سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

مچەڕەش

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (٩٨٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت.

محەممەد

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەتفێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٤٥٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی ئاوی بە ڕووبەری (٣ بە ٥م) لەسەر دروستکراوە و بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی دەرەتفێ و لە باکورەوە چیای کڵاوەبەرزە و لە باشورەوە کانی دەرە کەریم و مڵکەڕەش و لە خۆرهەڵاتەوە چیای دەرەهاڵیتێ و لە خۆرئاواوە دەرەی میرەی دەورەیانداوە.

مراوەیس

کەوتووەتە ڕۆژئاوای گوندی (بامۆک) و بەچەند مەترێک لە بەردەم مزگەوتی (مەدینە). لەکاتی هەڵکەندنی بناغەی مزگەوتی مەدینە دەرکەوتووە. کارێز بووە و بە ئاڕاستەی گوندی بامۆک ڕۆیشتووە. ناوی کانییەکە لەناوی (مورادوەیس)ەوە هاتووە، کە یەکێک بووە لە پیاوە ناسراو و ناودارەکانی گوندی بامۆک و لەو کەسانەبووە، کە گوندەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە. بەهۆی گۆڕانکارییە مرۆییەکان و ئاووهەواوە لە ئێستادا کانییەکە وشکیکردووە، بەڵام لەو ساڵانەی، کە ڕێژەی بارانبارین زۆرە سەرلەنوێ دەبووژێتەوە.

مرواری

کەوتووەته ناوەندی گوندی (پریسی سەروو)وەوە لەسەر ڕێگەی (نەرورۆڵی). له ‌بەرزیی (٨٧٠م) له ‌ئاستی ڕووی دەریا سەرچاوە دەگرێت به ‌ئاڕاستە‌ی باکور، بەهۆی کەمیی ئاوەکەیەوە تەنها یەک جوتیار پشتیپێدەبەستێت. کاتی زوو ئەم کانیە تايبەت بووە بە ئافرەتان و کاڵاو قاپ و شمەکيان تێدا شۆردوە، هۆکاری ناوەکەشی بۆ ڕونی و پاکیی ئاوەکەی دەگەڕێتەوه،‌ کە وەک مروارى دەدرەوشێتەوە.

مروەوبەگلەی

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە) سەر بە ناحیەی (بیارە) و کەوتووەتە ناو دۆڵی مروەوبەگلەی لە بەشی باشوری ناوچەی گەشتیاری (مێشلە) و باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی مروەوبەگلەی، (١٥٢٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (چیای کەمەرقەڵا) و لە باشورەوە (کانی مێشلە و دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخەی سەروو خواروو) و لە خۆرهەڵاتەوە (چیای هەوارەبەرزە) دەورەیانداوە.

مزگەوتى سازان

کەوتووەتە ناو چەمى سازان و موڵکدارييەکەى دەگەرێتەوە بۆ مزگەوتى گوند، چەند جوتيارێک لێى سودمەنددەبن، داهاتى ئاوى باشى هەيە. لە ئێستادا بەهۆى هەڵکەندنى چەند بيرێکى دەستى لەسەر هەمان دەمارى ئاوى کانييەکە کاريگەريیان لەسەرداهاتى ئاوەکەى لەوەرزى هاويندا هەبووە. لە ئاستى بەرزى (٦٩٩م) لە ڕووى دەرياوە هەڵکەوتووە.

مزگەوتی سەرگەت

کەوتووەتە سنوری گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، (١٠٣٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ کاروباری مزگەت بەکاردێت و لە کۆتاییدا دەڕژێتە نێو چەمی و سەرگەت و بۆ ئاودێریکردنی باخەکان بەکاردەهێنرێت.

مزگەوتی گەورەی تەوێڵە

کەوتووەتە سنوری شارەدێی (تەوێڵە) لەناو مزگەوتی گەورەی تەوێڵە. (١٤٦٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بە جۆگەی کۆنکرێتی لە دەرەوەی شارۆچکەکەوە ڕاکێشراوە بۆ مزگەوتەکە. بۆ خواردنەوە و دەستنوێژگرتن بەکاردێت و دواتر دەڕژێتە نێو چەمی تەوێڵەوە، حەوزێکی جوان و نافورەیەکی لەسەر دروستکراوە و هەندێک ماسی جوانی تێدایە.

مزگەوتی گوندی هانەیدن

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، (١١٢٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ کاروباری مزگەوت بەکاردەهێنرێت، لە خۆرئاواوە گوندی سەرگەت و لە باشورەوە هەربەدۆڵ و لە باکورەوە گوندی دەرەیمەڕ و ئەشکەوتەکانی و لەنگەلەرز و لە خۆرهەڵاتەوە شەڵواندڕ و کانی هانە توتمان دەورەیانداوە.

مزگەوتی نارنجڵە

کەوتووەتە سنوری گوندی (نارنجڵە)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە) و کەوتووەتە بەشی باکوری نارنجڵەی کۆن، (١٠٦٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی حەوزێکی لەبەردەمدا دروستکراوە (هەساری)، کە ڕووبەرەکەی نزیکەی (٣ بە ٢م) دەبێت و ئاوەکەی کۆدەکاتەوە و بۆ دەستنوێژگرتن بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (کانی لارەدەر و دۆڵی مەڵاڵە) و لە خۆرئاواوە (کانی باخی کەیوا و باقل و کارێز و کانی چیاڵە و کەمەڵە) و لە باشورەوە (کانی نارنجڵە و گۆڕستان و قوتابخانەی نارنجڵە و قەڵای سەنگی سیاو) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی نارنجڵەی کۆن و چیای گومەکە و کانی عوسمان و تەپوقەڵێ) .

مستەفای خەسرەو

کەوتووەتە باکوری گوندی (کوڵکنیی ئیسماعیل خەسرەوە). خاوندارێتی بۆ (مستەفا خەسرەو) ناوێک دەگەڕێتەوە و بەناوی ئەویشەوە ناوی لێنراوە. ئێستادا لە دەست نەوەکانیدایە. باخێکی شەش دۆنمی لەبەردەمدایە و بە ئاوى ئەو کانییە ئاودەدرێت.

مڵەخورد: ملەوەردێ

کەوتووەتە سەر شاخی (مڵەخورد) و هەر بەناوی شاخەکەوە ناوی هاتووە. لە ئەنجامی توانەوەی ئەو بەفرەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ساڵانە بڕێکی زۆر لەناوچەکەدا دەبارێت و ئاوێکی سازگاری هەیە. شوێنی حەسانەوە و پشودانی ڕێبواران و گەشت و سەیرانە.

مڵکەڕەش

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (دەرەتفێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٣٣١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی ئاوی بە ڕووبەری (٣ بە ٦م) لەسەر دروستکراوە و بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی دەرەتفێ.

موسا قەڵبە

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە) و باشوری خۆرئاوای دۆڵی بیارە و دەڕژێتە چەمەکەوە، (١٠٣٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (ملەی چنار و قەڵا و لوتکەی ئاسنەوەرد) و لە باشورەوە (کانی حەمەعلی و جامزە و مەلاتایر) و لە خۆرئاواوە (کانی مەلا حسێن و چەقەڵاوا و هانەتوتما) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی سەروەزەن و کاوات) دەورەیانداوە.

مۆردان

کانییەکی هەمیشەیی گوندی بەشی پیرکە، دەکەوێتە بەشی باکوری ڕۆژهەڵاتی گوندەکەوە، ئاوی چەند دۆنمێک لە باخوباخات لە پارچە زەوییەکانی ژمارە ٥ دەدات، ئاوەکەی دێتەوە بۆ سەر چەمی دێ و بە ئاڕاستەی بەنداوی دەربەندیخان دەڕوات. لە قەدپاڵەکانی تەنیشتیدا شوێنەواری چەندین کەلاوەی کۆن بەدیدەکرێن، کە پێدەچێت کۆنە گوندی ناوچەکە بووبێت. لە تۆمارە فەرمییەکاندا ناوەکەی تۆمارکراوە.

مۆردانە

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (مۆردین)، لە تەنیشت باخی عیسایە و کانییەکی هەمیشەییە، چواردەورى کانيیەکە داری مۆردى زۆر تێدايە کە بەشێوەی سروشتی ڕواون، بەهۆی زۆری ئەو دار مۆردانەوە دانیشتوانی گوندەکە دەڵێن ناوی مۆردین لەم مۆرد و کانییەوە وەرگیراوە، ئاوەکەی لە ئەستێڵێکدا کۆکراوەتەوە بۆ ئاودانی باخەکانی بەردەمی بەکاردێت.

میرزالە

کەوتووەتە باشوری گوندی (قەڵپ) لە بناری چیای (خۆشک). کانییەکی هەمیشەییە. سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندی (قەڵپ)ـە.

میریسور

کەوتووەتە ناو گوندی (میریسور). کانیاوێکی سروشتییە و ئاوێکی فراوان و سازگاری هەیە. بۆ ئاوی خواردنەوە و ئاودانی ئاژەڵ و بەشێکی بۆ کشتوکاڵکردن بەکاردەهێنرێت.

میشیڵیان

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (٧٨٢.٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە سەر ڕێگای نێوان گوندی (یاڵانپێ) و شارۆچکەی (خورماڵ) و باخێک لەبەردەمیدا سەوزکراوە و بۆ ئاودێریکردنی باخەکە بەکاردێت.

میمکە خەمە

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی کوڵکنیی حاجی حەمەسور. بەناوی ژنێکەوە ناونراوە و زەوییەکانی ئەو ژنەی بەراوکردووە. ئاوەکەی هەمیشەییە و دەڕواتەوە سەر چەمی زەڵم.

پێشتر 1
...
17 18 19
...
24 دواتر