بەردە وژە وشکەرە
کەوتووەتە سنوری گوندی نەوێ. لەبەردەم کانیی خەیری زینە هەڵکەوتووە. بەرزییەکەی لە (٦ بۆ ٧م) دەبێت. ئاوەکەی هەمیشەییە. دەڕژێتە نێو چەمی نەوێ. بەهۆی هاژەی ئاوەکەی و بەربونەوەی بەسەر تاوێرە بەردەکاندا، ئەو ناوەی لێنراوە.
عەلی باسام
تاڤگەیەکی دەستکردە. لە چەمی هاوارەکۆنە. عەلی باسام دروستیکردووە. لە باخی کەیەڵی زایەرە لە چەمی باوانی بن. ئەم تاڤگەیە بە بەهاران و هاوینان ئاوی بۆ بەردەدرێتەوە. گەشتیارێکی زۆر و شاخڕەوانی ناوچەکە سەردانیدەکەن.
قەفەسوڵتانەکە
کەوتووەتە ناو چەمی ناوهاڵ لە ڕۆژهەڵاتی گوندی (قەڵپ) و ڕۆژئاوای گوندی بانی بۆڵان. تاڤگەیەکی وەرزییە و تەنیا لە وەرزەکانی زستان و بەهاردا ئاوی تێدایە و نزیکەی ٦م بەرزە. دەڕژێتە ناو چەمی ناوهاڵەوە لە گوندی قەڵپ. بەهۆی وەرزییبوونی ئاوەکەیەوە، سودی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری نییە.
کانی هەواس
کەوتووەتە بناری چیای خۆشک لە ڕۆژئاوای گوندی (گڵێجاڵ). بەرزیی تاڤگەکە نزیکەی ٢٠مەترە و ئاوەکەی لە قوللەیەکی زۆر بەرزی شاخەوە دێتەخوارەوە. سەرچاوەی ئاوەکەی باراناوی زستان و بەهارە، لە وەرزەکانی تردا وشکدەبێت. ئاوی تاڤگەکە دەڕژێتە چەمی زەردەگڵەوە لە خورئاوای گوندی گڵێجاڵ. ڕێگەی ئۆتۆمبێلی نییەو خەڵکی بە پێ دەچن بۆ سەیرکردنی.
هاژاوەکە
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (لامەرکەزی). لە ئەنجامی یەکگرتنی ئاوی کانی مارف و کانیمارانەوە یەکیگرتووە. لە بەرزاییەک ئاوەکەی وەک تاڤگە هاتووەتە خوارەوە و هاژەی هەبووە. بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.