سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

226 بابەت

حەمەی ڕۆستەم

بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە‌ باشوری گوندی خێڵی حەمە سەر بە ناحیەی (خورماڵ). خاوەندرێتی دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتییەکی گوندەکە بەناوی (حەمەی ڕۆستەم) و بەناوی ئەمەوە ناونراوە‌.

حەوت ئاشان

کەوتووەتە‌ ناوچەی نەورۆڵی لە خۆرئاوای شاری هەڵەبجەوە. سەرچاوەی ئاوەکەی لە کانی و جۆگەکانی هەردوو گوندی (گوندە و چرۆستانە)وەیە. ناوەکەی لەوەوە هاتووە، کە پێش ڕاگواستنی گوندەکانی ناوچەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، حەوت ئاش لەسەر ئەمه چەم هەبووە و‌ کاریانکردووه و دانیشتوانی‌ ناوچەی نەورۆڵی و دەوروبەری بەکاریانهێناوە.

خارگێڵان

کەوتووەتە سنوری گوندی (خارگێڵان)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێکە.

خڕی دەلوچە

کەوتووەتە نێوان گوندی (شانەدەری) و (بەردەبەل). سنوری جیاکەرەوەی شارۆچکەی خورماڵ و قەزای سەیدسادقە. چەمێکی دورودرێژە. بەڵام زۆر قوڵ نییە و بێ ئاوە. لە توتاقاجەوە دەستپێدەکات و تا قاینجە درێژدەبێتەوە.

خڕی سەرگەت

چەمێکی وەرزییە. کەوتووەتە دامێنی زنجیرە چیای هەورامانەوە. لە دۆڵی شەڵواندڕ و چەمی دەرەیمەڕەوە دێت. لە گوندی سەرگەت یەکدەگرن و بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێدەکات. لقی گوڵپ و باخەکۆنی تێدەڕژێت و ئاڕاستەکەی بۆ باکوری خۆرئاوا دەگۆڕێت و نزیک قەڵای دێرینی خورماڵ بە ڕوباری سەرەکیی زەڵم دەگات.

خۆرنەوەزان

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە کانیی خۆرنەوازانەوە دەستپێدەکات. خۆرنەوازان لە شێوەزاری هەورامیدا بەو شوێنە دەوترێت، کە خۆر لێینادات. کانیی سەرچاوەی ئەم چەمەش لە شوێنێکدایه،‌ کە خۆر نایگرێتەوە و بەو هۆیەوە ئەو ناوە لە کانییەکە و چەمەکەش نراوە. هەردوو کانی (مشڵیانی سەروو و خواروو)ی تێدەڕژێـت. درێژییەکەی نزیکەی نۆ کیلۆمەتر دەبێت.

دارکێش

کەوتووەتە باشورى گوندی (تریفە). کانەبەردی تێدایە. لەکاتی خۆیدا دارەکانیان بڕیوەتەوە و بۆ سووتەمەنی بەکاریانهێناوە. درێژییەکەی (٤٠٠م) دەبێت. بەهۆی ئەوەی داری چەمەکەیان بڕیوە و کێشیان کردووە و هێناویانەتەوە بۆ ماڵەکانیان و بەکاریانهێناوە، ئەو ناوەی لێنراوە.

دەرە بێزەل و سیچک

کەوتووەتە خوارووی شارۆچکەی (بیارە) لە نزیک نەخۆشخانەی گشتیی بیارەیە. (دەرە بێزەل) لە ئەنجامی هەڵکردنی ئاوی جۆگەی (بێڵەخا)وە دروستبووە. پێشتر وشک و بێئاو بووە. پاش هەڵکردنی ئەو ئاوە، کراوەتە باخ و باخات. بەڵام دەرە (سیچک)، کە بە واتای بەری داربەڕوو یان دارمازوو دێت و بنەڕەتی وشەکە (ئاڤێستا)ییە، لە خوار (دەرە بێزەل)ەوە هەڵکەوتووە. کۆمەڵێک کانی و ئاوی تێدایە. هەر بەناوی کانیەکانی دەرە سیچک ناودەهێنرێن.

دەرەشیش

ناوی چەمێکە لەسەرچاوەی ئاوی سەرکەنەوە لە‌ خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەشیشی سەروو) هەڵدەقوڵێت، تا گردە درۆزنەی گوندی تەپەکوڕه درێژدەبێتەوە بۆ باخداری و کشتوکاڵ سودیلێوەردەگرن. درێژەکەی (١٥کم) دەبێت.‌

دەرەقازان

کەوتووەتە سنوری گوندی (سۆسەکان)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە. لە یەکگرتنی هەردوو چەمی (دەرەی وارین) و چەمی (سۆسەکان) دروستدەبێت. ئاوی چەندین کانیاوی تێدەڕژێت، لەگەڵ چەند چەمێکی تردا یەکدەگرن و دەڕژێنە ڕوباری سیروانەوە. درێژییەکەی (٢، ٥٩م)ە. لە وەرزی هاویندا بۆ ئاودانی باخەکانی خوارووی گوندی سۆسەکان بەکاردێت.

دەرەقەیسەر

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەقەیسەر)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت. پێنج لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوە سەر.

دەرەکێ

کەوتووەتە گوندی (بنجەیدڕە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). سەرچاوەی ئاوی بریتییە لە یەکگرتنی چەند کانییەک وەک (شێخ عوسمانی دوو ڕوو، هانەوا، سنگی سیاو، کارێزی ڕەحیم) و جۆگەلەیەکی بچوک لە گوندی نارنجڵە. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت. ئاوەکەی دەڕژێتە چەمی خارگێڵان و لەگەڵ هەردوو چەمی (باخە تازە و بنجۆی دڕە) چەمەکە پێکدەهێنن.

دەرەگوڵان

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە ‌باکوری گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). بۆناو گوندەکە درێژ دەبێتەوە و سەرچاوەى ئاوەکەى لەکانی (مێرووله)‌وە دێت. درێژییەکەی شەش کیلۆمەتر دەبێت و بۆ ئاودانی ئاژەڵ و هەندێک جاریش بۆ کشتوکاڵکردن و سودیلێوەرگیراوە.

دەرەماران

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕیشێن) لە نزیک سەرچاوەی ئاوی گوندەکە. بە وتەی دانیشتوانی ناوچەکە لە کۆندا ماری زۆری هەبووە بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. وەرزییە و تەنها بە بەهاراندا ئاوی هەیە.

دەرەو باوەیسی

درێژکراوەی چەمی (شەڵواندڕ)ە. کاتێک دێتە سنوری (سەرگەت) و گۆڕستانی (باوەیس) بە چەمی (دەرە و باوەیس)ی ناودەبرێت. درێژ دەبێتە تا (قەڵاتە چەرمێ) پاشان لەگەڵ چەمی (سەرگەت) لێرەدا یەکدەگرن. بە زۆری لە زستان و بەهاردا ئاوی هەیە. ئاوەکەی بە ئاڕاستەی گوندی (ئاوایی ڕۆستەم بەگ) و (خورماڵ) دەڕوات.

دەرەو بەکۆدەری

کەوتووەتە بەردەمی گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خوار ڕێگەی سەرەکیی تەوێڵە و بیارەدایە. لە هەزنەجەڕەوە دەستپێدەکات، ئەمبەرەوبەری کۆمەڵەباخی گوێز و توو میوەی جۆراو جۆرە. تا چەمی هەڕەسیاوێ درێژ دەبێتەوە.

دەرەو ڕابی: دەرە و ڕاویێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە سەرنتەری گوندەکەوە و لە چەمی وەنەو کەریمەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی چەمی وەردەگا دەڕوات و لە خوارەوەی گوندەکە دەگات بە چەمە بەرەومەڕا. لە سەرزاری دانیشتوانی گوندەکەش بە (دەرەی ڕاوی) واتای (چەمی ڕاوکردن)یش دێت. بە گشتی چەمێکی وشکە و تەنها یەک کانی تێدایە. هەر بەو ناوەش ناودەبرێت. ئاوی ١٢ باخ دەدات. ئاوی چەمەکانی پشتی خەرپانی وەک (دەرە و مێوڵیێ) و (هانە و مەحموی) دێتەوە سەری. لە ئێستادا بەزۆری داری توو و هەناری تێدایە.

دەرەوکێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەوکێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)‌. لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی عوسمان) و ئاوی ئەمانە لەگەڵ ئاوی تەپی قەڵێ و کپسە پەڕە و تەپی مەڵا سیاوە و باخەکانی زەنگی سیاو کۆدەبێتەوە و دروستیدەکەن. سێ لقە جۆگەی دیکەی لە باکورەوە و دوو لقە جۆگەی تر لە خۆرهەڵاتەوە تێدەڕژێت و بەردەوام دەبێت و لە باکوری گوندی (خارگێڵان) و خۆرئاوای گوندی (نارنجڵە) لەگەڵ چەمەکانی (نارنجڵە و باخە تازە و گەچێنە و باخەکۆن و گوڵپ) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت و بە باکوری گوندی (خارگێڵان) دا ڕێڕەو دەکات و دەچێتە نێو دەشتی سەبان و دەشتی شارەزوورەوە. لە بەرزیی (١٠٨٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٧٦٠م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژیی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. کۆمەڵێک باخ و زەویی کشتوکاڵی، بۆ ئاودێریکردن پشت بەم چەمە دەبەستن و چەندین هەساری لەسەر دروستکراوە بۆ ئاسانیکاریی ئاودێریکردن.

دەرەو مێوڵێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە یەکگرتنی ئاوی چیاکانی (تلەسیاو نساری کەمانگەرا و کانی مێوڵێ) دروستدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەترە. لقە جۆگەیەکی لاوەکی تری دێتەوەسەر. لەبەرامبەر قەڵاتێ کۆتاییپێدێت. لەبەر ئەوەی مێوی زۆربووە، بۆیە بەو ناوەوە ناونراوە.

دەرەیمەڕ

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە ئەنجامی یەکگرتنی جۆگەکانی (بەرزانە دۆڵە و وەنەناو و گیواوبڕ و وەزەرە و پەچەوتاشی و گڵوەو مەڕێ و گڵوەو خەڕەنگەزی و ملەکەوچێ و بنەوگڵوەی و پەچەو سێ قادری و شەوگەودۆڵوی و چاڵاوا و تاقودڕەیەکا و هەرەسی و دەشتڵێ) لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەیمەڕ) دروستدەبێت. لە بەرزیی (١٢٢٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١١١٢م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەترێک دەبێت، کۆمەڵێک باخ بۆ ئاودێریکردن پشت بەم چەمە دەبەستن.

پێشتر 1
...
4 5 6
...
12 دواتر