمیشەییە. لە دووریی نزیکەی پێنج کیلۆمەترەوە بە بۆری دوو ئینج بەرەو گوندی بانیشاری ئێستا ڕاکێشراوە و بووەتە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و لە سەرچاوە سەرەکییەکەشیەوە بەشی ئاوخواردنەوەی ئاژەڵی لێ جیاکراوەتەوە.

باواندەرە

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە) و کەوتووەتە نێو دۆڵی باواندەرە لە بەشی خۆرئاوای گوندی (بەڵخە) و حەوزێک بە ڕووبەری نزیکەی (٧ بە ٤م) لەسەر دروستکراوە و باخێک ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی باواندەرەوە. (١٢٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (هانەنەسرین و سەربەڵخ) و لە باشورەوە (دۆڵی ئەسحابەسەحان) و لە خۆرئاواوە (زەڕێن دۆڵ) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی سینەسەحاب) دەورەیانداوە.

باوە پەروێز

کەوتووەتە نێو گوندی چناری کۆکۆیی و لە چەمی (نێو باخان)ە. کانییەکی وەرزییە. چەوانەی بۆکراوە و وەک ساردکەرەوەیەک لەهاویندا خەڵکی گوند بۆ هەڵگرتنی بەروبوم بەکاریانهێناوە. نزیکەی (٥٠٠م) لە کانیی سەرەکیی گوندی چنارەوە دوورە. بە بەرد کراوەتە کارێز و زیادەی ئاوەکەی دەڕژێتەوە چەمی سیروان. ناوەکەی بۆ باوە پەروێز ناوێک دەگەڕێتەوە، کە خزمەتیکردووە و پاکیکردووەتەوە.

باوەحەیران

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (کانی وەیسکێ)وە لە ناحیەی بەمۆ. سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەیە.

باوەلێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (گردیگۆ) و بەردەمەکەی چاڵ بووە و وەک حەوزێکی گەورە بەکارهاتووە. کەوتووەتە باکوری گوندەکەوە. بەناوی کوێخا حەمەڕەشید کوێخای گوندەکەوە ناونراوە. ئاوی لەبەر ڕۆیشتووە، بەڵام کوێخا حەمەڕەشید فراوانی کردووە و بۆ کاروباری ژنان بەکارهاتووە. ئاوەکەی دەڕژێتەوە سەر چەمی زەڵم و دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخان.

بایزە

کەوتووەتە باشوری گوندى (کانى ئاسکان)ی سەر بە شارۆشکەی (خورمأڵ). مێژوویەکی دێرینی هەیە. ئاوێکی سازگاری هەیە. پێش ڕاگواستنی گوندەکان، ئاوەکەی تەنها بۆ ئاودێری بەکارهاتووە. ساڵی ١٩٩٥ لە لایەن هاوڵاتییەکی گوندەکەوە بە ناوی (ئەحمەد ساڵح) کراوە بە باخ و لە ئێستا نزیکەی دوو دۆنم باخ ئاودێریدەکات. ماوەی ٤٠ ساڵە وشکینەکردووە.

بەرکەورگ

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتی گوندی (پریسی سەروو)وەوە. له ‌بەرزیی (١٠٠٥م) له ‌ئاستی ڕووی دەریا بە ئاڕاستە‌ى باکوری بە درێژی نزیکەی یەک کیلۆمەتر سەرچاوە دەگرێت، بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە بەردەم ئەشکەوتێکەوە ئەو ناوەی وەرگرتووە (پێشتر بە ئەشکەوت وتراوە کەورگ)، ١٧ جوتیار وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاودێری بەکاریدەهێنن.

بەری باخچە

کەوتووەتە سەر ڕێگەی گوندی (پریسی سەروو) بە ئاڕاستە‌ی ناوچەی نەورۆڵی. (٨٠٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەسەر ڕێگای سەرەکیی گوندەکەیە بەرەو ناوچەی نەورۆڵی، لە ئێستادا زیاتر وەک کانی بەهارەیە، تا کۆتایی مانگی حەوت ئاوی هەیە.

بەڕوار

لە شاخی (چاڵان)ی گریانەیە. کەوتووەتە سارای کێوی (بەڕوودار) و کەژی (کاکە فەرەج). کانییەکی هەمیشەیی بووە. بەهۆی بوونی ژمارەیەک زۆر لە داربەڕوو، ئەوناوەی لێنراوە. ئاوی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بنێشتکردن و کارئاسانی زۆری بۆ خەڵک کردووە.

بەکان

بە دووریی نزیکی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). حەوزێکی لەبەردەمدا بە ڕووبەری (٥ بە ٣م) لەسەر دروستکراوە. بۆ ئاودێریکردنی باخێکی چڕی لەبەردەمیدا دروستکراوە بەکاردێت.

بەڵخەکان

چەند کانییەکی بچوکن، دەکەونە خۆرهەڵاتی گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن. ئاوەکەیان دەچنەوە سەریەک و پاشان دەڕژێنە چەمی سەرەکیی نەوێ. بۆ مەبەستی مەرەزە و ماش و... هتد بەکارهاتووە. ئاوەکەیان هەمیشەییە.

بەڵخی

کەوتووەتە نێوان کانی کەسرەتە و کانی بۆگەنکێ لە گوندی (سازان) لەڕێگەی کەمەرە سورەوە بۆی دەڕۆیت. ئاوی هەمیشەییە و تەنها یەک باخ ئاو دەدات. باخەکە هی محیەدین ئەمین ڕێشاوییە. پێدەچێت لە کۆندا ئەم ئاوە بۆ قەڵای سازان برابێتەوە. ئاوی کانییەکە بەڵخی گرتووە و ئەو ناوەی لێنراوە.

بگوێز

کەوتووەتە ‌باشوری خۆرهەڵاتى شارۆچکەی (بەمۆ) لەدامێنى چياى (بەمۆ). (٨٥٠م) لەئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. کانییەکی هەمیشەییە. لەناو بەشێک لە زەويیەکانى باشورى خۆرهەڵاتى (گڵەجاڕ)ە.

بلەقەوى: ملە قەوی

کەوتووەتە باشوری گوندی (بیاوێڵە) و له ‌نێوان ئەم گوندە و گوندی (عەنەب)دایە. له ‌دامێنی ئەو گردەدا هەڵدەقوڵێت، کە بە ملەقەوی ناسراوە. لە کاتی کیمیابارانی ١٩٨٨دا، چەند کەس لە نزیک کانییەکە و ناو حەوزەکەیدا شەهیدبوون. ئاوێکی هەمیشەیی هەیە. له ڕۆژگارێکدا ئەستێڵی بۆ کراوە و خەڵکی لە نزیکی کۆبوونەتەوە، بەڵام لە ئێستادا تەلبەندی بۆ کراوە و ئاوەکەی بۆ ئاودێری باخەکانی بەردەمی بەکاردێت.

بنگوێز

کەوتووەتە بەشی نزاری گوندی (گریانە). لە دامێنێکی سەختدایە. لە کۆندا بۆ بەکارهێنانی مزگەوت سودیانلێوەرگرتووە. لەپاش ڕووخانی مزگەوتەکە بەهۆی هاتنی لافاو و مانەوەی دوو دارگوێزەوە، پێیوتراوە کانی (بنگوێز). تاکوئێستاش ئاوی لێهەڵدەقوڵێت.

بناوچکە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ئاوایی حاجی حەمەئەمین)‌. دەیان ساڵە هەیە. خەڵکی گوندەکە بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵکردن سودیلێوەردەگرن. زیادەی ئاوەکەش دەچێتەوە سەر ئاوی زەڵم، کە لەنزیک گوندەکەدا تێدەپەڕێت.

بنچنار

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (تەکیە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ئاوێکی هەمیشەیی هەیە. بەهۆی ئەوەی زۆرتر پیاوان بەکاریانهێناوە، بە (کانیی پیاوان)یش ناودەبرێت. بەشێک لە ئاوەکە، کە زیاد بووە تێکەڵ بەئاوی چەمی زەڵم بووە. خاوەنداریەتییەکەی بۆ خەڵکی گوندەکە دەگەڕێتەوە. تا ئێستا وشکی نەکردووه و بۆ خواردنەوە بەکاریدەهێنن.

بووزانە

به ‌دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). خاوەندارێتی بۆ کەسێکى گوندەکە بەناوى (حاجی عوسمانی یاروەیس) دەگەڕێتەوە. لە کۆنەوە و تا ئێستا بۆ کشتوکاڵکردن سودیلێوەرگیراوە.

بۆگەنکێ

کەوتووەتە گوندی (ڕێشاو). ئاوەکەی کەمە، بەڵام وشکناکات و بەهێزە لەگەڵ وشکەساڵی خۆی گونجاندووە. پێکهاتەی خاکەکەی جۆرێکە بە تەڕبوونی بە ئاوی ئەم کانییە، بۆنێکی لێدێت، بۆیە ناونراوە کانیی بۆگەنکێ.

بیران

کۆمەڵێک کانیی نزیک یەکن. کەوتوونەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (دوانزەئیمامی خواروو) لەهەمان کاتدا دەکەونەسەر ڕێڕەوی سەرەکیی چەمی گەورەی دوانزەئیمامی خواروەوە، بۆیە بەو ناوەشەوە ناونراون، چونکە کانییەکان لەشێوەی بیرن و شێوەی هەڵقوڵینیان لە بنکی زەوییەوەیە بۆ سەرەوە، واتە بەشێوەیەکی ستونی دەردەکەون نەک ئاسۆیی و لە قەدپاڵێکی بەرزەوە بێنەخوارەوە، ئەم کانیانە بوونەتە سەرچاوەیەکی بەپیتی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیە، کە نزیکەی (١٢٠دۆنم) زەوی بەراو پشت بە ئاوی ئەم کانییە دەبەستێت.

پێشتر 1 2 3
...
24 دواتر