دەرەوکێ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەوکێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی عوسمان) و ئاوی ئەمانە لەگەڵ ئاوی تەپی قەڵێ و کپسە پەڕە و تەپی مەڵا سیاوە و باخەکانی زەنگی سیاو کۆدەبێتەوە و دروستیدەکەن. سێ لقە جۆگەی دیکەی لە باکورەوە و دوو لقە جۆگەی تر لە خۆرهەڵاتەوە تێدەڕژێت و بەردەوام دەبێت و لە باکوری گوندی (خارگێڵان) و خۆرئاوای گوندی (نارنجڵە) لەگەڵ چەمەکانی (نارنجڵە و باخە تازە و گەچێنە و باخەکۆن و گوڵپ) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت و بە باکوری گوندی (خارگێڵان) دا ڕێڕەو دەکات و دەچێتە نێو دەشتی سەبان و دەشتی شارەزوورەوە. لە بەرزیی (١٠٨٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٧٦٠م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژیی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. کۆمەڵێک باخ و زەویی کشتوکاڵی، بۆ ئاودێریکردن پشت بەم چەمە دەبەستن و چەندین هەساری لەسەر دروستکراوە بۆ ئاسانیکاریی ئاودێریکردن.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (حەمەئەمین بیارەیی)، لەدایکبوو: ١٩٤٩، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا