سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

هەسارەو جنێ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (دەرەقەیسەر)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (٩٥٥م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەسەر دروستکراوە و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی بەردەمی بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (کانی دیوەخان و کانی بنجەودڕەی و گوندی بنجەودڕەی و ئاتەشگا و تەپی خاتوو ئامینە) و لە خۆرئاواوە (چیای بانی کۆڵ و چەمی دەرەلەڕای و گوندی زەردەهاڵ و کانی باخی سەفەر و کانی ڕاگا و کانی شەریف) و لە باشورەوە (هەسارە چەوتانی و کانی یەوەجەڕێ و سەروەزەن و دووەچڵە و تووەسیاو دۆڵە درێژە) و لە خۆرهەڵاتەوە (گوندی دەرەقەیسەر و کانی فەتاح بەگ و دۆڵی هانەنەوتێ و کانی توتمان و کانی قاڵاوا و دۆڵی بیارە و کانی باخی سان و دۆڵی بێزەل).

هەسارەو چەوتانێی

کەوتووەتە سەر ڕێگای (خەرپانی – کەمانگەرا) لەنێوان چەمی (پلەکانا و سێ کوچکانا). ئاوەکەی کەمە، بەڵام هەمیشەییە. لە شوێنێکی چەپ و پێچدایە. کاتی خۆی جوتیارەکان قەڵەمە مێویان لەناو ئەستێڵەکەدا داناوە تا بەهار هاتووە. ناوەکەی بۆ ئەو کۆچەرییانە دەگەڕێتەوە، کە لە گوندی (چەوتان)ی (پێنجوێن)ـەوە هاتوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە و دەواریان لێهەڵداوە.

زیاتر بزانە
کانی/ ئەستێڵ

هەسارەو خوچێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لەناو دۆڵی مروەوبەگلەی لە بەشی باشوری ناوچەی گەشتیاری (مێشلە). باخی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی مروەوبەگلەی، (١٤٦٩م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی سەرچەمە و ژنانەشەل و مێشلە و مروەوبەگلەی و هانەوڵینە) و لە باشورەوە (دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخەی سەروو خواروو) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی شەمێ) دەورەیانداوە.

هەسارەوردکڵێ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بەڵخە) سەر بە ناحیەی (بیارە). باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی بەڵخە، (١٣٦٣م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی هانەومەڕا و چێرسۆڵێ و کەریمە و سەرسۆڵ) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی سینەسەحاب و بەڵخ) و لە باشورەوە (گوندی دێگە و بەڵخەی خواروو) و لە خۆرهەڵاتەوە (گوندی بەڵخەی سەروو) دەورەیانداوە.

هەسارەو سۆفی

کەوتووەتە سنوری شارەدێی (تەوێڵە) لە چەمی (وارین). بە ناوی سۆفی مەحموود ناوێکەوە ناونراوە، کە بابای حەوتەمینی (مەلا نەزیری گەورەی تەوێڵەیە). پێشر ئەستێڵێکی هەبووە، بە بەرد و خاک هەڵچنراوە. بەڵام ساڵی ١٩٧٧ لە لایەن هەردوو خاوەن باخەکەیەوە (حەمەعارف محەممەد سڵێمان ناسراو بە حەمە عارفی حەمێ) و (قادر حەسەن حەکیم) کراوە بە چیمەنتۆ. ئاوی باخەکانی (ڕەزی سۆفی) دەدات.

هەسارەو کۆڵیژی

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی). ناو چەمی (کۆڵیژی) لە نێو دۆڵێکدایە، ئاوی باخەکانی (زوو زوو گلان)ی دێتەوە سەر. ئەستێڵێکی گەورەی بۆ کراوە. بەناوی (کانی کۆڵیژی)یش ناودەبرێت. پڕۆژەی ئاژەڵداری و پەلەوەری لەسەر کراوە، ئەمە جگە لەوەی، کە ئاوەکەی بۆ توتن و لۆکە بەکارهاتووە. لە ئێستادا بۆ کشتوکاڵی هاوینەیش بەکاردێت.

هەسەن

بە دووریی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (٧٥٦م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی حەوزێکی لەبەردەمدا دروستکراوە (هەساری)، کە ڕووبەرەکەی (٦ بە ٩م) دەبێت و ئاوی کۆدەکاتەوە و بۆ ئاودێریکردنی باخێکی چڕ، کە لەبەردەمیدا دروستکراوە بەکاردێت.

هەڵوژێ

کانییکە لە گوندی (هاوار). دەکەوێتە بەردەم کەلی (هەیشوور) لەسەر ڕێگای سەرەکیی گوندەکە. ناوچەیەکیشە، کە پێکدێت لە چەند باخێک و بە ئاوی کانییەکە ئاودەدرێن. بە سەرەتای دەستپێکردنی باخەکانی گوندی هاوار دادەنرێت. کانییەکە لەشێوەی کارێزی لێهاتووە. بە بەرد هەڵچنراوە وەک تونێلی لێکراوە درێژییەکەی نزیکەی (١٢م) دەبێت.

هەمەشوانە

سەرچاوەكەی كه‌وتووه‌ته‌ قەدپاڵی چیاكانی دەرەمەڕ له‌ سنوری گوندی (هانه‌یدن). لە (1101م) ئاستی ده‌ریاوه‌یه‌. چەند كانییەكەی دیكەشی لێوە نزیكە وەكو(كلكەی ئەسپ و وەزەكۆر و حمەعلی). بۆ ئاودێریكردنی باخەكانی گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و هانەیدن بەكاردێت، ئەم كانییە ناوچەیەكی گەشتوگوزاریی دڵگیر و فێنكە، بەڵام بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاریی ڕێگاوبان و شوێنی دانیشتنەوە، گەشتیاران ناتوانن وەكو پێویست سودیلێوەربگرن.

هەمزەی سەروو

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (گەچێنە)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). (١٤٠٨م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی بە ڕووبەری (٢ بە ٣م) لەسەر دروستکراوە و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێکی فراوان، کە لەبەردەمیدایە بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (کەمەرەسور و لاپاڵی خۆرەتاوی مەرەوێ و لوتکەی دەرەو کێڵا) و لە خۆرئاواوە (ئەشکەوتی هەلاجان و دۆڵی دەرەوکۆرێ) و لە باشورەوە (چیای گەچێنە و لوتکەی پیاڕا) و لە خۆرهەڵاتەوە (لوتکەی زەردی هەمزەیی و لوتکەی قۆڵی بلچ).

هەمزەیی ناوەڕاست

کەوتووەتە سنوری گوندی (گەچێنە)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە)، لە خۆرهەڵاتی گوندەکە. (١٤١٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدایە بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (لوتکەی دەرەو کێڵا و کەمەرەسور و لاپاڵی خۆرەتاوی مەرەوێ) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی دەرەوکۆرێ و ئەشکەوتی هەلاجان) و لە باشورەوە (لوتکەی پیاڕا و چیای گەچێنە) و لە خۆرهەڵاتەوە (لوتکەی زەردی هەمزەیی و لوتکەی قۆڵی بلچ).

هەمزەی وارین

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (گەچێنە)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). (١٣٩٨م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی بە ڕووبەری (٣ بە ٣م) لەسەر دروستکراوە و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی هەمزەیی، کە لەبەردەمیدایە بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (لوتکەی دەرەو کێڵا و کەمەرەسور و لاپاڵی خۆرەتاوی مەرەوێ) و لە خۆرئاواوە (کانی حاجی مەحموود و کانی مەرەوێ و کانی حەمەجافر و ئەشکەوتی هەلاجان و دۆڵی دەرەوکۆرێ) و لە باشورەوە (چیای گەچێنە و لوتکەی پیاڕا) و لە خۆرهەڵاتەوە (لوتکەی قۆڵی بلچ و لوتکەی زەردی هەمزەیی).

هەناران

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و بە دووریی (٦٠٠م) لە ناوەندی گوندەکەوە دوورە. دەڕژێتە چەمى هەناران و لەوێيشەوە دەڕژێتە دەرياچەى دەربەنديخان. موڵکى گشتیى گوندەکەيە، لە ڕابردوودا ژنان زياتر بۆ کاروبارى ڕۆژانە بەکاريانهێناوە، لەڕابردوودا چەند بنە هەنارێکى تێدابووە، ئيتر بەوهۆيەوە بە کانى هەناران ناسراوە.

هەنار

بە دووریی (٣٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گردنەناوێ). خاوەندارێتییەکەی بۆ سێ بنەماڵەی گوندەکە دەگەڕێتەوە. لە بەردەم کانییەکەدا قومێک دروستکراوە، کە بۆ ئاوخواردنەوەی ئاژەڵەکان بەکاردەهێرێت. بەهۆی ئەوەی لە نزیک کانییەکە چەند بنەهەنارێک هەیە، ئەو ناوەی لێنراوە.

هەنجیران

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەتفێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٢٤٠م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی ئاوی بە ڕووبەری (٣ بە ٦.٢٠م) لەسەر دروستکراوە و بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت. دەڕژێتە چەمی دەروەنی و لە باکورەوە گوندی دەرەتفێ و لە باشورەوە دۆڵی باسێرەی و لە خۆرهەڵاتەوە کانی هەمێلێ و لە خۆرئاواوە چەمی دەروەنی دەورەیانداوە.

هەنجیرە دەساڕ

کەوتووەتە باکوری گوندی بەردەبەل لە بناری چیای سورێن. سەرچاوەی ئاوەکەی هەمیشەییە و وشکناکات. بەهۆی بوونی هەنجیرێکی زۆر، کە هاوشێوەی دەساڕن و پانن، ئەو ناوەی لێنراوە. ئاوەکەی بە ئاڕاستەی گوندی بەردەبەل دێتەوە.

هەنجیرە ڕەشان

کەوتووەتە باکوری گوندی (تازەدێ)ی بناری سورێن. مێژوویەکی دێرینی هەیە. خاوەنداریەتی بۆ کەسێکی دیاریکراو ناگەڕێتەوە، وشک ناکات. بۆ ئاودانی کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێت.

هەنجیر

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (دەگاشێخان). ئاوی باخێکی فراوان ئاودێریدەکات و دەڕژێتە دۆڵی ملەخانەگای سەرین، (١٥٠٤م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (چیای کەلارێ گاورا) و لە باشورەوە (کانی کەناتر و چیای چنارە) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی ملەخانەگای سەرین) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی قەڵاتێ و تەوەنەدۆڵە) دەورەیانداوە.

هەوارەکۆن

کەوتووەتە سنوری گوندی (هەوارەکۆن) و (قەڵای هەوارەکۆن) دەڕوانێت بەسەریدا. ئاوی بەشێکی باخەکانی چەمی (قن کانیە و قادرسان و هەندێک لە زەویەکانی ئەحمەدی هاوارێ) دەدات. هەر لەکۆنەوە جۆگەی ئاودێری بۆکراوە و براوەتەوە بۆ قەدپاڵەکان و بۆ کشتوکاڵ بەکارهاتووە. لەسەردەمی (ئەردەڵانییەکان)دا لە (قەڵای هاوارەکۆن)ەوە پلیکانەی بۆکراوە و دابەزیونەتە نێو کانییەکە و ئاوەکەیان هەڵکێشاوەتە نێو قەڵاکەوە. شوێنەواری پلەکان ماون.

هەواس

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) خاوەنداریەتی بۆ (ڕێبوار یونس) ناوێک دەگەڕێتەوە. ئاوەکەی دەڕژێتە چەمی ڕیشێن و گوندەکان (قوڵخورد و قاجر) بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگرن. زیاتر لە ١٠ ساڵە بە بەردەوامی ئاوی هەیە و تەنها لە ساڵی ٢٠١٢ وشکیکردووە.

پێشتر 1
...
29 30 31
...
51 دواتر