سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

152 بابەت

مامرەجۆ

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). لەسەرچاوەی ئاوی ڕیشێنەوە سەرچاوەیگرتووە، لەناو گوندەکەدا وەرگیراوە بە ئاڕاستەی باشوری گوندەکە دەڕوات، ئاوەکە براوە بۆ ئاودانیی زەوییە کشتوکاڵییەکانی (قوڵخورد کەرتی ١٣). کۆنکرێتییە و نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت.

مەڕەو سەورۆی

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان لوتکەی زەردی سەرناوەشۆر چاڵە سەوزە و لوتکەی سەرڕێژ لە باکور و دۆڵی دۆڵاوەسورە و دۆڵی هەنگەچاڵەکە لە خۆرهەڵات و دۆڵی لەگلەکان و ئەشکەوتی حەیدەر لە باشور و جۆگەی بانیشاری کۆن و بانە گەورێ و گوندی بانیشار لە خۆرئاوا. لە بەرزیی (١٨٢٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٩٠٢م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. دەڕژێتە ناو چەمی خۆرنەوەزان و بە بەشی خۆرهەڵاتی گوندەکانی (بانی شار و شیرەبەڕ و تەکیە)دا ڕێڕەو دەکات.

مەلاتەها

کەوتووەتە سنوری گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ‌ناحیەی (بیارە). درێژییە‌کەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. ساڵی ٢٠٠٠ بەربەستی لەسەر دروستکراوە. بەناوی خاوەنەکەیەوە ناونراوە.

مەنک

کەوتووەتە سنوری گوندی (تەکیە) لە (پردی تەکیە)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). لە چەمی زەڵم جیا دەبێتەوە و بە ئاڕاستەی ڕۆژئاوی چەمەکە دەڕوات تا دەگاتە گوندەکانی (کوڵکنی)، ئەو زەوییانەی دەکەونە بەردەمی ئاودێرییان دەکات، ئاودەرەکەی (زەڵم و ئاوی گەنجان و ئاوی ئەو کانیاوانەیە کە لەمبەروئەوبەری چەمەکەوە هەڵدەقوڵێن). درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. جۆگەیەکی کۆنکرێت کراوە. زياتر لە ٣٠ جوتیارى گوندەکە بۆ ئاودانى باخ و کشتوکاڵەکانیان سودیلێدەبینن. ‌ساڵی ٢٠٠٢ لەلایەن حکومەتەوە کراوە بە سەدی کۆنکرێتی.

مەیدان

کەوتووەتە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ‌ناحیەی (بیارە). سەرچاوەکەی لە سنوری گوندی (هانەیدن)وە لە چەمی (هەمەشوانه) دەستپێدەکات. درێژییەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر دەبێت. ‌ساڵی ٢٠٠٠ یەک کیلۆمەتری لێ کۆنکرێت کراوە. نزیکەی ٥٠ دۆنم باخ ئاودەدات.

ملەکەوچێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)‌. لە باکوری خۆرئاواوە بەرەو باشوری خۆرهەڵات درێژ بووەتەوە. لە‌ نێوان لوتکەی کەمایەکا و بانە پەڵمینێ لە باکور و بنەوگەڵوەی و گڵوەو وەزەرەی و دۆڵی پەچەوتاشی لە خۆرهەڵات و دۆڵی وەنەناو و بەرزانە دۆڵە لە باشور و وڵە هەش و دۆڵی کەڕەجاڵ لە خۆرئاوا. دەڕژێتە ناو جۆگەی وەنەناو و لێرەدا جوگەی (بنەوگڵوەی و پەچەوتاشی و بەرزانە دۆڵ و گڵوەو وەزەرەی) یەکدەگرن و دەڕژێنە نێو جۆگەی پەچەو سێ قادری و پاشان دەڕژێتە ناو چەمی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دار چەقالە. لە بەرزیی (١٨٧٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٦٦٧م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژی کیلۆمەترێک دەبێت.

ملەگاو وەنێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە‌ نێوان لوتکەی شروانێ و هانەو تێ و چیای هەسوون لە باکور و لوتکەی ملەپسک و کاوەو سەڵمانا لە خۆرهەڵات و دۆڵی شەڵواندڕ و لوتکەی شرام لە باشور و دۆڵی کێڵا و دۆڵی هەسانا لە خۆرئاوا. دەڕژێتە ناو جۆگەی کێڵا و چەمی شەڵواندڕ و جۆگەی هانەیدن و لەگەڵ چەمی سەرگەت و دەرەیمەڕ یەکدەگرن و دەڕژێتە ناو چەمی دارچەقالەوە. لە بەرزیی (٢٠٩١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٥٩٩م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەترێک دەبێت.

موسا قەڵبە

سەرچاوەکەی لە چەمی بیارەوە دێت. جۆگەیەکی سەرەکیە و باخی (خانەقا و حاجی کەریم و حاجی محه‌ممه‌د عارف) ئاودەدات. کانی (موسا قەڵبە)ی دێتەوە سەر. بە کۆنە دێی بیارەدا تێپەڕدەبێت، کە ناوی (قەسرە) و تاکو مەرعەی گوندی بەڵخە لە (تفا و گەلە) درێژدەبێتەوە. لە بەهاراندا لەگەڵ چەمی (دەگا شێخان) یەکدەگرن و لە نزیک جۆگەی (ئاشی ئەحمەد بەگ) پێکەوە دووبارە تێکەڵ بە چەمی بیارە دەبێتەوە. ئاشێکی کۆنی لەسەر بونیادنراوە و تا ئێستاش شوێنەوارەکەی ماوە.

موسایا

کەوتووەتە بەردەم هەردوو جۆگەی (خواجایی و ئەحمەد بەگ) و لە چەمی بیارەوە سەرچاوە دەگرێت. زیادەی ئاوی ئاشی (ئەحمەد بەگ) دەڕواتەوە سەری و یەکێکە لە بنەوانەکانییە. بەناوی (موسا بەگ) ناونراوە. بە شاخی (ئاسنەبەرد)دا تێپەڕدەبێت و نزیکەی ٤٠ باخ ئاو دەدات. بەردەوام ئاوی پێدا تێپەڕدەبێت و بەپێی خشتەیەکە، کە هەر لەکۆنەوە دانراوە، ئاوەکەی بەسەر باخەکاندا دابەشکراوە. تاکو پشتی باخەکانی دەرەقەیسەر درێژدەبێتەوە.

نادر

کەوتووەتە سنوری گوندی (قاجر)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). لەبەرئەوەی لەسەردەمی کەسایەتیی گوند (حەمەی سڵێمان) لێدراوە بە جۆگەی (حەمەی سڵێمان)یش ناسراوە. سەرچاوەکەی لە هەردوو سەرچاوەی (شەڵم و ڕیشێن)وە دێت، تا دەگاتە گوندی (قاجر). درێژییەکەی چوار کیلۆمەتر دەبێت. لە ڕۆژگارێکدا ئاشێکی ئاوی لەسەر دروستکراوه، ‌کە بە ئاشەکەی (کەریمی فەتاحی مچە) ناسراوە. ساڵی ٢٠٠٦ به ‌هەوڵی (عومەری حاجی حەمەئەمین) بە بڕی ١٠٠ ملیۆن دینار جۆگەکە چیمەنتۆ کراوە. ٣٠٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەراو دەکات.

ناوتووان

کەوتووەتە‌ باکورى خۆرهەڵاتی گوندى (گمه). ئاوەکەى هەميشەييە، بەڵام لەم ساڵانەى دواييدا بەهۆى دۆخى ئاووهەواى ناوچەکە و هەرێمەوە وشکبووە.

نەیجە

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە نێوان لوتکەی ملەگاو دۆڵاوێ لە باکور و باسکەدۆڵ و مەزاری مەحموودخانی دزڵی لە خۆرهەڵات و گوندی هانەی قوڵ لە باشور و دۆڵی یەڵانپێ و کانی میشڵیان لە خۆرئاوا. دەڕژێتە ناو جۆگەی (گەڵباخ و هانەی قوڵ)، لە بەرزی (١٠٠٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزی (٧٩٨م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژی لە کیلۆمەترێک کەمترە.

نیشانکرد

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. چیاکانی پشتی ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێ دەبارێت و بەناو جۆگەکەدا ڕێڕەو دەکات و دواجار دەڕژێتە ناو ڕوباری سیروانەوە. درێژییەکەی نزیکەی نیو کیلۆمەتر دەبێت. ئاوی دوو لقە جۆگەی دیکەشی تێدەڕژێت.

هانە قاڵاوا

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (مستەفای کوڕی جافرسان) ناسراو بە (سالار)، کە حاکمی ئەو گوندە بووە، بۆ بەراوکردنی زەوییەکانی (سەر مەڕ و ملەگا) بڕیاریداوە ئاوی (هانە قاڵاوا) لە گوندی (دەرەقەیسەر) بە جۆگەیەک ڕابکێشێت. لە پاش نەمانی دەسەڵاتی (سالار) و کەمبوونەوەی ئاوی کانییەکە، ئاوی جۆگەکەش بڕاوە. تا ئێستا شوێنەواری جۆگەکە بە بەرزایی و گردەکانەوە ماوە.

هانەی قوڵ

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە ئەنجامی یەکگرتنی جۆگەکانی (کەلی زەرد و نەیجەی و ماسناوی و گەڵباخ و کەمەرەسیاو) دروستدەبێت. لە نێوان گەڵباخ و کانی چاڵی نەیجە لە باکور و کەمەرە سیاوا و مەزاری مەحموودخانی دزڵی لە خۆرهەڵات و دەشتی پشت قەڵا و قەڵای گەڕاو شاری خورماڵ لە باشور و دۆڵی یەڵانپێ و بانیشار لە خۆرئاوا. دەڕژێتە ناو جۆگەی (گەڕاو)، لە بەرزیی (٧٣٤م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٥٧٠م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت.

هەرەسی

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)‌. لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە نێوان چیای هەسوون و قەڵای بروسکە لە باکور و لوتکەی هەسوون لە خۆرهەڵات و چیای لاسەوفاتەخانێ و دۆڵی کۆرێ و دۆڵی چاڵاوا لە باشور و تاقودڕەیەکا و شەوگەو دۆڵاوێ و جۆگەی خەڕەنگەزێ لە خۆرئاوا. دەڕژێتە ناو جۆگەی چاڵاوا و دواتر دەڕژێتە ناو جۆگەی پەچەو سێ قادری و پاشان دەڕژێتە ناو چەمی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دار چەقالە. لە بەرزیی (٢٣١٤م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٧٨٣م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک کەمترە.

هەرمێلە

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. بەرزاییەکانی دەوروبەری ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێ دەبارێت و بەناو جۆگەکەدا ڕێڕەو دەکات و دواجار دەڕژێتە ناو چەمی هاوار و هاوارەکۆنەوە. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت.

هەزاردۆڵاوی

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە نێوان گڵوەو چنوری و دۆڵی هاژگا لە باکور و لوتکەی چیای سوتنەجەڕ و دۆڵی شەوگە لە خۆرهەڵات و هاڵی وڕان و بانی کونەسەرد و دۆڵی قوڵە لە باشور و کانی وەرزو ڕێزینە و دۆڵی خۆرنەوەزان لە خۆرئاوا. لە بەرزیی (١٧٧٥م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١١٥٥م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت. بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەودەکات و پاشان دەڕژێتە ناو جۆگەی یاڵانپێ و دواتر لەگەڵ جۆگەی هانەی قوڵ لە باشوری خۆرئاوای هانەی قوڵ و یاڵانپێ یەکدەگرن و دەڕواتە سنوری شاری خورماڵ و دەڕژێتە ناو چەمی زەڵم و کانی گەنجان و گەڕاو لە باکوری گۆم پسکیت.

هەژگا

کەوتووەتە سنوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە نێوان دۆڵی بەردەقایمە و لوتکەی حاجی تایب لە باکور و گڵوەو چنوری و لوتکەی ڕاپانەو غازی لە خۆرهەڵات و دۆڵی هەزاردۆڵاوی و دۆڵی قوڵە لە باشور و دۆڵی قۆلانچە و دۆڵی هەنگەچاڵەکێ لە خۆرئاوا. لە بەرزیی (١٥٣٠م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٣٤٠م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی نیو کیلۆمەتر دەبێت.بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا ڕێڕەودەکات و پاشان دەڕژێتە ناو جۆگەی قۆلانچە و پاشان چەمی خۆرنەوەزان.

هەسانا

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. لە‌ نێوان هانە توتمان و قەڵاوداڵی و هانەو نسارتاریکی لە باکور و دۆڵی کێڵاو کاوەو سەڵمانا لوتکەی ملەپسک لە خۆرهەڵات و دۆڵی شەڵواندڕ و لوتکەی شرام لە باشور و لوتکەی ملەی هەربەدۆڵ و کانی شەڵواندڕ لە خۆرئاوا. ئەو بەفر و بارانە زۆرەی لە چیاکانی دەوروبەری دەبارێت دەڕژێتە ئەم جۆگەوە، دواتر بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا دەڕوات و دەڕژێتە ناو چەمی شەڵواندڕ و جۆگەی هانەیدن و لەگەڵ چەمی سەرگەت و دەرەیمەڕ یەکدەگرن و دەڕژێتە ناو چەمی دارچەقالەوە، لە بەرزیی (١٧٠٣م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٣٧١م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک کەمترە.

پێشتر 1
...
6 7 8 دواتر