بەرگی پێنجەم
کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.
بەرگی پێنجەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.
گۆڤارێکی مانگانەی تایبەتە بە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی. لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٠٩ یەکەم ژمارەی لە شارۆچکەی خورماڵ لێدەرچووە. سەرنوسەر و خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەکە مامۆستا (نیازی هەورامانی) بووە. گۆڤارەکە مانگانە بووە و هەموو ٢٢ی مانگێک ژمارەیەکی نوێی دەرچووە، بەکۆی گشتی ٣٢ ژمارەی لێدەرچووە.
گۆڤارێکی مانگانەی ڕەنگاوڕەنگی منداڵانە. سەنتەری ڕۆشنبیریی هەڵەبجە دەریکردووە. بابەتی شیعر و چیرۆک و وێنەکێشان و سەرگەرمیی منداڵانی بڵاوکردووەتەوە. خاوەن ئیمتیاز: فەرەیدون جوانڕۆیی. سەرنوسەر: حەکیمی مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری نوسین: بەرزان حامید بوون. یەکەمین ژمارەی لە مانگی ٦ی ٢٠٠٦ دەرچووە. ئەم گۆڤارە ٥٠ ژمارەی لێدەرچووە، قەبارەکەی ئەیفۆڕ و ژمارەی لاپەڕەکانی ١٥ بۆ ٢٥ لاپەڕە بووە. بە نرخی ٥٠٠ دینار فرۆشراوە. لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٠ ڕاگیراوە.
گۆڤارێکی وەرزیی منداڵانەی پاشکۆی گۆڤاری ڕأبەر بووە. یەکێتیی ڕۆشنبیرانی موسڵمانی کورد دەریکردووە. بابەتەکانی یاری منداڵان و شیعر و چیرۆک و وێنە و مەتەڵ و سەرگەرمی بوون. دەستەی نوسەرانی نەبووە. مامۆستا وەرزێر سەرپەرشتیکردووە. هاوینی ١٩٩٧ دەرچووە و تا ژمارە ٢ی دەستنوس بووە. دواتر کراوەتە کۆمپیتەری و بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ کراوە. بە قەبارەی نیو ئەیفۆڕ و ٨ لاپەڕە بووە. بە هۆی یەکگرتنەوەی بزوتنەوە و نەهزەوە داخراوە.
گۆڤارێکی تایبەت بە لاوانە. بەڕێوەبەرایەتیی لاوانی هەڵەبجە بڵاویدەکاتەوە. خاوەنی ئیمتیاز: بەڕێوەبەرایەتیی لاوانی هەڵەبجە. سەرنوسەر: ئیبراهیم هەورامانی، بەڕێوەبەری نوسین: ئەریوان سەلاح حەمەنوری. چاپخانەی پیرمێرد لە هەڵەبجە بە تیراژی ٥٠٠ دانە چاپیکردووە. ژمارە (١)ی لە ١٢ی ٨ی ٢٠٢٤ لە ڕۆژی جیهانیی لاواندا بە ٣٠ لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگ بڵاوکراوەتەوە. بڕیارە بکرێتە مانگانە یان وەرزی.
گۆڤارێکی سیاسیی گشتییە. مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەریکردووە. گۆڤارێکی وێنەییە بە ڕەنگاوڕەنگ، ساڵانە دەرچووە. ژمارە (١)ی لەساڵی ٢٠١٣دا دەرچووە. بابەتەکانی کار و چالاکیەکانی مەڵبەندی (هەشتی باسک) بووە. هەندێکیان بە وێنە و هەندێکیان بە نوسین باسکراون. بەشی ڕاگەیاندنی مەڵبەندەکە خاوەنی ئیمتیازی بووە و ستافێکی تایبەت لە هەمان بەش سەرپەرشتیکردووە. (عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود) سـەرنوسەری گۆڤارەکە بووە.
گۆڤارێکی پەروەردەیی ئیسلامییە. ناوبەناو دەرچووە، خاوەن ئیمتیازەکەی (عەلی حەیدەر) و سەرنوسەرەکەی (ئەحمەد حمەئەمین) بوون. ژمارە ١ی لە ٧ی ٢٠١١ دەرچووە، بەرگ و ناوەوەی گۆڤارەکە ڕەنگاوڕەنگ بوون و ژمارەی لاپەڕەکانی لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٠ لاپەڕەدا بووە. دیار نییە چەند ژمارەی لێدەرچووە و کەی وەستاوە، بەڵام لە ئێستادا دەرناکرێت.
گۆڤارێکی ڕۆشنبیریی گشتیی مانگانەیە. لەلایەن ناوەندی هەڵەبجەی کۆمەڵەی چالاکییەکانی هاموونەوە دەرکراوە. ژمارەی یەکەمی لە مانگی ١ی ٢٠٠٦ دەرچووە. سەرنوسەر: سەعید بەشیر مستەفا. جێگری سەرنوسەر: سەعدی ڕەفعەت محەممەد. بەڕێوەبەری نوسین: زەکەریا مەحمود. ستافی نوسین (دانا حامید، عومران بەشیر، دڵشاد هەورامی، شاهۆ ئەحمەد) بوون. بەرگی گۆڤارەکە ڕەنگاوڕەنگ و ناوەڕۆکەکەی ڕەشوسپی بووە، بە قەبارەی ئەیفۆڕ و ژمارەی لاپەڕەکانی لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ لاپەڕە بووە. تەنها ٤ ژمارەی لێدەرچووە و کۆتا ژمارەی لە مانگی ٤ی ساڵی ٢٠٠٦ دەرچووە و دواتر ڕاگیراوە.
گۆڤارێکی فیکری و مەعریفیی وەرزییە. ناوەندی هەژان بۆ فیکر و مەعریفەت دەریدەکات. بابەتی فەلسەفەی ئەخلاق و مەعنەوییەت و فیکری ئایینی و نەتەوەیی تێدا بڵاودەکرێتەوە. چەندجار بەهۆی کێشەی داراییەوە بڵاوکردنەوەی لەکاتی خۆیدا دواکەوتووە. سەرنوسەرەکەی (ئیبراهیم ساڵح) بووە لە سلێمانی. ١٢ ژمارەی لە سلێمانی لێدەرچوو و لە ژمارە ١٣ و لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە هاتووەتە هەڵەبجە و سەرنوسەرەکەیشی بۆ (تەحسین حمەغەریب) گۆڕاوە و دواتر لە ساڵی ٢٠١٠دا چووەتەوە سلێمانی. لە سلێمانی قەبارەکەی نیو ئەیفۆڕ بووە و لە هەڵەبجە کراوە بە ئەیفۆڕ و سەرەتا ژمارەی لاپەڕەکانی لەنێوان ١٠٠ بۆ ١٢٠ لاپەڕەدا بووە، بەڵام، کە هاتووەتە هەڵەبجە ژمارەی لاپەڕەکانی زیادکراوە بۆ ٣٥٠ بۆ ٤٥٠ لاپەڕە. هەر لە سەرەتاوە بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ و ناوەڕۆکەکەی ڕەشوسپی بووە. ٢٨ ژمارەی لێدەرچووە. لە ساڵی ٢٠١٧دا بە هۆی کێشەی داراییەوە ڕاگیرا. ئەم گۆڤارە پاشکۆیەکیشی هەبووە بە ناوی (چاوی هەژان)، کە هەمان ستاف دەریدەکرد هەمان ناوەڕۆک و قەبارەی گۆڤارەکەی هەبووە.
گۆڤارێکی سەربەخۆی ڕۆشنبیرییە. لەلایەن (یەکێتیی ئیسلامیی کورد لە ئەسکەندەناڤیا) لە وڵاتی سوید بە هەر دوو زمانی کوردی و عەرەبی دەردەچووە. یەکەم ژمارەی لە تەمووزی ١٩٨٨دا بڵاوکراوەتەوە. سەرنوسەرەکەی (موحسین جوامێر) بووە. ستافی نوسین و بەڕێوەبردنی بریتیبووە لە (موحسین عەبدوڵا، موحسین ئاسنگەر، فەلاح سەعید، جەلال حەیات، ئاراس ڕەئوف، محەممەد کەرکووکی).
گۆڤارێکی وەرزیی سیاسیی ڕۆشنبیریی گشتییە. ناوەندی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە دەریدەکات. خاوەنی ئیمتیاز: نوری حەمەعەلی. سەرنوسەر: حەکیم مەلا ساڵح. جێگری سەرنوسەر: دانا عەلی سەعید. بەڕێوەبەری نوسین: نامق هەورامی. دەستەی نوسەران (محەممەد هەڵەبجەیی، مەلا لەتیف بامۆکی، هێمن نەقشبەندی، محەممەد نەقشبەندی، ڕزگار سدیق) بوون. ساڵی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٠ پێنج ژمارەی لێدەرچووە. لە ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٦وە دەچێتە خولی دووەم و دەستەی نوسەرانی دەبێت بە (حەمەعارف حسێن، یاسین حەسەن، خوشکان حەمەفەرەج، بەرزان عەلی، زانیار سەردار).
گۆڤارێکی ئەدەبی و ڕوناکبیریی سەربەخۆیە. گروپێک لە نوسەران و ڕۆشنبیرانی هەڵەبجە دوو مانگ جارێک دەریدەکەن. خاوەنی ئیمتیاز: د. کۆسار محەممەد عەلی. سەرنوسەر: ئومێد عەزیز مراد. بەڕێوەبەری نوسین: سەریاس عەلی حەمەکەریم. تایپ و دیزاین. هەوار ئەحمەد ڕەشید. چاپخانەی ڕووناکی. لە کانونی دووەمی ٢٠٠٣ لە هەڵەبجە، یەک ژمارەی لێدەرچووە.
گۆڤارێکی ئەدەبی و ڕووناکبیرییە. خاوەنی ئیمتاز: لیژنەی باڵای فیستیڤاڵ. سەرنوسەر: هاوژین مەلا ئەمین. بەڕێوەبەری نوسین: سەڵاحەڕەش. سەرپەرشتیاری چاپ: ئاگر بورهان، تاهیر زاهیر. ١٦ی ٣ی ٢٠٠٢ تایبەت بە چواردەیەمین ساڵیادی هەڵەبجە دەرچووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و پارێزگای هەڵەبجە تایبەت بە (٢٨)ەمین ساڵیادی کیمیاباران دەریکردووە. ستاف (پەروێز نیازی، سەبا ئەحمەد، ماردین ئەبوبکر. ئەردەڵان کاکەیی) بوون.
گۆڤارێکی ڕووناکبیریی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەریی هەڵەبجە دەریکردووە. (کەمال هەورامی) سەرنوسەری بووە و (سەڵاحەڕەش) سەرپەرشتیکردووە. دەستەی نوسەران (ئیبراهیم هەورامانی و نەجمەدین گۆریان و عومەر عەبدول و موحسین ئەدیب و وەرزێر حەمەسەلیم و ئیدریس عەلی) بوون. لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٠٣دا ژمارە سفری دەرچووە، ژمارە ١ی لە ١٦ى ٣ى ٢٠٠٤دا دەرچووە. قەبارەکەی ئەیفۆڕ و بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ و ناوەڕۆکەکەی ڕەشوسپی بووە. ژمارەی لاپەڕەکانی ١٧٠ بۆ ١٨٠ لاپەڕە و تیراژەکەی لەنێوان ٧٥٠ بۆ ١٠٠٠ دانەدا بووە. لە ژمارە ٢دا لە ٤ى ٨ى ٢٠٠٤ لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم مۆڵەتی بۆ وەرگیرا. ناوەڕۆکەکەی زیاتر بابەتی ئەدەبی و هونەری و چالاکییەکانی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە و چیرۆکەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەی تێدابڵاودەکرایەوە و لە سنوری هەڵەبجە و سلێمانی بەخشراوە. هەتا ژمارە ٩ی لێدەرچووە و سەرەتای ساڵی ٢٠٠٦ داخراوە.
گۆڤارێکی (سیاسی، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، گشتیی سەربەخۆیە). لە خورماڵ دەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەری (مامۆستا نیازی هەورامانی)بووە. کار لەسەر ڕەوتە ئیسلامییەکان و بابەتی گشتی دەکات. سەرجەم لاپەڕەکانی ڕەنگاورەنگ بوون. ستافی نوسەرانی بریتیبوون لە (ماکوان خەلیل فەتاح، عومەر ئەحمەد محەممەد). لە ٢٥ی ١٠ی ٢٠٢١دا، یەک ژمارەی لێدەرچووە.
بڵاوکراوەیەکی هەورامانناسیی وەرزییە. لە مانگی چواری ساڵی ٢٠٠٤ وەک یەکەم بڵاوکراوە بە شێوەزاری هەورامی دەرچووە. دەستەی نوسەرانی بریتیبوون لە (یادگار ڕەئوف، مەسعود گوڵپی، شەوقی شەیدا). ناوەڕۆکی بابەتەکان بە گشتی تایبەت بوون بە هەورامانناسی. لە هەرچوار پارچەی کوردستان و نوسەرانی تاراوگەوە بابەتی بۆ هاتووە، ستافی گۆڤارەکە بابەتەکانیان کردووە بە هەورامی. هیچ بابەتێکی سیاسی لەخۆنەگرتووە. (نەعمان فائیق تۆفیق) سەرنوسەری بووە. ٣٣ ژمارەی لێدەرچووە و ساڵی ٢٠١٠ ڕاگیراوە.
گۆڤارێکی فیکریی ڕۆشنبیریی وەرزییە. مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان لە سلێمانی دەریدەکات، یەکەم ژمارەی زستانی ٢٠٠٣ دەرچووە. مامۆستا عوسمان محەممەد هەورامی و ئەیوب ڕۆستەم سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسینی ژمارە یەک و دووی گۆڤارەکە بووە. دواتر و لە ژمارە سێوە، ئەیوب ڕۆستەم بووەتە سەرنوسەر و ئبیراهیم حاجی زەڵمی بەڕێوەبەری نوسینی بووە. جیا لە نوسەرانی هەورامان، نوسەرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە باشور و ڕۆژهەڵات تیایدا نوسیویانە. چەندین ژمارەی تایبەت بە دیدارە کلتوریی و ئەدەبییەکانی هەڵەبجە و هەورامان تەرخانکردووە. تا ئێستا بەردەوامە و ژمارە (٥٠)ی، کە تاوەکو ئێستا کۆتا ژمارەیەتی، لە ٢٦ی ١٠ی ٢٠٢٤ دەرچووە.
گۆڤارێکی فیکریی سیاسیی وەرزییە، خاوەنی ئیمتیاز: سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان - لقی هەڵەبجە. ژمارە ١ی لە ١٦ی ٣ی ٢٠٠٥ دەرچووە. سەرنوسەر: (ئەرسەلان عابید) بووە. بە دروشمی گومان، ڕەخنە، بەرپرسیارێتی، هەشت ژمارەی لێدەرچووە. قەبارەی لاپەڕەکانی ١٥ بە ٢٥سم بووە. ژمارەی لاپەڕەکانیشی ٢٧٥ بۆ٣٠٠ لاپەڕە بووە و تیراژەکەی ٥٠٠ دانە بووە. بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ و ناوەڕۆکەکەی ڕەشوسپی بووە. لە کتێبخانەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە بڵاودەکرایەوە. کۆتا ژمارەی لە ساڵی ٢٠١٠ دەرچووە، بە هۆی گرفتی داراییەوە ڕاگیراوە.
گۆڤارێکی فکری و ڕۆشنبیری و ئایینییە. دوو مانگ جارێک دەرچووە. مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکبوون دەریکردووە. دوای یەکگرتنی بزوتنەوە و نەهزە، هەردوو گۆڤاری (جەماوەر) و (ڕابەر) یەکخراون و بوونەتە (یەکبوون). چوار ژمارەی بە تیراژی ١٠٠٠ دانەی ئەیفۆڕی ١٠٠ لاپەڕەی لێدەرچووە. بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ و لاپەڕەکانی ڕەشوسپی بوون. کامیل مەحموود سەرنوسەری بووە. بەهۆی لێکترازان و جیابوونەوەوە ڕاگیراوە.