سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

سەرکەن

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). بەرزییەکەی (٩٠٥م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. لەگەڵ ئاوی تاڤگەی زەڵم تێکەڵدەبێتەوە و بە دۆڵی زەڵمدا تێپەڕدەبێت و لە خۆرئاواوە گوندی زەڵم و لە باشورەوە گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و لە باکورەوە تاڤگەی زەڵم و کانی قوڵقوڵە و ئیبراهیم و دۆڵی کەڕەجاڵ و لە خۆرهەڵاتەوە قەڵای سوللێ و دۆڵی گۆڕیچە دەورەیانداوە.

سەرگەچێنە

کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنە)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). (١٢٦٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی بە ڕووبەری (٤ بە٧م) لەسەر دروستکراوە و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدایە بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (کانی حەوزەلارە و دۆڵی گەچێنە و گۆڕستانی گەچێنە و تایلەی سۆتەڵا و لوتکەی سارای حەمەهەجیجی و گوندی گەچێنە و باخەکۆن) و لە خۆرئاواوە (لوتکەی نەیجەکۆڵە و دۆڵی باخەکۆن و حاجی ڕاو کانی حاجی حسێن) و لە باشورەوە (شوێنەواری قەڵای میران غاڵ و چیای کەمەر خەپلە و بانی هێڵە گەمە) و لە خۆرهەڵاتەوە (کانی حەمەجافر و کانی حاجی محمود و کانی هەمزەیی و کانی ناوەڕاست و لوتکەی زەردی هەمزەیی و لوتکەی قۆڵی بلچ).

سەروەڵخ

کەوتووەته خۆرهەڵاتی گوندی (پریسی سەروو). له ‌بەرزیی (١٠٦٠م) له ‌ئاستی ڕووی دەریا سەرچاوەدەگرێت. بە ئاڕاستە‌ی باشوری خۆرئاوا و به ‌درێژی (٩٠٠م) و (٥٥م) لە سەرو کانی (بەرکەورگ)ەوە هەڵکەوتووە. زیاتر لە ٢٠ جوتیار بۆ ئاودێری پشتیپێدەبەستن. هۆکاری ناولێنانی بە دوو شێوە باس دەکرێت، یەکەمیان: ئاوەکەی زۆر پاکە و بەردەکانی هیچ بەڵخ ناگرن، دووەمیان: سەرچاوەکەی شوێنێکی بەرز و هیچ کانیەک لەسەرەوەی نیه.

سەنگی سیاو

کەوتووەتە گوندی (نارنجڵە)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە)، ئەم کانیاوە کەوتووەتە باشوری گوندی نارنجڵە و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی دەرەوکێ و (١٠٥٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەسەر دروستکراوە و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێکی فراوان کە لەبەردەمیدایە و بە باخەکانی سەنگی سیاو ناسراون بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراون: لە باکورەوە (قەڵای سەنگی سیاو تەپو قەڵێ و کانی عوسمان و دۆڵی نارنجڵەی کۆن و گوندی نارنجڵە) و لە خۆرئاواوە (تەپی مەڵا سیاوە و گوندی دەرەوکێ) و لە باشورەوە (باخەکانی سەنگی سیاو و تەپی کۆسە پەڕە و گۆڕستان و تەپی زەردی گڵی) و لە خۆرهەڵاتەوە (کانی شێخ).

سەورەدە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ) لە بناری چیای (خۆشک). بە کانی (قەمەکە)ش بەناوبانگە چونکە ئاوەکەی کراوەتە ناو قەمی دارێکی ئەستوورەوە. بۆ باخداری سودیلێبینراوە و سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاوخواردنەوەی ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەکەشە.

سەید عەوڵا

به ‌دووریى شەش کيلۆمەتر کەوتووەتە‌ سنوری خۆرهەڵاتى گوندی (پشتە)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ لە نزيک مەرزى پشته. لە کۆندا بەردەم ئەم کانییە باخێکی سێ دۆنمی لێبووە، کە خاوەنەکەی (عەبدوڵا) ناوێک بووە و بەو هۆیەوە ئەو ناوەی لێنراوە. بەڵام ئێستا بەشێکی زۆر لە باخەکە نەماوە و خەڵکی بۆ ئاوخواردنەوە سودیلێوەردەگرن بەتایبەت شۆفێرانی مەرزەکە.

سمڵە

کەوتووەتە سنورى گوندى (بانیشار)ى سەر بەشارۆچکەیى (خورماڵ). لەبەشى خۆرئاوای بانشاری کۆن هەڵکەوتووە. چوار وەرزە ئاوی هەیه. ئەو کانیە خاوەنداریەتى بۆ خەڵکى گوندەکە دەگەڕێتەوە، بۆ ئاودانى ئاژەڵ و کشتوکاڵکردن سودیلێوەرگیراوە.

سوڵتانی ساق

کەوتووەتە سنوری گوندی (میری سور). بۆخواردنەوە گونجاوە و سارد وسازگارە. لەکۆندا بۆ نەخۆشی پێست بەکارهاتووە.

سورەتوو

کانیی ژنانی گوندی (بامۆک) بووە. لەسەردەمی عومەر عەلی، کە لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو موتەسەریفی سلێمانی بووە کاتێک لە گوندی سازان گەڕاوەتەوە و لە بامۆکەوە چووەتەوە بۆ هەڵەبجە، دانیشتوانی بامۆک داوایان لێکردووە، کە کانیی ژنان سەربگرێت و هەر لەوێدا بڕیاریداوە بڕی ٧٠ دینار بۆ کانییەکە خەرجبکات. پاش چەند ڕۆژێک لیژنەیەک دێن و حەوزێکی تایبەت بۆ ژنانی گوندەکە دروستدەکەن.

سۆفی ئەحمەد

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێن. لە بن شاخی بەڕەزاوە هەڵدەقوڵێت. کانییەکە هەمیشەییە. شوان و ڕێبوار زیاتر سودیلێوەردەگرن و لە سەنتەری گوندەکەوە دوورە. بەناوی پیاوێکی ناوداری گوندەکەوە ناونراوە، کە ڕیشەی بەردەبەلییەکان بۆ نەوەکانی ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە.

سێکوچکانا

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١١٣٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەسەر دروستکراوە بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت. دواتر دەڕژێتە چەمی خەرپانی و لە خۆرهەڵاتەوە چیای بەنەن و لە خۆرئاواوە کانی دووەچڵە و سەروەزەن و لە باکورەوە کانی یەوەجەڕێ و لە باشورەوە کانی کەمانگەرا و شێخ مەرزە دەورەیانداوە.

سێمارەوار

بە دووریی نزیکەی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری شارەدێی (تەوێڵە). ڕێگای خۆڵی لە سەیرانگای ئاوێسەرەوە بۆ ڕۆشتووە و دەوروبەری کراوەتە باخی گوێز. (١٨١٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخە گوێزەکانی دۆڵی سێمارەوار بەکاردێت و دواتر دەڕژێتە نێو چەمی چنار (ئاوێسەر) لە دۆڵی ئاوێسەر.

شاخۆشین

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار). بە ناوی شاخۆشینی لوڕستانی کەسایەتیی پیرۆزی یارسانییەوە ناونراوە، کە لە چارەکی یەکەمی سەدەی پێنجەمی کۆچیدا بۆ سەردانی کاکەییەکانی شارەزوور هاتووەتە هاوار. لە تاپۆی زەوییە بەراوەکان و باخەکاندا بە کانی هەنجیرە گەورە ناوبراوە.

شاهەنشا

کانی و ئاوێکە لە خوارووی گوندی (هاوار)ەوە. بە دەستی نەوەکانی سۆفی ڕەحیمی کوڕی سۆفی ڕەشیدی پیرسمایلییەوەیە. شوێنی بارگە و خەڵوەتگەی سان ساهاک و یارانی بووە. زیارەتکارانی یارسانی لەم شوێنە ڕازونیاز بە تەمبورەوە دەڵێنەوە. لە یەکێک لە کەڵامەکانی بارگەبارگەدا ناوی هاتووە.

شاوەیس

کەوتووەتە‌ گوندى تەپە سەرقوڵە، یەکێکە لەکانیەکان، کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکە ساڵانی سی و چلەکان و دواتریش، کانییەکی گرنگبووه،‌ ئەوکات ئاشی تێدابووه،‌ ئاشەکە بەئاو ئیشی کردووە، لەڕێگەی ئەو ئاشەوە توانیویانە پێداویستیەکانی خۆیان هەم لە چەڵتوک یان گەنم لەوئاشەدا بهاڕن، بەڵام ئێستا کانییەکە وشکبووە. پاشماوەی ئاشەکەش تا ئەم چەند ساڵەی دواییەش مابوو. لەگەڵ ئەوەشدا کانییەکی ترسناکە، چونکە نزیکە لەقەبرسانەوە. خەڵکی ئەوکاتە هەر کەسێکیان مردووه،‌ لەوێدا ناشتویانە وەک قەبرسانی لێهاتوە، ئێستاش پاشماوەی قەبرسانەکە ماوە، کەس ناوێرێت بەشەو سەردانیبکات.

شەخسی گوڵپ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (گوڵپ) و لە تەنیشت گۆڕستانی گەورەی گوندەکەدایە. ئاوەکەی بە ڕێگەی کارێزلە (کانی حەوزە درێژ) بە دووریی (٢٥٠م) بۆ گوازراوەتەوە. لەسەر حەوزەکەی داربەڕوویەکی بەتەمەنی لێبووە و تا بارکردنی و ڕگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ تەڵانێکی بەشێوەی کەڵەکە بەرد بۆ کراوە و بە تەڵانی (حەمەڵە وردیکڵە) ناسراوە. بەهۆی نۆژەنکردنەوەی حەوزەکە داربەڕووە‌کە وشکبووە.

شەڵواندڕ

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٣٠٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی حەوزێکی لەسەر دروستکراوە بە ڕووبەری (٥ بۆ ١١م) و بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی بەردەمی بەکاردەهێنرێت. لە خۆرئاواوە لوتکەی هەربەدۆڵ و گوندی سەرگەت و لە باشورەوە دۆڵی شەڵواندڕ و لوتکەی کەمەرەسهوور و لە باکورەوە هانە توتمان و قەڵای داڵ و لە خۆرهەڵاتەوە هانەی نسار تاریک دەورەیانداوە.

شەمام

کەوتووەتە گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرهەڵاتی گوندەکە. (٨٨٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەگەڵ ئاوی تاڤگەی زەڵم و بە دۆڵی زەڵمدا تێپەڕدەبێت و لە خۆرهەڵاتەوە قەڵای سولێ و دۆڵی گۆڕیچە و لە خۆرئاواوە گوندی زەڵم و لە باشورەوە گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و لە باکورەوە تاڤگەی زەڵم و کانی قوڵقوڵە و ئیبراهیم و دۆڵی کەڕەجاڵ دەورەیانداوە.

شەمێ

کەوتووەتە گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). کەوتووەتە ناو دۆڵی شەمێ لە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (بەڵخە) و باخی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی شەمێ. (١٤٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی سەرچەمە و ژنانەشەل و مێشلە) و لە باشورەوە (دۆڵی شەمێ) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخە و دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە خۆرهەڵاتەوە (قەڵای شاتری و دۆڵی بلە) دەورەیانداوە.

شیرەمەڕان

کەوتووەتە بەشی نزاری گریانە و شاخی (چاڵان). لە قەدپاڵێک و کانییەک و ئەشکەوتێک پێکدێت. هەرسێکیان بە هەمان ناو ناودەبرێن. لەم شوێنەدا ئاژەڵەکانیان دۆشیوە و بەهۆی زۆریی شیری مەڕەکانەوە پێیگوتراوە (شیرەمەڕان) بە واتای (ئەشکەوتی شیران). یان هەندێکی دیکە پێیانوایە ناوەکەی لە هەورامیەوە هاتووە چونکە (مەڕ) بە واتای (ئەشکەوت) دێت.

پێشتر 1
...
9 10 11
...
24 دواتر