بونیادی ئیداری و سۆسیۆ-ئیکۆنۆمی سەنجەقی سلێمانی لە (١٨٧٩-١٩١٨)دا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
لێکۆڵینەوەی خوێندکار (سامان مستەفا ڕەشید)ە. ساڵی ٢٠٢٣ بە زمانی تورکی پێشکەشی بەشی مێژووی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی ئەستەموڵ کراوە. لە لێکۆڵینەوەکەدا دەربارەی قەزای (گوڵعەنبەر) وەک بەشێک لە سەنجەقی سلێمانی زانیاری خراوەتەڕوو و پوختەکەی بریتییه لە: قەزایەکی گەورەی سەنجەقی سلێمانییە، لەلایەن سوڵتان سلێمانی قانونییەوە ناوی قەزاکە نراوە. بەڕای جوگرافیناسێک قەڵای گوڵعەنبەر لەلایەن سوڵتان سڵێمانی کوڕی سەلیم خانی یەکەمەوە دروستکراوە. سەبارەت بە مەرکەزی قەزاکە، بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی بەردەستن لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمەوە گوندی (البجە) مەرکەزی قەزاکە بووە. لە قەزای گوڵعەنبەردا دوو ناحیەی (قزڵجە و سروچک) هەبوون. مەڵبەندە ئیدارییەکەی ناحیەی (قزڵجە)، شارۆچکەی پێنجوێن بووە. قەزای گوڵعەنبەر بەکۆی گشتی لە ٤٧٣ گوند پێکهاتووە. سەبارەت بەدانیشتوانی گوڵعەنبەر لە خێڵ و عەشیرەتە کوردەکان پێکهاتووە. لە هەندێک گونددا بڕێکی کەمیش جوولەکەی تێدابووە. دانیشتوانی گوندەکان بەگشتی نیشتەجێن و جگە لە عەشیرەتی جاف، کە عەشیرەتێکی گەورەیە و لە چەندین بەشی جوداجودا پێکهاتوون و گەرمیان و کوێستان دەکەن. شەمسەدین سامی ژمارەی دانیشوانی مەرکەزی قەزای گوڵعەنبەر بە (٣٠٠٠) کەسی داناوە، ئەمە لەکاتێکدایە، کە نوسەری جوگرافیای گشتیی دەوڵەتی عوسمانی (عەلی جەواد) ژمارەی دانیشتوانی مەرکەزی قەزاکەی بە (٧٠٠٠) کەس داناوە.
سەرچاوەکان:
- Saman Mustafa Rasheed, Süleymaniye Sancaği’nin İdari Ve Sosyo-Ekonomik Yapisi (١٨٧٩- ١٩١٨), İstanbul Üniversitesi Sosyal Bilimler Enstitüsü Tarih Anabilim Dali Yakinçağ Tarihi Bilim Dali yayınlanmamış Doktora Tezi, Tez danışmanı, Prof. Dr. Mahir Aydin, İs
ئامادەکردنی: د. سامان مستهفا ڕهشید