سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

هانە تایلە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٧٥١م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی حەوزێکی لەسەر دروستکراوە بە ڕووبەری (٢ بۆ ٣م) و بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی بەردەمی بەکاردەهێنرێت و ئاوێکی کەللەتەزێنی زۆر ساردی هەیە کەم کەس دەتوانێت دەست نوێژی لێبگرێت بەبێ وەستان و سەکۆیەکی چیمەنتیۆی بۆ دروستکراوە و بووەتە شوێنێکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش و خەڵکی سەردانیدەکەن، بە تایبەتی لە هاویندا، ئەمەیش بەهۆی فێنکیی ئاووهەواکەی و لە خۆرئاواوە هانەنەوە و هانە توتمان و قەڵاو داڵی و لە باشورەوە هانەی نسار تاریک و دۆڵی هەسانا و دۆڵی کێڵا و دۆڵی شەڵواندڕ و لە باکورەوە حاجی ڕاو دۆڵی کۆرێ و لە خۆرهەڵاتەوە لوتکەی شروانێ و چیای تەتەو کەڵەلانکێ دەورەیانداوە.

هانە توتمان ١

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندەکە. (١٣٣٨م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی حەوزێکی لەسەر دروستکراوە بە ڕووبەری (٦ بۆ ٨م) و بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی بەردەمی بەکاردەهێنرێت، بووەتە شوێنێکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش و خەڵکی سەردانیدەکەن بە تایبەتی لە هاویندا بەهۆی فێنکیی ئاووهەواکەی و لە خۆرئاواوە گوندی هانەیدن و گوندی سەرگەت و لە باشورەوە دۆڵی هەسانا و دۆڵی شەڵواندڕ و لوتکەی کەمەرە سور و لە باکورەوە قەڵای داڵ و چیای لەنگەلەرز و دەشتڵێ و هەربەدۆڵ و لە خۆرهەڵاتەوە هانەی نسار تاریک و دۆڵی ژەرەژا دەورەیانداوە.

هانە توتمان ٢

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەنەوتێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکە. (٩١٨م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەسەر دروستکراوە و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی بەردەمی بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (دۆڵی هانەنەوتێ و گوندی بنجەودڕەی) و لە خۆرئاواوە (گوندی دەرەقەیسەر و زەردەهاڵ) و لە باشورەوە (کانی یەوەجەڕێ و سەروەزەن و دووەچڵە و تووەسیاو دۆڵە درێژە) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی بیارە و کانی باخی سان و دۆڵی باواندەرە و دەگاشێخان).

هانە چەرمە

کەوتووەتە گوندی (خەرپانی) ئاوەکەی لە قەدپاڵی شاخێکەوە هەڵدەقوڵێت، کە پێیدەوترێت (باسکو هانە چەرمەی). بەهۆی ئەوەی ئاوێکی سازگاری هەیە ئەو ناوەی لێنراوە (چەرمە: سپی). لەسەر ڕێگەی گوندەکەیە و لە لێوار جادەکەوە دێتەدەرەوە. چاوانەکەی بە بەرد هەڵچنراوه و ئاوەکەی دەچێتە ئەستێڵکێکەوه،‌ کە بە (هەسارە و هانە چەرمەی) ناسراوە. ئاودێریی چەندین باخ دەکات و هاوینانیش کشتوکاڵی لەسەر دەکرێت. لە ڕابردوودا و بەهۆی زۆری ئاوەکەیەوە توتن و پەمووی لەبەر کراوە. ‌

هانە چیا

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەقەیسەر) و سەر ڕێگەی هەمەشوانە. (١٠٥٠م) لەڕووی دەریاوە بەرزە. ئاویکی ساردی هەیە. ئاوی چەند باخێک دەدات و ڕێبواران سودیلێدەبینن.

هانە دەشتیلێ

کەوتووەتە باکوری شارەدێی (تەوێڵه) و باکوری هاوینەهەواری (ئاوێسەر)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە)، (١٨١١م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

هانە دڕە

کەوتووەتە سنوری خۆرهەڵاتی گوندی (کانی ئاسکان). لە قەد پاڵی چیای سورێنە. ئاوەکەی هەمیشەییە، بەڵام بە هاویندا کەمە. ئاوەکەی ڕۆدەچێتە نێو تاشەبەردەکانی بەردەمی و ناوەستێتەوە. بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

هانە درەی

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە) و کەوتووەتە بەشی باشوری گوندی بەڵخەی سەروو و باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی بەڵخە، (١٤٥٠م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (گوندی بەڵخەی سەروو) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخەی خواروو) و لە باشورەوە (دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە خۆرهەڵاتەوە (کانی مێشلە) دەورەیانداوە.

هانە دێوا

بە دووریی نزیکی پینج کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری شارەدێی (تەوێڵە). (١٦٨٤م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بە نێو باخەکانی سەیرانگای ئاوێسەردا دەڕوات و لەلایەن گەشتیارانە بەکاردێت و دار گوێزەکانی چناری پێ ئاودێری دەکرێت و دەڕژێتە چەمی ئاوێسەرەوە.

هانە ڕووەنینە

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) لە نزیک چەمی (پلەکانا) و ڕێگەی (کەمانگەرا - بەڵخە). بەواتای (کانی ڕۆنینە) دێت، چونکە ئاوەکەی بە پیت و بەرەکەت بووە و وەک (ڕۆنی کوردی) لەو سەرەمەدا سەیرکراوە. لە کۆتایی بەهاردا وشکدەکات.

هانە ساڵە

کەوتووەتە سنوری گوندی (دۆڵبیان) و کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرئاوای گوندەکە و باخاتێکی چڕی گوێز و توو ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی گەورە، (١٠٥٣م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (گوندی جاور و پاڵانیا و دۆڵی سۆڵێ) و لە خۆرئاواوە (چەمی گەورە و گوندی هاوار) و لە باشورەوە (لوتکەی چیای دۆڵە هەنجیر و چیای هەوارەبەرزە) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵبیان) دەورەیانداوە.

هانە سووسوو

کەوتووەتە ناو شارەدێی (تەوێڵە)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). (١٤٧٨م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (دۆڵی ئاوێسەر و چیای جەمباز و کانی لێژڵە و حاجی ئایزە و دەرەتاریک و هانەکڵە و سێمارەوار و چەمەو چناری) و لە خۆرئاواوە (قەڵای گاوران و دۆڵی دەمەرە سورا و چیای هەوارە بەرزە) و لە باشورەوە (گەڕەکی وەران وەر و چلانە و باوەسەرهەنگ و پڕۆژەی ئاوی تەوێڵە و مەرقەد و خانەقای شێخ عوسمانی سیراجەدین و چەمی تەوێڵە و کانی ویسورە) و لە خۆرهەڵاتەوە (دەرەتفێ و پەشتەوبانا و کانی ماوەزا و کانی مزگەوت و هانە مڵک شا و چەمی زاوەر و گەڕەکی مالیدەر) دەورەیانداوە. ئاوی ئەم کانییە بۆ ئاودێریکردن و خواردنەوە بەکاردێت و دواتر دەڕژێتە نێو چەمی تەوێڵەوە.

هانە شارانی

کەوتووەتە سنوری گوندی (‌خەرپانی). لە نزیک کانییەکە ژمارەیەک باخی توو و هەنار، گۆڕستانێکی دێرین هەیه، کە مێژوویەکی دێرین نیشاندەدەن. هەروەها لە نزیکیدا، ژمارەیەک پڕۆژەی بەخێوکردنی مەڕوماڵات دروستکراوە.

هانە فەقێیا

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە) لە خوارووی هانە (کاوات) و لە باخی (حاجی غەفوری ئەحمەدە). شوێنەکەی تەختایی و هاوینەهەوارێکی دڵڕفێنە. بەهۆی ئەوەی فەقێکانی خانەقا لەوێ دەرس و وانەیان خوێندووە، بە کانی (فەقێیەکان) ناونراوە.

هانە کەکەوان

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (١٨٤٣م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەسەر ڕێگای دەروازەی نافەرمیی مڵەخورد و لە خۆرئاواوە چیای سێخڕان و لە باشورەوە پلەکێ مەلا مسەفای و تکەکە و لە باکورەوە لوتکەی ئاساو وای و لە خۆرهەڵاتەوە دەروازەی مڵەخورد و دۆڵەسور دەورەیانداوە.

هانە کەمەڵە

کەوتووەتە نێوان گوندی (گوڵپ و نارنجڵە) لە هەورامان لەسەر ڕێگەیەکی خاکییە. کانییەکە لە چەمی (هانەکەمەڵە)دا هەڵدەقوڵێت. بۆ باخداری و کشتوکاڵکردن سودیلێوەردەگیرێت.

هانەکلە

کەوتووەتە بەردەم گوندی (خەرپانی). بە (هانەکلەوکەرگا) بەناوبانگە. (مستەفای کوڕی جافرسان) ناسراو بە(سالار) ئاوەکەی گەیاندووەتە قوتابخانەی کۆنی خەرپانی. (کل) بەواتای پێچ دێت و لە گۆشەیەکی تەسکدایە لە (باخچە گەورە). پلورێکی بۆ کراوە و هاوینان وشکدەکات.

هانە کڵە ١

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) بە دووریی (٣٤٠م) لە بەشی باکوری خۆرئاوای گوندەکە. (٩٣١م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

هانە کڵە ٢

کەوتووەتە چەمی ئاوێسەر لە سنوری شارەدێی (تەوێڵە) ئاوی سازگار و بەردەوامی هەیە و حەوزی پڕۆژەی ئاوی مالێدەری لەسەرە. (١٦٣٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بە (هانۆ ئیبراهیم زەڕین)یش ناسراوە. کەوتوەتە نێوان باخەکانی باخەوان و پیری وەزە سورەوە. بە بەراورد لەگەڵ کانی سەرچاوەکەی سەروتری بچوک و ئاوی کەمترە. بۆیە پێیوتراوە هانکڵە(کانیلە). ئاوی ئەم کانییە بە بۆری لە کۆتایی ساڵی ١٩٥٧وە ڕاکیشراوە بۆ خەزانی ئاوی قازان. دەوروبەری کراوەتە کەپری دانیشتن بۆ سەردانیکەران و گەشتیاران، کە ساڵانە سەردانی سەیرانگاکە دەکەن.

هانەکڵەو بەیێ

کەوتووەتە بەردەم گوندی (سۆسەکان). حەوزێکی بچوکی بۆ کراوە و لە کۆندا ژنان لەم کانییە جلوبەرگ و قاپیان شتووە، هەروەها بۆ خواردنەوەش سودیلێوەرگیراوە.

پێشتر 1
...
19 20 21
...
24 دواتر