سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

باخی شێخ لەتیف

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندەکەوە‌. (٨٧٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی ئاوی بە ڕووبەری (٥ بە ١٠م) لەسەر دروستکراوە و باخێکی فراوان، کە لە بەردەمیدایە ئاودێریدەکات.

باخی مزگەوت

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکەوە‌. (٩٤٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی خەرپانی و لە باکورەوە کانی شەریف و کانی دەرەلەڕای و سەفەر و لە خۆرئاواوە گوندی خەرپانی و لە خۆرهەڵاتەوە هەسارەو چەوتانی دەرە درێژ و لە باشورەوە کانی محمود و کانی هۆبە دەورەیانداوە.

باخى مير

کانییە. کەوتووەتە ناو (باخى مير)ەوە، کە پێشتر باخەکە موڵکى (وەسمان پاشاى جاف) بووە و بە موڵکى بۆ (ئەحمەدموختار جاف) ماوەتەوە. سەکۆ و ساباتێک لەسەر کانییەکە دروستکراوە. لەئێستادا کانییەکە شوێنەواری نەماوە.

باڵە فەرەنجی

کانییەکی هەمیشەییە. کەوتووەتە باکوری گوندی بەردەبەل لە بناری چیای سورێن. لە نێوان دوو شاخە هەڵدەقوڵێت، کە شێوەیان وەک باڵی فەرەنجی وایە. ئاوەکەی دەڕواتە نێو چەند چاڵێکی جیاوازەوە. بەشێوەیەک، کە چاڵێک پڕدەبێت ئاوەکەی دەڕواتە چاڵێکی دیکە. ئاوی ئەو چاڵانە بۆ مەرەزە بەکارهاتووە. نزیکەی سێ کیلۆمەتر دوورە لە گوندەکەوە.

بانەبەرز

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ڕێشاو). لە شاخی بانەبەرز هەڵکەوتووە. لەساڵی ١٩٥٧ لەلایەن حەمەساڵح عبدالقادر ڕێشاوی لەکاتی کێڵان و تۆوکردن لە دەشتاییەکانی ئەو بانەبەرزە گوێی لە دەنگی ئاو دەبێت. پاشان بەدوایدا گەڕاوە و ئیشی تێداکردووە و بەسروشتی ئاوەکەی هەڵقوڵاوە. ئاوێکی هەمیشەیی هەیە. بۆ ئاودێریی باخەکانی دامێنی چیای بانەبەرز بەکاردێت.

بانى بى

کانيیەکى هەميشەييە. کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و نزيکەى يەک کيلۆمەتر لەگوندەکەوە دوورە. موڵکى گشتیيه.‌ بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و ئاودێرى و ئاودانى ئاژەڵ بەکاردێت، لەسەر بانێکى تەخت هەڵکەوتووە، کە بانەکە دارى (بى) زۆرى تێدا ڕوواوە و کانيیەکەيش لە نێوەندى دار بيیەکاندا هەڵکەوتووە، بۆيە ئەو ناوەی لێنراوە.

بانیشار

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی بانیشاری کۆن و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بووە. کانییەکی هەمیشەییە. لە دووریی نزیکەی پێنج کیلۆمەترەوە بە بۆری دوو ئینج بەرەو گوندی بانیشاری ئێستا ڕاکێشراوە و بووەتە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و لە سەرچاوە سەرەکییەکەشیەوە بەشی ئاوخواردنەوەی ئاژەڵی لێ جیاکراوەتەوە.

باواندەرە

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە) و کەوتووەتە نێو دۆڵی باواندەرە لە بەشی خۆرئاوای گوندی (بەڵخە) و حەوزێک بە ڕووبەری نزیکەی (٧ بە ٤م) لەسەر دروستکراوە و باخێک ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی باواندەرەوە. (١٢٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (هانەنەسرین و سەربەڵخ) و لە باشورەوە (دۆڵی ئەسحابەسەحان) و لە خۆرئاواوە (زەڕێن دۆڵ) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی سینەسەحاب) دەورەیانداوە.

باوە پەروێز

کەوتووەتە نێو گوندی چناری کۆکۆیی و لە چەمی (نێو باخان)ە. کانییەکی وەرزییە. چەوانەی بۆکراوە و وەک ساردکەرەوەیەک لەهاویندا خەڵکی گوند بۆ هەڵگرتنی بەروبوم بەکاریانهێناوە. نزیکەی (٥٠٠م) لە کانیی سەرەکیی گوندی چنارەوە دوورە. بە بەرد کراوەتە کارێز و زیادەی ئاوەکەی دەڕژێتەوە چەمی سیروان. ناوەکەی بۆ باوە پەروێز ناوێک دەگەڕێتەوە، کە خزمەتیکردووە و پاکیکردووەتەوە.

باوەحەیران

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (کانی وەیسکێ)وە لە ناحیەی بەمۆ. سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەیە.

باوەلێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (گردیگۆ) و بەردەمەکەی چاڵ بووە و وەک حەوزێکی گەورە بەکارهاتووە. کەوتووەتە باکوری گوندەکەوە. بەناوی کوێخا حەمەڕەشید کوێخای گوندەکەوە ناونراوە. ئاوی لەبەر ڕۆیشتووە، بەڵام کوێخا حەمەڕەشید فراوانی کردووە و بۆ کاروباری ژنان بەکارهاتووە. ئاوەکەی دەڕژێتەوە سەر چەمی زەڵم و دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخان.

بایزە

کەوتووەتە باشوری گوندى (کانى ئاسکان)ی سەر بە شارۆشکەی (خورمأڵ). مێژوویەکی دێرینی هەیە. ئاوێکی سازگاری هەیە. پێش ڕاگواستنی گوندەکان، ئاوەکەی تەنها بۆ ئاودێری بەکارهاتووە. ساڵی ١٩٩٥ لە لایەن هاوڵاتییەکی گوندەکەوە بە ناوی (ئەحمەد ساڵح) کراوە بە باخ و لە ئێستا نزیکەی دوو دۆنم باخ ئاودێریدەکات. ماوەی ٤٠ ساڵە وشکینەکردووە.

بەرکەورگ

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتی گوندی (پریسی سەروو)وەوە. له ‌بەرزیی (١٠٠٥م) له ‌ئاستی ڕووی دەریا بە ئاڕاستە‌ى باکوری بە درێژی نزیکەی یەک کیلۆمەتر سەرچاوە دەگرێت، بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە بەردەم ئەشکەوتێکەوە ئەو ناوەی وەرگرتووە (پێشتر بە ئەشکەوت وتراوە کەورگ)، ١٧ جوتیار وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاودێری بەکاریدەهێنن.

بەرگرد

کەوتووەتە ‌خۆرهەڵاتى گوندى (زەمەقیى سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەگەڵ دەشتى حەمەوخان(گوندى عەنەب)دا هاوسنورە، کە ئاوەکەى هەميشەيى بووە و نزيکەى ٢٠٠ دۆنم زەوى بەراودەکات. موڵکى گشتييە و نزيکەى دوو کيلۆمەتر دوورە لە سەنتەرى گوندەکەوە، بەهۆى ئەوەى کەوتووەتە بەر گردێک ئەو ناوەى لێنراوە.

بەری باخچە

کەوتووەتە سەر ڕێگەی گوندی (پریسی سەروو) بە ئاڕاستە‌ی ناوچەی نەورۆڵی. (٨٠٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەسەر ڕێگای سەرەکیی گوندەکەیە بەرەو ناوچەی نەورۆڵی، لە ئێستادا زیاتر وەک کانی بەهارەیە، تا کۆتایی مانگی حەوت ئاوی هەیە.

بەرى دێ

کەوتووەتە‌ گوندى (دوانزەئيمامى سەروو) لە نێوان هەردوو گوندى (دوانزەئيمامى سەروو، دوانزەئيمامى خواروو)دا، کانيیەکى هەميشەييە و موڵکى گشتيیە، لەسەر ئەم کانيە پڕۆژەيەکى ئاوخواردنەوە بۆ گوندى دوانزەئيمامى خواروو دروستکراوە.

بەرى کانى

کەوتووەتە‌ باکورى گوندى (بەکراوا) و لە دامێنى گردى مێژووى بەکراوادايه ‌و بە بۆریى ئاسن لە ساڵى ١٩٧٤ەوە ئاوەکەی ڕاکێشراوە بۆ مزگەوتى گوندەکە و بۆ دەستنوێژ و خواردنەوەى دانيشتوانى گوند بەکارهاتووە‌.

بەڕوار

لە شاخی (چاڵان)ی گریانەیە. کەوتووەتە سارای کێوی (بەڕوودار) و کەژی (کاکە فەرەج). کانییەکی هەمیشەیی بووە. بەهۆی بوونی ژمارەیەک زۆر لە داربەڕوو، ئەوناوەی لێنراوە. ئاوی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بنێشتکردن و کارئاسانی زۆری بۆ خەڵک کردووە.

بەکان

بە دووریی نزیکی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). حەوزێکی لەبەردەمدا بە ڕووبەری (٥ بە ٣م) لەسەر دروستکراوە. بۆ ئاودێریکردنی باخێکی چڕی لەبەردەمیدا دروستکراوە بەکاردێت.

بەڵخەکان

چەند کانییەکی بچوکن، دەکەونە خۆرهەڵاتی گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن. ئاوەکەیان دەچنەوە سەریەک و پاشان دەڕژێنە چەمی سەرەکیی نەوێ. بۆ مەبەستی مەرەزە و ماش و... هتد بەکارهاتووە. ئاوەکەیان هەمیشەییە.

پێشتر 1 2 3
...
51 دواتر