سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

تەڵوکێ ١

کەوتووەتە سنوری گوندی عەبابەیلێ و خۆرهەڵاتى گوندی (دەڵەمەڕ). بەدوورى دوو کيلۆمەتر لەناو دۆڵی دەڵەمەڕ و سەر ڕێگای (کانی گوێز)ە. بە قەدپاڵی کێوەکەیەوە. بۆ ئاودانى ئاژەڵەکانى گوند بەکارهاتووه. دەوروپشتى کانييە وەک هەوارگەیەک لە وەرزەکانى هاوين و پاييزدا بەکارهێنراوە. جگەلەوەی، کە شاخڕەو و ڕێبوارێکی زۆر لەکاتی گەشتکردن بۆ شاخەکانی وەزگێڵ و قەمان سودیلێوەردەگرن. ئاوەکەی نە زیاددەکات و نەکەمدەکات، بەڵام هەمیشەییە.

تەوەنێ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). حەوزێک بە ڕووبەری (٤ بە ١١م)ی لەسەر دروستکراوە و باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتەخوارەوە و دەڕژێتە چەمی بەڵخە. (١٨٦٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (چیای تەوەنێ و دۆڵی لاسەوزیتێ) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی بەڵخە و سینەسەحاب) و لە باشورەوە (دۆڵی هانەوەهارە و خوێڕسگە) و لە خۆرهەڵاتەوە (چیای هەوارە بەرزە و دەرەتاریک) دەورەیانداوە.

تفەقەتارا

بە دووریی (٥٣٠م) کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (٨٩٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی (٣ بە ٨م) لەسەر دروستکراوە. باخێک لەبەردەمیدا سەوز کراوە و بۆ ئاودێریکردنی بـەکاردێت.

تفەوکۆکی

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتەخوارەوە و دەڕژێتە چەمی بەڵخە. (١٣٢٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (هەسارەوردکڵێ و کانی هانەومەڕا و چێرسۆڵێ و کەریمە و سەرسۆڵ) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخەی خواروو) و لە باشورەوە (دۆڵی سۆڵێ) و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی (بەڵخەی سەروو) دەورەیانداوە.

تفەو گەلەی

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی). بەواتای (تووی ڕانەمەڕ) دێت. کانییەکی تێدابووە بە ناوی کارێزی (حاجی حەمەسەعید)، کە ئاژەڵەکانیان لەنزیکیەوە مۆڵداوە و شیریاندۆشیوە.

تلێوەرێ

کەوتووەتە‌ گوندى تلێوەرێ لە ناوچەى سازان به ‌دووریى (٩کم) لەبەشى باشورى شارى هەڵەبجە. سەرچاوەى ئاوى گوندى تلێوەرێ و باخ و ئاژەڵدارەکانيەتى. داهاتى ئاوى لە نێوان (٢ بۆ ٣ ئينچ) ئاوە. سەرچاوەى ئاوى ئەم کانييە گەنجينەى ئاوى چينەبەردەکانى پێکهاتەى باڵامبۆيە و بەهۆى نوشتانەوەى بەردەکانيەوە بەردەرکەوتووە.

توو

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەسەر ڕێگەی نێوان گوندی (یاڵانپێ) و مەرزی (مڵەخورد) هەڵکەوتووە. (١١٤١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ ئاودێریکردنی باخێکی چڕ، کە لەبەردەمیدا دروستکراوە، بەکاردێت.

تووی مام جەژنی

کەوتووەتە باکوری گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن. لە بەرزایی دوورەبنە هەڵکەوتووە. ئاوەکەی هەمیشەییە. لە ئێستادا وەک سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی چەند ماڵێک بەکاردێت. بەهۆی جوانیی سروشتی ناوچەکە، لە بەهاران و لە کۆندا خەڵکی ناوچەکە بۆ کات_بەسەربردن لەوێ دانیشتون. هەر بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

تێ

کەوتووەتە گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکە و باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتەخوارەوە و دەڕژێتە چەمی بەڵخە. (١٦٩٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (چیای تەوەنێ و دۆڵی لاسەوزیتێ) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی بەڵخە و سینەسەحاب) و لە باشورەوە (دۆڵی هانەوەهارە و خوێڕسگە) و لە خۆرهەڵاتەوە (کانی تەوەنێ و چیای هەوارە بەرزە و دەرەتاریک) دەورەیانداوە.

جافی

کەوتووەتە دامێنی زنجیرە چیای شنروێ و بەڕووی گوندی هاوارەکۆندا دەڕوانێت. بەناوی ئەو جافانەوە ناونراوە، کە ڕەوەندبوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە. بۆ ئاژەڵداری بەکارهێنراوە. بە کانی (زهۆرا)ش ناودەبرێت.

جامزە

یەکێکە لە کانیاوەکانی شارۆچکەی (بیارە) و کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای دۆڵی بیارە و خۆرهەڵاتی گوندی هانەنەوتێ. لە نێو چەمی بیارە و دەڕژێتە چەمەکەوە. (١٠٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (لوتکەی ئاسنەوەرد و کانی باخی سان و ملەی چنار) و لە باشورەوە (دۆڵی بیارە) و لە خۆرئاواوە (کانی مەلە تایر و چەقەڵاوا و هانەتوتمان و هانەنەوتێ و دەرەقەیسەر) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی باخی خول و وێڕگا و دەرەشۆڵای) دەورەیانداوە.

جافان

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێن. جافەکان تێیدا ماونەتەوە. بەهۆی زۆریی سەرچاوەی ئاو لەو ناچانەدا، مەڕدارییان کردووە و ئەم کانیش بەناوی ئەوانەوە ناونراوە.

چاڵەسەوز

بە دووریی یەک کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (چواردارانی سەروو)ی سەر بە شارۆچکەی (بەمۆ). لە قەدپاڵی شاخێکدایە. باخێکی سێ دۆنمی لەبەردەمدایە و بە ئاوی ئەم کانییە ئاو دەدرێت. ئەستێلی بۆ دروستکراوە، ئاژەڵ و کەسانی ڕێبوار سودیلێوەردەگرن.

چاوگە درێژ

نزیکەی یەک کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (کوڵکنیی سەروو). لە شێوەی چاڵدا هەڵکەنراوە و دەیان ساڵە وشکینەکردووە. ئاوەکەی بۆ زەوی جوتیارانی گوندی تەپی سەفا بەکاردەهێنرێت.

چاوگەکە ١

کەوتووەتە باشوری گوندی (گردیگۆ). ئاوێکی هەمیشەیی هەیە و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەی لەسەر دروستکراوە و بەسەر خانوەکانی گوندەکەدا دابەشدەکرێت. ئاوی زیادەی کانییەکە دەڕژێتە جۆگەی ئاودێریی چۆڵمەک، کە جۆگەیەکی ئاودێریی کشتوکاڵییە. بەڵام ئاوی کانییەکە هیچ زەوییەک بەراوناکات.

چاوگی ئۆمەر

به ‌دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (شەشکی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە کۆنەوە هەیە و وشکینەکردووە. جیا لە خەڵکی شەشکی سەروو، خەڵکی گوندی خێڵی حەمەش سودیلێوەردەگرن. بە گشتی ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵکردن سودیلێدەبینرێت.

چاوگی دەڵەمەر

کانی و چاوگە. کەوتووەتە خوارووی گوندی (دەڵەمەڕ). موڵکی شێخانی عەبابەیلێیە. بۆ کشتوکاڵ و مەرەزە و توتن بەکارهاتووە و باخی لەبەر نییە. لەگەڵ ئاوی (کانییە بەهارێ) دراوە لەیەک تاوەکو شوێنی ئێستای گەڕەکی (گۆران سیتی) و گەڕەکی (بەفری میری) بەردەم زانکۆی هەڵەبجە.

چاوگی قازانگە

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی کەوتە، سەرچاوەی سەرەکیی ئاودانی بەشێک لە باخ و زەوییەکانی گوندەکەیە، هەروەها دانیشتوانی گوندیش بۆ خواردنەوە و پێداویستییەکانی ڕۆژانە بەکاریدەهێنن. بڕێکی زۆر ئاوی هەیە و هەرگیز وشکناکات.

چاوگی مامە حەمەی ڕۆستەم

کەوتووەتە گوندی ڕێشاو لە دامێنی چیای بانەبەرز. ئاوێکی زۆری هەیە باخەکانی پێ ئاو دەدرێت. هەمیشەییە. ئاوەکەی لەگەڵ چاوگی بێخچناران و محیەدین یەکدەگرێت و پێکەوە هەندێک باخ ئاودەدەن، تا دەگاتە چاوگی مامۆ حەمەکەریم و بە ئاڕاستەی گوندی کۆساوا، بە چەمێکدا درێژدەبیتەوە، لەگەڵ چاوگی بارام و حاجی عەلی تێکەڵ دەبێت.

چاوگی نەیجە گەورە

کەوتووەتە بەشی باکوری گوندی کەوتە، بڕێکی زۆر ئاوی هەیە، هەرگیز وشکناکات، بەڵام ساڵانی کەم_بارانی، بڕی ئاوەکەی کەمدەبێتەوە. جگە لەوەی، کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاوی گوندەکەیە، بەشێک لە باخ و زەویی و زاری گوندەکەش لەم کانییە سودمەنددەبن، هەروەها سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی مزگەوتی ناو گوندەکەشە.

پێشتر 1
...
3 4 5
...
24 دواتر