یادی (٣٧)ساڵەی کیمیابارانی سەردەشت لە هەڵەبجە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-12


چالاکیی هاوبەشی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجەیە، تایبەت بە یادکرنەوەی ساڵیادی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە هەڵەبجە. ساڵانە لە ڕۆژی ٢٧ی ٦دا ئەنجامدەدرێت. ئەمەیش بەو پێیەی، کە هەڵەبجە و سەردەشت دەستەخوشکن و پەیڕەوی هاوبەشیان هەیە. دوا یادکردنەوەی، لە ٢٧ی ٦ی ٢٠٢٤ لە هۆڵی ڕۆشنبیری بەڕێوەچووە. لە یادەکەدا پێشانگای فۆتۆگرافیی قوربانیانی سەردەشت، پەیامی ئەنجومەنی داکۆکی لەمافی قوربانیانی سەردەشت، بەڵگەفلیمی سینەمایی (دوایین کەزی) و بەرهەمی هونەری پێشکەشکراوە.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی ئامادەکار بۆ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران، لە ١١ی ١٢ی ٢٠٢٤.
  2. ئەرشیفی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران، لە (لوقمان عەبدولقادر محەممەد)، لەدایکبوو: ١٩٦٨، بڕوانامە: ئامادەیی، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیان، لە ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٤.
  3. ئامادەبوونی ئامادەکار لە (٣٧)ساڵەی یادی کیمیابارانی سەردەشت، لە ٢٧ی ٦ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

5

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

شیوەنی هەڵەبجە

یەکەمین کۆڕی ماتەمینی و ئەدەبییە بۆ مەرگی هەڵەبجە. ڕاستەوخۆ چەند هەفتەیەک دوای کیمیاباران لە ئۆردوگای سەریاسی نزیک پاوە، ڕێکخراوە. کاریگەری ڕاستەوخۆی کیمیاباران و بینینی بریندار و خەڵکی ئاوارە، کاری لە چەند کەسێک کردووە و بیرۆکەی ئەنجامدانی چالاکییەکەیان بە (فاروقی زەوارە) داوە، کە بەرپرسی مانگی سوور بووە لە پاوە و جوانڕۆ و هەورامان، ئەویش بە یارمەتی (محەممەد عەلی باباخاس)ی نوێنەری پاوە لە پەرلەمانی ئێران، چالاکییەکە ڕێکخراوە. بەشداربووان: حەمەڕەشیدی ئەمینی، هادی سپەنجی، باقی شەفیعی، غازی خەلیلی، یوسفی ڕەسوڵ ئابادی، مەعسومەی شەفیعی، مۆمنی یەزدانبەخشی، مەلا مۆمنی مۆمنی. شیعرەکانی زۆی لەسەر مەرگەسات و شەهیدان بووە، بۆیە چالاکییەکە بە شیوەنی هەڵەبجە ناوبراوە.

دۆسیەی بەرکەوتوان

چالاکیی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. دوای کۆبونەوەیەکی بەرفراوان، واژۆکردنی گرێبەستی نێوان کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆمپانیای ڕۆشای ئێرانی لێکەوتوەتەوە، کە بریتیە لە ڕێکارەکانی کارئاسانیکردن بۆ هێنانەوەی دۆسیەی بەرکەوتوانی کیمیاباران لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئێران و گواستنەوەی نەخۆش و هاوڵاتیان و بەرکەوتووانی کیمیاباران، کە پێویستیان بەچارەسەرکردنی پزیشکی هەیە لەسەر ئەرکی خۆیان بە تێچووی کەمتر، لە ١٨ی ١١ی ٢٠٢١ بە ئامادەبوونی سەرکونسوڵی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و سەرۆکی شارەوانی و سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە و سەرۆک و ئەندامانی دەستەی باڵای کۆمەڵەی کیمیاباران و سەرۆک و ئەندامانی گروپی کۆمپانیای ڕۆشا، لە بینای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە واژۆکراوە.