فیستیڤاڵەکانی (شانۆی منداڵان) لە خورماڵ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
چالاکییەکی هونەرییە، بە هاوکاریی هونەرمەندانی ناوچەکە لە سێ ساڵدا ڕێکخراوە، بۆ نمایشکردنی بەرهەمی شانۆیی قوتابخانە و خانە و کازیوەکان ئەنجامدراوە:
یەکەم فیستیڤاڵ: کاری هاوبەشی وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەرێوەبەرێتیی پەروەردەی هەڵەبجە و سەنتەری ڕۆشنبیریی هەڵەبجە و ناوەندی ڕوناکبیریی هەڵەبجەیە. لە ٢٣و ٢٤ی ١١ی ٢٠٠٦ لەژێر دروشمی (بە ڕێژنەبارانی شانۆ، تینوویەتی منداڵانی هەورامان و شارەزوور دەشکێنین) ئەنجامدراوە. لیژنەی باڵا: عادل کۆچەری، لایەق ئەنوەر گوڵپی، سامان کەریم دەرەمەڕی، هۆشمەند حەمەکەریم زەڵمی. لە هۆڵی کراوە، بەرانبەر مەڵبەندی تەندروستیی خورماڵ ئەنجامدراوە و ئەم بەرهەمانە پێشکەشکراون: خانەی ڕۆشنبیریی کازیوەی منداڵانی هەڵەبجە (کازیوەی ماڵی خۆمانە)، قوتابخانەی ئەحمەدی خانی سەرەتایی (با هەمیشە ژیان خۆشتر کەین)، قوتابخانەی تەپەڕێزینەی سەرەتایی (ڕەنگەکانی نیشتمان)، قوتابخانەی شەکرالی سەرەتایی (جەژنی لەدایکبوون)، قوتابخانەی کوڵکنیی سەرەتایی (قوتابخانە)، قوتابخانەی بانی شاری سەرەتایی (نا شەڕی سێیەمی جیهانیمان ناوێ)، قوتابخانەی زەردەهاڵی سەرەتایی (گەشتەکەی چرۆ)، قوتابخانەی ئەحمەدئاوای سەرەتایی (١٥ی ئەیلول کردنەوەی دەروازەیەک لە خەم بەڕوی قوتابیاندا)، قوتابخانەی شیرەمەڕی سەرەتایی (پەنی).
دووەم فیستیڤاڵ: بەڕێوەبەرێتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی، بەڕێوەبەرێتیی ڕۆشنبیریی منداڵانی سلێمانی لە ١٥ بۆ ١٧ی ١٢ی ٢٠٠٨ لە هۆڵی گوڵعەنبەر لە خورماڵ ئەنجامیداوە. لیژنەی باڵا: بورهان قەرەداخی، فاروق عەبدولعەزیز، جەمال تەها، بلال مولود، ڕوقیە ئەحمەد. ڕۆژی یەکەم ئەم بەرهەمانە پێشکەشکراون: چالاکیی موزیکی تیپی ئۆکسترای منداڵانی سلێمانی، دوو گۆرانی خانەی سلێمانی، شانۆیی: با پەند لە منداڵان وەرگرین، شانۆیی خوێندن، شانۆیی ئەو ڕێویەی خۆی خەڵەتاند. ڕۆژی دووەم: شانۆگەری نەمامە چنارەکان، شانۆیی گەمەی ژیان، شانۆیی ئیتر بێزارتان نەکەم، شانۆیی هاوکاری، شانۆیی هەنگاوێک بەرەو چارەسەر. ڕۆژی سێیەم: شانۆیی کەروێشکێکی کێوی و تۆپەڵە بەفرێک، شانۆیی ئاوەدان بێت، شانۆیی پاشا و دارستان.
سێیەم فیستیڤاڵ: هونەرمەندانی خورماڵ بە بەشداری ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان K.C.N بە دروشمی (منداڵ و شانۆ... جوانییەک بۆ ژیان) لە ١٩و ٢٠ی ٣ی ٢٠٠٩ لە هۆڵی گوڵان تەنیشت کتێبخانەی گشتیی خورماڵ ئەنجامدراوە. لیژنەی باڵا: هۆشمەند حەمەکەریم زەڵمی، سامان کەریم دەرەمەڕی، لایق ئەنوەر، عادل کۆچەری. ڕۆژی یەکەم: چالاکیی کازیوەی هەڵەبجەی شەهید، شانۆیی هاوڕێکانم بناسن، شانۆیی پاکوخاوێنی، شانۆیی لاساری. ڕۆژی دووەم: شانۆیی هەژاری. بە دابەشکردنی خەڵاتەکان کۆتاییپێهاتووە.
سەرچاوەکان:
- دەلیل و پروسووری فیستیڤاڵەکان.
- سرووتە دینی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی هەورامان، ئەیوب ڕۆستەم، چاپی یەکەم، ئۆفسی قانع، ٢٠٠٧، ل١١٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عادل کۆچەری)ی ئەندامی لیژنەی باڵای یەکەم و سێیەم فیستیڤاڵ، لەدایکبوو: ١٩٧٣، ئاستی خوێندن: ناوەندی، ٢٦ی ١ی ٢٠٢٤، لە خورماڵ.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (سامان کەریم غەفور)ی ئەندامی لیژنەی باڵای یەکەم و سێیەم فیستیڤاڵ، لەدایکبوو: ١٩٨٤، بروانامە: دبلۆم، پیشە: فەرمانبەر، لە ٢٣ی ٣ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم