سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

226 بابەت

چەمەکانی ئەو دیوی دەرەتوێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەتوێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە کۆمەڵە باخێک وەک (دەرەی هاڵیتی، کانیەی حەمەد، ڕێوڵان، قنودەرەی) پێکدێت و سەنتەری گوندی دەرەتوێ کەوتووەتە بەردەمی. لە گوندەکەوە ڕێگایەکی خۆڵی بۆ دەڕوات. ناوچەیەکی کوێستانییە، بەڵام کەم ئاوە. باخەکانی لە دار گوێز و هەنار و هەنجیر و قەیسی و ترێ و قۆخ پێکهاتووە.

چەمەکەلی

کەوتووەتە زنجيرە (چياى شنروێ) لە باشورى هاوينەهەوارى (وەزگێڵ) و ‌دامێن لوتکەى (بەفرى ميرى). بەدرێژایی نزیکەی چوار کيلۆمەتر شۆڕ دەبێتەوە تا دەگات بە گوندى (هاوار) و لە سنوری شارۆچکەی بیارەدایە. بە بەراورد بە شيوەکانى بەرەى خۆرئاواى زنجيرە چياکە تەڕ و چڕترە بە گژوگیا.

چەمی ئاش

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). (٥٠٠م) لە گوندەکەوە دوورە. ڕووبەری دوو دۆنم زەویی کشتوکاڵی ئاودێریدەکات. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتردەبێت. لەبەرئەوەی لە کۆندا ئاشی تێدا بووە، بۆیە بە چەمی ئاش ناوبانگیدەرکردووە و ئاوی چەند کانییەک و باراناوی تێدا کۆدەبێتەوە بەرەو خۆرئاوایی گوندەکە دەڕوات.

چەمى ئاوايى ١

کەوتووەتە بەردەم گوندى (نێرگسەجاڕ)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). بە بەرى خۆرئاواى گوندەکەدا دەڕوات و کانیيەکانى ناوباخ و گەرمکە و کانى مەلاى تێدەڕژێت و درێژدەبێتەوە تا دەڕژێتە ناو دەرياچەى دەربەنديخان. درێژييەکەى نزيکەى دوو کيلۆمەتر دەبێت و دارودەوەنى تێدا ڕوواوە و دانيشتوانى گوندەکە وەک لەوەڕگا بەکاریدەهێنن.

چەمی ئاوایی ٢

کەوتووەتە باکوری گوندی (بۆین)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لە کەنگە چەرمگ دەستپێدەکات بۆ پەچە خەوخۆش و ڕێگە لاوەلا و تا سەنتەری گوندی (بۆین) درێژدەبێتەوە. پاشان لە گوندەکەوە بۆ کانی تکاوان شۆڕدەبێتەوە پاشان بۆ زاخێ و لوڵیان و دەگاتە سەر ڕوباری سیروان. ئاوەدانیی گوندەکەی تێدایە. بیری ئیرتیوازی گوندەکەش لەناویدا وەک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە هەڵکەوتووە. ڕێگەی سەرکەوتن بەرەو ئەشکەوتی شوێنەواری زینۆی پێداتێپەڕدەبێت.

چەمی خواروو- دەرەی وارین

لەیەکگرتنی هەردووچەمی زاوەر و ئاوێسەر لە ناو بازاڕی تەوێڵە و ئاوەڕۆی ماڵەکان، چەمی خواروو(دەرەی وارین) دروستدەبێت. چەند جۆگەیەکی لە سنوری تەوێڵە و سۆسەکان و پاڵانیای لێ هەڵدەگیرێت و ئاوی چەند چەم و کانی تری تێدەڕژێت، کە سنوری تەویڵەی بەجێهێشت، پێیدەوترێت چەمی تەوێڵە.

چەمی دێ

دەکەوێتە گوندی بەشی پیرک، لە بەشی خوارەوەی گردی پیروز ئەوغان هەڵکەوتووە، ئاوی کانی مۆردانی پێدا دێتەخوارەوە و بە ئاڕاستەی سەنتەری گوندەکە شۆڕدەبێتەوە، تا دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخان. هەر بۆیەش پێیدەوترێت چەمی دێ، چونکە بەناو گوندەکەدا تێپەڕدەبێت. چەند باخێکی کەمی لەسەرە، ڕێگەی سەرەکیی گوندەکە بۆ چرۆستانە و نێرگزەجاڕ بەم چەمەدا دەڕوات، لە تۆمارە فەرمییەکاندا بە ڕەسمی ناوی هاتووە و تۆمارکراوە.

چەمی کارێز

کەوتووەتە گەڕەکی شەهیدانی هەڵەبجە و کارێزی حاجی ناجی تێدا هەڵکەوتووە. ئاوی زۆر بووە و لە بەردەم مزگەوتی شەهیداندا بەربەستێکی ئاوی وەک بەنداو بۆ دروستکراوە. لەسەر زاری خەڵکی بە سەدەکە ناوبراوە. ئاوی بارانی لەوەرزی باراندا کۆکردووەتەوە، پاشان ئاڕاستەکەیان بۆ زەوییەکانی چواردەوری گۆڕیوە، تا ببن بە باراو.

چەمی گەورە ١

کەوتووەتە بەردەمی گوندی (دەرەتوێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). دۆڵێکە لە کۆمەڵە باخێک پێکدێت. (داڵتە دەیمان، گوێزە وەرزان، مڵکی شینەی، مڵکی کوتەر، گڵەزەردەی، گوێزە بزنێ، بەرەوەر، هەسێرە گەنیو، توراڵان، زەرین ئاوا، دەرەی کەریم) ئەم باخانە پێکدێن لە هەنار و گوێز و هەنجیر و قۆخ و ترێ و میوەی جۆراوجۆر. ژمارەیەکی زۆر کانی تێدایە، هەندێکیان کوێرە کانین و ئاوەکەیان کەمە. بەناوبانگترین و گەورەترین کانی لەم چەمە پێیدەوترێت (کانیە گەورێ) لە بەردەمی باخی (هەسێرەگەنیو)دایە. ئاوەکەی بە (گوێ جۆگە)دا دەڕوات تا دەگاتە (حەوزی بەرەوەر) ئاوی هەندێک لە باخەکانی ئەو چەمەدات.

چەمی گەورە ٢

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). لە خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین)ـەوە دەستپێدەکات، بە ئاڕاستەی خوارووی بۆین و دامێنی گوندەکە درێژدەبێتەوە تا دەگاتە ڕوباری سیروان. لەنێوان شاخی کەمانە و گوندی (بۆین)ـە. چەندین چەم و دۆڵی لاوەکی دیکەی دێتەوە سەر. بە داربەڕوو دەوڵەمەندە و ئاوی کانیی دۆڵەپەڵگانی پێدا تێپەڕدەبێت.

چەمی ناوچاڵی

چەمێکە کەوتووەتە گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لەنێوان (چەمی ئەشکەوڵ و چەمی شنروێ)دا هەڵکەوتووە. کۆمەڵێک قەزوان و دارچوالە و بڵاڵوک و داربەڕووی لێیە. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت.

چەمی هەرێز

کەوتووەتە سنوری گوندی بانیبنۆکە لە بناری (چیای سورێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). سنورەکەی لە مێوڵیەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاکو نزیک ئەشکەوتەکانی هەرێز. ناو چەمەکە بۆ ئاژەڵداری و وەک لەوەڕگا بەکاردێت. چەمێکی قوڵە و لە بان هەرێزەوە بۆی دەچیتە خوارەوە.

چنارە

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. درێژییەکەی سێ کیلۆمەترە. پێنج لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوە سەر.

چنار

لەباسکی چنارەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی گوندی (چنار)ی کۆکۆیی درێژدەبێتەوە. چەندین چەمی دیکەی دێتەوە سەر وەک چەمی پەلی کڵاشیان و پەچەگەورە. گوندی (چنار) لەسەر هەڵکەوتووە. چەندین کانیی هەمیشەیی بەناوبانگی تێدایە، کە گرنگترینیان کانی چنار و کاکە سەن و پەروێزە، بە ئاڕاستەی ڕوباری سیروان لێژدەبێتەوە. ڕێگای گوندی (چـنار) و دەوەرە و کـانی فەقێی پێدا تێپەڕدەبێت.

چنازرکێ و گوڵپ

کەوتووەتە سنوری گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە ئەنجامی یەکگرتنی هەریەکە لە جۆگە ئاوییەکانی (دۆڵی کۆڵیت و دەرە فێڵان و چنازرکێ و کانی شێخ سادق و کارێزی مزگەوت) دروستدەبێت دوای ئەوەی ئاوی هەریەکە لە کانیاوەکانی (کانی ژنان و چنازەرکێ و کانی لیمۆ و کارێزی مزگەوت و کانی پیرشالیار و کانی شێخ سادق)ی تێدەڕژێت، بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەو دەکات. پاشان لە بانی بەرمەڕان لەگەڵ چەمی سەرگەت یەکدەگرن و بە دۆڵی خەندەقدا ڕێڕەو دەکات و بە نێو گوندی ئاوای ڕۆستەم بەگ و شاری خورماڵدا تێپەڕدەبێت و دەڕژێتە چەمی زەڵمەوە. لە باکوری شاری خورماڵدا لە بەرزیی (١٠١٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٧٠٥م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژیی لە سێ کیلۆمەتر زیاترە.

چواربەرد

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەشارەتی خواروو). سەرچاوەیەکی ئاویی بەناوبانگی گوندەکەیە، زەویەکانی چواردەوری بەراوکردووە. لە کۆندا بۆ مەبەستی کشتوکاڵکردنی لۆکە و توتن و لە ئێستەشدا بۆ تەماتە بەکاردێت. لە نزیک شارۆچکەی (سیروان)ـەوە دەستپێدەکات و بە شێوەی پێچاوپێچ دەڕوات تا دەگاتەوە بە چەمی حاجی ڕەقە و دەڕژێتە سەر دەریاچەی دەربەندیخان. قووڵییەکـەی کـەمە. ئێسـتە وشـکـە و ئاوی نییە.

حاجی ڕەقە

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (تەپەتۆڵەکە)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لە بنەڕەتدا سەر بە گوندی حاجی ڕەقە بووە و هەر بە ناوی ئەویشەوە ناونراوە، کە بووەتە ژێرئاوی دەریاچەی دەربەندیخان. لە گوندی خاکوخۆڵەوە دەستپێدەکات و بە نێو بەشارەتدا تێپەڕدەبێت، تا دەگەتاوە چەمی زەڵم. لە کۆندا زۆر قوڵ بووە؛ بەڵام لە ئێستەدا قووڵییەکەی بەهۆی کێڵان و ڕاماڵینەوە کەمتر بووتەوە.

حەپسخانە

کەوتووەتە سنوری گوندی (مۆردین)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). سەختە و ڕۆشتن پێیدا ئەستەمە. لە خوارووی باخی عیسا و مۆردەکانەوەیە. بەهۆی تەنگیی چەمەکەوە ئەو ناوەی لێنراوە. زەوی تێدایە، کە لـە ڕابـردوودا کراوەتـە گـەنم و جۆ.

حەسەنئاوا

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندى (حەسەنئاوا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەسەرەوە به ‌چەمى گوڵان ناودەبرێت و لەئاستى گوندى حەسەنئاوادا، بە چەمى حەسەنئاوا ناودەبرێت. لەکانى زڕگوێزى گوڵانەوە هەڵقوڵاوە و بە هاوبەشى لەگەڵ گوندى باوەکۆچەک بۆ کشتوکاڵ بەکـارهـاتووە‌. درێژییەکـەی نـزیکـەی سـێ کیلۆمەتر دەبێت.

حەمەوخان

به ‌دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر به ‌شارۆچکەی خورماڵ. لەکاتی خۆیدا و تا ساڵی ١٩٩٨ چەمێکی پڕ بێشه ‌و دارودەوەن بووە. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێکە. لەسەر چاوگی‌ گوندەکەوە درێژبووەتەوە‌ تا جۆگەی وڵەوسێنان لە نزیکی ئاوایی حاجی حەمەومین. لە وشکەساڵییەکەی ساڵی‌ ١٩٩٨دا زۆربەی دارودرەختەکانی وشکیانکردووە، بەڵام ئێستا تەنها له ‌وەرزی بەهار و زستان ئاوی سەرڕێژی چاوگ دەچێتە ناویەوه، تا کۆتای بەهار ئاوێکی زۆری تێدایە. لەکاتی تاپۆکردنی زەوی بەسەر بەگزادەجافەکاندا خۆرهەڵاتی چەمەکە بەر داودبەگی حەمەسەعید بەگی وەسمان پاشای جاف کەوتووە و خۆرئاوای چەمەکە تا ڕووی گوندی شیرەمەڕ، بۆ حامید بەگی مەجید بەگی وەسمان پاشای جاف بووە. بەڵام ئێستا هەردوو خۆرهەڵات و خۆرئاوای چەمەکە لە سنوری گوندی شیرەمەڕدایە و خاوەندارێتیان بۆ جوتیارانی گوندەکە دەگەڕێتەوە. لە تۆمارە فەرمییەکاندا ناوی چەمەکە به (چەمی شیرەمەڕ) هاتووە، بەڵام لەناو دانیشتوانی گوندی شیرەمەڕدا بە چەمی حەمەوخان بەناوبانگه و ناولێنانەکەی بۆ کەسێک دەگەڕێتەوه،‌ کە ‌لە کۆتایی ساڵانی ١٨٩٠ەکاندا خاوەندارێتی ئەم چەمەی کردووە و دەکاتە باپیرەی حاجی ساڵحی گێڵەک و حاجی مەحموودی محەممەدی بارامی گردی قازی.

پێشتر 1
...
3 4 5
...
12 دواتر