بزووتنەوەی ئیسلامی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-13
ڕۆژنامەیەکی هەفتانەیە. زمانحاڵی بزووتنەوەی ئیسلامی بووە. لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ مەکتەبی ڕاگەیاندنی بزووتنەوە لە سلێمانی دەریکردووە. سەرەتا ڕەشوسپی بووە. بابەتی سیاسی و فکری و ئەدەبی و ڕۆشنبیری و هەواڵی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی ئیمتیاز: عەبدوڵای قەسرێ. سەرنوسەر: فازل قەرەداغی. ژمارەی لاپەڕەکانی هەشتی A٣. تیراژ ١٠٠٠دانە. لە ساڵی ١٩٩٤ هاتووەتە هەڵەبجە و سەرنوسەرەکەی بووە بە شوان هەورامی و دواتر مامۆستا وەرزێر و پاشان کامیل مەحموود، ژمارەی لاپەڕەکانی کراون بە ١٢ لاپەڕە. تا ژمارە ٤٣ بەم ناوەوە دەرکراوە. دوای یەکگرتنی بزوتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی ڕاپەڕین لە ٢٠ى ٨ى ١٩٩٩ ڕۆژنامەکە ناوەکەی بووە بە (ڕێگای یەکبوون) و بەرگی ڕۆژنامەکەش ڕەنگاوڕەنگ بوو. لە ژمارە ٤٤وە بە هەمان ناوەڕۆکی بزووتنەوەوە دەرکراوە. بەڵام بووە بە زمانحاڵی یەکبوون و ژمارەی لاپەڕەکانی بوون بە ١٦. دوای لێکترازانەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و ئەنسار ئیسلام لە یەکبوون، ئەم ڕۆژنامەیەش لە ئایاری ٢٠٠١ وە جارێکی تر کرایەوە بە ناوەکەی یەکەمجار، هەتا ساڵی ٢٠٠٥. دواتر ناوەکەی کرا بە (باسک)و هەتا ژمارە ٤١٥ی دەرچووە. لەمانگی ١ى ٢٠١١بە هۆی ململانێی ناوخۆییەوە ڕاگیراوە.
سەرچاوەکان:
- مێژووی ڕۆژنامەگەری لە هەڵەبجە (بەراییەکان تا ئایاری ٢٠٢٣)، نزار کەریم ئەحمەد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٢٣، ل٥٣.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (ڕێبوار حەمەسەلیم "مۆستا وەرزێر")، لەدایکبوو: ١٩٦٢، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ١ى ٩ى ٢٠٢٣، لە هەڵەبجه.
- ڕۆژنامەی (بزووتنەوەی ئیسلامی)، ژمارە ١٠٧، لە ١٦ى ٣ى ٢٠٠٢/ ڕۆژنامەی (ڕێگای یەکبوون)، ژمارە ٩٤، لە ٣٠ى تەمووزیى ٢٠٠١/ ڕۆژنامەی (باسک)، ژمارە ٤٢٢، لە ٨ى ٥ى ٢٠١١.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم