فیستیڤاڵەکانی کلتوری هەورامان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-12
چالاکيی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامانە. تایبەتە بە ئەدەبیات و زمان و فەرهەنگی هەورامی و هەورامان و تا ئێستا مەڵبەندەکە چوار فیستیڤاڵی ئەنجامداوە:
یەکەم فیستیڤاڵ: ڕۆژی هەینی ٣٠ی ٥ی ٢٠٠٨ لە هاوێنەهەواری (ئەحمەدئاوا) و چەمی زەڵمی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ بە دروشمی (لە سایەی ئازادی و لە دەروازەی کلتورەوه دەچینە نێو جوانییەکانی هەورامانەوە) و بە ئامادەبوونی نزیکەی ٣٥ هەزار کەس ئەنجامدراوە. لیژنەی باڵا بریتیبووە لە (جەمیل محەممەد حەسەن هەورامی، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، محەممەد باقی حاجی حەسەن، بەرزان حاجی عەبدوڵڵا، عەبدولڕەزاق عەبدولڕەحمان، محەممەد، محەممەد عەلی میرزا تۆفیق، ئارام نەجیب هاواری، یوسف حاجی عەزیز، حاجی عیسا دەرەمەڕی). چالاکییەکانی بریتییبووە لە (پێشکەشکردنی گۆرانی و موزیکی هەورامان. دابەشکردنی ژمارە ١١ی گۆڤاری هەورامان. دروستکردنی چەند دیوەخانێک بەناوی کەسایەتییەکانی ناوچەکەوە. نمایشکردنی چەند ماڵ "یانە" یەکی نمونەیی بەناوی شاعیر و قسەخۆش و پیشەوەرانی هەورامانەوە). لە کۆتایی فیستیڤاڵەکەشدا خەڵات و ڕێزلێنان بەسەر بەشداراندا دابەشکراوە.
دووەم فیستیڤاڵ: ڕۆژی هەینی ١ی ٥ی ٢٠٠٩ لە (زەردەهاڵ) و بە ئامادەبوونی نزیکەی ٥٠ هەزار کەس ئەنجامدراوە. لیژنە باڵای بریتیبووە لە (جەمیل محەممەد حەسەن هەورامی، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، محەممەد عەلی میرزا تۆفیق، نامیق حەمەشەرف نارنجەڵەیی، نوخشە ناسیح گوڵپی، ڕەفعەت حەمەخان مورادی، عەبدولڕەزاق عەبدولڕەحمان محەممەد). چالاکییەکانی بریتییبووە لە (نمایشکردن و نمونەیی چەند بابەتێکی وەک: جەژنی پیرشالیار، ژیرلا و مەرێ، ماڵی مەلا عەبدوڵڵای خەرپانی، پیشە و نەریتەکانی ناوچەکە). لەگەڵ پێشکەشکردنی گۆرانی و موزیکی هەورامان بە بەشداری هونەرمەندانی وەک (جەمیل نەوسوودی، سەباح هەورامی، فەرزاد ئەمینی، جافر زەلکەیی، میهرداد شیرویی) و نمایشکردنی نمونەیی وەک (کەسایەتیی باوا نەورۆز، کەسایەتی هەجیجی، بوک و زاوا...) دواتریش ئەم لێکۆڵینەوانە پێشکەشکراون: (خوێندنەوەیەکی نوی بۆ مێژووی هەورامان: د. کەیوان ئازاد ئەنوەر. باڵادەستی شێوەزمانی هەورامی: ئەیوب کوێخا ڕۆستەم)، لەگەڵ خوێندنەوەی هۆنراوەی شاعیران (جەلیل عەباسی، کەیهان عەزیزی، هۆشمەند قادر هەورامانی، ڕەئوف مەحموود پوور، شەیدا هەورامی، مۆمن یەزدانبەخش پاوەیی، ئەبوبەکر هەجیجی، داود غەفاری، جەمال جەباری) لە کۆتایی فیستیڤاڵەکەشدا خەڵات و ڕێزلێنان بەسەر بەشداراندا دابەشکراوە.
سێیەم فیستیڤاڵ: لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٠ لە (تافان) بە ئامادەبوونی نزیکەی ٥٠ هەزار کەس ئەنجامدراوە. لیژنەی باڵا بریتیبووە لە (ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، دارا محەممەد عوسمان، پشتیوان گوڵپی، محەممەد سابیر ئەحمەد ئاوایی، عادل کۆچەری، فەرحان تاهیر). چالاکییەکان بریتیبووە لە (ئاهەنگی موزیک و گۆرانی هەورامی بۆ هونەرمەندان "فەرزاد ئەمینی، سەعدی ئەحمەدی، ئەرجومەن هەورامی، دارا محەممەد عوسمان، سیروان لهۆنی، حەسەن حسێن، قاسم عارف" به بەشداری تیپی هاوبەشی موزیکی لوڕ). خستنەڕووی چالاکیی گوندەکانی (بانیشار، ئێڵانپێ، هانەی قوڵ، زەڵم، ئەحەمەدئاوا، دەگاشێخان، هاوار، گریانە، زەردەهاڵ، خارگێڵان)، کە هەریەکەیان یانەیەکیان بۆ نمایشەکانیان هەبووە. هەروەها نمایشکردنی تابلۆی (خاک) و (بووک_گواستنەوە) و شانۆگەری (ژیلاومەرێ).
چوارەم فیستیڤاڵ: ڕۆژی ١ی ٥ی ٢٠١٢ لە پشت (سەی سەلام)ی بەرانبەر بە گوندی (بەڵخە) و بە ئامادەبوونی هەزار میوان ئەنجامدراوە. چالاکییەکانی بریتیبوون لە (ئاهەنگی موزیک و گۆرانی هەورامی بۆ هونەرمەندان "ئەرجومەن هەورامی، فەرزاد ئەمینی، ماریا کەمال، سیروان لهۆنی، قاسم عارف، قارەمان نەقشبەندی، بەبەشداری گروپلی موزیک و بە سەرپەرشتی هنەرمەند "سەباحی سەنتوور" پێشکەشکراوە)، پێشکەشکردنی شانۆگەری "ئیسە و وەڵیناما"، نمایشی تابلۆی "وێوە و زەما: بوک و زاوا"، پەردەلادان لەسەر پانۆرامای شاعیرانی هەورامان).
پێنجەم فیستیڤاڵ: ڕۆژی ٢٥ی ٥ی ٢٠١٤ کاتژمێر ١٠ی سەر لەبەیانی لە ئاتەشگای بیارە بەڕێوەچووە. بە بەشداری ئاهەنگی گۆرانی و مۆسیقای هونەرمەندانی هەورامان و گروپی هەڵپەڕکێی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان، نمایشی شانۆیی وەشەن هەورامان، پیشانگای فۆتۆ شێوەکاری، پێشانگای فۆلکلۆریی بینراو، کاری یەکەم ڕۆژی فیستیڤاڵە کلتورییەکە تەواوبووە. ٢٦ و ٢٧ی ٤ تەرخانکراوە بۆ پێنجەم فیستیڤأڵی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکەی هەورامان.
سەرچاوەکان:
- دەلیل و پروشەری فیستیڤاڵەکان.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (ئەیوب کوێخا ڕۆستەم)، لەدایکبوو: ١٩٥٤، ئامادەیی، خانەنشین، ١٨ی ١٠ی ٢٠٢٤.
- یادەورەی و ڕازەکانی ژیانم، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم، چاپخانە، ؟ ٢٠٢٤لل٣٠، ٦٢٧-٦٣٣ و ٦٩٥-٧٠٢ و ٧٥٨-٧٧٢.
- یادەورەی و ڕازەکانی ژیانم، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، بەرگی سێیەم، چاپی یەکەم، چاپخانه، کارؤ، ٢٠٢٤ل ١٢٦.
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا,ڕێبوار حەمەتۆفیق