یاداشتی کۆمەڵێک بەخێوکار دژی دەرچواندنی منداڵەکانیان لە قوتابخانە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
هەڵوێستی باوکان و سەرپەرشتیارانی فێرخوازانی شارەدێی گوڵپ لە ناوچەی هەورامانه، کە لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە مامۆستا (ئەحمەد حسێن ١٩٢٨ -٢٠١٨ز) کراوە، منداڵەکانیان بە بڕیاری (دەرچواندنی زەحف)، دەرنەچێنرێن و لە هەمان پۆلی خۆیاندا بمێننەوە و بە کەوتوو دابنرێن، ئەگەرچی وەزارەتی پەروەردەش ئەو جیاوکەی پێدابن. مێژووی نوسراوەکە بۆ ٢٦ی ١١ی ١٩٥٨ و دوای چوار مانگ لە کودەتای ١٤ی تەمموزی عەبدولکەریم قاسم و هاوڕێکانی دەگەڕێتەوە و لە سەروبەندی ئاژاوە و ناڕێکوپێکیی کارگێڕیدا بووە. ئەم باوکانە بە نامەیەک ئەم ناڕەزایەتییە و ئەم پابەندییە زانستی و بەرپرسیارێتییە دەخەنەئەستۆی خۆیان و کاربەدەستانی پەروەردە و بە پێی خشتەیەکی پێنج ستوونی، ناوی یازدە قوتابی و یانزە سەرپەرشتیاری قوتابیان و پۆلەکەیان هاتووە، (پێنج منداڵی پۆلی یەکەم، سیانیان پۆلی دووەم و سێی کۆتاییش پۆلی سێیەم بوون)، کە باوکان یان سەرپەرشتیاری فێرخواز پەنجەمۆر یان ئیمزایان لەسەرکردووە، بە خەتێکی ڕوقعەی ناپابەند نوسراوەتەوە، لە کۆتایی لای خوارەوەی لاپەڕەکەشدا ناوی سێ شایەت هاتووە، کە هەرسێکیان لە قوتابخانەی گوڵپ مامۆستا بوون، (دوانی یەکەم میلاک و کۆتاییی وانەبێژ بووە)، ئەوانیش: ئەکرەم ئەحمەد، محەممەد تۆفیق محەممەد و مەلا عەبدوڵا حەمەعەلی. بڕیاری زەحف: مەبەست ئەو بڕیارە بوو، کە بەهۆی پەشێویی ئەو سەردەمە و کودەتای تەمووزی ١٩٥٨ەوە، بۆ ساڵی خوێندنی ١٩٥٨ بۆ ١٩٥٩ دەرچووە، کە ئەو ساڵەدا بە کەوتوو ئەژمار نەکرێت بۆ قوتابیان و زەحف بکرێن بۆ پۆلێک پێشتر، (دەکرێت ئەم بڕیارە هاوشێوەی بڕیاری عبووری ئەم سەردەمە بچوێنرێت). بە گوێرەی بەڵگـەکـە، ئـەم ڕاسـتییانەی دیکەش دەردەکەون:
١- ژمارە ١٠ی خشتەکە فێرخوازێکی کچە (فەرخیە حەمەکەریم)، لە پۆلی سێیەمدا بووە.
٢- بەپێی پەنجە مۆرەکان بێت، لە کۆی ١١ یانزە فێرخوازەکە، دە لە باوکان و سەرپەرشتیاران خوێندەوارییان نەبووە و پەنجەمۆریان لە بری ئیمزا کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ڕەزامەند نەبوون منداڵەکانیان بە ناشایستەیی بنێررێتە پۆلێکی پێشتر.
٣- یەکێک لە مامۆستا وانەبێژەکان، مەلای مزگەوت بووە و لەبەر پێویستی خۆبەخشانە وانەی وتووەتەوە.
٤- لەناو ئەو یانزە فێرخوازەدا، لە ئێستادا تەنها چوارییان لە ژیاندا ماون و ئەوانی تر کۆچیدواییانکردووە.
٥- بەڕێوەبەری قوتابخانەکە (مامۆستا ئەحمەد حسێن)ـە. ساڵی ١٩٢٨ لەدایکبووە، خەڵکی بیارە بووە و لە ٧ی ٣ی ٢٠١٨ کۆچیدواییکرد.
سەرچاوەکان:
- ئەرشیفی ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لە زانکۆی سلێمانی، بەشی بەڵگەنامەکان، بەڵگەنامەکانی باشووری کوردستان. بەڵگەنامەی زەحفی خوێندکارانی هەورامان.
- ئەرشیفی ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لە زانکۆی سلێمانی، بەشی بەڵگەنامەکان، بەڵگەنامەکانی باشووری کوردستان، تۆماری خوێنکارانی قوتابخانەی گوڵپی ساڵی ١٩٥٨.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ کوڕی بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئەوکاتی گوندی گوڵپ.
ئامادەکردنی: د. هەردی مەهدی میکە