سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

مێجەرسۆن: مايجۆر

کەوتووەتە نێوان هەردوو گوندى (غوڵامى) و (ئيمامى زامن)ەوە، دانيشتوانى گوندى غوڵامى دەگێڕنەوه،‌ کە (مێجەر سۆن)، کە لە ماڵى (وەسمان پاشا)ى جافدا بووە هاتووەتە گوندەکەيان و ئاوى کانيەکانى پشکنیوە(فەحسکردووە)، دوو کانى لەو ناوچەيەدا دەستنيشانکردووه،‌ کە کانى (مێجەرسۆن (مايجۆر)، ‌ترشان) بووهن، کە ئاوەکەيان تايبەت و خاوێنن و زۆر شياوى خواردنەوەن، خەڵکى ناوچەکە بە کانى مێجەرسۆن ناويان هێناوە و وردەوردە گۆڕانى بەسەردا هاتوو بووە بە کانى (مايجۆر).

مێشلە

کەوتووەتە بەڵخەی هەورامان. سەرچاوەی ئاوەکەی چەمی (ڕێوڵە)یە. کەوتووەتە نێوان هةردوو گوندی بەڵخە و سۆسەکانەوە. لە نێو دۆڵی ڕێوڵە و چیای تەوەنێدایە. لە گۆرانی و ئەدەبی میللیی ناوچەکەدا ناوی هاتووە. خەڵکی بەڵخە بۆ خواردنەوە و ئاودێریی باخەکانیان سودیان لە ئاوەکەی وەرگرتووە. بە کردنەوەی چاخانە و ئاوەدانکردنەوەی دەورووبەری وەک سەیرانگا و هاوینەهەواری لێهاتووە.

مێوڵێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندەکە. (١١٦٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی مێوڵێ و لە باکورەوە کانی نساری پیر و لە باشورەوە لوتکەی تلەسیاو و لە خۆرئاواوە نساری سەرچەمە و لە خۆرهەڵاتەوە کانی دووەچڵە و سەروەزەن دەورەیانداوە.

نارنجڵە

کەوتووەتە‌ سنوری گوندى (نارنجڵه)‌. لە بەرزیى (١٠٦٧م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە دەرکەوتووه. به ‌يەکێک لە کانياوە گەورەکانى گوندەکە‌ دەژمێررێت و هۆکارى دروستبوونى گوندەکەش بووە، ئەم کانياوە حەوزێکى بچوکى لەسەر دروستکراوە و لە بەردەميشيدا کۆگايەکى ئاوى بەقەبارەى (٦م٣) بۆ دروستکراوه.

ناوباخان

کەوتووەتە نێو گوندی (نەیجەڵە). ئاوەکەی هەمیشەییە. لە خوارووی کانی ئاوایی و لەناو باخەکاندا هەڵدەقوڵێت. ئاوەکەی بۆ ئاودانی باخەکان بەکارهاتووە و بەهۆی بەرزیی گوندەکەوە بۆ کاروباری دیکە بەکارنایەت. لەگەڵ کانی ئاوایی یەکدەگرن و بە چەمی قەڵبەزەدا دەچنەوە سەر ڕوباری سیروان.

ناوباخ ١

کەوتووەتە ناو چەمی گوندی (کۆساوا). لە نزیک کانی بەهاردۆڵە و ئاوەکەیان دەڕواتەوە سەر یەک. کانییەکی هەمیشەییە. لە سەردەمی داودبەگی حەمەسەعید بەگدا، کە دەسەڵاتداری ناوچەکە بووە، ئاوەکەی بە جۆگە بۆ دەشتی سازان براوەتەوە. بەهاوبەشی جوتیارانی کانی گوێز و سازان کشتوکاڵیان لەبەر کردووە بەتایبەت کراوەتە مەرەزە و چەڵتوک.

ناودێ ١

کۆمەڵێک کانین لەنێو سەنتەری گوندی (خاکوخۆڵ). ئاوەکانیان هاتوونەتەوە سەریەک. کانییەکان هەمیشەیی بوون و بەهۆی زۆریی ئاوەکەیانەوە چەند حەوزێکی قەبارە جیاوازیان لەسەر دروستکراوە، کە یەکێک لەو ئەستێڵانە بۆ کاروباری ژنان تەرخانکراوە.

ناودێ ٢

کەوتووەتە سەنتەری گوندی (دەڵەمەڕ) لە بناری شاخی شنروێ. بە کانی خوامرادیش ناودەبرێت. ئاوەکەی هەمیشەییە، بەڵام هەندێک ساڵ کەمیکردووە. بۆ ئیش و کاری ناودێ بەکارهاتووە. بۆیە بەو ناوەش ناونراوە.

نەواڵە

کەوتوووتە گەڕەکی کانی قوڵکە لە ناوشاری هەڵەبجە و بە دووریی (٥٠٠م) لە پارکی پەرلەمانەوە دوورە. لەکاتی خۆیدا بەگزادەکان بۆ مەرەزە و توتنکردن پشتیانپێبەستووە و لەگەڵ کانییەکانی بامۆکدا ئاوەکەیان بۆ دەشتەکانی حەمەوخان و توراشە بردووەتەوە. خەڵکی هەڵەبجە بۆ کاتبەسەربردن سەردانیانکردووە.

نەوە

کەوتووەتە‌ بەشى ڕۆژهەڵاتى گوندى (هانەیدن). نزيکەى (١٥٨٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرچاوەى ئاوەکەى، بەفر و بارانى چياکانى هەورامانە لە پێکهاتەى ئاڤرۆمانى لايمستۆنى. ئەم کانييە بەهۆى هەڵکەوتەى جوگرافى، سازگارى و ساردیى ئاوەکەیەوە، لەوەرزى بەهار و هاويندا شوێنى حەوانەوه ‌و هەوارگەى زۆربەى گەشتياران و ڕێبوارانى ناوچەکەيە، پلەى گەرمیى ئاوەکەى نۆ پلەى سەدييه.

نەیجەکۆڵەی سەرین

کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنە)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە)، کەوتووەتە باشوری گوندەکەوە‌. (١٣١٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەسەر دروستکراوە و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدایە بەکاردێت.

نەیجەکۆڵەی وارین

کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنە)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). (١٢٤٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەسەر دروستکراوە و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدایە بەکاردێت، بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (گوندی گەچێنە و باخەکۆن و کانی سەرگەچێنە و حەوزەلارە و دۆڵی گەچێنە و دۆڵی تایلەی دەرەتاریک و کانی گورگەدەر) و لە خۆرئاواوە (شوێنەواری قەڵای میران غاڵ و لوتکەی تەوەنەوترازیا) و لە باشورەوە (دۆڵی سەرگەچێنە و چیای کەمەر خەپلە و بانی هێڵە گەمە و کانی سەرگەچێنە حاجی ڕا) و لە خۆرهەڵاتەوە (ئەشکەوتی هەلاجان و لاپاڵی خۆرەتاوی مەرەوێ و کانی حەمەجافر و کانی حاجی محمود و کانی هەمزەیی و کانی ناوەڕاست).

نساری پیر

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکەوە‌. (١١١٢.٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی خەرپانی و لە باکورەوە کانی تووەسیاو و لە باشورەوە کانی مێوڵێ و لە خۆرئاواوە نساری سەرچەمە و لە خۆرهەڵاتەوە کانی دووەچڵە و سەروەزەن دەورەیانداوە.

نۆمدەرە

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار). لە سێ کانیی سەرەکی پێکهاتووە. لە خوارەوەی شوێنەوای گوندێکی لێیە. شوێنێکی ئارانە و بەفر نایگرێتەوە. ناوەکەی لە(نۆما)ی هەورامییەوە وەرگیراوە، کە بە واتای چۆمی جوانووەکان دێت. دەوترێت شوێنی بەخێوکردنی ئەسپەکانی قەڵانشینەکەی یۆسۆ بەگه، کە لە قەڵاوە نزیکە و لەم دواییانەدا هاوارییەکان کردوویانە بە پاوەنی زستانەو قەدەغەکراوە لە ئاژەڵ.

نیزامان

کەوتووەتە گوندی (کوڵی متکان). بەهارەیە لەنزیک مەخفەری قشڵە، کە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە، هەڵکەوتووە. ئاوەکەی بۆ ئەو مەخفەرە بەکارهاتوە بۆیە پێیوتراوە نیزامان.

هالەکە

کەوتووەتە سنوری گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٠٤٠م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی دەڕژێتە نێو چەمی و سەرگەت و بۆ ئاودێریکردنی باخەکان بەکاردەهێنرێت.

هاڵی

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) و کەوتووەتە دووریی (٥٥٠م) لە بەشی باکوری خۆرئاوای گوندەکەوە، (٩٧٠.٨م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی حەوزێکی لەبەردەمدا دروستکراوە (هەساری)، کە ڕووبەرەکەی (٣ بە ٥م) دەبێت و ئاوەکەی کۆدەکاتەوە و بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدا دروستکراوە، بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: (کانی وەرزی ڕێزینە و کانی ساجە و ئەشکەوتی مەڕدێیەکان) لە باکور و (کانی باخەکان و ئەشکەوتی مەڕدێیەکان و بانە گەورێ) لە خۆرئاوا و (کانی شێخ جافر، کانی شێخ قادر، کانی هانەکڵە "سۆڵە و کانی حەوز مزگەوت"، دۆڵی قەڵاگا، کانی وەرو شەخسی، کانی میشڵیان) لە باشور و (هانە چیاڵە و کانی هانەوا و کانی چەقەڵان و کانی وێکەن و کانی حاجی حەمەسیاو) لە خۆرهەڵات.

هانە ئەولکەریم

کەوتووەتە چەمی (دەگا)ی گوندی (بەڵخە). کانییەکی هەمیشەییە. بەناوی (عەبدولکەریم) ناوێکەوە ناونراوە. لەگەڵ ئاوی (هانەکڵە و ڕاگای و هانەکڵە چیا) چەمی بەڵخە پێکدەهێنن. ئەستێڵ و بەردەنوێژی لەسەر کراوە.

هانە پاڵەوان

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) لە بەرزاییەکانی (یەوە جەڕێ) و لەسەرووی قەڵبەزەی (سەروەزەن). بۆیە هەرکەس گەیشتبێتە سەر کانییەکە پێیوتراوە (پاڵەوان). لە ڕێگەی (چەمی یەوەجەڕێ)ەوە پێیدەگەیت.

هانە تازە

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە) و کەوتووەتە نێو دۆڵی وەزەنێ لە باکوری خۆرئاوای سەیرانگای (وەزەنێ) و باخێک ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی وەزەنێ، (١٣٥٨م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (دۆڵی جانێ) و لە باشورەوە (دۆڵی وەزەنێ و سێ سەلام) و لە خۆرئاواوە (دەگاوهاڵی و دۆڵی وێڕگا و مۆتێل هانا) و لە خۆرهەڵاتەوە (هانەنەسرین و سەربەڵخ و وەزەنێ) دەورەیانداوە.

پێشتر 1
...
18 19 20
...
24 دواتر