بەرگی پێنجەم
کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.
بەرگی پێنجەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.
هەڵوێستی باوکان و سەرپەرشتیارانی فێرخوازانی شارەدێی گوڵپ لە ناوچەی هەورامانه، کە لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە مامۆستا (ئەحمەد حسێن ١٩٢٨ -٢٠١٨ز) کراوە، منداڵەکانیان بە بڕیاری (دەرچواندنی زەحف)، دەرنەچێنرێن و لە هەمان پۆلی خۆیاندا بمێننەوە و بە کەوتوو دابنرێن، ئەگەرچی وەزارەتی پەروەردەش ئەو جیاوکەی پێدابن. مێژووی نوسراوەکە بۆ ٢٦ی ١١ی ١٩٥٨ و دوای چوار مانگ لە کودەتای ١٤ی تەمموزی عەبدولکەریم قاسم و هاوڕێکانی دەگەڕێتەوە و لە سەروبەندی ئاژاوە و ناڕێکوپێکیی کارگێڕیدا بووە. ئەم باوکانە بە نامەیەک ئەم ناڕەزایەتییە و ئەم پابەندییە زانستی و بەرپرسیارێتییە دەخەنەئەستۆی خۆیان و کاربەدەستانی پەروەردە و بە پێی خشتەیەکی پێنج ستوونی، ناوی یازدە قوتابی و یانزە سەرپەرشتیاری قوتابیان و پۆلەکەیان هاتووە، (پێنج منداڵی پۆلی یەکەم، سیانیان پۆلی دووەم و سێی کۆتاییش پۆلی سێیەم بوون)، کە باوکان یان سەرپەرشتیاری فێرخواز پەنجەمۆر یان ئیمزایان لەسەرکردووە، بە خەتێکی ڕوقعەی ناپابەند نوسراوەتەوە، لە کۆتایی لای خوارەوەی لاپەڕەکەشدا ناوی سێ شایەت هاتووە، کە هەرسێکیان لە قوتابخانەی گوڵپ مامۆستا بوون، (دوانی یەکەم میلاک و کۆتاییی وانەبێژ بووە)، ئەوانیش: ئەکرەم ئەحمەد، محەممەد تۆفیق محەممەد و مەلا عەبدوڵا حەمەعەلی. بڕیاری زەحف: مەبەست ئەو بڕیارە بوو، کە بەهۆی پەشێویی ئەو سەردەمە و کودەتای تەمووزی ١٩٥٨ەوە، بۆ ساڵی خوێندنی ١٩٥٨ بۆ ١٩٥٩ دەرچووە، کە ئەو ساڵەدا بە کەوتوو ئەژمار نەکرێت بۆ قوتابیان و زەحف بکرێن بۆ پۆلێک پێشتر، (دەکرێت ئەم بڕیارە هاوشێوەی بڕیاری عبووری ئەم سەردەمە بچوێنرێت). بە گوێرەی بەڵگـەکـە، ئـەم ڕاسـتییانەی دیکەش دەردەکەون: ١- ژمارە ١٠ی خشتەکە فێرخوازێکی کچە (فەرخیە حەمەکەریم)، لە پۆلی سێیەمدا بووە. ٢- بەپێی پەنجە مۆرەکان بێت، لە کۆی ١١ یانزە فێرخوازەکە، دە لە باوکان و سەرپەرشتیاران خوێندەوارییان نەبووە و پەنجەمۆریان لە بری ئیمزا کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ڕەزامەند نەبوون منداڵەکانیان بە ناشایستەیی بنێررێتە پۆلێکی پێشتر. ٣- یەکێک لە مامۆستا وانەبێژەکان، مەلای مزگەوت بووە و لەبەر پێویستی خۆبەخشانە وانەی وتووەتەوە. ٤- لەناو ئەو یانزە فێرخوازەدا، لە ئێستادا تەنها چوارییان لە ژیاندا ماون و ئەوانی تر کۆچیدواییانکردووە. ٥- بەڕێوەبەری قوتابخانەکە (مامۆستا ئەحمەد حسێن)ـە. ساڵی ١٩٢٨ لەدایکبووە، خەڵکی بیارە بووە و لە ٧ی ٣ی ٢٠١٨ کۆچیدواییکرد.
ڕۆژی ٢٢ی ٥ی ٢٠٢٤ ئەنجومەنی نیشتمانیی عێراق (پەرلەمان)، لە دانیشتنی ٢٦ـەمینی خۆیدا و بە سەرۆکایەتیی (موحسین مەندەلاوی) بە وەکالەت و ئامادەبوونی ١٦٧ ئەندام، لە چوارچێوەی دەرکردنی یاسای پشووە فەرمییەکاندا، ڕۆژی ١٦ی ٣ (وەک ڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە)، بە پشووی فەرمی لە هەموو عێراقدا دیاریکردووە.
یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەیە لە هەرێمی کوردستان-عێراق، پاڵپشت بە حوکمی بڕگەی (١) لە مادەی (٥٦)ی یاسای ژمارە(١)ی ساڵی ١٩٩٢هەموارکراو، لە ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە دانیشتنی نائاسایی ژمارە(٢)ی ڕۆژی ٥ی٢ی ٢٠١٥ لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بڕیاری دەرکردنی داوە. یاساکە ١٢مادەی لەخۆگرتووە. مادەی(١) شەش بڕگەیە، واتای زاراوەکانی نێو یاساکە ڕووندەکاتەوە. مادەی (٢) دوو بڕگەیە، باس لە دروستکردن و دانانی ئەنجومەنی پارێزگاکە دەکات. مادەی (٣) یەک بڕگەیە، باس لە دانانی سەرۆک و جێگرەکەی دەکات. مادەی (٤) یەک بڕگەیە، باسی ئیمتیازی ئەنجومەن دەکات. مادەی (٥) دوو بڕگەیە، باس لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکە دەکات. مادەی (٦) یەک بڕگەیە، باسی مانەوە و بەردەوامیی ئەنجومەن دەکات. مادەی(٧) سێ بڕگەیە، بڕگەی یەکەم باس لە دامەزراندنی پارێزگار بە مەرسومی هەرێمی دەکات، بڕگەی دووەم دامەزراندنی جێگرەکان بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، بڕگەی سێەم باس لە دامەزراندنی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان بە مەرسومی هەرێمی دەکات. مادەی(٨) باس لە تەرخانکردنی بودجەی پارێزگا دەکات. مادەی (٩) باس مادەکانی دیکەی یاسای پارێزگاکان دەکات، لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا. مادەی (١٠) باس لە حوکمی یاساکە دەکات. مادەی (١١)باس لە جێبەجێکردنی یاساکە دەکات لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە. مادەی (١٢) باس لە جێبەجێکردن و بڵاوکردنەوەی یاساکە دەکات لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی کوردستان.